وتارەکەی ئۆجەلان و قەندیل
Tuesday, 24/03/2015, 12:00
رۆژێ سێشەمە رێکەوتی ٢١/٣/٢.١٥ ئۆجەلان لە وتارەکەیدا ئەمەی گوت:
(ئێستا لە سەروبەندی کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکدارانەی ٤٠ ساڵە داین. لەمە بە دوا مێژوو و جەماوەر داوای ئاشتی و رێگە چارەیەکی دیموکراتیکمان لێ دەکەن کە گونجاو بێت لە گەڵ رۆحی سەردەمی نوێ).
هەنگاو هاویشتن بۆ دونیایی گومان لە سەرکردەیەک کە چۆکی دانەداوە، هێشتا هەر لە زیندانی تەنیا لە دورگەیەک ژیان بەسەردەبات لە ژێر دەستەڵاتی تورکیایی دژە کورد و مرۆڤایەتیی، دیدێکی راست نییە. شێکردنەوەی بارو دۆخی ناوچکە بە ئاراستەییەک کە ئەگەری ئەو جۆرە وتارە لە ژێر کارێگەریی سوریا، ئێران ،عیراق زلهێزەکاندا بێت، یان پلانێکی نادیاری لەپشتەوە بێت، بێگومان ئاراستەییەکی هەڵەیەو ئیجگار زووە بۆ لەدەستدانی متمانە.
گومان لەوەدا نییە کە وتارەکەی ئۆجەلان، نیگەرانی و دڵە ڕاوکێی دروست کردوە لە دڵی ئەو کەسانەی کە بەتەنگ دۆزی ڕەوای میللەتی کوردن، هەست بە گرنگی بوونی هێزێکی چەکداریی کوردی دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بە تایبەتی لەبارودۆخی ئیمرۆدا کە میللەتی کورد لە رۆژئاواو باشور روبەروی هێرشە ناڕەواکانی داعش دەبێتەوە. ئەزمونی شەرەکان سەلماندیان کە بەشداری هێزی ئاسمانی زلهێزەکان، هێزی شەرەڤانی یەپەگە، گەریلای پەکەکە پشتیوانیان لە پێشمەرگەی باشور نەکردبوایە دەمێک بوو داعش لە سەری ڕەش، قەڵاچۆڵان و گردی زەرگەتە رەبیەی دامەزراندبوو لە رۆژ ئاواش تا سنوری کوردستانی باکور چوو بوو.
ئۆجەلان زیندانیکراوێک، سەرکردەیی میللەتێکی ژێر دەستی خاوەن شۆرشێکی چەکدارییە، پێگەیەکیی جەماوەریی بەهێزیی هەییە بە تایبەتی لە باکوری وڵات. هێز و توانایی ئاپۆ وەکو سەرکردەییەک لەو پێناسەیە زیاتر هیچی تر هەڵناگرێت. بۆ میللەتێکی ژێر دەست کە هێشتا لە قۆناغی رزگاری نیشتمانییدایە، ئەو جۆرە تواناو هێزە گرنگە بۆ خۆپارستن لە مان، نەمان، بەرەنگاریی بوونەوە، بەردەوامیدان بە بەرخوردان و پێداگرتن لە وەدەست هێنانی مافە نیشتمانیی و نەتەوەیەکان.
لە دونیایی بەرژەوەندی ئیمرۆدا، گۆرەپانی یاری سیاسیی، گەمەی نێودەوڵەتیی و ناوچەکە، ئەو جۆرە قەوارەو سەنگی ئەو هێزە کوردییە لە باکوری وڵات هێشتا کافی نییە بۆ ئەوەی میللەتێکو سەرکردەکەیی ئەو سەنگەیان دروست کردبێت، بۆ ریزبەند کردنی مەرجەکانیان و سەپاندنیان بەسەر تورکیایی لەخۆبایی و بیرۆکراتیدا، توانایی کارێگەریان هەبێت لە گٶڕینی دیدیی بڕیاربەدەستانی زلهێزەکان، ناوچەکە و گۆڕینی هاوکێشە سیاسیەکاندا.
قەندیل بووە بە دینەمۆیی جوڵانەوەیی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە تایبەتی لە باکورو رۆژئاوای وڵات، تەنیا تروسکاییە کە میللەتی کورد شکی دەبات، هەڵوێستی ئەوان بۆ داواکاریی سەڕۆکیی پارتەکەیان، بڕیارێکی سەرەکییە بۆ یەکلایکردنەوەو چوونە ژێر رکێفی ئەو بۆچوونەی ئۆجەلان، ئەو لێپرسراوە مێژوویە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان لەبەشداریی کردن یان نەکردنیان لە کۆنگرەی کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداریی چل ساڵە.
سنوری کوردستان دەورەدراوە بە ئاگر، چەک، تەقەمەنی پێشکەوتوو بە تەکنەلۆژیا، سوپایی فەرمی زەبەلاحی زلهێزەکان. سوپایی هەر چوار وڵاتی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. بەدەیان گروپی چەکداری عەشایریی عەرەب بوونیان هەیە، بەدەیان گروپی ئیسلامی چەکدار جگە لە داعش لە ناوچەکە هێزو توانایی ئابووریی و چەکداریان هەییە. ئاسمانی کوردستان پڕ کراوە لە ئەستێرەی دەستکرد، فرۆکەی بێ فرۆکەوان، دەیان راداری پێشکەوتووی تری ئاسمانی، لە ژینگەییەکی لەوجۆرەداچەکدانانی میللەتی کورد لە تەسلیم بوون بڕیاری خۆکوشتن بەو لاوە هیچی تر ناگەیەنێت.
دەقی پەیامی نەورۆزی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
http://kurdpress.com/NSite/FullStory/News/?Id=40968#Title
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست