ئاوایە رێگای رزگاریی؟
Saturday, 22/05/2021, 0:37
771 بینراوە
دوو بابەتی کورت:
هاتنی نوێنەریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەسەڵاتی دووبنەماڵەی شڵەقاند! بەراشکاوی پێی گووتن: ئەگەر ئاڵوگۆڕیی بنەڕەتی پێک نەیەت، ئەو قەوارەیەی کە ناوتان لێناوە زۆنی سەوز و زەرد لە ناودەچێ.
هەڵبەت دوای سیی ساڵ لە دزی و فزیی تازە ئەو دەسەڵاتە چآکسازیی بۆ ناکرێ. ئەگەر بیکات خۆی لە ناودەچێ.
ئەوەی ئەو رۆژانە بۆ ئێمە گرینگە و جێگای سەرسووڕمانە، ئەوەیە، کە دامودەزگای سەر بە نێچیروان بارزانی دەخوازێ، نێچیروان بارزانی وەک پەپوولە یان وەک رزگاریدەر نیشان بدا! شەڕی ناوخۆیی لە نێوان مەسرور و نێچێروان درێژەدەری ئەو شەڕانەن، کە لە سەردەمی مەلای باوکیان (ئیدریس و مەسعود)هەر بەردەوامە.
ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتدا شتێکی باشە، بەڵام ئەگەر قەراربێ بۆ مانەوەی پیاوەکانی بنەماڵەی بارزانی و پاکانەی یەکێکیان لە ئاست ئەوی دیکە بێ، هەر نەکرێ باشترە.
جیاوازیی مەسرور و نێچیروان لە چیدا بووە؟
هەردووکیان سەروبنی قوماشێکن. کورد لە باشووری کوردستان ئاوای بەسەرهاتووە، کە دەبێ لە نێوان بکوژ و دزێکی بنەماڵەی بارزانی یەکێکیان هەڵبژێرێ!
نووسینەوەی دەستور:
دوای سەددام حسێن، بەغدا توانی لە ماوەی دوو ساڵدا دەستورێک بنووسێتەوە و کاری پێبکات، ئەو دەستورەش چەندە پێشکەوتوو بێت یان دواکەوتوو، ئێمە لێرە باسی لێوە ناکەین، بەڵام چەتەکانی هەولێڕ و سلێـمانی دوای سیی ساڵ باس لە نووسینەوەی دەستور دەکەن! هێشتا پێنووسی پێدا نەنراوە، کە حیزبە ئیسلامیەکان دەڵێن: دەبێ دەستوری داهاتوو بە پێی دابونەریتەکانی ئیسلامی و موسڵـمانان بێ.عەلی باپیر دەڵێ: 95%خەڵکی ئیمە موسڵـمانن.
وا پێدەچێت سیی ساڵی دیکەش وەک کەمتیار ئەگەر لە دەوری یەک کۆببنەوە و مشتومڕیان بخەنە سەر جەستەی دەستورێک کە هێشتا لە دایک نەبووە ئیفلیج و نەخۆشە.
نووسینەوەی هەر دەستورێک کاری مرۆڤی دز و حیزبی و ردێن پانی سەر بە بێگانە نییە.
لە هەزارەی سەردەمدا مرۆڤی کارناس و زانا و خوێندەوار توانای نووسینەوەی دەستور و بە پڕاکتیک گەیاندنی بەرهەمەکانی دەستوریان هەیە. دز و خاکفرۆش و دژە ئازادی و دژە ئازادیخواز ئەو هیزە نین، کە بتوانن دەستورێکی دێمۆکڕاتیک و سەردەمیانە بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە باشووری کوردستان بنووسنەوە. ئایا لە دەستوری داهاتوودا بە جووت بنەماڵەیە دەگووترێ، ئیدی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئێوە بەسەرچووە؟