مه‌لا به‌ختیار:ئێمه ده‌زانین کێ له پشتی هه‌ندێك له وتاره نهێنییه‌كانی كوردستانپۆستهوهن
Thursday, 21/05/2009, 12:00
2763 بینراوە
ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كێشه‌كانی ناو یهكێتیو چاره‌نوسی چوار ئه‌ندامه ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی‌و ورده‌كاریی رێككه‌وتنی نێوان پارتی‌و یه‌كێتی، كارگێریی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، مه‌لا به‌ختیار بۆ ئاوێنه ده‌دوێت.
ئاوێنه: كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندایه چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌م هه‌لومه‌رجه، هه‌ڵقه‌ی ناوه‌ندیی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئێوه چییه؟
مه‌لا به‌ختیار: بێگومان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گرنگتره له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، كه له‌كوردستاندا ئه‌نجام دراوه، ئه‌و لیستانه‌ی به‌شداری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌كه‌ن ژماره‌یان 42 لیسته، ئه‌زموونی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندبووه، هه‌موو یه‌كتریمان باش تاقیكردۆته‌وه، رای گشتیش تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی باشتری له‌لا گه‌ڵاڵه‌بووه، هه‌روه‌ها ئێستا حسابێكی زیاتر بۆ ئه‌زموونی دیموكراسی و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت، ئه‌مانه هه‌موویان ململانێیه‌كی روونتری كۆكردۆته‌وه. به‌شبه‌حاڵی خۆمان ئێمه به‌به‌ڵگه‌ی پێشكه‌وتن‌و سه‌ركه‌وتنی ئه‌زمونه‌كه‌مان ده‌زانین. پێشبینیكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن سه‌خته، به‌شبه‌حاڵی خۆمان به‌رپرسین له‌وه‌ی كه‌شێكی ئازاد‌و ئارامی‌و ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كه دابینبكه‌ین، بڕوامان وایه ئازادی لیستی كوردستانیی له‌و سنوره‌دا ته‌واوده‌بێت كه سنوری ئازادی لیستهكانیتر ده‌ستپێده‌كات، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پشت ئه‌ستورین به خۆمان، به مێژومان، به ده‌ستكه‌وته‌كانمان، پێشبینی ده‌كه‌ین رای گشتی‌و خه‌ڵكی دڵسۆز‌و به‌په‌رۆشی كوردستان، د‌رك به هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی ئێستای كوردستان‌و عێراق بكات‌و بزانێت ئه‌م به‌رپرسیارێتییه؛ به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌و سه‌خته، زۆر زه‌حمه‌ته به هێزه كهمئهزموونهكان به‌ڕێوه‌ببرێت.
ئاوێنه: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووه‌وه لیستی جیاواز به‌شداری هه‌ڵبژاردن دهكهنو ململانێیه‌كی توند له‌نێوان لیستی هاوبه‌شی كوردستانییو لیستهكانیتر له‌ئارادایه، تاچه‌ند ئاماده‌ن ئه‌گه‌ر لیسته‌كه‌تان له‌هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا، جێگۆڕكێی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، ئایا سنورێكتان داناوه، تا ئه‌و راده‌یه ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه قبوڵ ده‌كه‌ن؟
مه‌لا به‌ختیار: هیچ سنورێكمان نییه بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ته‌واوی به‌هه‌قی یاسایی خۆمانه‌وه به‌شداریده‌كه‌ین وه‌ك چۆن لیسته‌كانیش هه‌مان هه‌قی یاسایی خۆیان هه‌یه، سه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی چۆن بێت به‌مه‌رجێك دووربێت لهدهستێوهردانو گزی كردن، قبوڵی ده‌كه‌ین.
ئاوێنه: له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی دوایدا هه‌ستده‌كرێت حكومه‌ت ده‌ستیكردووه به دابه‌شكردنی زهویو دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رو چاككردنی رێگاوبان پێدانی واده‌و بهڵێنیتر، ئایا ئه‌مه به‌كارهێنانی دامه‌زراوه‌كان‌و توانای حكومه‌ت نییه له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، ئایا ئه‌مه پێشێلكاریی نییه؟
مه‌لابه‌ختیار: ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی حكومه‌تی وڵاتانی دنیا بكه‌ین، له‌پێشیشیانه‌وه ئه‌وانه‌ی كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردراون، ئه‌و حكومه‌تانه تا دواڕۆژی ده‌سه‌ڵاتیان، هه‌رچی كاری خزمه‌تگوزارییه‌و هه‌موو ئه‌و واده‌و به‌ڵێنانه‌ی داویانه به‌خه‌ڵك جێبه‌جێی ده‌كه‌ن. ته‌ماشای سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌ندێك وڵاتانی ئه‌وروپا بكه‌ن، هه‌تا سێ چوار رۆژ پێش ئه‌وه‌ی كورسی جێبهێڵن بڕیاری وایان داوه هه‌ر چاوه‌ڕوان نه‌كراوه، له‌موچه زیادكردن، له‌دابین كردنی خانوو، له‌كه‌م كردنه‌وه‌ی باج..هتد، ئه‌مانه له‌ڕۆژئاواش ده‌كرێت. بۆ نمونه لهدواههڵبژاردنی رۆمانیادا، سه‌رۆكی وڵاته‌كه له‌ناو رای گشتیدا، رێژه‌ی خۆشه‌ویستی دابه‌زیبوو، به‌ڵام كه موچه‌ی خانه‌نشینی زیاد كرده‌وه، له‌سه‌دا(85) ڕێژه‌كه‌ی به‌رز بووه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنیشی برده‌وه. له‌به‌رئه‌وه ئێمه‌ش تا ئه‌و رۆژه‌ی لهحكومهتدابین كۆمه‌ڵێك كێشه هه‌یه له‌مه‌وبه‌ر پێمان چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، ئێستا هه‌لێك هاتۆته پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خزمه‌تانه بۆ خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌دنیادا هه‌یه حوكمڕانی‌و حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌بێت حیزبه‌كه‌ی خۆت لاواز بكه‌یت؟ ئه‌ی باشه حزبه‌كانی به‌رهه‌ڵستكار، ناڵێن كه هاتینه سه‌ر حوكم، له‌حكومه‌تدا وا ده‌كه‌ین‌و واده‌كه‌ین، ئه‌مه بۆ چییه؟ بۆ ئه‌وه‌ش نییه پایه‌ی حزبه‌كانی خۆیان به‌هێز بكه‌ن؟
ئاوێنه: ئایا له‌به‌رنامه‌ی هه‌ڵمه‌تی ههڵبژاردنتاندا زیاتر تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر كاروچالاكییه‌كانی حكومه‌ت، یان گرنگیش به‌مێژووی سیاسی‌و تێكۆشان‌و كێشه‌كانی ئه‌و مێژووه ده‌ده‌ن؟
مه‌لا به‌ختیار: نه مێژوو نه ئێستا له‌یه‌ك دانبڕێن، هه‌ردووكیشیان له‌ئاینده دانابڕێن. هه‌ستده‌كه‌ین گوتاری لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌رمان له‌ڕووی لێكدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستا‌و چۆنێتی بونیادنانی دیموكراسی، له‌باری تیۆریی‌و له‌باره‌ی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌زموونه دیموكراسییه‌كانی جیهانه‌وه، كه‌موكوڕی زۆر لهگوتاریاندا، له‌به‌رنامه‌یاندا، لهحكومدانیاندا له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌كه، هه‌یه. پێمانوایه هه‌موو ئه‌و بڕوایه‌ی هه‌مانه له‌سه‌ر ئه‌زموونی ئێستا، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجه بهدینههاتووهی كه هه‌مانه‌و ئه‌وكێشانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداو له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌مانه، زیاده‌ڕۆیی تێدانییه، بڵێین به‌كۆی هه‌موو لیسته‌كان، هێنده‌ی یهكێتیو پارتی سه‌ری لێدهرناكهن. هه‌موویان پێكه‌وه هێنده‌ی پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌زمونیان نییه، ناشتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئهوكێشانهدا بكه‌ن؟
ئاوێنه: ئایا ئێوه قسه له‌سه‌ر ئێستا‌و كێشه‌كانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن، یان قسه له‌سه‌ر مێژووش ده‌كه‌ن؟
مه‌لا به‌ختیار: ئاماده‌ین قسه له‌سه‌ر مێژووش بكه‌ین، به‌مانا نێگه‌تیڤه‌كه‌ی نا، دیاره ئه‌گه‌ر لایه‌ك بیه‌وێت لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی هه‌ڵداته‌وه، ئه‌گه‌ر لایه‌ك نه‌یه‌وێت گۆڕه ئاشكراكان هه‌ڵداته‌وه له‌سه‌رمان، ئه‌و كاته ئێمه‌ش هه‌وڵناده‌ین گۆڕه نهێنییه‌كان هه‌ڵده‌ینه‌وه له‌سه‌ری.
ئاوێنه: ئاشكرایه پارتی‌و یه‌كێتی حكومهتو پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و دژه تیرۆریان هه‌یه، تا چه‌ند به‌ڵێن ده‌ده‌ن هه‌ڵبژاردنێك بكه‌ن دووربێت لهتوندوتیژیو شه‌ڕه‌وه؟
مه‌لا به‌ختیار: ئه‌گه‌ر ئێمه مه‌ترسیمان لههێزێك هه‌بوایه توندوتیژیی به‌كاربهێنایه به‌رامبه‌رمان، نه‌مانده‌هێشت به‌كاری بهێنێت، چونكه هێزمان هه‌یه، توانا‌مان هه‌یه، نه‌مانده‌هێشت بگاته ئه‌وه‌ی دژه‌كانمان هه‌ڵبژێرن بۆ توندوتیژی، ئه‌گه‌ر له‌به‌رنامه‌ی ئێمه‌و پارتیشدا بوایه، په‌نابه‌رینه به‌ر رێگایه‌كی نادیموكراسی، بێگومان نه‌مانده‌هێشت بگاته سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن، پێش هه‌ڵبژاردن ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌مان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان یه‌كلایی ده‌كرده‌وه. كه تا ئێستا ئارام بوین، دیاره له‌هه‌ڵبژاردنیشدا ئارامتر ده‌بین. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی له‌دژمان ئه‌نجام دراوه، زانیاریی ئه‌وه‌مان لایه هه‌ندێك له‌وتاره نهێنییه‌كانی كوردستان پۆست‌و هه‌ندێك سایته‌كان نه‌ك نوسه‌ری نه‌ناسراو، به‌ڵكو ئێمه ده‌زانین كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانیش له‌پشتی ئه‌و وتارانه‌ش كێن، تا ئێستا هیچ ئیجرائاتێكمان نه‌كردووه، ده‌شزانین كێ له‌گه‌ڵ ئیمامی عه‌لی نوێژ دهكاو كێش له‌سه‌ر سفره‌ی معاویه نان ده‌خوات.تازه هاتوینه‌ته سه‌ر هه‌ڵبژاردن‌و هه‌موو دنیا چاویان له‌سه‌رمانه، چۆن هانا بۆ شتێكی ناڕه‌واو دژه دیموكراسی ده‌به‌ین. به‌تایبه‌تی ئێمه مه‌ترسیمان له‌خۆمان نییه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا.
ئاوێنه: ئایا یه‌كێتی پلنیۆم پێش هه‌ڵبژاردن ده‌به‌ستێت؟ چاره‌نوسی ئه‌و كه‌سانه چی لێدێت به‌بیروڕا له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروانن، به‌ڵام له‌ڕێكخستنه‌كانی ئێوه‌دا مانه‌ته‌وه؟
مه‌لا به‌ختیار: پلنیۆم پێش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌به‌ستین، كۆنگره‌ش دوای هه‌ڵبژاردن. په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتی گۆڕینی 1/3 هه‌موو پۆسته‌كانی داوه بهپلنیۆم، ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمهنو له‌لیسته‌كه‌ی كۆمپانیای وشهشن، له‌ڕاستیدا مه‌كته‌بی سیاسی بانگی كردوون به‌ئاشكرا پێیوتوون، به‌ڕه‌سمی له‌و لیسته‌دا ناوتان ههبێتو ساغ ببنه‌وه بۆمان، ئێوه له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانییهوهن. بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ش كه ناویان له‌لیستدا نایه‌ت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانن، ئه‌وان كه یه‌كێتیان به‌دڵ نییه، ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ موچه‌كه له‌ناو یه‌كێتین، خه‌ڵكی مه‌بده‌ئی هه‌ق نییه، بۆ مووچه وا له‌خۆی بكات ده‌یان ده‌مامكی هه‌بێت. خه‌ڵكی مه‌بده‌ئی ده‌بێت ئاماده‌بێت خۆشی بهكوشتبدات نه‌ك بۆ مووچه وا له‌خۆی بكات. ئه‌گه‌ر پێیان وایه ئه‌مه تاكتیكێكهو یه‌كێتی پێههڵدهخهڵهتێنن، من پێم وایه جگه له‌خۆیان ئه‌وانه كه‌سیان پێههڵناخهڵهتێت.
ئاوێنه: ئێوه له‌م ماوه‌یه‌ی رابردوودا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌كۆمپانیای وشه‌ن، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكتان له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی له‌حكومه‌تدا لادا، هه‌ست ناكه‌ن ئه‌مه ئیجرائاتێكی ناته‌ندروسته، ئێوه له‌حیزبدا چیده‌كه‌ن بیكه‌ن، به‌ڵام بۆ له‌حكومه‌تدا؟
مه‌لا به‌ختیار: كادیره‌كانی حكومه‌ت كه یه‌كێتی له‌پۆسته‌كان دایناون، كادیری یه‌كێتین بۆ ئه‌و پۆستانه، وه‌ك حاڵه‌تێكی سروشتی مادام یه‌كێتی جارێ نه‌چۆته هه‌ڵبژاردن بۆی هه‌یه بیانگۆڕێت. هه‌روه‌ك چۆن پارتی‌و حیزبه‌كانی تریش بۆیان هه‌یه.
ئاوێنه: باشه ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی گۆڕیوتانن له‌ئاستی وهزیردانین، خه‌ڵكانێكی خواره‌وه‌ن؟
مه‌لا به‌ختیار: هه‌ر پۆستێك گه‌وره‌و بچوك له‌به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌وه، لهپۆلیسێكهوه، تا ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌و، تا گه‌وره‌كان، مادام كاندیدی یه‌كێتین، یه‌كێتی بۆی هه‌یه ئاڵ‌وگۆڕیان پێبكات‌و سزایان بدات‌و متمانه‌یان لێبكێشێتهوه.
ئاوێنه: دوا هه‌واڵی چاره‌نوسی چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی چییه؟
مه‌لا به‌ختیار: ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌ڕێزان(عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، جه‌لال جه‌وهه‌ر) قبوڵكراوه. برایان عوسمانی حاجی مهحمودو مسته‌فای سه‌ید قادر وتویانه له‌سه‌رمان بوه‌ستن وه‌ك مۆڵه‌ت بۆمان حساب بكه‌ن، ئه‌م دوو به‌ڕێزه تائێستا په‌یوه‌ندییه‌كی ئاساییان له‌گه‌ڵ مام جهلالو هه‌ڤالانی مه‌كته‌بی سیاسی‌دا هه‌یه، ئومێده‌وارین ورده ورده رۆژگار یارمه‌تیمان بدات، كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو هه‌ڤاڵه چاره‌سه‌ربكه‌ین.
ئاوێنه: بابگوێزینهوه بۆ رێككه‌وتنی نێوان ئێوه‌و پارتی، ورده‌كاریی ئه‌و رێككه‌وتنه چۆنه؟ ئایا پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت لای كێیه؟ مه‌سعود بارزانی له‌ناكاو له‌په‌رله‌مان وتی من خۆم هه‌ڵده‌بژێرم، ئه‌وه چۆن بوو؟
مه‌لا به‌ختیار: با له‌كاك مه‌سعوده‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و به كتوپڕیش ئه‌وه‌ی وتبێت، خۆ شتێكی دیموكراسی وتووه. نه‌یوتووه با هه‌ردوو حیزبه‌كه بمكه‌نه سه‌رۆك، وتویه‌تی با هه‌موو میلله‌ت حوكمم له‌سه‌ر بدات. له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر موفاجئیش بووبێت، موفاجه‌ئه‌یه‌كی دیموكراسی بووه نه‌ك نادیموكراسی. سه‌باره‌ت به‌ڕێككه‌وتنی نێوانمان، لهدواكۆبوونهوهدا كه له‌بینای حكومه‌ت دانیشتین، به‌یه‌ك لیست داده‌به‌زین، نیوبهنیو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانمان دیاریده‌كه‌ین، له‌سه‌ر پێدانی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌رگیز له‌گه‌ڵ پارتی رێك نه‌كه‌وتوین كه‌ئه‌مجاره بیده‌ینه‌وه به‌پارتی، ئه‌وانیش داوای وایان لێنهكردوین. وتومانه‌و ده‌یڵێینه‌وه ئه‌مجاره‌یان سه‌رۆكی حكومه‌ت مافی خۆمانه، براده‌رانی پارتیش له‌جه‌نابی كاك مه‌سعوده‌وه بۆ ئه‌وانی تریان گوێمان له‌قسه‌كانیان بووه، لارییان له‌و مه‌سه‌له‌یه نییه. له‌ڕاستیدا ئه‌مه پروپاگه‌نده‌یه‌كی زۆر ناڕاسته هه‌م بۆ ئێمه ده‌كرێت، گوایه سازشمان كردووه، هه‌م بۆ پارتیش ده‌كرێت به‌حسابی خۆیان ئێمه‌و پارتی له‌یه‌ك دووربخه‌نه‌وه، زیاتر له‌وه‌ش پڕوپاگه‌نده دهكهنو كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌یه‌كی نهێنی چاپكراوه‌و دانه‌دانه‌ی لێ بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ناوی برایان عه‌دنان موفتی‌و فازڵ میرانییهوهو 13 خاڵه، یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی ئه‌وه‌یه گوایه ئێمه وتومانه له‌خولی ئاینده‌شدا سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ده‌ینه‌وه به‌پارتی.
رێكه‌وتنه‌كه‌مان؛ هه‌ردوولا بههاوسنگو به‌توافق داده‌به‌زین، له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه ئه‌م دوو لایه‌نه به‌بێ ره‌زامه‌ندی یه‌كتر له‌گه‌ڵ هیچ لیستێكیتر له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان ڕێك ناكه‌وین. رێككه‌وتنه‌كه ئاوایه، من راسپێردراوم ره‌شنوسی رێككه‌وتنه‌كه پاكنووس بكه‌م، تائێستا كۆپیه‌كی لای كه‌سیش نییه‌و ئاماده‌م كردووه بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه تا ئه‌و دوو به‌ڕێزه مۆری بكه‌ن، ئینجا بزانه هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌كانی پێشوو چه‌ند ناراستن.
ئاوێنه: بهتهقدیری تۆ لیستی كوردستانیی چه‌ند ده‌هێنن؟
مه‌لا به‌ختیار: پێموابێ لیستی كوردستانیی پارتی‌و یه‌كێتی بایی ئه‌وه‌و تۆزێكیش زیاتر ده‌هێنێت تا حكومه‌ت پێك بهێنین.
ئاوێنه: ئه‌ی چوار حیزبه‌كه‌و لیستی گۆڕان؟
مه‌لا به‌ختیار: له‌دوای ئێمهلیستی چوار حیزبه‌كه ره‌نگه له‌لیسته‌كانی تر زیاتر بهێنن، ئه‌وجا لیستهكانیتر لهڕیزو ململانێدان.
ئاوێنه: پاره‌تان چه‌ند داناوه بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن؟
مه‌لا به‌ختیار: تا ئێستا هیچ.
ئاوێنه: ئه‌ی ئه‌م هه‌موو پاره‌و ئیمتیازاته‌ی ئێستا ده‌یده‌ن؟
مه‌لا به‌ختیار: ئه‌وه پاره‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه.
ئاوێنه: زه‌مان چییه ئه‌و پاره‌یه‌ی دایده‌نێن بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه له‌بودجه حكومه‌ت نه‌بێت؟
مه‌لا به‌ختیار: خۆ وه‌زیره‌كانی لایه‌نه‌كانی تری تێدان، ئه‌گه‌ر كرا با ئه‌وان نه‌هێڵن.
ئاوێنه: بۆ ئه‌وان ده‌زانن مانگانه پارتی‌و یه‌كێتی چه‌ند ده‌به‌ن، تا ئه‌وه بزانن؟
مه‌لا به‌ختیار: هه‌موویان ده‌زانن.
ئاوێنه: باشه ئێمه پێمان خۆشه بزانین كاك به‌ختیار پێمان بڵێ یه‌كێتی چه‌ند وه‌رده‌گرێت له‌حكومه‌ت؟
مه‌لا به‌ختیار: به‌پێی زانیارییه‌ك كه من هه‌مه‌و به‌وپێی ئه‌و ئه‌ركه قورسانه‌ی له‌سه‌ر ئۆرگانه‌كانی یهكێتیو پارتییه وه‌ك دوو هێزی هه‌ڵبژێردراوی كوردستان كه سه‌دان هه‌زار ئهندامو لایه‌نگرو ده‌یان ئۆرگان‌و هێزی پێشمه‌رگه‌و مه‌كته‌به‌كانی ده‌ره‌وه‌و په‌یوه‌ندیه دیپلۆماتیه‌كان، كاره‌كانی حیزب راده‌په‌ڕێنن، هه‌ر یه‌كه‌یان مانگانه له‌سی ملیۆن دۆلار كه‌متر وه‌رناگرن. زانیاریی وردم نییه، به‌ڵام ده‌زانم ئیشه‌كانی هه‌موو ده‌زگاكانی ئه‌م دوو حیزبه چه‌ند پاره‌ی ده‌وێت.
ئاوێنه: ئه‌م ئه‌زمونه‌ی كورد هه‌یه‌تی پێویستی به‌چاكسازی، پێداچوونه‌وه، گۆڕانكاری هه‌یه؟
مه‌لا به‌ختیار: به‌ڵێ پێویستی به‌گۆڕانی ریشه‌یی شێنه‌یی قۆناغ به‌قۆناغ هه‌یه‌و بۆئه‌مه‌ش ده‌كرێت هه‌موو لایه‌ك بگره تاكێكی رۆشنبیریش به‌شداری تێدا بكات.
ئاوێنه: هه‌ستده‌كه‌یت په‌رله‌مانی ئاینده پێویسته بڕیار له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌ی نه‌زاهه بدات؟
مه‌لا به‌ختیار: به‌ڵی پێویسته، له‌هه‌مووشی بپێچێته‌وه هه‌قی خۆیه‌تی.
ئاوێنه: ئایا كاك به‌ختیاریش ئاماده‌یه لهسهروهتو سامانی بپرسرێته‌وه؟
مه‌لابه‌ختیار: به‌ڵی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام لهمنیشو مه‌كته‌بی سیاسیش بپێچێته‌وه، به‌ڵكو لهوهزیرهكانو سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو و ئێستاش، له‌هه‌ر كه‌سێك مه‌به‌ستیانه، بپێچنه‌وه هه‌قی خۆیانه.