کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داواى ئەم جارە لە ئاژەڵ و باڵندەكانە!

Wednesday, 21/09/2011, 12:00




(چ هۆكارێك وا لە ئێمە دەكات كە یەكێتیى نەتەوەیى پێكنەهێنین؟!)

لە جیهانى نووسینى كوردییدا زۆرمان بینى و زۆرمان بیست كە داواو تكاو پاڕانەوە بوون بۆ ئاواكردنى یەكێتیى نەتەوەیى و یەكڕیى خەڵكى كوردستان بۆ پاراستنى نەتەوەكەمان و خاكەكەمان و سروشتە جوانكەى لە دەستى گڵاوى دوژمنان و داگیركەران،زۆر گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوكراوەو تى ڤى و ڕادیۆو ماڵپەڕى كوردى، بابەتى تایبەت و باسى تایبەت و قسەیان لەسەر یەكێتیى نەتەوەیى كردو داواى ئەو سەركەوتنەیان لە پارت و ڕێكخراو و تاكەتاكەكانى كۆمەڵگاى كوردیى كرد،چەندان تەوەر،كۆڕ،كۆبوونەوە،سیمینار،گردبوونەوە،بۆ ئەو بابەتە سازدران و ڕێكخران،بەڵام ئەوساو ئێستاش بە دوورو نزیكى تەماشامان دەكردو دەكەین،نەمابیست و نەمانبینى یەكێیى نەتەوەیى پێكبهێنرێت و ئاوا بكرێت!پرسیار لە هەر پارتێكى هەر پارچەیەكى كوردستان دەكەین لەسەر یەكێتیى نەتەوەیى بە كارێكى باشى دەزانێت و ئامادەیى خۆى نیشان دەدات بۆ بەشدارى و هاوكارى و هتد..بەڵام تا ئێستا هەموویان كۆنەبوونەتەوە،ئەمە بۆ ؟بە خودا نازانم!ئایا كەى كاتى ئەو بابەتە دێت؟ كاتێك هەموو كورد قەتڵوئام بكرێت و كەسێك بۆ ژیانى كوردستان نەمێنێتەوە؟كاتێك سروشتى جوانى وەڵاتەكەمان بە چەك و چۆڵ و تۆپ و فڕۆكەى داگیركەران كاول و وێران و خاپور بكرێت؟كاتێك كوردستان بووە وێرانە ئەو كاتە دەمى یەكێتیى نەتەوەییە؟ئەو كاتەى نەوەكانى گەلەكەمان زووانى خۆیان لە بیركردو زمانى كوردیى لە نێوچوو؟باشە ئەوا پارتەكان و سازییەكان بەرژەوەندى و بەرنامەى خۆیان هەیەو لە نەتەوە لایان گرنگترە،ئەى خەڵك و هاوڵاتیانى كوردستان چى؟ئەى مامۆستاو كرێكارو ژن و لاو چى؟ئەى پزیشك و ژینگەپارێزو شوێنەوارناس چى؟باشە ئەى كۆى خەڵكى كوردستانى مەزن بۆ یەكێتیى نەتەوەیى ئاوا ناكەن لە پێناو پاراستنى نیشتمانەكەمان؟ئەوەندە داواكراو و ئەوەندەش نووسرا و بێوەڵام مایەوەو كاولكردنى كوردستانیش هەر بەردەوامە تاڕادەیەك لەپارت و ڕێكخراو تاك و مرۆڤى كوردو كورددستان بێهیوا بووین،بۆیە ناچار پەنا ببەینە دروستكراوانێكى دیكە كە ئاژەڵان و باڵندەكانى كوردستانن،چونكە ئەوانیش لانەو بانەیان كوردستانەو كاول دەكرێت،بەچكەو بەبەكانیان دەكوژرێن و خۆیان دەربەدەرو بێ لانە دەبن،ئەو شوێن و شاخ و دارانەى ئەوان لێى دەژین داگیركەرانى كوردستان بۆردومانى دەكەن و دەیسوتێنن و ئەو گیاندارانەش بێ نیشتمان و مەینەتبار دەبن!دوژمنانى كوردستان ئەو سروشتە ئارام و خۆش و پڕئاسایشەى كوردستان لە ئاژەڵ و باڵندەكان دەكەنە دۆزەخ و خەمخانەو ئازارگەیەكى بێزاركەر،بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو ئاژەڵ و باڵندەو خشۆكەكانى كوردستان دەكەم یەكێتییەكى بەڕومەت و بەشكۆى خۆیان دروست بكەن و ناوى لێبنێن (یەكێتیى گیانلەبەرانى كوردستان ى.گ.ك)،پاشان دەست بە خەبات و تێكۆشان بكەن لە پێناو پاراستنى ژینگەو سروشت و نیشتمانەكەتاندا كەكێو چیاو دەشتەكانى (كوردستانە)لە قەندیل و داڵەهۆ ببنە هاوكارى گەریلاو لە حەمرینیش ببنە هاوكارو یارمەتیدەرى پێشمەرگەو پەروەردەى نەتەوەییان بكەن تا لە هەمووان لە ئێوەوە فیِرى پاراستنى ژینگەو نیشتمان بین!،دەى دەست پێبكەن ئەى دانیشتوانى خۆشەویستى چیاو چەم و جەوەڵەكانى كوردستان،خۆتان ڕێكخەن و ژینگە مێژووییە لەبارەكەتان بپارێزن و پێشبخەن،
تكام لە ئێوەیە ئیتر مەهێڵن داگیركەرانى كوردستان بە ئاسانى تەراتێن بكات لە ژینگەكەتانداو كاولى بكات،
(تكایە ئەم نامەم بگەیەننە قەندیل و حەمرین و داڵاهۆ)
تێبینى، ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەى چەتر ژمارە 73ى 2011،9،19بڵاوبوەتەوە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە