کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


روانگەیەکی فەلسەفی سەرەتایی بۆ رووداوەکەی دووز و ئۆپەراسیۆنی دیجلە

Sunday, 25/11/2012, 12:00









دەتوانین بلێین هەموو کۆمەڵگایەکی مودێرن پێنج بنەمای سەرەکیی هەن:

١- فەلسەفە ٢- زانست ٣- دیمۆکراسی-٤ یاسا و ٥- ئەخلاق

کۆمەلگای حیزبیی کوردیی ٢٠ ساڵە لەم بنەمایانە بیبەرییکراوەو لە بری ئەوە رەوشێکی تری ناساز کە ناوی دەنێـم: [فشۆلۆجی] بۆتە میتۆدی ئاخاوتن و ژیان و ئیدارەو سیاسەتکردن و میدیا لە هەرێمی دەسەلاتی حیزبیی کوردییدا.

لە خوارەوە تەنیا لە روانگەی بنەما سەرەتاییەکانی فەلسەفەوە سەرنجێکی خێرای ئەم کێشەیەی ئێستا دەدەم.

فەلسەفە بنەمایەکی سەرەتایی سەرەکی گرنگی کۆمەڵگای نوێیە، بەتایبەتی لە شێوە هەرە باوەکەیدا کە لۆجیکە: واتە بەکارهێنانی ئاسایی عەقڵ بۆ جیاکردنەوەی باش و خراپ، راست و نادروست، چاکەو خراپە، عەقلانیی و ناعەقلانیی و گەیشتن بە ئاکام و ئەنجامی باش لە رێگای پێشبینیی وپرۆسەی نەخشەسازی و کاری سیستماتیکی چاودێرییکراوەوە.

لە بەریتانیا قوتابی سەرەتاییش بە دروستی وشەی وەک: لۆجیکەل، نۆرمال، رییزنەبل، رایت، و گفتوگۆی عەقلانی بەکاردێنێ و دەزانی ئەم وشەو میتۆدانە لە کوێوە هاتوون چونکە میتۆدی لۆجیک لە پشت زۆربەی بەرنامەکانی خوێندنەوەیەو فەلسەفەی یۆنانیی پاشخانیی کەلتووریی و فەرهەنگی گشتیی رۆژاوا پێکدێنێ.

لۆجک واتە: لە بینین یان خوێندنەوە بە چاو و، بیستن بە گوێ وە، بۆ بیرکردنەوەو بەکارهێنانی عەقل و گومان و دایەلۆگ وئاخاوتن و گەڕان بۆ بەلگەی کۆنکریتی راستی و دروستی و دەرکپیکردنی ناکۆکییەکان و دیوی ئەودیوی شاراوەی دیاردەو رووداو. ئەمە بەشێکە لە فەرهەنگی عەقلانییەت بەرامبەر بە غەریزەیی و ساوێلکەیی و خۆشباوەڕیی و عەقڵی خەرافیی.

فەلسەفەو سیاسەت

گەر لە ئاستێکی باڵاتر دا قسە بکەین، هەموو لایەنێكی ژیان و زانین و چالاکی مرۆڤ فەلسەفەی خۆی هەیە:

بۆیە فەلسەفەی مێژوومان هەیە (هیستۆریۆگرافی)، فەلسەفەی سیاسەتمان هەیە، فەلسەفەی پەروەردەمان هەیە، فەلسەفەی ئەخلاقمان هەیە، فەلسەفەی دینمان هەیە، فەلسەفەی یاسامان هەیە، هتد

مەحالە بتوانین بە شێوەی ئینسانیی عەقلانیی هیچ کام لەم بوارانە تێ بگەین یان بە دروستیی و دڵنیاییەوە هەلسوکەوتییان لەگەڵ بکەین ئەگەر فەلسەفەکەی نەزانین.

فەلسەفەی سیاسەت حەقیقەتی مرۆڤ وەک بوویەکی سیاسیی-کۆمەلایەتی روون دەکاتەوە، وەک ئەندامانیکی زیندووی هۆشدار کە بەحوکمی سروشت ورەوشی بوونیان دەبێ سروشت و دەوروبەرەکەیان تێبگەن و بەکارىێنن و پێکەوە بژین و بزانن چۆن بە عەقلانی و بۆ خێریی گشتی بە ئاسایش و ئاشتیی و بە پێی سیستمێکی دادپەروەرو عەقلانی پیکەوە ‌هەڵدەکەن و هاوکار دەبن.

هەروا پرۆسەو میکانیزم و میتۆدی سیستمی کۆکیی و ناکۆکییەکانی پێکەوەژیان روون دەکاتەوەو سیاسییەکان و خەلکی عامەش لەو رەگەز و دامێن و لایەنانە هۆشیار دەکاو رێنماییان دەکا.

لەم لایەنەوە گەر بەبروسکەیی تەنیا پێوەندی لایەنە لۆجیکییەکەی فەلسەفە بە سیاسەتەوە دەربخەین کە لە بواری سیاسەتی ولاتان پێشکەوتوودا وەک ئەلفوبێ بەکار دێ، جەخت لەسەر ئەم چەند بۆچوونە فەلسەفییە لۆجیکییانە دەکەم:

هەر رووداوو پێشهاتێک، سیاسیی یان هی تر، با بڵێین وەک دروستبوونی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، لە خۆیەوەو لە ناکاو سەرهەڵنادا. بۆیە کاتێ شتێکی وا دێتە پێشەوەو لە میدیادا دەبێتە بابەتی ئاخاوتن و ‌هەڵڵای سیاسی، دەکرێ تەنیا دوو جۆرە وەلامدانەوەو هەلوێست بەرامبەر ئەم پێشهاتە هەبێت:

١. یان هەلوێستێکی سیاسسی فەلسەفیی عەقلانی رەچاو دەکەین کە هەول دەدات هەموو رەگ و رێشەو دامێنەکانی ئەم کێشەیە بە پێی بنەما فەلسەفییە لۆجیکییە عەقلانییەکان تێبگات و چارەسەرییەکی عەقلانیی بۆ بدۆزێتەوە. لە ولاتی دیمۆکراتیدا گەر سەرەتا کێشەکە روون نەبوو، یان گومان یان ناکۆکی لە سەر هەبوو، کۆمیسیۆنی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوون و روونکردنەوەی دروست دەکرێ و کاتبەندیی بۆ دادەندرێ بۆ تەواو کردنی لێکۆڵینەوەکە.

٢ یان پەرچەکرداریکی خێرای غەریزەیی کە یەکسەر حوکمی چاوو هەست و پێشباوەڕیی عەقیدەیی یان ئایدیۆلۆجیی و خٶشباوەڕیی ساوێلکانە بەسەر رووداەەکەدا دەداو یەکسەر مالکی دەبێتە دوژمن و زەیدی ٣١ ی ئاب و دروستکەری مێژووی نوێی پارتی، بە جۆرێکی تر دەبێتەوە عەزیا.

ئەمە پەرچەکردارێکی غەریزەیی حەیوانییە کە ناگاتە ئاستی سەرەتایی پێناسە فەلسەفییە سیاسییەکەی مرۆڤ: وەک بوویەکی کۆمەلایەتی سیاسیی عەقلانیی.

دیارە تا ئێستا پەرچەکرداری دەسەلاتی کوردی و کۆمەلگا حیزبییەکەی بە ئۆپۆزیسیۆن و میلیشیاو میدیاشییەوە لەم ئاستە غەریزەییەدا بووە.

بۆچوونی فەلسەفی سەرەتایی بۆ کێشەکە پێویست دەکا ئەم میتۆدە فەلسەفییە بگرینە بەر:

١ پێناسەیەکی سەرەتایی باوەرپێکراوی کێشەکە: واتە زانینی حەقیقەتی حاڵەتی ئێستایی دەرکەوتنی کێشەکە ٢. بینینی دیمەنە گەورەکە: واتە جیانەکردنەوەی رووداوێک وەک شتێکی تەراو لابەلا و بینینی رووداو کێشەکە وەک بەشێک لە هەموویەکی گەورەتر یان لە تۆڕێکی فروانتری پرس و پێوەندییەکانداو روونکردنەوەی ئەو راستیی و ناکۆکییانەی لەمەوە دەدۆزرێنەوە.

٣ پریسنیپی هۆداریی [سببیە، کۆزالیتی] واتە هیچ شتێ بە بێ هۆ روو نادا و پێویستە زنجیرە هۆکانی هەر کێشەیەک بە روونی ئاشکرا بن.

٤. بینینی رووداو، کێشە وەک پرۆسە: هیچ شتێ لە ناوەراستەوە یان لە بۆشاییدا هەڵناتۆقێ بەلکو بەشێکە لە پرۆسەیەک کە سەرەتا وبەردەوامیی و ئاقارو ئامانجی هەیە. گەر هەر کێشەو رووداوێ وەک پرۆسە نەبینین نە دەتوانین رابردووی تێبگەین، نە ئێستای هەڵبسەنگێنین نە دەتوانین مەترسی پەرەسەندنی داهاتووی پێشبینی بکەین و لۆجیکانەو زانستانە چارەسەری بکەین.

زۆر رووداوی بچوک دەبنە فتیلی هەلگیرساندنی ئەو ناکۆکییە شاردراوانە یان ساردنەکراوانەوەی وەک پشکۆی بن ژیلەمۆ پشتگوێ خراون. وەختی خۆی رووداوەکەی کوڕەکەی حەسۆ میرخان لە قەلادزێ وەک تاکە رووداوێکی نەساز وەرگیرا و وەک بەشێک و پاشماوەیەکی پرۆسەی ناکۆکی ناوخۆیی کورد سەیری نەکرا و چارەسەری ریشەیی بۆ دانەنرا، بوو بە فتیلی گەورەترین شەری خۆکۆژیی ناوخۆ کە هەلومەرجەکانی لە ئارادا بوون یان هێز هەبوو کاری بۆ دروستکردنی دەکردو کردییە بەهانەی لێدانی پارتی لە ناوچەکەدا.

دروستبوونی هێزی دیجلە و هاتنی بۆ دووزو ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێم پێوەندی بەو رووداوەی دووزەوە نییە گەرچی دەکرێ ئەم رووداوە یان رووداوی تری لەم چەشنە هەر وەک هەراکەی قەلادزێ وەک بەهانەیەکی مەعقول یان نامەعقول بە پێی حەقیقەتی رووداوەکە یان نیاز وبۆچوون وبەرژەوەندیی جیای ئەکتەرەکان، بۆ تێکدانی وەزعەکەو هەڵگیرسانی شەڕ بە کاربێت.

دیجلە رووداوێكی جیا وتایبەت بە کورد نییە، بەشێکی جەوهەریی و جیانەبۆوەی پرۆسەی دروستکردنەوەی دەولەتی مەرکەزی عێراقی عەرەبی بەهێزە وەک دواتر باسی دەکەم.


٥. دۆزینەوەی پرینسیپ یان سەرەتاگەکانی پرۆسەکە: ناتوانین پێوەندییە ئالۆزەکان و پرۆسە تەریک و تاریکەکان تێ بگەین گەر نەگەڕێینەوە بۆ یان ئەو پرینسیپە سەرەتاییانە نەدۆزینەوە کە کێشەکان پێیانەوە بەندن یان لێیانەوە سەریان هەلداوە یان بەوان حوکم دەکرێن. بە نیسبەت ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە تەنیا ئەو کاتە حەقیقەتی پرۆسەکە تێدەگەین کە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دروستکردنەوەی عێراق دوای رووخانی عێراقی سەددام و دەوری کورد لەو دروستکردنەوەدا و دەستووری عێراقیی وەک تاکە بەلگەنامەیەکی یاسایی لەرزۆک کە شوێن و مافی کورد لەو پرۆسەیەدا دیاری دەکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەی ئایدیۆلۆجی و ئامانج و ئاکاری هەموو ئەو دەستانەی لەو پرۆسەی دروستکردنەوەدا بەشداربوون: کورد، هێزە عێراقییەکان، ئەمریکا و بەریتانیا، دەولەتانی ئیقلیمیی، نەتەوە یەکگرتۆکان.

بە بێ پێداچوونەی هەموو سەرەتاکان، هەموو پرسەکەو بینینی دیمەنە گەورەکەی کێشەکە لە چوارچێوەیەکی کوردیی، عێراقیی، ناوچەیی و گلۆبالییدا کە ئێستا کوشتارو چارەنووسی سوریا مەرکەزە بەهێزەکەی پێکدێنێ، مەحاڵە راستیی کێشەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە تێبگەین کە بۆ عەقلی خەرافیی یان خیانەتیی سەرانی کورد، لە ناکاو بۆتە کێشە کۆنەکەی شۆڤێنیزمی عەرەب و نەتەوایەتی بۆشیی کورد.

سەیرکردنی کێشەکەی مالکی و دیجلە بە پێی سەرەتاکانی لۆجیکی فەلسەفیی

١ پێناسەی کێشەکە:

وەک وتمان، لۆجیکی فەلسەفی بە پێناسە دەستپێدەکا. ‌هەر پێناسەیەک دەبێ ناساندن وروونکردنەوەو زانیاری سەرەتایی تەواو بدات دەربارەی ئەو بابەتەی باسی دەکا یان هەلوێستی بەرامبەر وەردەگرێ، هتد

گریمانی یەکەم بۆ پێناسە

وەک میدیا باسی دەکا ئەم کێشەیە لە دووزخورماتووەوە وەک دەمەقالییەک و ناکۆکییەکی کەسیی [نیوان کەسان] دەستی پێکرد، بەم مانایە بە پێی سەرەتاکانی لۆجیک ئەمە کێشەیەکی پۆلیسی داداگاییەو دەبێ لە رێگای بەدواداچوونی یاسایی یەوە چارەسەر بکرێ. مادام سەرۆکی عێراق کوردەو بە پیی دەستوور پارێزەری دەستوورە دەبوو سەرۆکی کۆمار لە پێش هەموو کەسدا داوای چارەسەی یاسایی و قەزایی بۆ ئەو کێشە کردبا و نەهێڵی گەورە بێ و ەک سەلماندنی ىێلایەنیی نەتەوەیی خۆشی، دەبوو سوورترو شێلگیرتر بێ لە سەر ئەوەی کە کوردەکان گەر نایاسایی یان کردبێ بدرێنە دادگاو پرۆسەی یاسایی شوێنی خۆی بگرێ.

بەلام هەر وەک لە هەرێم بۆتە نەریت و دین کە بێیاسایی و مافیایی بەسەر یاساو دادو عەقڵ دا زالە، لەوە دەچێ دیسانەوە ئەمە ئافاتێکی کوردیش بێ لە ناوچە دابراوەکاندا رەگی داکوتابێ. دیارە من وەک [گریمان] ی فەلسەفی کە کێشەکە دەشێ تەنیا کەسیی و یاسایی بووبێ ئەم قسە دەکەم چونکە تا ئێستا پێناسەیەکی سەرەتاییمان نییە کە [راستیی] رووداوەکە روون بکاتەوە. بەلام گەر بە وردی نێودێرو پشتدێڕی چاوپێکەوتنەکەی رۆژنامەی (هاولاتی) لەگەڵ ئەو ئەفسەرە کوردەی کارەکەی قەوماندووە بخوێنینەوە، دەتوانین بگەینە ئەو ئاکامەی کە لەوێش کێشەکە لە کێشەیەکی بێیاسایی و مافیایی دەسەلاتی حیزبیی زیاتر نەبووە و دوایی گەورە کراوە.

http://www.hawlati.co/babetekan/33478

لەم چاوپێکەوتنەدا ئاستی تێگەیشتنی سیاسیی و رێزی یاسا لای کاربەدەستانی دەسەلاتی حیزبیی کوردیی بە ئاشکرا دەردەکەوێ. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە لە سەر [نەوتفرۆشتن] لە بەردەمی مالی خۆیداو تێوەگلانی پاسەوانەکانی ئەم كێشەیە روویداوە. دوایی زۆر جەخت لە سەرئەوە دەکات کە 'بەلام لە سەر ئەوەی کوردەو رقییان لە ئەوە وەک کوردو بە خەتەرێکیگەورەی دەزانن لە سەرخۆیان! ئەم هەرایە روویداوە.!

هەر لەو زانیارییە کەم بەلام گرنگانەوە کە لەوچاپێکەوتنەکەوە هەڵدەچۆڕێندڕێن دەتوانین هەمان مۆدێلی سسیتمی کارکردنی مافیایی حیزبیی دەسەلاتی کوردیی کە لە هەموو کون و قوژبنێکی هەرێمدا بەرپایە لە وردەکاری ئەو رووداوەشدا ببینینەوە:

١. باکگراوندی رووداوەکە

راپۆرتی هاولاتی: "بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، سەرەتای كێشە لەبارەگای ئەو ئەفسەرە خانەنیشینكراوە روویدا كە شوێنی بارەگاكەی لەناو خانوویەكدایە‌و دەكەوێتە نزیك بارەگای بازنەی حەمرینی یەكێتی‌و ژمارەیەك پاسەوانیشی هەیە، بەڵام روون نییە بارەگاكەی سەر بەچ دامودەزگایەكە."

ئەفسەری خانەنشین بۆ پاسەوانی تایبەتی خۆی هەبن؟ئەرکیان چییە؟ كێ مووچەیان دەداتێ؟ کی چاودێرییان دەکا؟ بۆ نەزانرێ بەرامبەر چ ‌هێزو میکانیزمێكی سەربازی ییان پۆلێس بەرپرسیارن؟.

٢ .رەوشی رووداوەکە:

[هاوڵاتی: تۆمەتبار دەكرێیت بەهەڵگیرسێنەری شەڕەكەی دووزو بڕیاری دەستگیركردنت بۆ دەركراوە، لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟

گۆران گەوهەر: پۆلیسی ئیتیحادیی‌و هێزی دیجلە چەندین جار خەڵكی دووزیان ئیستیفزازكردووەو دەچنە سەر ماڵان‌و سوكایەتی بەخەڵك دەكەن، ئینجا چەند جارێك بەرپرسە كوردەكانمان ئاگادار كردووەتەوە لەوەی پۆلیسی ئیتیحادی زوڵم لەخەڵك دەكەن‌و كێشە دروستدەكەن، بەڵام نەهاتن بە هانامانەوە، بۆیە خەڵك زوڵم قبوڵناكات، ئینجا كاتی روودانی شەڕەكە من لەدووز نەبووم كەچی پەنجەی تۆمەتم بۆ درێژ دەكەن.]

گەر ئەمە راستە ئەی ئەم سەرۆک کۆمارو جێگری سەرەک وەزیران و وەزیرە کوردەکان و ئەندامانی پەرلەمانی کوردی عێراق و قایمقام و ئااسیش و لێژنەی هاوبەشی ناوچە دابڕاوەکان کاریان چ بووە؟ كێ بەرپرسیارە لەم ىێ یاسایی یە؟ ئایا ئەمە حەقیقەتە؟ كێ روونی دەکاتەوە قسەی ئەم برادەرە وایە یان نا؟

گەر پۆلێسی ئیتتیحادی هەیەو ئەو دەورەی هەیە. ئەی پۆلیسی غەیرە ئیتییحادیی یان هی کوردییش [ لە دەرەوەی ئیتییحادیی دا] هەیە؟ لە سەر چ بنەمایەک؟ دەوریان چییە؟ پێوەندییان لەگەڵ پۆلیسی ئیتییحادی بۆ چارەسەری کێشەیەکی ئاوا چۆنە؟ چۆنە پۆلیسی ئیتییحادی یان هی کوردیی رێگەیان داوە ئەم برادەرە خانەنشینە نەوت بە قاچاغ بفرۆشێ و پاسەوانی چەکداری خۆی هەبن و بتوانن لە شارو شوێنێکی ئاوا هەستیاردا شەڕ بقەومێنن؟

٣. وردەکارییەکانی کاری دەسەلاتی کوردیی

[هاوڵاتی: دەوترێت شەڕەكە سەرەتا بەهۆی كێشەی نێوان بەنزین فرۆشكێكی بەردەم ماڵەكەی تۆ‌و مولازمێكی پۆلیسی ئیتیحادییەوە دروست بوو، رووداوەكە چۆن بوو؟

گۆران گەوهەر: بەنزین فرۆشەكە سەبەبی دروستبوونی كێشەكە بوو جگە لەوەش ئەمە چەند جارێكە پۆلیسی ئیتیحادی دێنە سەرمان‌و ئیهانەمان دەكەن، جوێن دەدەن نەك تەنها بەكورد بەهەموو خەڵكی دووز بێگومان خەڵكیش ئەمەی پێ قبوڵ ناكرێت بۆیە رووداوەكە دروستبوو.

هاوڵاتی: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە بەنزین فرۆشەكە كە دەڵێت سەبەبی كێشەكە بوو لە دوكانی تۆدایەو بەنزین بۆ تۆ دەفرۆشێت؟

گۆران گەوهەر: بەڵێ بەنزین بۆمن دەفرۆشێت، بەڵام كابرایەكی پیری بەستەزمانە كەچی مولازمێكی پۆلیس تەعەدای لێكردووەو لێیداوەو پارەی پێنەداوە، تەنها لەبەرئەوەی جلی كوردی لەبەردا بووە، بۆیە خەڵك ئەمە قبوڵناكات‌و مەسەلەكە كێشەكەی لێدروستبوو.

هاوڵاتی: تۆ دەڵێیت بێتاوانم، بەڵام زیاتر لەلایەنێك دەڵێن تێوەگلاویت لەچەندین كاری نایاسایی، وەكو رفاندنی خەڵك‌و پارەسەندن لەخەڵك؟

گۆران گەوهەر: ئەوە یاساو دادگایە من ملكەچم بەرانبەر یاساو دادگا، ئینجا ئەوە پڕوپاگەندەیە لەدژی من‌و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە بەرەی توركمانی بڵاوی دەكەنەوە بەتایبەت عەلی هاشم‌و نیازی كە رقیان لەمنە.

هاوڵاتی: تۆ تەنها مولازمێكی‌و خاوەن پلەی بەرزنیت، بۆچی دەكرێیتە ئامانج لەلایەن توركمانەكانەوە، ئەگەر تۆمەتەكان بەتێوەگلانت راستن نین؟

گۆران گەوهەر: دەڵێن ئەم كوڕە خەتەرە لەسەر عەرەب‌و توركمان‌و دەیانەوێت لەدووز

دەرم بكەن، ئینجا هەموو خەڵكی دووز ئاگادارن سێ‌ مانگ لەمەوبەر خانووەكەمیان تەقاندەوە، چونكە هەر بەزۆر دەیانەوێت لەشارەكەم دەرم بكەن‌و توركمانەكان لە پشت هەموو هەوڵەكانەوەن بۆ دەركردنم."

وابزانم کەسێک کەمترین ئاستی کۆمۆنسێنس، واتە کۆژیریی ئاسایی مرۆڤی هەبێ لە بۆشیی ئەم ئاخاوتنە حالی دەبێ و شتێ لە حەقیقەتەکانی پشتییەوە کە هەموویان ئاماژە بە پرۆسەیەکی دوورودرێژیی بەرەلایی و بێیاسیی و مافیایی دەکەن هەڵدەکڕێنێت.

وتارێکی رۆژنامەنووسی دلسۆز کاک سەباح عەلی قارەمان یش زانیاری وردو متمانەدار دەربارەی روداوەکە پێشان دەدا کە جەوهەریی نایاسیی و مافیاییبوونی رووداوەکە دەسەلمێنێ.

سەباح دەنووسێ:

[یەکەمجار کەناڵی کەی ئێن ئێن بە پەلە هەواڵێکی بڵاوکردەوە، گوایە هێزەکانی دیجلە و پێشمەرگە بووە بە شەڕیان و ده‌ستیان له‌ یه‌کتر کردۆته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خۆم خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌م، یه‌کسه‌ر پەیوەندیم بە کەسێکی ناسیاو و نزیک لە رووداوەکە کرد، له‌و باره‌یه‌وه‌ داوام لێکرد رووداوه‌که‌م بۆ بگێڕێته‌وه‌. لە وەڵامدا پێی راگەیاندم، کە ئه‌مه‌ که‌سێک قه‌وماندوویه‌تی، خۆشه‌ویست نییه‌ له‌لای خه‌ڵکی، ئیشوکاری رفاندن و دزیی و جەردەیی و تەقەکردنە لە خەڵکی، هه‌رچه‌نده‌ فه‌رمانی گرتنی هەیە، به‌ڵام پۆلیسی دووز ناتوانێت فه‌رمانه‌که‌ جێبه‌جێ بکات، لەبەر ئەوەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پشت ئه‌م کابرا چه‌ته‌ و دزه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، بۆیه‌ پۆلیسی فیدراڵی هاتۆته‌ ناو کێشه‌که‌وه‌ و هەوڵیانداوە دەستگیری بکەن، کاتێک ده‌چنه‌ سه‌ری ئه‌ویش ده‌ستی کردۆته‌وه‌ و تەقەی لە پۆلیسەکان کردووە و رایکردۆته‌و لای یه‌کێتیی، ئا ئه‌مه‌ ته‌واویی ئه‌و رووداوه‌یه‌ که‌ ئەو کاره‌ساته‌ی لێکەوتۆتەوە.]

بڕوانە: http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=01b60397

گەر بۆ راستیی و دروستی تەحقیقات لەگەڵ ئەفسەرە خانەنشینەکە کرابا و هەر ئەو چەند زانیارییە کەمەی کە بۆ هاولاتی درکاندوون، ئەمە بەس بوو کە راستیی قسەکانی سەباح قارەمان بسەلمێنێ. بەلام بۆچی دوای ئەوەش کەی ئێن ئێن بە دوای راستییەکاندا نەچووە، ئەوە وەلامەکەی بۆ خوێنەر دەهێڵمەوە. سەباح زیاتر دەنووسێ:

[دوا بەدوای ئەوە ئیتر منیش تەلەفۆنم کرد بۆ برادەرێک لە کەناڵی کەی ئێن ئێن و راستی هەواڵەکەم پێڕاگەیاند، نه‌ک ئه‌وان به‌ گوێیان نه‌کردم، به‌ڵکو درێژه‌یان به‌ مه‌سه‌له‌که‌ دا و لە بڵاوکردنەوەی هەواڵه‌ چەواشەکارانەكه‌یان ده‌ستیان هه‌ڵنه‌گرت. دواتریش میدیاکانی ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن بەهەمان شێوە، که‌وتنه‌ ده‌هۆڵ کوتان، گوایه‌ ته‌واو ئه‌مه‌ شه‌ڕی مان و نه‌مای کورده‌، کوردینه‌، ئه‌ی مه‌ردینه‌ شان و قۆڵی لێهه‌ڵماڵن بچنه‌ شه‌ڕی دۆژمن قڕان و که‌رامه‌تی سه‌رکرده‌ و هه‌رێمه‌که‌ بپارێزن].

ئەم بۆچوونەی کاک سەباح تەواو دروستە و بە داخەوە ئەوە دەردەخا کە سیستمی دەسەلاتی میلیشیایی مافیایی لەوە دەرچووە کە تەنیا لە ئاستی دەسەلاتی حوکمڕانی بنەمالەیی پارتی و یەکێتییدا بێت بەلکو هەموو کۆمەلگای حیزبی داگرتووە بەوەشەوە کە پێی دەوترێ ئۆپۆزیسۆن و میدیای ئەهلی ئەمیش بۆ رەگداکوتان و زاڵبوون و بەربلاوبوونی سیستمی کۆیلایەتی بودجەو کۆیلایەتی موچەو دەولەمەندبوونی حەرام و نائەخلاقیی دەگەڕێتەوە کە لە زۆر شوێنی تردا باسم کردووە.

بۆ ئەوەی لە مەودای باسەکەمان دەرنەچین: پوختەی ئەم بەشە ئەوەیە تەنانەت لە ئاستی هەرە سەرەتایی، ئەلفوىێی لۆجیکی فەلسەفە: کە شتێ بەرلەوەی هەلویستی دەربارە وەربگری یان باسی بکەی یان بیکەیە کێشە خۆ دەبی پێناسەیەکی سەرەتایی ئەو شتەت وەک کۆمەلە زانیارییەکی سەرەتاییی ساغکراوەو باوەڕپێکراو هەبێت، بەلام دەسەلاتی بەربەری کوردیی و کۆمەلگا حیزبییەکەی، بە حیزب و ئۆپزیسیۆن و میدیای حیزبیی چەواشەکاری رای گشتیی یەوە، ریگە بە دەرکەوتنی ئەلفوبێی راستیی هیچ لایەنیكی کێشەکانی ژیانی خەلک نادات. بەلکو وەک عادەتی خۆی تەنانەت حەقیقەتە سادەو سەرەتاییەکانیش بەراوەژوو دەکاتەوە. ئەوەتا لە 'سایتی خەندان' دا ئەو رووداوە وەک 'ئیستیفزاز کردنی هێزی پێشمەرگە ' باسکراوە:

"ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌، شه‌ڕ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی‌ فیدڕاڵی‌عیراق، له‌ شارۆچكه‌ی‌ دووزخورماتوو دروست بوو، له‌نێوان هه‌ردوولاشدا بریندار هه‌یه‌، به‌ پێی‌ وته‌ی‌ به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 11ى یه‌كێتیش پێده‌چێت هاوڵاتییه‌كیش كوژرابێت.

مه‌لا كه‌ریم شكور، به‌رپرسی‌ بازنه‌ی‌ حه‌مرینی‌ یه‌كێتی‌ و جێگری‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 11ی‌ یه‌كێـتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، به‌ (خه‌ندان)ی‌ راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌كانی‌ سنوری‌ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پۆلیسی‌ فیدڕاڵی‌عیراق كه‌وتنه‌ شه‌ڕه‌وه‌.

وتیشی‌: " هه‌ڵگیرسانی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ش به‌هۆی‌ ئیستیفزازكردنی پێشمه‌رگه‌كانه‌وه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی‌ عیراقه‌وه."

http://www.xendan.org/dreja.aspx?Jmara=46442&Jor=1

ئەرکی جەوهەریی گرنگی فەلسەفە ساغکردنەوەو دڵنیابوون لە 'راستیی حەقیقەت- ە. بەلام لە ولاتێکدا کە هەموو شتێ لە سەر درۆو ساختەیی هەڵچنرابێ دیارە گەیشتن بە حەقیقەت کارێکی یەکجار ئەستەمە. گەر پرۆسەی یاسایی ساغ و دروست هەبووایە ئێستا هەم پێناسەیەکی یاسایی دروستی رووداوەکەمان لا دەبوو، هەم پرۆسەی چارەسەری یاسایی جێی و ڕیکاری رۆتینیی خۆی دەگرت.

٢. وەک دیمەنی گشتی و پرۆسە

لە روانگەی فەلسەفییەوە، وەک وتم نابی هێچ رووداوێ، دیاردەیە، کێشەیە بە تەنیا وەربگرین و سەرنجبدەین و حوکم بدەین. بەلکو دەبێ 'دیمەنە گەورەکە، [بیگ پیکچەر] ببینین. رووداوەکەی دووز وەک باسکرا بە روالەت شتێکی لابەلایی بوو بەلام بەشێکی جیانەبۆوەیە لە پێوەندی کوردو عەرەب لە ناوچە دابراوەکانداو پرۆسەی دروستکردنەوەی عێراق و مەسەلەی دەستوورو یاسا نیشانەی دەرەوەی نەخٶشییەکی سەختی ناوەوەیە کە بریتییە لە نەخۆشی مافیابوونی دەسەلاتی کوردییی. بەلام با لەمەش گەڕێین. گەر ئەم رووداوە بە ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە ببەستینەوەو پیکەوە سەرنجی بدەین ئەوسا پەنجەرەیەکی فراوانمان یەکەم: بۆ بینینی دیمە گەورەکە و دووەم: بۆ تێگەیشتنی کێشەکە وەک پرۆسە بۆ دەکرێتەوە.

وتمان بۆ پرۆسە دەبی بۆ بنچینەکان و پرینیسپەکان بگەڕێینەوە و سەرەتاکان دەستنیشان کەین و بزانین لەو سەرەتایانەوە پرۆسەکە چۆن دەستی پێکردووەو گەیشتۆتە کوێ و بەرەو کوێ دەچێت.

ئەوە فشەلۆجی عەقلی کوردییە وەک لە دواییدا روونی دەکەینەوە کە ئۆپەراسیۆنی دیجلە کە دەسەلاتی کوردیی خۆی رەگەزو بەشێکی گرنگی پرۆسەی دروستکردنیەتی، بە دیاردەو رووداوێکی تاکی دژ بە خۆی دەزانێ.

ئۆپەراسیۆنی دیجلە بە شێکە لە پرۆسەی ١٠ ساڵەی دروستکردنەوەی عێراقە کە لە هەمان کتدا بە شێوەیەکی سروشتی دایلەکتیکی پرۆسەی بچووککردنەوەو پەراوێزکردنی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی دەرفەتی بە دەوڵەتبوونێتی. ئەم پرۆسە کورد خۆی بە هێزو تەوژمیكی زۆرەوە لە دروستکردن و بە ئەنجامگەیاندنیدا بەشدار بووەو بەشدارە.

دیمەنە گەورە گشتییەکە کە پێوسیتە بیبین حەقیقەتی دروستبوونەوەی دەوڵەتی عێراقە کە تالەبانی و بارزانی و دەستوپێوەندە حیزبییە مافیاکانیان ئەوەندە بە دلسۆزی و لە خۆبووردەیی و حەماسەوە کاریان بۆ کرد.

بە رووخانی سەددام و هاتنی بریمەر پرۆسەی دروستکردنەوەی عێراقی دوای سەددام دەستی پێکرد و ئەکتەرەکان هەر یەکە بە پێی عەقلییەت و بەرژەوەندی و ئەخلاقی خۆیان دەوریان تیا بینی. نامەوێ لە کرۆکی فەلسەفیی باسەکە لابدەم و ناسنامەو دەوری ئەو ئەکتەرانە باس بکەم و لە شیکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە وەک دیمەنی گشتی و پرۆسە دوورکەومەوە.

لە بارەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە ئەمە دەلێم:

١ئەمە تەنیا بەشێک و لایەنێکە لە پرۆسەی دروستکردنەوەی دەولەتی عێراقیی مەرکەزیی بەهێز.

٢. کورد بەتایبەتی تاڵەبانی لە هەموو کەس زیاتر کاری بۆ ئەم پرۆسەیە لە سەر حیسابی کەرکوک و کەرامەت و ماف و پاشەرۆژی کورد کرد بە تایبەتی ئەمە بەراست دەگەڕێ گەر عێراقیبوونی کورد کوردییەتییەکەی بکوژێ و کوردستانی دەرەوەی هەرێمی لە دەست بدات.

٢. ئەو پرۆسەیە لە دوای رووخانی سەددام و هاتنی گارنەر و بڕێمەرەوە دەستی پێکردووەو لەگەل بەرزو نزمی و کێشەکانیدا پرۆسەیەکی مێژوویی دەستووری یاسایی مۆئەسسەساتیی نێونەتەوەەیی یە لە لایەکەوە پرۆسەیەکی سیاسیی سەربازیی ئابووریی دارایی و ئایدیۆلۆجی و کەلتوورییە لە لایەکی ترەوە

٣. مالکی و زەیدی و شەهرستانی و هتد هەر کەسێکی تر بن دروستکراوی ئەم پرۆسەیەن بە تایبەتی مالکی. ئاشکرا دیارە ئایدیۆلۆجی و ئەجنداو ئاکامی خوازراوی مالکی دروستکردنەوەی دەولەتی عێراقیی مەرکەزی یەکگرتووی بەهێزە لە رێگای میکانیزم و موئەسسەساتی دەولەتەوە کە لە حیساباتی تایەفەگەریی و نەتەوەگەرییەوە تێپەڕێنێ و هێزەکانی دەولەت وەک سوپاو ئاسایش و وەزارەتەکان و دادوەریی ودارایی و بودجەو پیوەندی دەرەوە، هتد دایلەکتیکییانە هەم بە‌هێز بکات هەم بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانج و ئەنجامە کۆتایی یە بەکاربێنێ. لەم رووەوە مالکی لە دەوروبەرێکی سەختتر و پڕکێشەترو کەمدەسەلاتتردا، هەمان دەور دەبینێ کە فلادیمیر پۆتین لە رووسیا بینی و دەیبینێ. دەتوانین بلێێن ئۆپەراسیۆنی دیجلە بەشیکە یان ئەڵقەیەکە لەم پرۆسە ئیرادەیی یە عەقلانییە نەخشەبۆکێشراوە. مالکی دوژمنی سوننەو، کورد، شیعە، ئەمریکا، تورکیا، هتد بە مانای ناحەز یان دژ و دوژمنی پێشوەخت نییە، بەلکو دژو ناحەزی هەموو ئەوانەیە گەورە یان بچووک کە رێگە لەم پرۆسەیە دەگرن. ناونانی لیستەکەی لە سەرەتاوە بە دولە القانون ئەم فەلسەفە سیاسییەو روانگە ئایدیۆلۆجییە بنەڕەتییەی مالکی نیشان دەدات. بەر لەوەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لە کەرکوۆک و دیالەو سەلاحەددین بخاتە کار، توانی لە خواروو-و ناوەراستی عێراقدا ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی لەم چەشنە بەرامبەر دەاین بۆمب و سەیارە تەقاندنەوەو کاری تێرۆریستی قاعیدەو سوننەکان ئەنجام بدات، بەر لەوەی لەم پرۆسەدا لەگەل کورد بکەوێتە کێشەوەو وەک بەرهەڵست بیانبینێ، لە گەڵ شیعەکانی خۆی بە تایبەتی گرۆی ئێکستریم و ئێرانییخوازیی موقتەدا سەدر کەوتە کێشەو لێیدان. توانی دەسەلاتی بنەمالەیی حەکیم و سەدر کە کۆسپی هەرە گەورەی پێش دروستکردنی موئەسسەسات و مەرکەزییەتی دەولەت بوون بە تەواوەتی لاواز و پەراوێزیی بکات. توانی دەسەلاتی دادگاو قەزا بسەلمێنێت و حوکمی ئیعدام بۆ هاشمی پیاوی تورکیا وسعودیەو جێگری سەرۆک کۆمارو کۆلەکەیەکی هێزیی سوننییەکان دەربکات و توانی وەک دوانموونەی بەرچاومان لە لادانی د. عەلی دەباغ یشدا دەیبینین سەرەتاکانی پرۆسەیەکی بەهێزی بنەبڕکردنی گەندەڵیش بخاتە کار. هەروەها لە سوننەکان و ئەو گروپانە بدات کە تالەبانی لە پێش هەموو کەسدا بە تێرۆریست و دوژمنی بەهەشتی عێراقی دیمۆکراتی تازەی دادەنان وبەهێزە دژەتێرۆرەکەی خۆی بە هەموو شێوەیەک هاوکاری مالکی دەکرد. دەتوانین بە سەدان راگەیاندنی تالەبانی و بارزانی و پیاوەکانیان لە بەغداو کوردستان بۆ سەلماندنی ئەم راستییانە بە بەلگە بهێنینەوە. ئێستاش دوای ئەوەی مالکی زیرەکانە وەک بەشێک لە سسیتمی دەولەتی عێراقیی کوردی دژی سوننە بەکار‌هێنا، ئێستا زیرەکانە سوننە دژی کورد بەکاردێنێ. و بەمە دەوری سیاسیی تالەبانی و گزیرو وەزیرەکانی کورد لە بەغدا بەعەمەلیی کۆتایی هات: وەک د. بەرهەم راست دەفەرموێ: دەیانەوێ بەغدامان پێ چۆل بکەن!!

کەوایە سەرانی کورد و حیزبەکەیان تا ئەم ساتەوەختە بەشێکی جەوهەریی ئەم ئەجنداو پرۆسەو ئامانجەی مالکی بوون. سەیرەکە لە کتوپڕی هەلگەرانەوەی ١٨٠ پلەیی دەسەلاتی بنەمالەیی کوردیی بەتایبەتی تاڵەبانی دایە؟ حیکمەت چییە؟ بۆ دە سالە لەگەڵ مار دەخەوی، گەر راستە مار بووبێ، بۆ تەنیا ئێستا بەخەبەر دێێت و دەبینی مارەو کەڵپەو ژەهری هەیە؟ کەڵپەیەک کە تا ئێستا خۆت بوویت و ژەهرێک لە گرتننەوەو دروستکردنیدا دەوری سەرەکیت هەبوو؟

ئایا هێزێکی دەرەوە هەیە دەیانجوولێنێ تا ئەم پرۆسەی دروستبوونەوەی عێراق و لە پێشەوە دەستکەوتەکانی کورد بنکۆڵ بکەن وەک چۆن شای ئێران و لە پشتییەوە ئیسرائیل و سی.ئای.ئەی دوای چوار ساڵ ئاشتی و پێشکەوتنی گەورەی کۆمەلگای کوردیی ١٩٧٠-١٩٧٤، مستەفا بارزانییان هاندا ئۆتۆنۆمییە راستەقینەکەی سەددام قبوڵ نەکات و بە دوای وەهمێکی سی.ئای، بکەوێ و ئاشبەتاڵ بە چواردە ساڵ خەبات و خوێن و سەدان ساڵ ژیان و کەلتوور و شارستانی کوردەواریی بدات؟

هەر کە دوای گەڕانەوەی لە واشنگتۆن و بینینی ئێکسۆن-مۆبیل، مینگەمینگەکەی بارزانی دژی مالکی بە فیتی تورکیا دەستی پێکرد، من هاوارێکم لە ئێن، ئار.تی بلاوکردەوەو ناونیشنێکی سەرنجراکێشم لێنا تا دەسەلات و خەلک وەک یەک بەخەربێنەوە. ناونێشانەکەی ئەوە بوو: بارزانی یارییەکی ئاشبەتالییانەی خەتەرناک دەکا؟ بۆ ئەوەی نیشانی بدەم ئەمە تەنیا لێکدانەوەو بۆچوونی خۆم نییە، شیکردنەوەکەی سەفیری پێشووی هیندستانم لە تورکیا هێنایەوە کە بە ئاشکراو زەق و رەق دەلێ وەک چۆن کێسنجەر بارزانی باوکی بەکارهێناو ئاشبەتالی بە کورد کرد، ئۆباماش هەمان سیاسەتی بەکار‌هێنان لەگەڵ بارزانی کوڕ بەکاردێنێ؟

ئەمجارە لە جیاتی شای ئێران و ئیسرائیل، ئەردۆغان و ئیسرائیل سیانریۆکە بەڕێوە دەبەن؟

گەر زوو تەنیا مستەفا بارزانی ئەکتەرە کوردییەکە بوو، ئێستا بارزانی و تاڵەبانیش بەشداری ئەم سینارێۆیەن؟

دیارە نە مێژوو وەک خۆی دووبارە دەبێتەوە، نە لە هەموو هەورێک هەمان باران دەبارێ، بەلام پێش ئەوەی هەرەسەکە دابکا: پێمان بڵێن مەسەلە چییە؟ كی دەتانجولێنێ؟ بۆچی؟

بەکورتی بە پێچەوانەی دوومیرنشینی خێڵەکی میلیشیایی حیزبۆکراسیی مافیایی بێ دەستوورو یاساو کیان و ناسنامەی نەتەوەیی و سەروەریی و بنەماکانی فەلسەفەو زانست و دیمۆکراسی و ئەخلاقەوە کە حەقیقەتی رەوشی بوونی دەسەلاتی کوردییە، دەسەلاتی عێراق هەموو مەرج و بنەمای دەستوور و پەرلەمان و دەولەتی موئەسسەساتیی و پیوەندی نێونەتەوەیی و ناسنامەو دانپێداهێنانی جیهانی و نەتەوەیەکگرتۆکانی وەک دەولەت هەیەو مالکی یەکی دروست کردووە کە نایەوێ ئەم پرۆسە بۆ دوواوە بگەڕێتەوە. گەر مالکی ش نەبێ کەسانی تر دەبن جێی بگرنەوە چونکە ئێستا پرۆسە بابەتییەکەیە کە کەسی پێوسیت دروست دەکا نەک کەس پرۆسە دروست بکا کە شتێکی مەحالە وەک لە کوردستانی بەرەڵاو بی دەستوورو یاساو موئەسسەساتی خۆماندا دەیبینین.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە