پارادۆکسی ئاک پارتی
Wednesday, 20/11/2013, 12:00
ئاك پارتی و سیاسەتی سەرقڵکردنی گەلی کوردو هەندێ چاکسازی نادەستوری ، ماوەیەکە بووە بە بابەتی مشتومڕو گەنگەشەی هەندێ لە میدیاو ڕاگەیاندنە کوردییەکان ، هەندێکیان ئاك پارتی و باشبەکانەکەی بە سمبولی دیمۆکراسیەت و کلیلی چارەسەری پرسی کوردی دادەنێن و هەندێکیش بە دایکی دوالیزمی سیاسی و وەستای سەرقاڵکردنی گەلی کورد بە بابەتی ڕوخسارییەوە ناوی دێنن، ئێمە لێرەیا هەوڵئەیەین سەرنجتان ڕاکێشینە سەر چەند وتارو لێدوانێکی ڕابردووی کەسایەتی یەکەمی ئاك پارتی و ئاشناتان بکەین بە پارادۆکس لە سیاسەت و ڕەفتاریدا، هەرچەند مانگێك لەمەوبەر بوو ، کاتێك کوردانی تورکیا لە سەروبەندی ئاهەنگی نەوروزدا بابەتی دوزمانیی کۆماری تورکیایان هێنایە بەرباس و هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بە ئاقاری کۆتایی هێنان بە ڕامیاری ئاسیمیلاسیۆن و داننانی تورکیا بە ناسنامەی کوردیدا کە لە چوارچێوەیدا زمانی کوردی بکرێت بە زمانی پەروەردەیی لە ناوچە کوردییەکانی کۆماری تورکیادا ڕەجەب حەماوەکەی بەرز بویەوەو ڕوی ڕاستەقینەی پشت ماسکی ئاین و دیمۆکراسێتی دەرکەوت و وتی ئەوەی دەخوازێت مناڵەکانی فێری کوردی ببێت دەتوانێ بڕوا ت بۆ باکوری عێراق فێر ببێت، لەو کاتەدا ئەو پێشنیاری کۆچی خستە پێش ئەو هاونیشتیمانییە ڕاستەقینانەی باکور کە داوای مافێکی ڕەوای خۆیان کردبوو کە بە پێی هەمو عورفێکی ئاینی و دیمۆکراسی ڕەوایە ، بەڵام هەر ئەم دەعبایە کاتێك لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان نزیك دەبێتەوە ، بانگهێشتی سەرۆکی ماوە بەسەرچوی باشور دەکات بۆ پایتەختی باکوری کوردستان و لە وێدا گوێ لە ئاوازی کوردی دەگرێت و ژنەکەشی فرمێسکی تیمساحی بۆ ئەو گۆرانیانە دەڕێژێت کە برایم و شڤان ئەیڵێن و باسی ئاشتی و بارشی تیادا دەکرێت، لەمەوە ئەوەی هەندێك ئاوەزی هەبێت و لە ئەلیف و بائی سیاسەت بگات دەزانێت ئەم هاتوهۆریایە شتێك خۆی لە پشتییەوە مڵاس داوە کە بە بڕوای من ئەوەش ئەوەیە کە کۆماری تورکیا لە ئێستادا بە ڕێبەرێتی ئاك پارتی دەخوازێت باشورو بەشێك لە سەرکردایەتییەکەی کە مەلەفی نەوت و دەسڵاتی زۆربەی جومگە ئابوری و بازرگانییەکانی باشوری لە بندەستدایە بکاتە خۆیی و هەروەها لە ڕێگەی بەرژەوەندییەکی ئابوری دولایەنی ناهاوتاوە کوردی باشور بەکاربهێنێت بۆ سێ مەبەست کە ئەوانیش ئەمانەن:_
١/ کەمکردنەوەی کاریگەری کەجەکە و وا نیشاندانی ئەوەی کە جگە لە ئۆجەلانیش کلیلی چارەسەری گرفتی کورد لە باکور هەیە.
٢/ بەکارهێنانی خودی مەسعود بارزانی و پێگەکەی بە مەبەستی هەرچی زیاتر بە دەستهێنانی دەنگی کوردی شاری ئامەد ، کە هەمو جارێ لوتی ئاکەپە لەو شارەدا دەتەوسێتەوە.
٣/ لەسەرو بەندی ڕاگەیاندنی کارگێڕی خۆبەڕێوەبەری کوردانی ڕۆژاوادا کە کێچی خستۆتە کەوڵی تورکەوە ، لە ڕێگەی هەندێك موجامەلەوە بتوانێت وا لە سەرۆکی ماوەبەسەر چوی باشور بکات کە بکەوێتە بەرەی دژایەتی کوردانی ڕۆژئاواوەو لە پایتەخی باکوری کوردستانەوە پەیامی دژایەتی بەرامبەر پەیەدە دەر ببڕێت ، لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێت بە هەمو پێودانگێك هەڵسوکەوتەکانی ئاك پارتی و هەوڵەکانیان جگە لە دورخستنەوەی باری سەرنجی کوردانی باکور لە سەر پرسە گەوهەری و گرنگەکان و لە بۆتە دانی خەباتی نەتەوەیمان لەو پارچەیەدا هیچی کە نییە.
بابان بریزی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست