قەندیل کەرامەتی مەعنەوی مێژوویی و غوباری ئەفسوناوی نیشتمانێک....
Monday, 18/07/2011, 12:00
شێروان خدر
لە هەواڵ و ماڵپەڕە کوردییەکانەوە رۆژ لە دوای رۆژ ترسێکی گەورەو مەزەندی کارەساتێکی چاوەڕواننەکراو پێشبینی دەکەم، بەپێی ئاشکرابوونی ئەو نامانەو پەیوەندیی بەرپرسەکانی باشوور لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە، هەروەها بەپێی ئەو هە...ڕەشانەی ئەردۆغان لەم چەند رۆژە، دیارە پێکهاتنێک و رێککەوتنێک هەیە لە نێوان هەر سێ لایەنی دەسەڵاتی کوردی و ئێرانی و تورکی، ئەویش بەنیازی دووبارە هەتککردنی کەرامەتی کوردو بە لەناو بردن و کوژانەوەی ئەو چرایەی کە لە قەندیل دەمێکە کزە رووناکی دەدات!
ئەگەر ئەم پێشبیینە بۆ رۆژانی داهاتوو راست بکەوێتەوە، ئەوا پێم وایە تەسلیم کردنی قەندیل لەلایەن بەرپرسەکانی باشوورەوە بەتایبەت جەلال و مەسعود، بەیەکجاری کورد وەک نەتەوە سیلاک دەکەن و ئەو کزە رووناکییەی کە لە قەندیلەوە بۆ مەهابادو وان و دیاربەکرو قامیشلو جێگای ئومێدە لەناو دەبات. هەروەها خەونی ئازادییەکانی مرۆڤی کورد لەمڕۆی دنیادا دەچێتە ژێر گلەوەو باوەڕ ناکەم لە دروستبوونی دۆخێکی دیکەو دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی دیکە لە ژیانی مرۆڤی کورددا سەرهەڵبداتەوە. چونکە بە بڕوای من دوو هۆکاری سەرەکی هەن؛
یەکەم: بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای سەردەمەوە.
هەموومان ئاگادارین شوێن و پێگەی سوپای تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها توانستە ماددی و مەعنەوییەکانی کە لەلایەن پەیمانی ناتۆوە وەری دەگرێت و پڕ چەک دەکرێت بە تازەترین ئامێری سەربازی سەردەمی. هەروەها ئاگاداریشین ئێران بە هەمان شێوە رۆژ لە دوای رۆژ گەشە بە توانا سەربازییەکانی خۆی دەدا، بۆ خۆدەرخستنی وەک هێزێکی بەتوانا بەرامبەر دژو رکابەرەکانی لە جەزیرەی عەرەبی بەگشتی و بەتایبەتیش بەرامبەر بە رۆژئاوا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی-
ئەگەر لە زۆرینەی خاڵەکان، جیاوازی لە ستراتیژەکانی ئێران و تورکیا بەدی بکرێت، ئەوا بە خامۆشکردنەوەی ئەو چرایەی لە قەندیلە کۆک و تەبان. چونکە هەردوو لایەن دەزانن رۆژئاواو نەیارەکانیان دەتوانن قەندیل هەمیشە وەک کارت بەکار بێنن و یەکێکە لە هەرە خاڵە لاوازەکانی بونیادی ئەم دوو دەوڵەتە. بۆیە پێم وایە باڵادەستبوون لەم سێگۆشەیەی ئێران و عێراق و تورکیا بە ئامێری سەربازی پێشکەوتووەوە خودی هەرێمە بچووکەکەی باشوور تووشی تەنگژەو قەیرانێک دەبێتەوە، دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمە تاریکەکانی عوسمانی و سەفەوی.
دووەم: قەندیل وەک ئەفسانەیەکی مەعنەوی مێژوویی کەرامەتی مرۆڤی کورد.
نزیکەی نیو سەدەیە قەندیل بۆتە سیمبولی بەرخۆدان و ئازادی، هیچ هێزێکی داگیرکەر نەیتوانیوە ئاڵای سەرکەوتن بەسەر غوبارەکانی ئەم شاخەوە بشەکێنێتەوە، هەمیشە مرۆڤی کوردی شانازی بەم شاخە کەڵەگەتەوە کردووەو، وێنەی ئەفسانەیەکی رادەبەری لە زەینی نەوەکانی مرۆڤی کوردی جێهێشتووە. بەو مانایەی دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر کاتی خۆی لە وڵاتێکی وەکو سکۆتلاندا چیاکانی واڵاس ناوێک بێت پڕ بە ژنی ویلیام واڵاسەوە، کە نیشانەی بەرخۆدان و ئازادی سکۆتەکان بووە بەرامبەر بە داگیرکاری بەریتانیاوە. هەروەها ئەگەر نموونەی شاخە سەختەکانی نیپال هەمان ئەفسانە ببەخشێتەوە بە نیپالییەکان دژ بە هیندو بەریتانییەکان، ئەوا قەندیلیش هەمان رۆحی مەعنەوی کەرامەتی مرۆڤی کوردە دژ بە هەرسێ دەوڵەتی داگیرکەری هەرێمایەتی.
ئێمە لەوە تێدەگەین ئێران و تورکیا دیراسەیەکی تەواویان بۆ ئەم لایەنە مەعنەوییە کوردیەوە کردووە، دەیانەوێ چەند خاڵێکی ستراتیژی بەدەست بێنن، بۆئەوەی لەبەردەم رووبەڕووبوونەوەی رۆژئاوادا قەندیل نەبێتە هەمان ئەو دەردو لاوازییەی کە ئەمڕۆ عێراق تێیکەوتووە. بەڵام ئەوەی لێتێناگەم بەرپرسەکانی هەرێمی باشوور چ دیراسەیەکیان کردووە بەچ قازانجێک لەم دەستبەسەرداگرتنەی قەندیل سوود مەند دەبن؟
لە ئەمڕۆدا وەک چۆن ئامێرو کەرەستەکان خزمەت بە تورکیاو ئێران دەکات، ئەوا بەهەمان شێوە کەرەستەو ئامێرەکان خزمەت بە مرۆڤی کورد دەکەن، ئەگەر خوا نەخواستە ئەو پێشبینیە ببێتە راستی، پێویستە مرۆڤی کورد چی بکا، بۆئەوەی کەرامەتە مەعنەوییەکەی و ئازادییەکەی نەکەوێتە مەترسییەکی گەورەی لەمجۆرەوە؟
پێم وایە ئەمڕۆ دەبێت روناکبیرو رۆشنبیرەکان پشت لەو قازانج و سەرمایە کاتییە بکەن، کە لەلایەن بەرپرسەکانی هەرێمی باشوورەوە بەدەستی دێنن. ئەگەر نا ئەوە دەبن بە دیلی ئەبەدی دەسەڵاتەوە، دەبن بە نموونەیەکی قێزەوەنی مێژوو. دەبێ ئەوە بزانین ئەو هەناسەیەی ئازادییەی نیشتمان سەرچاوەکەی لە قەندیلەوە دێت، لە ئەگەری روودانی کارەساتێکی لەمجۆرە دەبێ مرۆڤی کوردی رووبەڕووی بیرکردنەوەی ئەم دەسەڵاتە ببێتەوە لە باشوور، کە دەیەوێت خیانەتێکی گەورە بەرامبەر بە کەرامەتی کوردەوە بکات.
پێموایە دەبێت لە ئێستاوە ئامادەکاری پێشوەخت بکرێت لەلایەن رەوەندی کوردیەوە لە دەرەوەی وڵات، پلانی ئەوە دابنرێت ئەگەر هەر هێرشێک بۆ کەرامەتی مەعنەوی و سیمبولی ئازادییەکانی کوردەوە کرا، ئەوا بەرپەرچدانەوەیەکی توندی جیهانی هەبێت، بەتایبەت کوردەکان لە ئەوروپاوە ژمارەیەکی بەرچاویان هەیە. هەروەها دەبێت پەرچەکردارێکی توند بکرێت بەرامبەر بەرپرسە کوردەکانی هەرێمی باشوور، هەر بە ئیدانەکردنەوە نەبێت، بەڵکو دەبێت هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە بێت.
ناکرێ چیدی بەدبەخت و زەلیل و بێناوونیشان بین، ناشکرێ چیدی سووتەمەنی و قوربانی بیرکردنەوەکانی دوو بنەماڵەی خۆپەرست بین، ناشکرێ قەندیل ئەوا بەئاسانی پاروویەک بێت و داگیرکەران قووتی بدەن!
پێم باشە کوردەکان کۆبوونەوەو سیمینار بکەن لە رۆژانی داهاتوودا، دەبێت هەڵوێستەکان لەمەڕ خاڵە ستراتیژەکانی مرۆڤی کوردەوە یەکبخرێت و کار بکرێت لەو پێناوە. هەروەها دەبێت ئاگاییەک بە داگیرکەران بدرێت کە قەندیل هێلی سوورە، بەزاندنی جەنگێکی گەورە لە ناوچەکە بەرپا دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست