لە ئایندەیەكى نزیــكدا... خەڵكى كوردستان لە بێ ئاوى دەخنكێن
Friday, 20/01/2012, 12:00
ئــــاو وەكو سەرچاوەى سەرەكى ژیان و ئاوەدانى ، پتر لە دەسەڵاتى حوكمڕانى و ئاینپەروەرى و هەرمەسەلەیەكى دیكە هۆكارى سەرەكیە بۆ بەرفراوانبوون و سەرهەڵدانى شۆرشێك بۆ نوێبوونەوە و گۆڕانكارى و بەختەوەرى هەر میللەتێك كە چاوى لە ئەفراندن و ئاوەدانیە.
لەگەڵ ئەو جموجۆلە بازرگانیەى ئەمرۆ كوردستانى گرتۆتەوە و وەبەرهێنەرانى دونیا چاویان خستۆتە سەر سروشتى پڕلە رەحمەت و بەرەكەتى ناوچەكە، بەڵام شارەزایانى بوارى جیۆلۆجى و دەرهێنانى ئاوى ژێر زەوى لە كوردستان ئاماژەى مەترسیدار دەخەنە روو سەبارەت بە پاشخان و گەنجینەى سروشتى ئاو لە هەرێمى كوردستان .لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى حوكمڕانى نەیتووانیووە بەشێوەیەكى سەرەتایش هەوڵ بدات بۆ سوود وەرگرتن لەو ئاوەى كە لە رێگەى رووبار و زێیەكانەوە لە ووڵاتانى دراوسێوە رێڕەویان بە كوردستاندا رەت دەبێت.تەنانەت هەردوو ووڵاتى توركیا و ئیران لە پلانێكى درێژخایەندا توانیوویانە سەرچاوەى ئەو ئاوەى كە بۆ كوردستان دێت بیبڕن و ووشكى بكەن و لەلایەن خۆیانەوە زۆرترین سوودى لێوەرگرن و بەو ئاوەى كە پێشتر بە سنوورەكانماندا رەت دەبوو ئەمرۆ چەندین كۆمپانیاى بەرهەمهێنانى ئاوى نێو بوتڵیان دامەزراندووە و بە پارە دەیفرۆشنەوە كوردستان. لە لایەكى دیكەوە سەرچاوەى سەرەكى ئاو لە كوردستان كە ئیستا ئاوى ژێر زەویە بە (دەریاى ژێرزەمین) ناسراوە هاوشێوەى زۆرینەى ووڵاتانى دونیا روولە كەمى كردووە و پێشبینى دەكرێت بەهۆى ئەو هەموو سوود وەرگرتنە بەردەوامەى بە درێژایى مێژوو لەو سەرچاوەیەى ئاو وەرگێراوە خەریكى ووشك بوونە و لە ماوەى 20 ساڵى داهاتوودا ئەو هەرێمە دەكەوێتە بەر گەورەترین هەڕەشەى بێ ئاوى كە تاوەكو ئیستا هیچ لایەنێك بایەخى بەو مەسەلەیە نەداوە. چونكە ئیستا دەزانرێت جیا لەوەى ئەو هەموو پاڵە پەستۆیەى خراوەتە سەر ئاوى ژێر زەوى ئێمە لە كوردستان بە هیچ شێوەیەك نەمانتووانیووە سوود لە ئاوى بەفر و بارانیش وەربگرین. ئەو شارەزایانەى كە نەیانتووانیووە تا ئیستا ئازادانە ئەو مەترسیە بە خەڵكى كوردستان رابگەینن، هۆكارى ئەو مەسەلەیە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە كوردستان بەشێوەیەكى هەرەمەكى و بەبێ پلان ساڵانە زیاتر لە 1000 بیرى ئیرتیوازى بە شێوەیەكى نایاسایى هەڵدەكەنێت و هەر بەرپرسێكى حیزبى و حكومى لەنێو مال و باخچە و مەزرەعەكانى خۆى بیرى ئیرتیوازى هەڵكەندووە و بۆتە هۆى ووشك بوونى ئاوى بیرەكانى دەوروبەرى. لە لایەكى دیكە هۆكارى هەرەسەرەكى كەمبوونەوەى ئاو بۆ دەست پێوەنەگرتنى دەگەرێننەوە لەلایەن خەڵك.كە تا ئیستا لە بەرەكەت و نیعمەتى خودایى بۆ ئینسان لە رێگەى ئاو نازانن و زیادەرۆیى پێوەدەكەن. تەنانەت بە سەدان هەزار ماڵى ئەو كوردستانە تاوەكو ئەمرۆ (بەلوعە) رێگرتنەوەى ئاوى لە ماڵەكەیدا نیەو بە بەردەوام ئەو ئاوە سازگارە بەفیرۆ دەدات.لە كاتێكدا ئاگادارنین لەوەى كە لە ووڵاتانى دراوسێ و تەنانەت لە شارەكانى باشوورى عیراقیش خەلك تامەزرۆى خواردنەوەى ئاوێكى سازگارن وەكو ئەوەى كەلە كوردستاندا هەیە.چونكە سەرچاوەى ئەو ئاوەى كە بۆ ماڵەكانیان دەچێت پاككراوەى ئاوى پیسە و تەنها بۆ مەبەستى شۆرین و پاككرنەوە بەكاردێت نەوەك خواردنەوە.هۆكارى ئەوەش خەمساردى لایەنە پەیوەندیدارەكانى تایبەت بە دابینكردنى ئاوە بۆ خەڵك لە كوردستان كە نەیتووانیووە بە شێوەیەكى یاسایى و بەهێز پاڵەپەستۆ بخەنە سەرهاووڵاتیان بۆ ئاگاداربوون لەو سەرمایە نیشتیمانیەى كە بەهیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە.لەسەر مامۆستایانى ئاینیش پێویستە كە لە ووتارى هەفتانەیان هاوڵاتیان ئاگاداربكەنەوە لە مەترسى زیادەرۆیى لە رووى ئاینیەوە و دەست پێوەگرتنیان بە ئاوەوە. كە دروستبوونى هەر كەموكوریەك لەو بارەوە خەڵك تووشى گەورترین كارەساتى مرۆڤایەتى دەكاتەوە كە تا چەندین ساڵى دیكەش قەرەبووى زیانەكانى ناكرێتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست