کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕێک ڕاوەستە

Sunday, 25/01/2015, 12:00


ئەی کوردی بەشەرەف ، سیاسی ، ڕۆشنبیر ، ئەی ئەو کەسەی کە نازانیت ناوی خۆشت بنووسیت ، تۆش ئەی نۆکەر و ئەڵقە لە گوێی بێگانە ، کە گوێت لە ئاوازە بە جۆشەکەی سڵاوی نیشتمانی کوردستان بوو ، ڕیک ڕاوەستە .. ئەوە سەدای سەروەری کوردستان و سرودە نەمرەکەی ئەی ڕەقیبە ... ڕێک ڕاوەستە و بەرز بڕوانە و بە دڵێکی پڕ باوەڕەوە تەماشای خۆرە تیشکنەکەی ئاڵا بەرزەکەی کوردستان بکە و هەموو هۆش و هەستت لای ئەو بێت و دڵنیابە ڕۆحی پاکی شەهیدە نەمرەکانمان وەک پەروانە بە دەوری ئەو خۆرەدا خول دەخۆن ... ڕێک ڕاوەستە و خۆت مەجووڵێنە ، تۆ بەرامبەر ڕەنگی سوری ئاڵای بەرزی کوردستان وەستاویت ، کە هێمایە بۆ خوێنی پاکوبێگەردی هەزاران هەزار شەهیدانی کوردستان ، ئەوە ساتی پرسە و ڕێزگرتنە لەو هەموو قوربانییە زۆرەی نەتەوەکەمان . دەسا ڕێز لە ڕۆحی دڵۆڤانی ئەو شەهیدە ئازیزانە بگرە ، کە بە حەسرەت ساتێکی واوە شەهید بوون .
ڕێک ڕاوەستە و تەماشاکە چۆن میللەتە زیندووەکانی دنیا ڕێز لە بەها پیرۆزەکانی خۆیان دەگرن ، کە ئەمەریکاییەکان وەک بت بەرامبەر ئاڵای وڵاتەکەی خۆیان ڕادەوەستن ، یەکسەر دەستی ڕاستیان دەخەنە سەر دڵیان ، ئەوە بە ئاشکرا دەڵێن : ئاڵای پیرۆزی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان بزوێنەری هێزی دڵمانە و نیشانەی سەروەری و سەربەرزیمانە و لەبەر خۆشیانەوە پەیمانی دڵسۆزی بۆ ئاڵای وڵاتەکەیان دووپاتدەکەنەوە ، هەر ڕادەی ئەو دڵسۆزییە زۆرەشە بازووی ئەمەریکای وا بەهێز کردووە ... تۆش ڕێک ڕاوەستە و ئاسودە بە و دڵنیابە زوو بێت یان درەنگ هەموو ئاوات و خەونە میژینەکانی نەتەوەکەمان دێتە دی و سایەی شەکاوەی ئەو ئاڵا پیرۆزەش دەنیشێتە سەر هەموو بەندەن و لوتکە و تروپک و دوندی چیا سەرکەشەکانی کوردستانی گەورەی ڕووگەمان و لە تەک خۆیدا مژدەی ئازادی و سەرفرازی بۆ هەموو میللەتانی دنیا دەبات و منداڵە چاوگەشەکانی کوردیش سرودی : (خوایە وەتەن ئاواکەی) لە ژێردا دەڵێنەوە .
دەسا لەو ساتە وەختە پڕ شکۆیەدا ، ڕێک ڕاوەستە و دەست لەسەر دڵ بەرز بڕوانە و بە سنگوسینەیەکی پڕ باوەڕەوە بەشێک لە سرودە نەمرەکەی ئەی ڕەقیب لە ناخەوە بڵێرەوە: ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین .. دینمانە ، ئاینمان هەر نیشتمان ، کەس نەڵێ کورد مردووە ، کورد زیندووە .. زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە