کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستانپۆست ورده‌كاری‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان بڵاوده‌كاته‌وه‌

Thursday, 13/08/2009, 12:00


وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان یه‌كێكه‌ له‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ له‌نێو ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و میدیاكاندا زۆرترین مشتومڕی‌ له‌سه‌ره‌. وه‌زیری‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌(ته‌ها به‌رواری‌) چه‌ندینجار له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان‌و كاروباری‌ رۆشنبیریه‌وه‌ داواكراوه‌ بێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان. له‌مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2008دا داواكرا بێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌هۆی‌ پشووی‌ زستانه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌م داواكردنه‌ ئه‌نجام نه‌درا. دواتریش له‌به‌ر نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، چونكه‌ خراپ ده‌شكایه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ ئه‌و وه‌زیره‌ی‌ ده‌ستنیشانكردووه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، ئه‌مجاره‌ش بانگهێشت نه‌كرا. ماوه‌ی‌ حه‌وت مانگ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان‌و كاروباری‌ رۆشنبیری‌ هه‌وڵی‌ داوه‌ ئه‌و وه‌زیره‌ بهێنێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان،به‌ڵام بۆی‌ نه‌كراوه‌، دواجار لیژنه‌ی‌ ناوبرا‌و له‌ڕێكه‌وتی‌ 20/6/2009 نامه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان‌و فراكسیۆنه‌كان‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌كات‌و هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچی‌‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ی‌ له‌و وه‌زاره‌ته‌دا كراوه‌ ده‌خاته‌ روو. ئاوێنه‌ له‌ڕێگای‌ تایبه‌تی‌ خۆیه‌وه‌ كۆپییه‌كی‌ ئه‌و نامه‌یه‌ی‌ ده‌ست كه‌تووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:
به‌ڕێز/ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان
ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان‌و كاروباری‌ رۆشنبیری‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارین به‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان، دوای‌ به‌دواداچوونێكی‌ زۆر به‌ پێویستمانزانی‌ بانگی‌ به‌ڕێز وه‌زیری‌ وه‌رزش‌و لاوان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مان به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌شێوه‌‌و چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاروباری‌ وه‌زاره‌ت ده‌ربخرێ‌. ئێمه‌ تێبینی‌‌و سه‌رنجی‌ زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ هه‌یه‌‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌ی‌ پرسیار یان خستنه‌ڕووی‌ زانیاریی‌ به‌ڕێزتان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌:
به‌ڕێزان
خۆتان ئاگادارن له‌وه‌ته‌ی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ دروستبووه‌ به‌رده‌وام له‌ رۆژنامه‌كان‌و له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كان‌و سایته‌كان، ره‌خنه‌ له‌ وه‌زیر‌و وه‌زاره‌ت ده‌گیرێ‌‌و هه‌ندێ‌ جاریش زانیاریی‌ سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و ره‌خنه‌‌و زانیارییانه‌ی‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ هی‌ ئه‌وه‌ بوونه‌ كه‌ به‌دواداچونیان له‌سه‌ر بكرێ‌‌و هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ به‌پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌كانی‌ به‌رده‌ستی‌ خۆمان‌و كاریگه‌ریی‌ راگه‌یاندنیش له‌پێناوی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشان، هه‌ندێك له‌و تێبینی‌‌و سه‌رپێچییانه‌ی‌ وه‌زاره‌ت ده‌خه‌ینه‌ڕوو. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ حه‌زمان ده‌كرد‌و حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌م وه‌زاره‌ته‌‌و سه‌رتاپای‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ته‌كه‌شمان بێ‌ كه‌موكوڕیی‌‌و سه‌رپێچی‌ بن، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی‌ زه‌ق‌و به‌رچا‌و بۆتان ده‌سه‌لمێنین كه‌ سه‌رپێچی‌‌و كه‌موكوڕیه‌كان له‌وه‌ پترن كه‌ چاویان لێبپۆشرێ‌ یان سه‌رپێی‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. ده‌مانه‌وێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیر‌و به‌رپرسانی‌ تری‌ وه‌زاره‌ت ماوه‌یه‌كه‌ ده‌زانن كه‌ ئێمه‌ چاودێرییان ئه‌كه‌ین‌و ئه‌ركی‌ خۆمان جێبه‌جێده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رپێچییه‌كان‌و كه‌موكوڕییه‌كان نه‌ك نه‌مان، به‌ڵكو به‌داخه‌وه‌ هه‌ر كه‌میشیان نه‌كرد.
به‌ڕێزان: له‌مانگی‌ 12‌ی 2008 داوامانكرد بۆ ده‌رخستنی‌ راستییه‌كان‌و وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانمان وه‌زیر بانگ بكرێ‌، هه‌رچه‌نده‌ 13 رۆژ ماوه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مان مابوو، به‌ڵام تا پشووی‌ زستانه‌ش رۆژه‌كه‌ی‌ دیاری‌ نه‌كراو دواتریش به‌هۆی‌ پشوو، داواكردنه‌كه‌ دواخرا. له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ئێمه‌ چه‌ندین پرسیارمان ئاراسته‌ی‌ وه‌زیركرد‌و وه‌ڵامی‌ هه‌موو پرسیاره‌كان دراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تێبینیمان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ وه‌ڵامه‌كان هه‌یه‌‌و پرسیاری‌ تریشمان هه‌یه‌، بۆیه‌ دواتر تێبینی‌ سه‌ر وه‌ڵامه‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو ئێنجا پرسیاره‌كانی‌ تریشمان ئاراسته‌ی‌ وه‌زیری‌ به‌ڕێز ده‌كه‌ین، ئومێد ده‌كه‌ین وه‌ڵامی‌ راست‌و ره‌وان وه‌ربگرینه‌وه‌.
به‌ڕێزان: بۆ باشتر به‌دواداچوونی‌ كاره‌كانمان‌و به‌رچاوڕوونی‌ پتر له‌ڕێگای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ داوای‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوبراومانكرد‌و ئه‌وانیش رۆژی‌ (2/4/2009) ئاماده‌بوون. كۆبوونه‌وه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان زۆر سوودمه‌ند بوو، چونكه‌ به‌رچاومان رونتربووه‌وه‌.
پێش ئه‌وه‌ی‌ بچینه‌ سه‌ر تێبینییه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تا ئێمه‌ هه‌وڵماندا كه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كی‌ باش له‌نێوان لیژنه‌كه‌مان‌و وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان هه‌بێ‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌چه‌ندین بۆنه‌دا بۆمانده‌ركه‌وت كه‌ وه‌زیری‌ وه‌رزش‌و لاوان وه‌كو پێویست سه‌یری‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌ندامانی‌ ناكا، به‌پێویستی‌ نازانین لێره‌دا به‌درێژیی‌ باسیان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بێ‌ ئه‌وا چه‌ندین نموونه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
تێبینی‌ له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كان
- له‌وه‌ڵامی‌ به‌ڕێز رۆمیۆ هه‌كاری‌ كه‌ ئایا فه‌رهه‌نگه‌خانه‌كان چین‌و ئه‌ركیان چییه‌‌و پێداویستییه‌كانیان چۆن دابینكراوه‌؟
كۆمه‌ڵه‌خاڵێك رێزكراون، به‌ڵام پێش هه‌مووشتێك كردنه‌وه‌ی‌ فه‌رهه‌نگخانه‌كان سه‌رپێچییه‌كی‌ یاساییه‌‌و ده‌زگایه‌كی‌ له‌و جۆره‌ له‌ناو یاسای‌ وه‌زاره‌تدا نه‌هاتووه‌. سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و فه‌رهه‌نگخانانه‌ سه‌ر به‌هیچ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی‌ گشتی‌ نین‌و له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌سێكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێن كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ وه‌زیره‌وه‌ هه‌یه‌‌و ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ ناوی‌ (ئاسۆس كه‌مال)ه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوبراو نیه‌‌و خۆی‌ نیشته‌جێی‌ ئه‌وروپایه‌!
ئینجا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ باس له‌ مانای‌ فه‌رهه‌نگ به‌واتای‌ رۆشنبیریی‌ بكه‌ین، بێگومان هه‌موومان ده‌زانین كه‌ وه‌زاره‌تێكی‌ تایبه‌ت به‌ناوی‌ رۆشنبیرییه‌وه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ پرسیار ده‌كه‌ین ئه‌و كاره‌ نایاساییه‌ بۆچی‌‌و تێكه‌ڵ‌و پێكه‌ڵكردنی‌ كاروباری‌ وه‌زاره‌ته‌كان بۆچی‌؟ ئایا پێداویستییه‌كانی‌ ئه‌و فه‌رهه‌نگخانانه‌ چۆن‌و له‌لایه‌ن كێ‌ كڕدراون‌و دابینكراون؟
له‌وه‌ڵامی‌ به‌ڕێز ئیحسان ئامێدی‌ كه‌ ئایا كه‌مپی‌ هاوینه‌ی‌ 2007 كێ‌ به‌رپرسیاری‌ بوو، چه‌ند پاره‌ی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌‌و به‌ئیمزای‌ كێ‌ پاره‌كه‌ سه‌رف كراوه‌؟
ده‌ڵێ‌: له‌ (15/7/2007) تاكو (15/8/2007) له‌ دیره‌لوك - ئامێدی‌ پیاده‌كرا (300.000) سێ‌سه‌د هه‌زار دۆلار بودجه‌كه‌ی‌ بوو. به‌رپرسیاری‌ پڕۆژه‌كه‌ ئاسۆس كه‌مال- به‌رپرسی‌ فێركاریی‌ وه‌زاره‌ت- بوو.
به‌ڕێزان: بابیر له‌ 300.000 سێ‌سه‌د هه‌زار دۆلار بكه‌ینه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگ بۆ ژماره‌یه‌ك گه‌نج سه‌رف ده‌كرێ‌ ئایا به‌رهه‌م‌و ئه‌نجامی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ چی‌ بوو؟
ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كارگێڕیی‌‌و دارایی‌‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌‌و سه‌رپه‌رشتیاری‌ وه‌رزش‌و لاوانی‌ دهۆك ئاگادار نین‌و به‌پێی‌ قسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانیش كه‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ كاره‌كه‌ی‌ خۆیانن، خڕبوونه‌وه‌كه‌ به‌پێوه‌ری‌ كه‌مپ نه‌بووه‌. ئێمه‌ ده‌پرسین ئایا به‌ڕاستی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌هێنا ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی‌ لێ‌ خه‌رج بكرێ‌؟! ئایا كێ‌ پێداویستییه‌كانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ی‌ كڕی‌؟ ئایا دواتر كه‌لوپه‌له‌كانی‌ چیان لێهات؟ ئایا له‌ گه‌نجینه‌ی‌ وه‌زاره‌ت تۆماركران؟ ئایا بۆچی‌ ئه‌و كاره‌ بێ‌ ئاگاداری‌ ب.گشتی‌ كارگێڕیی‌‌و دارایی‌‌و بێ‌ ئاگاداری‌ ب.گشتی‌ وه‌رزش‌و لاوانی‌ دهۆك كرا؟
حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ دوای‌ چوونی‌ ئه‌و پرسیاره‌ كه‌، وه‌زاره‌ت هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌یدا حساباتی‌ كه‌مپه‌كه‌ یه‌كلاییبكاته‌وه‌‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌ڕۆژانی‌ پشووش هه‌ندێ‌ له‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌ ده‌وامیان پێ‌كراوه‌‌و دیزه‌ به‌ ده‌رخوونه‌ی‌ حسابه‌كان كراوه‌؟
- له‌وه‌ڵامی‌ به‌ڕێز تاڤگه‌ محه‌مه‌د عه‌لی‌ كه‌ ئایا نه‌خشه‌ رێی وه‌رزش كه‌ به‌ كوڕاستێك گه‌یشتۆته‌ ده‌ستمان هه‌مووی‌ په‌سه‌ندكراوی‌ كۆنفرانسی‌ وه‌رزش‌و لاوانه‌‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ده‌ربڕیبوو؟ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ش به‌درێژی‌ دراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و كۆنفرانسه‌ی‌ له‌ڕۆژانی‌ 15- 16/5/2008 به‌ستراوه‌ بڕیار له‌سه‌ر نه‌خشه‌ رێیه‌ك دراوه‌‌و نه‌خشه‌ رێیه‌كی‌ تر بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ره‌وانه‌كراوه‌. واته‌ ده‌ستكاری‌ ناوه‌ڕۆكی‌ راسپارده‌كانی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ كراوه‌‌و نه‌خشه‌كه‌ له‌ڕێ‌ لادراوه‌‌و به‌مه‌به‌ستێكی‌ تایبه‌ت ئه‌و كاره‌ ناڕه‌وایه‌ كراوه‌، ئایا ره‌وایه‌ وه‌زیر ده‌سخه‌ڕۆی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بكا؟
- له‌وه‌ڵامی‌ به‌ڕێز ئه‌رسه‌لان غه‌فور كه‌ ئایا نوسراوی‌ ژماره‌ 190 رۆژی‌ 14/8/2008 بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران چیه‌‌و به‌چ مه‌به‌ستێك كراوه‌؟
ده‌ڵێ‌: .. بۆ رونكردنه‌وه‌ی‌ راستییه‌‌و... به‌ڵام راستییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌نوسراوی‌ ژماره‌ 190ی‌ رۆژی‌ 14/8/2008 سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران چه‌واشه‌كراوه‌ به‌وه‌ی‌ ده‌ڵێ‌ پشتڕاست به‌نوسراوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ژماره‌ 4/3/393ی‌ رۆژی‌ 18/3/2008. واته‌ وه‌زیر ده‌یه‌وێ‌ به‌ناوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ویستێكی‌ خۆی‌ جێبه‌جێ‌ بكا! واته‌ دیسان به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌یر راستییه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت چه‌واشه‌كراون!
- له‌وه‌ڵامی‌ به‌ڕێز خه‌مان زرار كه‌ ئایا ئاسۆس كه‌مال وه‌زیفه‌ی‌ چیه‌‌و موچه‌ی‌‌و ده‌رماڵه‌كه‌ی‌ چه‌نده‌؟
ده‌ڵێ‌ به‌پێی‌ یاسای‌ وه‌زاره‌ت مادده‌ 6 ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته‌ وه‌زیر پسپۆڕی‌ تایبه‌ت دابمه‌زرێنێ‌.
- ئایا ئاسۆس كه‌مال له‌ چ بوارێك پسپۆڕه‌‌و، چ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ پسپۆڕی‌ هه‌یه‌؟
- ئایا ئه‌و له‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ پسپۆڕتره‌ كه‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆراو ماسته‌ریان له‌ بواری‌ كاره‌كه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌؟!
- ئایا بۆچی‌ ناوی‌ له‌ لیستی‌ مووچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ وه‌زاره‌ت نییه‌؟ ئێمه‌ لیستی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌مان لایه‌ به‌ گرێبه‌ستی‌ هه‌میشه‌ییه‌وه‌، به‌ڵام ناوی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ تیا نیه‌.
- ئایا بۆچی‌ ئه‌و هه‌موو ئه‌رك‌و كاره‌ به‌و سپێردراوه‌؟
- ئایا بۆچی‌ وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌ كه‌ مووچه‌‌و ده‌رماڵه‌كه‌ی‌ چه‌ندن؟
- ئایا چۆن ده‌كرێ‌ كه‌سێك به‌ڕێوه‌به‌ربێ‌‌و فه‌رمانبه‌ریش نه‌بێ‌؟
- ئایا وه‌زیر ده‌ستی‌ كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئاره‌زووی‌ خۆی‌ مووچه‌و پاره‌ی‌ گرێبه‌ست ببه‌خشێ‌؟
به‌پێی‌ زانیایری‌ ناوخۆی‌ وه‌زاره‌ت مووچه‌ی‌ ئاسۆس كه‌مال (4600) چوار هه‌زار‌و شه‌ش سه‌د دۆلاره‌، ئایا به‌ڕێوه‌به‌رێك له‌خوار به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئه‌وه‌ مووچه‌كه‌یه‌تی‌؟ ئایا ئه‌وه‌ ره‌وایه‌؟
ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ سه‌رسوڕمانه‌ هێشتا وه‌زیر ره‌خنه‌‌و گله‌یی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت هه‌یه‌!.
به‌ڕێزان: دوابه‌دوای‌ كۆبوونه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان ئێمه‌ دڵنیابووینه‌وه‌ له‌وه‌ی‌:
وه‌زیر كاره‌كانی‌ زۆر به‌تاكڕه‌وی‌‌و به‌ته‌مومژاویی‌ ده‌كا. بۆ نموونه‌ زۆر له‌و نوسراوانه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ دیوان‌و به‌ئاگاداری‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان بكرێ‌، به‌ڵام ئه‌و ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی‌ نووسینگه‌ی‌ تایبه‌تییه‌وه‌ نوسراوه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌كا!
ئه‌م راستییه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان سه‌لمێنرا دیاره‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ مافی‌ ئه‌وان پێشێلده‌كرێ‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌وان ئاگاداری‌ هه‌موو كاروباری‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان نین. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وان نه‌ك هه‌ر ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیین بگره‌ شاره‌زا‌و پسپۆڕی‌ بواره‌كانی‌ خۆشیانن‌و بڕوانامه‌ی‌ به‌رزیان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی‌ سه‌یره‌ به‌زۆریی‌ به‌بێ‌ ئاگاداری‌ ئه‌وان ده‌رخسته‌ی‌ پڕۆژه‌كان ده‌كرێ‌‌و بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت به‌رز ده‌كرێته‌وه‌؟! ئێمه‌ لێره‌دا ده‌پرسین ئایا كێ‌ پسپۆڕه‌، خاوه‌ن بڕوانامه‌كانی‌ دكتۆرا‌و ماسته‌ر له‌بواره‌كانی‌ وه‌رزش‌و كارگێڕی‌‌و رێكخستنی‌ كارگێڕی‌ وه‌رزش یان ئاسۆس كه‌مال‌و ئاراس وه‌لی‌؟!
به‌ڕاستی‌ ئه‌و بێ‌ سه‌روبه‌رییه‌ ئه‌و ته‌مومژاویه‌ له‌كاركردن سه‌رنجمان بۆ دوو لا راده‌كێشێ‌:
یه‌كه‌م - بێ‌ توانایی‌ له‌به‌ڕێوه‌بردن‌و دووه‌م- به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌ت. دیاره‌ ئه‌م دووانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ یان هه‌ر یه‌كێكیشیان به‌ته‌نیا ده‌ردێكی‌ گرانه‌‌و پێویستیان به‌چاره‌سه‌ركردن هه‌یه‌. ئایا خه‌رجكردنی‌ ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ چی‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌؟ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نیا گومان بكه‌ین ئایا وه‌زیر بۆچی‌ ئه‌و هه‌موو گومانه‌ له‌خۆڕایی‌ ده‌خاته‌ سه‌رخۆی‌؟ بێ‌سه‌ر‌وبه‌ری‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی‌ نووسینگه‌ی‌ وه‌زیر رێنمایی‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان ده‌ربكا! ئایا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌نگی‌ لێوه‌هات وه‌زیر سزای‌ كارگێڕیی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ داوه‌؟ به‌پێی‌ زانیاریی‌ ئێمه‌، نه‌خێر.. كه‌واته‌ كه‌موكوڕییه‌كه‌ له‌ كێیه‌؟
ئایا دوای‌ ئه‌وه‌ كاروباره‌ زۆر تایبه‌ته‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ ستێندرانه‌وه‌؟
بێگومان، نا... چونكه‌ هه‌ر دوای‌ ئه‌وه‌ وه‌زیر له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌وه‌وه‌ داوای‌ دوو ملیار دیناری‌ بۆ مه‌شقی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت كردووه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كارگێڕی‌‌و دارایی‌ ئاگاداربێ‌‌و دواتر به‌ڕێكه‌وت وه‌ڵامی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت ده‌گاته‌ به‌رده‌ستی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كارگێڕی‌ دارایی‌، ئینجا ئه‌و، واته‌ ب.گشتی‌ ده‌زانێ‌ به‌بێ‌ ئه‌و ئه‌وكاره‌ كراوه‌!.. سه‌یركه‌ن پاره‌ بۆ مه‌شقی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌!!.
به‌ڕێزان: هه‌روه‌كو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان بۆمان ده‌ركه‌وت خودی‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نووسینگه‌ش كێشه‌یه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نووسینگه‌یه‌‌و له‌لایه‌كی‌ تر به‌پله‌ی‌ وه‌زیفی‌ شاره‌زایه‌، ئایا چۆن شاره‌زایه‌كه‌؟ بێجگه‌ له‌وه‌ش هێشتا ئه‌مری‌ بۆ ده‌رنه‌چووه‌ كه‌چی‌ مانگانه‌ یه‌ك ملیۆن دیناری‌ وه‌رگرتووه‌‌و هێشتا كۆلێجی‌ ته‌واو نه‌كردبوو نوسراوی‌ بۆ كرابوو بكرێ‌ به‌ شاره‌زا؟ ئایا وه‌زیر ده‌توانی‌ وه‌ڵاممان بداته‌وه‌ بۆچی‌ وایكردووه‌ ئه‌و دوازده‌ ملیۆن دیناری‌ له‌سه‌ر یه‌ك پێدراوه‌ له‌پای چی‌ بووه‌؟
دیاره‌ ئه‌و نموونه‌یه‌ له‌ناو وه‌زاره‌ت‌و كه‌سێكی‌ تر به‌ناوی‌ فه‌یزی‌ كه‌ موباشه‌ره‌ی‌ نه‌كردووه‌‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كارگێڕی‌‌و دارایی‌ رازی‌ نه‌بووه‌ مووچه‌كه‌ی‌ ببه‌سترێ‌، چونكه‌ كارێكی‌ یاسایی‌ نه‌بووه‌ ئینجا دواتر 28 ملیۆن دیناری‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بۆ خه‌رج ده‌كرێ‌، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سه‌ له‌ هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه‌‌و هیچ ئه‌رك‌و فه‌رمانێكی‌ له‌ناو وه‌زاره‌ت نییه‌!. ئینجا وه‌زیر گله‌یی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت ده‌كا كه‌ رێگه‌ی‌ پێنه‌داوه‌ میلاكاته‌كانی‌ دابمه‌زرێنێ‌..؟!
-به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان په‌راوێزخراون‌و ده‌رگای‌ گه‌نجینه‌‌و ده‌سه‌ڵاتداریشی‌ بۆ هه‌ندێ‌ كه‌س خستۆته‌ سه‌رپشت!.
-هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ‌ له‌ناوه‌نده‌كانی‌ سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ داهاتیان هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌س نازانێ‌ چی‌ له‌و داهاته‌ ده‌كرێ‌؟
- وه‌زیر سه‌فه‌ری‌ زۆر زۆر بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌كا.
- ئایا ده‌توانێ‌ پێمان بڵی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ند سه‌فه‌ری‌ كردووه‌‌و چه‌ند له‌ده‌ره‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌‌و چه‌ند پاره‌ی‌ خه‌رجكردووه‌؟ ته‌نانه‌ت له‌یه‌ك سه‌فه‌ریدا دوومانگ پتر ماوه‌ته‌وه‌؟
- ئایا ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی‌ ئه‌و كار ناكاته‌ سه‌ر ئه‌داو بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌ت؟
- وه‌زیر تا ئێستاش خۆی‌ به‌نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌زانێ‌ له‌ وڵاتانی‌ ئه‌سكه‌نده‌ناڤیا؟
ئایا ده‌كرێ‌ كه‌سێك وه‌زیر بێ‌‌و نوێنه‌ری‌ حكومه‌ته‌كه‌ش بێ‌ له‌ ئه‌وروپا؟ له‌ كاتێكدا ته‌نیا سێ‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ره‌سمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان هه‌یه‌.
وه‌زاره‌ت ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ پایسكلی‌ كڕیووه‌، یان په‌یدایكردووه‌. ئایا ئه‌و هه‌موو پایسكله‌ له‌ كوێ‌ كڕدراون؟ ئه‌گه‌ر كڕدراون!.. لیژنه‌ی‌ كڕین كێ‌ بووه‌؟ چه‌ند پاره‌یان پێدراوه‌؟ ئایا چۆن دابه‌شكراون؟ دراون به‌ كێ‌؟ ئه‌وه‌ی‌ ماون له‌كوێن؟ كاتێك ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌مان پرسیاركرد بێ‌ ئاگایی‌ خۆیان نیشاندا‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان گوت كه‌ ده‌زانن ژماره‌یه‌ك پایسكل هه‌بووه‌‌و هه‌یه‌.
- گوایه‌ دوو ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت بۆ كاروباری‌ لاوان ته‌رخان كراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان ئه‌و هه‌واڵه‌یان زانیوه‌، به‌ڵام نازانن چۆنه‌‌و چی‌ پێكراوه‌. ئه‌گه‌ر وه‌رنه‌گیراوه‌ با بزانرێ‌‌و ئه‌گه‌ر وه‌ریشگیراوه‌ چی‌ لێكراوه‌؟
- به‌پێی‌ زانیاریی‌ ئێمه‌ زۆربه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌كانی‌ وه‌زاره‌ت به‌بێ‌ لیژنه‌كه‌ ده‌كڕدرێن، به‌تایبه‌تی‌ له‌لایه‌ن ئاسۆس كه‌مال، ئایا ئه‌وه‌ ره‌وایه‌؟
- ئاسۆس كه‌مال به‌بێ‌ موافه‌قه‌ت سه‌یاره‌یه‌كی‌ به‌پاره‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كڕیووه‌، به‌ڵام دواتر پێی‌ فرۆشراوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ پرسیار ده‌كه‌ین ئایا له‌ فرۆشتنه‌وه‌ی‌ سه‌یاره‌كه‌ وه‌زاره‌ت قازانجی‌ كرد یان زیان؟ ئایا له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ نایاساییه‌ ئاسۆس سزادرا؟
- به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ فه‌رهه‌نگخانه‌كان یاسایی‌ بن، یاخود ده‌زگایه‌كی‌ حكومی‌ بن، به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌ به‌پێی‌ زانیاری‌ ئێمه‌ پاره‌یه‌كی‌ خه‌یاڵییان به‌ كه‌لوپه‌ڵ داوه‌، ئایا ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ له‌لایه‌ن كێوه‌ كڕدراون؟ چونكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان ئاگادارنین.
- ئاسۆس كه‌مال‌و ئاراس وه‌لی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ فه‌رهه‌نگخانه‌كان ده‌كه‌ن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان بن‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان ئاگاداری‌ كاره‌كانیان نین.
- ده‌رخسته‌ی‌ فه‌رهه‌نگخانه‌كان له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی‌ وه‌زیر‌و ئاسۆس كه‌مال بۆ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان نێردراوه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ كارگێڕی‌‌و دارایی‌ ئاگاداربێ‌.
- هه‌ندێك ده‌رخسته‌ی‌ تر كه‌ بۆ پڕۆژه‌كان كراون نه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ دیوان‌و (كارگێڕی‌‌و دارایی‌)‌و نه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی‌ تر ئاگادارنه‌بوون، ته‌نانه‌ت به‌پێی‌ قسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ دیوان‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی‌ تر به‌ڕێكه‌وت له‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان پێیان زانیووه‌!
- چه‌ند سه‌یاره‌یه‌ك هه‌یه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ ژماره‌كه‌یان كاتییه‌‌و به‌ناوی‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ ناكرێن، به‌پێی‌ قسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان جه‌نابی‌ وه‌زیر ده‌ڵێ‌: ئه‌و سه‌یارانه‌ هی‌ خۆمن. پرسیار ده‌كه‌ین ئایا بۆچی‌ جه‌نابی‌ وه‌زیر سه‌یاره‌كانی‌ خۆی‌ ده‌خاته‌ خزمه‌تی‌ وه‌زاره‌ت؟
- ئاسۆس كه‌مال‌و ئاراس وه‌لی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ وه‌زاره‌ت نین، به‌ڵام یه‌ك‌و سه‌یاره‌یان وه‌رگرتووه‌. ئایا ئه‌وه‌ ره‌وایه‌؟
- ئایا به‌ چ پێوه‌رێك شوقه‌ بۆ ئاسۆس كه‌مال وه‌رگیراوه‌؟!
- ره‌زامه‌ندیی‌ ئیفاده‌كردنی‌ 53 كه‌س بۆ سوید له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت‌و له‌سه‌ر داوای‌ وه‌زیر بۆ به‌شداریكردن له‌ ڤیفا وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام دواتر ته‌نیا بیست‌و پێنج كه‌س ره‌وانه‌ كراون؟ ئێمه‌ ده‌پرسین ئایا وه‌زاره‌ت ته‌نیا پاره‌ی‌ ئه‌و 25 كه‌سه‌ی‌ خه‌رجكرد؟ كاتێك ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانمان پرسیار كرد ئه‌و راستییه‌یان سه‌لماند، به‌ڵام گوتیان له‌جیاتی‌ ئه‌و 28 كه‌سه‌ خه‌ڵكی‌ تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌شداریكردووه‌. ئێمه‌ ده‌پرسین ئه‌وانه‌ كێ بوون له‌ده‌ره‌وه‌ به‌شداریان پێكرا؟ ئایا وه‌زیر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ هه‌یه‌ له‌خۆیه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی‌ بڕیارێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت بگۆڕێ‌؟
- بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی‌ ویلز- به‌ریتانیا هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت موافه‌قه‌ی‌ نه‌كردووه‌، به‌پێی‌ قسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان، به‌ڵام وه‌زاره‌ت هه‌ر به‌شداری‌ كردووه‌. ئێمه‌ لێره‌دا ده‌پرسین ئایا چۆن ئه‌و كاره‌كرا‌و چه‌ند پاره‌ خه‌رجكرا؟ ئایا له‌شاری‌ كاردیف له‌ ئوتێلیكی‌ چه‌ند ئه‌ستێره‌ چه‌ند ژووریان به‌كرێ‌ گرت؟ چۆن ده‌كرێ‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی‌ ده‌رنه‌بڕێ‌‌و وه‌زاره‌ت ئه‌و كاره‌ بكات؟!
- ئایا كه‌ وه‌زیر شوقه‌یه‌كی‌ بۆخۆی‌ وه‌رگرتووه‌، شوقه‌ی‌ تر به‌ ناوی‌ میوان بۆ چیه‌؟ ئایا هه‌موو وه‌زیره‌كان شوقه‌ی‌ میوانیان هه‌یه‌؟
- ئایا چه‌ند پاره‌ بۆ كڕینی‌ ناوماڵ سه‌رفكراوه‌؟
- ئایا چه‌ند جار‌و له‌چه‌ند لاوه‌‌و چه‌ند كه‌لوپه‌ل له‌ كۆرییه‌كان وه‌رگیراوه‌؟ ئایا هه‌مووی‌ له‌گه‌نجینه‌ تۆمار كراوه‌؟ به‌پێی‌ زانیاریی‌ ئێمه‌ هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كان تۆمار نه‌كراون؟
- له‌ رزگاری‌ له‌ ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت كه‌لوپه‌لی‌ وه‌رزشی‌ دروست ده‌كرێ‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان نازانن چی‌ له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌كرێ‌‌و له‌ گه‌نجینه‌ تۆمار ناكرێ‌‌و داهاته‌كه‌ی‌ دیار نییه‌!
- زۆر له‌ چالاكییه‌كانی‌ وه‌زاره‌ت له‌ شه‌قڵاوه‌ له‌هوتێڵ خانزاد ده‌كرێ‌ ئایا جه‌نابی‌ وه‌زیر ده‌توانێ‌ ئینكاری‌ له‌وه‌ بكا كه‌ هوتێله‌كه‌ هی‌ براكانی‌ خۆیه‌تی‌‌و بردنی‌ چالاكییه‌كانیش بۆ هوتێلی‌ براكانی‌ ناچێته‌ خانه‌ی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌؟
- له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا وه‌زیر چه‌ندین كه‌سی‌ له‌ دانیمارك، سوید، نه‌رویج خه‌ڵات كردووه‌، ئایا خه‌ڵاتكردنی‌ دۆستانی‌ كورد ئه‌ركی‌ وه‌زیره‌‌و ده‌كرێ‌ پێمان بڵێ‌ ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ سوودیان چییه‌‌و چه‌ند پاره‌یان تێچووه‌؟
- ئایا ده‌كرێ‌ وه‌زیر پێمان بڵێ‌ بۆچی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی‌ وه‌زاره‌ت كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ وه‌زیفه‌كه‌یان هه‌موویان پسپۆڕ‌و كه‌سانی‌ به‌ئه‌زموونی‌ بواره‌كه‌ی‌ خۆیانن، له‌به‌رامبه‌ردا كاروباره‌كانی‌ وه‌زاره‌ت به‌هه‌ندێ‌ كه‌س هه‌ڵده‌سوڕێنێ‌ كه‌ نه‌پسپۆڕ‌و نه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ حكومه‌تن؟
- ئایا وه‌زیر وه‌ڵامان ده‌داته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ وه‌زاره‌ت چییه‌ به‌ ژینگه‌پارێزی‌‌و ژن پارێزی‌‌و ساخڵه‌می‌‌و گه‌نده‌ڵی‌‌و فیركاریی‌‌و ئالووده‌بوون‌و دیسپلین‌و میدیاو سیمینار ده‌رباره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ عێراق‌و شۆڕش‌و پێشانگای‌ شێوه‌كاری‌‌و مه‌شقی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵاتكردنی‌ رۆژنامه‌نووس‌و بێژه‌ر‌و لاوی‌ ساڵ له‌كاتێكدا له‌ناو خودی‌ وه‌زاره‌ت كه‌مترین گرنگی‌ به‌لاوان دراوه‌؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە