کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جیهانە بچوكەكەی كورد لە نێو جیهاندا

Tuesday, 27/04/2010, 12:00



(قورئان سوتاندن و فەتوای كوشتن بۆ بوون بە ئەندام لە نێو گەلاندا)
كورد دەڵێت: شەڕ لە بێكاری باشترە. ڕاستیەكەی بەڵێ، بێكاری دایكی زۆربەی گیروگرفت و ئافەتەكانە. لە نێو خێرا ڕۆیشتن و پێشكەوتنی زەبەلاحی میللەتانی دونیا، كورد خەریكی دەمە قڕه‌ و شەڕە قوڕە لەنێو ماڵی خۆی و لەهەندەران، لەپێش چاوی میللەتانی دونیا. گەوجیەتی گەیشتووەتە ڕادەیەك، هەندێك که‌س بێڕێزی لەگەڵ پیرۆزیەكانی خەڵك بكەن. لە كاردانەوەی ئەمەدا، كەسایەتیەكی ئیسلامی ناسراو (دەستبەسەر لە وڵاتێكی ئوروپی)، بەپەلە فەتوای كوشتنی ئەو كەسەی داوە، كە قورئانی سوتاندووە. دیارە فەتواكەی لە كەش و هەوایەكی حەماسیدا داوە، بۆیە واپێدەچێت، بەهۆی لێپرسینەوەی یاسایی لە ئوروپا، تووشی نەختێك دڵەڕاوكێ بووبێت. بۆ ڕەوینەوەی ئەم گرفتەش هەڵساوە نامەی ناردووە بۆ چەندین وڵاتی بەناو ئیسلامی و زانایانی ئیسلام، بەڵكو فەتوایەك بدەن و لێپرسراویەتییەكە، لەسەر شانی ئەو كەم ببێتەوە، لەلایەكی تریشەوە، لەوانەیە هەل و فرسەتێك بێت بۆ، خۆ نیشاندان وەك داكۆكیكەری سەرەكی لە ئیسلام لە كوردستاندا!
زۆربەی میللەتی كورد مسوڵمانە. ئینجا مسوڵمانیەتی هەر یەكێك جیاوازە لە پلە و پایە لەویتر. هەیە پابەندە بە ئیسلام، هەشە وەك كەلتور مسوڵمانە، بێ ئەوەی فەڕزەكانی ئیسلام جێبەجێ بكا. كوردیش هەیە بە ئاشكرا بێ باوەڕی خۆی ڕادەگەیەنێ و گرفتێك نییە، چونكە ئیسلام بەزۆر نا سەپێ بەسەر خەڵك. میللەتە مسوڵمانەكانی تریش لە دونیا هەر وەك كوردن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، كورد بەهۆی ئەوەی چەند میللەتێكی مسوڵمان دوژمنیەتی، وەك عەرەب، تورك و فارس، ئیتر ئەمانە هەمیشە هەوڵدەدەن بەهەموو شێوەیەك لە كورد بدەن و ئیسلام بۆ ئەم مەبەستە بەكار دێنن. هەر كەسێك زەڕرەیەك عەقڵی هەبێت، دەزانێت هەڵەی نەفەرێك یان چەند كەسێك ماڵ نییە بەسەر گەلێكەوە. بەداخەوە، ئەو كەسە ئیسلامیە و شوێنكەوتوانی، هەڵساون بە بڵاو كردنەوەی ئەم هەواڵە و، دواتریش بۆ میللەت و لایەنە ئیسلامیەكانی دونیا ناردوویانە!
ئەو كەسەی ئەم كارەی كردووە، وێنەی بۆ زۆربه‌ی ماڵپه‌ڕه‌کان ناردووه‌، که‌سیان نه‌یان ویستووه‌ بڵاوی بکه‌نه‌وه‌، تاوه‌کو لەولاوە، پێگەیەكی "ئیسلامی!" هەڵساوە ڕەواجی بەم هەواڵە داوە و دواتریش كردوویانە بە هەڵلا!
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەڵویستی عەرەب و تورك و ئەوانی دیكەیە لە كورد، لەئاستی ئیسلامدا. كاتێك كوردێك كوفرێك دەكات، یان كارێكی قێزەون ئەنجام دەدات، عەرەب و تورك، كە بەشێوازێكی گشتی دوورن لە پابەندبوون بە ئیسلامەوە (بەڵگەش وتار خوێن و زانایانی مسوڵمانانن كە هەمیشە گلەیی لە خەڵك دەكەن بەوەی كە لە دینی خوا دوورن)، هەڵوێست لە تەواوی گەلی كورد وەردەگرن و تۆمەتی كوفری دەدەنە پاڵ، وەك ئەوەی ئەوان پەرۆش بن و تا گوێچكەكانیان غەرقی ئیسلام بووبن! لەبەر ئەوە نازانم حیكمەتی بەلیغی ئەو گروپە ئیسلامیە كوردەی ئوروپا چیە، كە دەیەوێت "برایانی ئیسلامی" عەرەب و تورك ئاگادار بكەنەوە لەپەرچەكردارێكی كرێت و ناڕەوا، كە كوردێكی نەناسراو و بێ ئاست كردوویەتی؟! ئایا "برایانی مسوڵمانی" عەرەب و تورك و فارس زۆر لە خەمی ئیسلام دان لە كوردستان، بۆیە لەئاست سوتاندن و وێرانكردنی مزگەوت و قورئانەكان كپ بوون و بێ دەنگیان هەڵبژارد؟!
لەلایەكی ترەوە، كورد بە ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی، كە لە ئوروپا دەژین، ئایا لەنێو جەرگەی شارستانیەتدا شتێك نیە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن، بۆ سودی خۆیان و سودی میللەتی كورد، گەر ڕاست دەكەن دڵسۆزن، جگە لە كاردانەوەو ئەم كارە قێزەونانە نەبێت كە چەندین ساڵە كوردی ڕیسوا كردووە لە ڕۆژئاوا؟!
باشە نەدەكرا، لێكۆڵینەوەیەكی بە پێز ئەنجام بدرێت لەسەر پرسی ئەنفال، بۆ سودی ئێستاو داهاتووی كورد، لەجیاتی قورئان سوتاندن؟! ئەی لەولاشەوە، نەدەكرا كارێكی نزمی ئا لەم جۆرە فەرامۆش بكرێت لەلایەن ئیسلامیەكانەوە بەپێ ی ئەو ئایەتەی كە دەفەرمووێت (واژا مروا باللغو مروا كراما)؟!
چەندین ساڵە، كۆمیونیتی كورد لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە وڵاتانی ئوروپا، ناو و دەنگی كوردیان زڕاندوە، بە هۆی كاری نا پەسەندی وەك دزیی، تەزویر، كاری ڕەش و تەڵاقی درۆ، نەخوێندن بە جوملە، ژن كوشتن بەناوی شەرەفەوە و تاوانی یاسایی زۆر: كە ساڵی پار لە وڵاتێكی وەك بەریتانیا كورد پشكی شێری بەركەوت لەتاوان لەنێو گشت میللەته‌ كۆچبەره‌کاندا!
میللەتانی پێشكەوتووی دونیا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، خەریكی داهێنان و دەستكەوت و پێشبڕكێن بۆ بەدەستهێنانی ڕیزەكانی پێشەوە لەهونەری داهێنان. كەچی كوردیش تا ئێستا، نە داهێنان، نە بەرهەمهێنان، نە پێشكەشكردنی نووسەرێكی مەزن بە دونیا، یان پسپۆڕێك، یان كارێكی جیهانی وامان لێبكات شانازیی بە كوردبوونمانەوە بكەین! هەیە و نییە هەواڵە حەیا بەرەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانی بەناو حكومەتی هەرێم و، گەندەڵیی و تاوان ئینجا ڕەوشی لاری هەندەرانی كوردیش بەسەر هەموویەوە!
بەڵام تەنانەت بە بەراورد بەمیللەتێكی دواكەوتووی وەك ئەرمەنیش، كورد حاڵی شڕە. ئەرمەنەكان وا بێ پسانەوە خەریكن قەسابخانەكانی جەنگی یەكەمی جیهان، دۆكیومێنت دەكەن و بەیاسایی لە زۆربەی وڵاتانی دونیا، بەڕەسمی وەك جێنۆساید دەیناسێنن. كوردیش ڕۆژ بەڕۆژ، ئەو جۆرە شتانە پێشكەش بەدونیا دەكات لەچەشنی: دزینی سامانی نەوت بە قاچاغی و گەندەڵیی ستەم لەئاستی دەسەڵاتدا. لەئاستی خەڵكیش، وێڕای بێكاریی و بێسەلیقەیی، ئەم جۆرە كردارانە پێشكەش دەكرێن: قورئان سوتاندن، فەتوای كوشتن، تەزویر و دزی و ئەتككردن, ژن كوشتن بەناوی شەرەف و...هتد!
یەكێك لە جوانترین شوێنەكانی دونیا كوردستانە. پڕ خێر و بەرەكەتە. كورد بە بەردەوام گلەیی دەكەن: خوایە بۆ ئاوامان بەسەر دێت؟ چۆنیەتی ژیانی خەڵك دروستكراوی خەڵكه‌که‌ خۆیەتی!
27/4/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە