کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نیشتمانێكی خه‌سێندراو و قومارێكی تازه‌

Tuesday, 16/04/2013, 12:00








له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی هه‌رێمی كوردستاندا له‌ له‌نده‌ن له‌ گه‌ڵ كوردێكی رۆژئاوای كوردستاندا هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و یه‌ك له‌وان سه‌رۆكی هه‌رێم و كاندیده‌كانمان تاوتوێ ده‌كرد‌ . ناوبراو پشتگیری له‌ مه‌سعود بارزانی ده‌كرد، به‌ڵام من ئه‌و كات و ئێستاش هه‌موو كاندیده‌كانم له‌ بارزانی بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێ‌ باشتر بون. كورده‌كه‌ی رۆژئاوا زۆر بیری له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌كردبۆوه‌ و ته‌نیا باسی كاندیدێكی ده‌كرد، كه‌ ئه‌و ده‌یناسێ و بۆ ئه‌و پۆسته‌ گونجاو نیه‌. بۆ به‌رگریكردن له‌ روانگه‌ی خۆم، رووم له‌ كورده‌ رۆژئاواییه‌كه‌ كرد و گوتم، هه‌موو كاندیده‌كان زیاتر‌ له‌ مه‌سعود بارزانی،‌ خزمه‌ت به‌ پرسی دوارۆژی كورد و دێموكڕاسی ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌وان هه‌ڵبژێردرێ و به‌ كرده‌وه‌ ده‌ركه‌وێ، كه‌ توانای سه‌رۆكایه‌تی نیه‌، ده‌كرێ به‌ گوێره‌ی یاسا و ویستی زۆرینه‌ی هاونیشتمانیان له‌ ده‌سه‌ڵات بخرێ. له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌دا گوتم، مه‌سعود بارزانی ٢٠ ساڵه‌ به‌ ئاواتی ئه‌و رۆژه‌یه‌ و ناوبراو بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك ده‌ڵێ، ئه‌من هه‌ر پێشمه‌رگه‌م و پۆستم ناوێ. ناوبراو ئه‌گه‌ر بوو به‌ سه‌رۆك به‌ ئاسانی دانابه‌زێ و باجی زۆری ده‌وێ، چوونكه‌ هێزی چه‌كدار، سه‌روه‌ت و سامان، پارت و به‌شێك له‌ عه‌شیره‌یه‌كی له‌ پشته‌. بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر به‌ كورده‌ رۆژئاواییه‌كه‌م گوت، كورد له‌ زۆر بواردا وته‌ی جوانی هه‌یه‌ و له‌وپێوه‌ندییه‌دا ده‌ڵێ،‌ له‌وه‌ بترسه‌ كه‌ ده‌ڵێ ناخۆم. ساڵه‌كان تێپه‌ڕین و به‌ كرده‌وه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا بو، كه‌ مه‌سعود بارزانی نه‌ك هونه‌رێكی سیاسی نه‌بو، به‌ڵكو ئێستا خه‌ریكه‌ به‌ راسپارده‌ی خۆی و كرده‌ی پارته‌كه‌ی له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات لانه‌چێ و نیازی هه‌یه‌ كوده‌تایه‌كی سپی له‌ خه‌ڵكی باشووری كوردستان بكا. له‌و دۆخه‌دا پارته‌كه‌ی تاڵه‌بانی له‌ به‌ر هاوكێشه‌ی به‌رژوه‌ندییه‌كان تووشی هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بێ و ئه‌وانیش له‌ پێناوی پاراستنی ده‌سه‌ڵات و سامانی خۆیان و كۆمپانیای حیزبدا له‌ گه‌ڵ پارتییه‌كان هاوڕا و هاوته‌كبیرن.
له‌و رۆژانه‌دا له‌ روانگه‌ی جیاوازه‌وه‌‌ باسی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كرێ. هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ و به‌ تایبه‌ت هه‌ڵبژێرانه‌وه‌ی سه‌رۆكێك بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پرسه‌ی زیاتر ئاڵۆز كردوه‌. به‌ گوێره‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ر هاوڵاتیه‌ك ته‌نیا بۆ دوو خول ده‌توانێ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌. پارتی دێموكڕاتی كوردستان، له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌و‌ڵه‌كانیان چڕكردوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی به‌ هه‌ر فێڵ و گزییه‌ك بێ بۆ ده‌وره‌یه‌كی دیكه‌ و خولی سێهه‌م به‌ سه‌ر خه‌ڵكدا فه‌ڕزكه‌نه‌وه‌. راگه‌یاندنی پارتی و یه‌كێتی به‌ هه‌موو شێواز و ئاماژه‌یه‌ك هاوار ده‌كه‌ن، كه‌ له‌و نیشتمانه‌دا كه‌س ناتوانێ ئه‌ركه‌كان به‌ڕێوه‌به‌رێ و ئه‌و ئه‌ركه‌ هه‌ر به‌ به‌ژن و باڵای دوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی بڕاوه‌! به‌ واتایه‌كی دیكه‌، ئه‌وان درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی خه‌ساندنی نیشتمانی كوردان ده‌ده‌ن و گیانی باوه‌ڕبه‌خۆبوونی تاكی كورد له‌ پێناوی حه‌زه‌ نانیشتمانیه‌كانیاندا وێران ده‌كه‌ن. ئه‌وان له‌ هه‌وڵدان تۆوی دیلی و كۆیلایه‌تی له‌و نیشتمانه‌دا بچێنن و ئازایه‌تی و گیانی به‌رخۆدان و توانای بیركردنه‌وه‌ له‌ تاك و كۆی گه‌ل بستێنه‌وه‌.
جێگای ئاماژه‌پێكردنه‌، كه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ دوای راپه‌ڕیندا هه‌تا ئه‌مڕۆ كێشه‌ و دووبه‌ره‌كیان له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پاره‌ هه‌بوه‌. له‌ دوای پڕۆسه‌ی رووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و گۆڕانی ژینگه‌ی سیاسیی له‌ عێڕاقدا، پارتی و یه‌كێتی و به‌ تایبه‌ت تاڵه‌بانی و بارزانی تاكتیكی خۆیان گۆڕی. ئه‌وان پرسی كوردیان وه‌ك رابردوو له‌ بیر خۆ برده‌وه‌ و له‌ سه‌ر دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامان و ده‌سه‌ڵات رێككه‌وتن و سه‌رئه‌نجام رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیان مۆر كرد. ئه‌وان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كرانه‌ فاكته‌ری دروستكردنه‌وه‌ی عێراقی نوێ و هه‌وڵیاندا، كه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ و نێوخۆ بڵێن، كه‌ ئه‌وان نوێنه‌ر و رابه‌ری راسته‌قینه‌ی كورد له‌ باشووری كوردستانن. كردار و بڕیاری سیاسه‌تكاره‌كانی ئه‌و دوو پارته‌ و به‌ تایبه‌ت تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ جه‌وهه‌ردا له‌ گه‌ڵ كوردایه‌تی و مافی بنه‌ڕه‌تی كوردان و پاراستنی نیشتمان ناڕێك و دژبه‌ر بوون. ئه‌وان له‌ ژێر چوارچێوه‌ی كایه‌ی دێموكڕاسی و پرسی هه‌ڵبژارن له‌ عێراقی تازه‌دا، تێكۆشان كه‌ خۆیان سه‌ر له‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌رهێنن و به‌ ناوی ده‌نگدان درێژه‌ به‌ حوكمی ناشه‌رعی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان بده‌ن.
ئه‌گه‌رچی له‌ باشووری كوردستان ئۆپۆزیسیۆن له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ كار و تێكۆشانی پارله‌مانی و راگه‌یاندن هه‌وڵیانداوه‌، كه‌ له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی خۆسه‌پاندنی جووت پارته‌كه‌ و به‌ تایبه‌ت پارتی بارزانیدا كێبه‌ركێ بكه‌ن، به‌ڵام ژینگه‌ی كوردستان هێشتا بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیان ئاماده‌ نه‌كراوه‌. دێموكڕاسیه‌كه‌ی كوردستان ره‌گی دانه‌كوتاوه‌ و بۆ كایه‌ی ژیانی خه‌ڵك شۆڕ نه‌بۆته‌وه‌. پارتی و یه‌كێتی به‌ كۆنتڕۆڵكردنی سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمان و بوونی هێزی میلیشیا و به‌كارهێنانی زۆر تاكتیك و سیاسه‌ت، رێگای رێفۆرم و چاكسازیان به‌ربه‌ست كردوه‌. له‌ كه‌لتوری ئه‌و دوو پارته‌دا دێموكڕاسی مانای ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نیه‌ و ئه‌وان له‌ ماوه‌ی ٢٢ ساڵی رابردوودا ته‌نیا فێری دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامان و شه‌ڕكردن بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان بوون. دێموكڕاسی له‌ كوردستاندا هێشتا له‌ وشه‌ په‌رته‌وازه‌كانی سه‌ر زار و مێدیا‌ ده‌چن، كه‌ نه‌كه‌وتۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستاندا پڕ له‌ گزییه‌ و ناكرێ وه‌ك بنه‌مایه‌كی باوه‌ڕپێكراو بكرێته‌ به‌ردی مه‌حه‌ك بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و گزی و فێڵانه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوای راپه‌ڕین رێچه‌كه‌یان به‌ستوه‌ و فێڵ له‌ یه‌كتر كردن وه‌ك هونه‌ری سیاسی و زیره‌كی چاوی لێده‌كرێ. پارته‌ سیاسییه‌كان له‌و نیشتمانه‌دا دێموكڕاسی ته‌نیا وه‌ك درووشمێكی رۆژانه‌ به‌كار ده‌به‌ن و له‌ ئیداره‌ی پارته‌كاندا كاری پێناكرێ. چاره‌نووسی نیشتمان و كورد له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستاندا به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ دوو پارت و دوو بنه‌ماڵه‌.‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی زیاتر له‌ هه‌مووان كار بۆ ئه‌و كه‌لتوره‌ سه‌قه‌ته‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هاوڵاتیانی كوردستان فێری كڕنۆشبردن و رێزگرتن له‌ باوك و كوڕ بكه‌ن. له‌و ماوه‌یه‌دا، كه‌ مه‌سعود بارزانی كاتی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چێ، خه‌ریكن شانۆیه‌كی دیكه‌ ساز كه‌ن و خه‌ڵك به‌ لاڕێدا به‌رن‌. پارتی بارزانی و ئه‌ندامه‌كانی له‌و كارانه‌دا زۆر كارامه‌ن و له‌ مێژووی ده‌ڵه‌ته‌ سه‌رده‌سته‌كانی كوردستان سوود وه‌رده‌گرن. مه‌سعود بارزانی به‌ رواڵه‌ت خۆی بێده‌نگه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا پێشنیار و تێبینی مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانه‌! هه‌موو لایه‌ك شاره‌زای ئه‌و سیاسه‌ته‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ی پارتی پیاده‌ی ده‌كا و كاری بۆ ده‌كات له‌ سنوور و بازنه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا ورد ده‌كرێ و دواتر به‌ شێوازی تایبه‌ت به‌ سه‌ر خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت لایه‌نگه‌ره‌كانی خۆیاندا بڵاوده‌كرێته‌وه‌. به‌و واتایه‌، ئه‌وه‌ ویست و داخوازی مه‌سعود بارزانیه‌، كه‌ به‌ شێوازی پێشنیار و داخوازی له‌ مه‌كته‌ب سیاسییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی به‌ره‌وڕووی خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان ده‌كرێ.
ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی له‌و رێكاره‌دا ده‌ور و رۆڵی شاراوه‌ ناگێڕێ و ئه‌گه‌ر خۆی داوا نا‌كا و مه‌یلی مانه‌وه‌ی نه‌بێ، چۆن كه‌سانی دیكه‌ به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستن؟ نه‌خشه‌داڕێژی سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات هه‌ر خۆیه‌تی و ئه‌وانی دیكه‌ به‌ رێنوێنی خۆی ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌وان له‌و نیشتمانه‌ خه‌سێندراوه‌دا تاك و كۆ نابینن و رێز له‌ ئیراده‌ی گه‌ل ناگرن. ئه‌و پارته‌ و سه‌رۆكه‌كه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانیان به‌ جۆرێك راهێناوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن خه‌ڵك سیاسه‌تی بۆ ناكرێ و رێگا بزر ده‌كه‌ن. به‌ باوه‌ڕی زۆر كه‌سی شاره‌زا و پسپۆڕ ئه‌وه‌ ته‌نیا شانۆسازیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ خۆ چه‌سپاندنه‌ و هه‌رای نێوان به‌غداو هه‌ولێریش ته‌نیا بۆ سه‌رگه‌رمكردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌. ئه‌وان به‌ خوڵقاندنی قه‌یران نیازیان وایه‌، كه‌ ئۆپۆزیسیۆنی كوردستان بێده‌نگ بكه‌ن و له‌ گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی خۆیاندا هاوڕایان بكه‌ن. بێجگه‌ له‌وه‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی قه‌یران خوڵقاندندا راگه‌یاندنی ئۆپۆزیسیۆن و ئه‌هلی له‌ پرسی رێفۆرم و ئازادییه‌كان داببڕن به‌ ناوی پرسی كورده‌وه‌ ژینگه‌یه‌كی گونجاو بۆ درێژه‌دا به‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بخوڵقێنن. ئه‌گه‌ر پارتی و سه‌رۆكه‌كه‌ی مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ نیه‌، چۆنه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا بۆ یه‌كجار، كه زۆر‌ ده‌رفه‌تی زێڕین له‌ ئارادابوون، وه‌زیر و گوزیره‌كانیان له‌ به‌غدا نه‌كشانده‌وه‌؟ كێشه‌ی ئه‌وان له‌ سه‌ر مافی خه‌ڵك و پرسه‌ نیشتمانییه‌كان نیه‌ و ته‌نیا عاشق و شه‌یدای مانه‌وه‌ی خۆیانن‌. ئه‌وان نازانن به‌ چ زمانێك و چۆن به‌ خه‌ڵك بڵێن، كه‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ به‌ قسه‌ و دروشم بارزانی و پارته‌كه‌ی له‌ سه‌ر پاراستنی یاسا و شه‌یدانه‌بوون بۆ پۆست و پله‌ گوتوویانه‌، له‌ بیر خه‌ڵك به‌رنه‌وه‌.‌ پارتی و مه‌سعود بارزانی ده‌زانن، كه‌ مالیكی مه‌یلی دیكتاتۆری هه‌یه‌ و قبوڵ ناكات، كه‌ له‌ سنووره‌كانی عێراقی تازه‌دا و له‌ هه‌ولێر كه‌س و پارتی هاوشێوه‌ی خۆی‌ و دیكتاتۆر هه‌بن. پارتییه‌كان و سه‌رۆكه‌كه‌یان به‌ ناوی كوردایه‌تی، كه‌ركوك، نه‌وت، پێشمه‌رگه‌ و هتد نیازیان وایه‌ به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی خۆیان بكه‌ن. له‌ راستیدا خه‌ڵك و هاوڵاتیانی كوردستان له‌ونێوه‌دا ته‌نیا كاڵای بازرگانی ئه‌و پارته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانن و ئه‌گه‌ر فریای خۆیان نه‌كه‌ون له‌ داهاتوودا باجی گه‌وره‌تر ده‌بێ بده‌ن. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دروشمه‌ قه‌به‌ و زله‌كان رووت بكرێنه‌وه‌ و خه‌ڵك پرسیار بكه‌ن، كه‌ هه‌ڕڕاجكردنی خه‌ڵك و نیشتمان تا كه‌ی به‌ ناوی كوردایه‌تیه‌وه‌ درێژه‌ی ده‌بێ؟
تۆ بڵێی له‌و نیشتمانه‌دا به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی ئه‌و پۆستانه‌ شیاوتر نه‌بن؟ ئه‌وه‌ بارزانی و تاڵه‌بانی و ‌ سه‌رۆك پارته‌ كوردییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان چ هوونه‌رێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان هه‌یه‌، كه‌ خه‌ڵكی ئاسایی لێی بێبه‌شن؟ مه‌گه‌ر مێژووی سه‌ده‌ی بیسته‌می كوردان بێ پێچ و په‌نا ئه‌و كه‌س و تاكانه‌ی وه‌ك رێبه‌ر و سه‌رۆك خێڵ و پارت ناسراون، به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی شكستی خه‌باتی كوردان ئه‌ژمار ناكات. له‌ هه‌ر شار و شارۆچه‌كه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستاندا زۆر كه‌سی لێهاتوتر له‌ مه‌سعود بارزانی و تاڵه‌بانی هه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیان پێبدرێ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دهتوانن بیسه‌لمێنن، كه‌ له‌‌ هه‌موو بوارێكدا له‌وانه‌ی پێش خۆیان باشتری ده‌كه‌ن. له‌و نیشتمانه‌دا قات و قڕی هاووڵاتی نه‌هاتوه‌ و ئه‌گه‌ر رێز له‌ ئیراده‌ی كورده‌كان بگیرێ و به‌ زه‌بری زۆر، پاره‌ و پۆست فێری كڕنۆشبردن بۆ وێنه‌ی ئه‌م و ئه‌و نه‌كرێن نیشتمانێكی جوانتر و دواڕۆژێكی باشترمان ده‌بێ. گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ و تاك و پارته‌ سیاسیه‌كان له‌و گۆڕه‌پانه‌دا ده‌بێ به‌ ئیراده‌ی گه‌ل و یاسا دێموكڕاتیكه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات و پۆستی ناشه‌رعی دابماڵێدرێن. رووداوه‌كانی رابردوو وانه‌ی گه‌وره‌ن و پێویست بو، كه‌ بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ به‌رده‌م ئیراده‌ی گه‌لدا كشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ سیاسه‌ت راگه‌یاندبا. ئه‌وان له‌ ماوه‌ی ٢٢ ساڵی رابردوودا و له‌ پرسی ئیداره‌كردنی هه‌رێم و به‌غدادا شكستیان خواردوه‌. له‌ جیهانی دێموكڕاسیدا شكستخواردن له‌ پڕۆژه‌ سیاسییه‌كان و ئیداره‌كردنی پارته‌كان به‌ مانای خۆدوورخستنه‌وه‌ی دڵخوازانه‌ی لانی كه‌م سه‌ركرده‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان دێ.
گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ بابه‌وه‌ بۆ كوڕ و رابه‌رایه‌تی كردنی ئه‌و پارته‌ ته‌نیا له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه‌ باس له‌ تێگه‌یشتنی ئه‌وان بۆ پرسی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت ده‌كا. رابردووی ئه‌و پارته‌ و كردار و هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ كات و ساتی جیاوازدا وانه‌یه‌كن بۆ خه‌ڵكی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردندا به‌رچاوڕوون و شاره‌زا بن. بێده‌نگی دیكتاتۆری دروست ده‌كا و دیكتاتۆره‌كان به‌ ناوی به‌رگریكردن له‌ خه‌ڵك و هتد. پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان قایم و پته‌و ده‌كه‌ن. خه‌ڵكی كورد دڵساف و خۆشباوه‌ڕه‌ و ژینگه‌ی كوردستان له‌ هه‌موو پارچه‌كان بۆ خوڵقاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌كه‌سیی كه‌م و زۆر ئاماده‌یه‌. له‌ هه‌ناوی هه‌موو سه‌ره‌ڕۆیی و دیكتاتۆرییه‌تێكدا ده‌نگ و كرده‌روه‌ی دژبه‌ر له‌ دایك ده‌بن، كه‌ به‌ گژ چه‌وسانه‌وه‌ و خۆسه‌پاندندا ده‌چنه‌وه‌. مێژووی گه‌لانی جیهان پڕه‌ له‌و وانه‌ی به‌‌نرخ و جێگای خۆیه‌تی پارتی و یه‌كێتی و هه‌موو پارته‌ به‌ ناو سیاسیه‌كان رێز له‌ لۆژیكی عه‌داڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك بگرن.
خۆسه‌پاندنی سه‌رله‌نوێی مه‌سعود بارزانی به‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا كێشه‌ی كورد له‌ باشوور ئاڵۆزتر ده‌كا و قه‌یرانی زۆرتر له‌ كوردستاندا ده‌خوڵقێنێ. مانه‌وه‌ی بارزانی له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ناشه‌رعی‌ و نا یاساییه‌ و زه‌نگی مه‌ترسیداره‌ بۆ دابه‌شبوونی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان و ده‌ستپێكی قۆناخێكی تازه‌ له‌ كوردستاندا. ئه‌گه‌ر پارتی به‌ هاوكاری یه‌كێتی درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی خۆیان بده‌ن، دوور نیه‌ مێژووی خه‌باتی چه‌كداری له‌ شاخه‌كانی كوردستان دژ به‌ خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان نه‌بینوه‌. زۆرداری و سه‌ره‌ڕۆیی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی لێ شین دێبێته‌وه‌ و لێدان له‌ ئازادییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گه‌ل و قوماركردن به‌ چاره‌نووسی گه‌لێك دژكرده‌وه‌ی كۆنتڕۆڵنه‌كراوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. با هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌وجاره‌ شایه‌تی ئه‌وه‌ بده‌ن، كه‌ كورده‌كان به‌ره‌و دواڕۆژی پڕشنگدار هه‌نگاوهه‌ڵده‌گرن و له‌ دیكتاتورییه‌ت و خۆسه‌پاندن بێزار و توڕه‌ن. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هاوڵاتیانه‌ رێگای زۆر له‌ به‌رده‌م پارته‌ سیاسییه‌كاندا هه‌ن، به‌ڵام له‌و گۆڕه‌پانه‌دا كردار و هه‌ڵوێست مه‌رجی سه‌ره‌كین، نه‌ك خۆ بێده‌نگ كردن و كاركردن بۆ خۆسه‌پاندنی درێژخایه‌ن. جێگای خۆیه‌تی خه‌ڵكی كوردستان یه‌كده‌نگ و یه‌ك بڕوا به‌ ده‌نگێكی به‌رز به‌ خۆسه‌پاندن، گه‌نده‌ڵی، دیكتاتۆرییه‌ت و درێژه‌كێشانی چه‌وساندنه‌وه‌ بۆ هه‌میشه‌ بڵێن نا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە