کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌كگرتوو هێشتا ئیدانه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی شه‌رناخی نه‌كردووه‌

Saturday, 31/12/2011, 12:00








له‌ په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتودا زۆر به‌ ڕوونی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناكرێت وشه‌ی "هه‌ڵه‌" "...له‌م رۆژگارى تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنە زانستیە سەربازیەدا" بكرێته‌ پاساو بۆ "قه‌سابخانه‌یه‌ك" له‌ ناوچه‌ی شه‌رناخ،ته‌نانه‌ت واوه‌تر ڕۆیشتووه‌ و وا باسی لێوه‌ ده‌كات كه‌ گوایه‌ به‌ مه‌به‌سته‌ ئه‌و كوشتاره‌ ڕوی داوه‌ و "نایانه‌وێ" "چه‌كدار و بێ چه‌ك"له‌یه‌ك جیا بكه‌نه‌وه‌. كه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ زمانیش ده‌كریت تا ڕاده‌یه‌ك به‌ زبر لێكبدرێته‌وه‌،ئه‌ویش بۆ سه‌ركرده‌ی پارتێكی ئیسلامی كه‌ شه‌یدای ئه‌زمونی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بێت! به‌ڵام ئه‌و په‌یامه‌ به‌ جۆرێك لێزانییه‌وه‌ نوسراوه‌ كه‌ نه‌ شیش بسوتێت،وه‌ نه‌ كه‌باب! هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وشه‌ی "عه‌قڵی عه‌سكه‌رتاری"به‌كار هینراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تیشك بخرێته‌ سه‌ر سوپای ئه‌و وڵاته‌ و لۆمه‌ی ئه‌و شاڵاوه‌ سه‌ربازییه‌ بخاته‌ سه‌ر سوپاسالارانی،نه‌ك سه‌ركرده‌ مه‌ده‌نییه‌كانی حكومه‌تی توركیا،هه‌ر له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌دا باس له‌ "دڵی خه‌ڵكه‌ به‌ ویژدانه‌كه‌ی حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌" كراوه‌،وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ كه‌ به‌ پێی پێوه‌ری ئیسلامییانه‌ی یه‌كگرتوو "به‌ ویژدانه‌" و ده‌ستی له‌م كاره‌دا نییه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ بیركراوه‌ له‌و په‌یامه‌دا بریتییه‌ له‌و ڕاستییه‌ی كه‌ حكومه‌تی ئێستای ئه‌ردۆگان جیاواز له‌ ته‌وای حكومه‌ته‌كانی تر سوپای خستۆته‌ ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه‌ و ناهێڵێت سه‌ربه‌خۆ هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی مه‌به‌ست بێت ئه‌نجامی بدات. واته‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نییه‌ كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دوگمه‌ی ئێف شازده‌ و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان داناوه‌ و كه‌ی ویستی په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دائه‌گرێت،كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ شه‌رناخ ڕویدا سه‌لماندی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی "عه‌قڵی عه‌سكه‌ری" هه‌ڵبژارد! هه‌ر بۆیه‌ به‌كارهێنانی زاراوه‌ و ئاماژه‌ی وه‌ك "عه‌قڵی عه‌سكه‌ری" و "ویژدان" ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ یه‌كگرتوو هێشتا ئاماده‌ نییه‌ ئه‌ردۆگان و حكومه‌ته‌كه‌ی بخاته‌ ژێر به‌ر پرسیارێتی "هه‌ڵه‌"یه‌ك" كه‌ به‌ زاری ئه‌مینداره‌كه‌ی "قه‌سابخانه‌یه‌ك" بوو بۆ خۆی! به‌ڵكو به‌ پیچه‌وانه‌و ده‌یخاته‌ ئه‌ستۆی سوپاسالارانی ئه‌و وڵاته‌وه‌.!.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە