کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاكڕەوی بۆ كەس ناچێتەسەر

Wednesday, 16/01/2013, 12:00






كوردستانی ئەمرۆ لە بارێكدا نابینرێتەوە كە با ئاسانی و بێ گیروگرفت زۆر شت بەسەر خەڵكدا تێپەرێنیرێت و دوور لە بەرژەوەندیەكانی خۆی دیزەبەدەرخونە بكرێت . لەم جەنجاڵی هاوكێشە ئاڵۆزەی نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا، بە پێی بەرژەوەندی تەسكی حزبی ، زۆرجار هەوڵی نارەوا دراوە و تائێستا بە ئاشكرا دەبینرێت، كاری جۆراوجۆر دەكرێت بۆ تێپەڕاندنی هەڵوێستێك لەمەڕ پرسە گرنگەكان كە لە ناوەخندا هیچ قازانجێكی بۆ پرسە سەرەكیەكە و دوارۆژی گەلی كوردی تێدا نیەو تەنها لە روانگەیەكی تەسكی حزبایەتی یان كەسێتیەكی دیاریكراوەوە و بەنهێنی و لە ژوورە تاریكەكانی حزبەوە بریاری لەسەر دراوە . بۆیە دەشێت بڵێین، خۆمەڵاسدان و ئیشی ژێربەژێر و ناروون سەری ساحێبی خۆی دەخوات .
لەم سەروبەندی ئاڵۆزبون و هاوپەیمانی گیریەی دەسەلاتی هەرێم بە شێوەیەكی تاكڕەوی و بە پشت بەستن بە عەقڵیەت و بەرژەوەندی شەخسی و حزبی، تەنها گەڕانەوە بۆ دواوەی لێ هەڵدەهێنجێرێت .
یەكێك لە خاڵە زۆر مەترسیدارەكان بۆ دوارۆژی گەلەكەمان خۆ خزاندنە لە جەمسەرگیریەكی وای ناوچەییەوە ، ئەگەر سیاسەت و ئەخلاق و عەقڵیەتی لایەنەكانی بە وردی بخوێنینەوە، هیچ قازانجێكی ئەوتۆی لێ پێشبینی ناكرێت . ئەمە لەكاتێكدایە كە جگە لە گرنگینەدان بە خۆرێكخستنەوەی نێوخۆی كوردستان و خۆدوورگرتن لە جاكسازی، بەتاكلایەنە و پشت بەستن بەپەیوەندی شەخسی، ئامانجی ستراتیجی و چارەنوسی كوردستان دەخرێتە ژێر رەحمەتی وڵاتانی دەوروبەرەوە . ئەم رەفتارانەش هەموو بەو ئاراستەیەدا دەچێت تەنها مەجد دروستكردن بێت بۆ حزب یان كەسایەتیەك ئەگەر سەركێشیشی تێدابێت و بێ زامنكردنی سەركەوتنی هێچ هەنگاوێك لە بەرژەوەندی میلەت ، بریاری لێ دەدرێت .
بەڵام ئەوەی لە واقعی ئەمرۆی كوردستان دەخوێنرێتەوە، كە خەڵك بە گشتی زیاتر چاوكراوە بووە و بە هیچ چەواشەكاریەك ناخەڵەتێن و دەزانن ئامانج لە هەر جموجوڵ و هەڵوێستێك چیە و لە پێناو چیدایە و لە بەرژەوەندی تایەبەتی كێدایە و ، هەموو لایەك چاوەرێی بەكردەوە جێبەجێ كردنی ئامانجەكانی خەڵكن و باوەریان بە گوتار و ویعازی خەیاڵی نیە . بۆیە لەو باوەرەدام، كە خەڵك بە خۆی جارێكی تر رێگە نادات لە نێوخۆ و بە ناوی ئەوەوە بت دروست بكرێت وتاكرەوی باڵ بكێشێت بەسەر دەسەڵاتی سیاسی كوردستاندا و لە منداڵدانی میلەتدا زەمینەسازیەك بۆ دكتاتۆریەت بكرێت . ئەگەر تا ئەمرۆ بە شێوەیەكی جیدی هاوارێكی یەكلاكەرەوە بەرزنەبۆتەوە، بەڵام هەموو لایەك باش دەزانن ئەم خۆدزینەوە و تاكرەویەی ئێستا بۆ هیچ لایەك ناچێتەسەر، لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری سەرەكی كە تا رادەیەكی باش زیندون و رێگرن لە ملنەدان بە داخوازیەكانی میلەت و پیادەكردنی تاكرەوی ،لەوانە:
یەكەم : ئاستی هۆشیاری و خوێندنەوەی تاكی كورد بۆ وەزع و واقی كوردستان تا ئاستێك گەشەی بەخۆوە بینیوە و وای لێهاتوە پێش هەر هەڵوێست و رازیبونێك لەسەر هەر بریارێكی دەسەڵات جەوهەری هەڵوێست و بریارەكە بخوێننەوە .
دووەم :بونی ئۆپۆزسیۆن و رەخساندنی بوارێكی گەورە و فراوان و ئاشكرا بۆ دەرخستنی راستیەكان ، بەربەستێك لەبەردەم بریاربەدەستان دروست دەكات لە پیادە كردنی رێبازی تاكرەویدا !
سێیەم : ئامرازە جاڵجاڵۆكیەكانی پەیوەندیەكان و ئاگاداربونی خەڵك لە زۆر وردەكاری كاروباری سیاسی و تەنانەت زۆرێكیش لە بریارەكانی پشتپەردەش، رێگەی تاكرەوی تەسك دەكاتەوە .
چوارەم : دەركەوتنی سەرەتای دروستبونی فشاری رای گشتی و رۆڵی زۆرێك لە رێكخراوە سەربەخۆكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هیوابەخشە بۆ یارمەتیدان بۆ رێگری لە تاكرەوی سیاسی .
لەبەر ئەمانە و زۆر فاكتەری تریش، پێویستە لەسەر هەموو بەرپرسان بیر لە خۆسەپاندن نەكەنەوە و لەپێناو هەندێك بەرژەوەندی تەسك و نیازی نەخوازراو، لە تاكڕەوی پاشگەز ببنەوە و لە هەر هەڵوێستێكدا حسابی تایبەتی بۆ خەڵك بكەن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە