کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با هەندێک لە قسەکانی خۆیان بدەینەوە بە ڕویاندا، هێزی زۆر بۆ ڕۆژی بۆر!

Tuesday, 26/07/2011, 12:00





لە بەر ڕۆشنایی "مافی شەرعی لە خۆبەرگریکردن" دا
کە نێچیر و فازیل مەتنی شێرەکوڕەکانی بارزانییان لەسەر سەربانی لق و دیوارەکانی چەقاندبوو تا گەنجە بێچەکەکان بدەنە بەر دەستڕێژ، هەستان بەو کردەوانەیان و خۆشیان بە مەغدوور دانا.

بارزانی مام کە وەکو حامیئەلحەرەمەین خۆی کردووە بە بەرگریکار لە پێشمەرگە و شاربەدەرمان دەکات کاتێک دەڵێین ئەو چەکدارانە ڕێکبخەنەوە و بیدەنە دەست دەوڵەت و لە دەست حیزبیان دەربێنن و بیانکەن بە پارێزگاریکەر لە وڵات و لە میللەت، دەبێت گەریلاکانی پژاک و پارتی کرێکاران بە چی بزانێت، ئایا ئەوان پێشمەرگە نین؟

چەکدارەکانی وەزیری "پێشمەرگە" و "ژێرەبانیەکانی" مەسعود یان "سەربانییەکانی" کە وەکو زەردەزیڕە بە جادە و کۆڵانەکانی کەلار و سەرادا بەدووی گەنجە بێچەکەکاندا ڕایان دەکرد و، کاتێک وەکو ڕینگۆ و جانگۆ جگەرەکانییان لە دەمیاندا بوو و تەقەیان دەکرد و منداڵ و پیرەمێردیان دەکوشت ئەمڕۆ لوولەی چەکەکانیان دیارە لوولی خواردووە وا کەسیان لە سنورەکان نین بۆ ئەوەی "دیفاعی شەرعی" لێبکەن و "حەقی دیفاعی شەرعیەکەیان" بەکاربێنن وەکو چۆن لە دژی بەردهاوێژەکان بەکاریان هێنا.

دیارە حەقی دیفاعی شەرعی لە باڵەخانەکانی لق و مەڵبەندەکان تێپەڕناکات.

جەبار یاوەر ئەو پیاوەی نە سەربازە، نە ژەنەراڵە، نە پسپۆڕی ستراتیژی سەربازییە و نە قانونناسی نێودەوڵەتییە جارجارە بە ناوی وەزارەتی "پێشمەرگە" گووتە دەدات و جارێک دەبێتە دەمڕاستی ئەمەریکا و جارێک ئی تورکیا و جارێکی تر ئی چین و ئێستاش ئی عێراق و ئێران.

لە دوا گوتەیدا کە حەقە بە پیتی شەرمەزاریی بنوسرێتەوە و، بخرێتە دۆسیەی موحاکەمەکردنی ئایندەیانەوە، دەڵێت کە ئەو هێرشانەی ئێران دەیانکاتە سەر سنوری کوردستانی هەرێم کێشەی ناوخۆیی ئێران و پژاکە. داگیرکردنی بیست گوند و سوتاندنی ڕەزومەڕوماڵات و کوشتنی گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی ناوخۆیی ئێرانە؟

پارتی و یەکێتی وەکو ئەوەی شۆڕشگێڕەکانی سوریا پەکیان لەسەریان کەوتبێت دەڵێن لەگەڵ خەباتی ئەواندان بە مەرجێک بە شێوازی ناتوندوتیژی ئەنجامیبدەن، بۆ ئەوەی ئەسەدی هاوڕێیان وەکو خۆیان، چۆن ئەوان گەنجەکانیان قەتڵوعامکرد، بتوانێت خەڵکی شۆڕشگێڕی سوریا قەتڵوعام بکات و وەکو خۆیان "قنج بۆی دانیشێتەوە".

ئێوە پێش ئەوەی خۆتان بکەنە دەمخواری ئەوان ئاوڕێک لە سنورەکانی هەرێمەکەتان بدەنەوە!

خەڵکی سوریا ئازاترین و نەبەردترین خەڵکی ناوچەکەن، ئەوان کەس تا ئێستا دیفاعی لێنەکردوون و ڕۆژانە دەیانیان لێدەکوژرێت و سەردەبڕدرێت کەچی خۆپیشاندانەکانیان گەورەتر دەبێت و فشارەکانیان بۆسەر ئەسەد بەهێزتر دەبێت ئیتر چۆن حساب بۆ قسە بێمانا و پوچەکانی ئێوە دەکەن. ئەوان گەر چەکیان بەدەستەوە بوایە بێگومان بە چەند ڕۆژێک ئەسەدیان دەکرد بە داردا ئیتر ناتوندوتیژیی چی و تەڕەماشی چی!

دیارە ئێوە زۆرتان باوەڕ بە خەباتی بێوەی هەیە کە نەتوانێت دەسەڵاتدار و دیکتاتۆرەکان ببزوینێت و هیچ کاریان تێنەکات و بۆ خۆیان لەجێی خۆیان وەکو ئێوە لێی دانیشن. ئێوە و ئەسەد تەنیا لە شەق تێدەگەن لە کوێ لە خەباتی مەدەنییانە تێدەگەن!

ئەو هێزانەی پارتی و یەکێتی دروستیان کردوون وەکو فڕۆکەکانی سەدام وان، کە کاتی لێدانی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، یان ڕەوانەی ئێرانی دەکردن یان لە بیابانەکان دەیشاردنەوە. لەخۆم پرسی دەبێت بۆ کەی هەڵیگرتبێتن بۆ ڕۆژی ڕەش یان ڕۆژی بۆر؟ کەچی تومەس بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتییانی ناوخۆ داینابوون وەکو ئەوەی لە عەقدی کڕینەکانیاندا ئیمزای کردبێت کە دژی فرۆشیارەکانی بەکار نەهێنێت. ئەمانەی لای خۆشمان چەکدارەکانیان داناوە بۆ ئەوەی گەنجە بێچەکەکانی پێ ڕاوبنێن نەک بۆ پارێزگاریکردن لە سنورەکان!

سنورەکان بە ماڵی خۆیان نازانن تا دیفاعی شەرعی لێبکەن، بە کێشەی ناوخۆیی ئێرانی دەزانن.

خەڵکی کوردستان چاک لەوە تێگەیشتووە کە ئەم هێرشکارییانە بەشێکن لە سەفەقەی ڕیککەوتنە ژێربەژێرەکەی نێچیر و تاڵەبانی کە کاتی خۆپیشاندانەکان بە پەلە چون بۆ زیارەتی ئەحمەدینەژاد و دەستیان ماچکرد تا هاریکارییان بکات بۆ سەرکوتکردنی گەنجە خۆپیشاندەرەکان و، ئێستەش ئەڵقەیەکی تر لە زنجیرەی ئەو ڕێککەوتنانەیان جیبەجێدەکەن، ئیتر لە کوێ چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت تا سنووربپاریزن!

زیرەڤانی و پۆلیس و ئاسایش ئەوەنین بتوانن دیفاع لە سنووربکەن، دیفاع و بەرگریی لە سنوور تەنیا بە هێزێکی نیشتمانیی باوەڕبەخۆ دەکرێت نەک بە کۆمەڵێک چەکداری منداڵکوژی معاشخۆری گوێ لەمستی جەلال و مەسعود، گەر نا فەرموون ئەوە عەرزو ئەوە گەس. ئەوە سنوور و ئەوەش لەشکری داگیرکەری پاسداران!

ئێوە حەقی پژاک و کرێکارانتان نەبێت بەڵکو تەنیا حەقی سنورە بەزێنراوەکانی هەرێمتان هەبێت و ئەوانەی بەزاندویانە بیانکەنەوە بەو دیودا!

بەڵام ئێوە ئەوە نین!

هەر ئەوکات سەلماندتان کە ئەوە نین کاتێک سنورەکانی وەفا و ئەخلاقتان بەزاندو چەکی بەرگریکردن لە خەڵکتان بەکارهێنا بۆ دەستدریژیکردنە سەر خەڵک خۆی!

سەروەریی و حەقی دیفاعی شەرعی لە قاموسی بێقاموسەکاندا و سیاسییە ناسیاسیە خێڵەکییە نانیشتمانییەکاندا تەنیا بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتییانی خودە و بۆ پارێزگاریکردنە لە کورسی دەسەڵات و بەرژەوەندی بنەماڵە و خێڵ و هیچیتر!



 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە