پێشمەرگە و میللەت لەنێوان درۆزنى حكومەت و بێ چارەیى پەرلەمان دا
Tuesday, 02/09/2014, 12:00
وەزعەكە ناسكە و رەوشەكە هەستیارە و بەرژەوەندى گەل و وڵات وادەخوازێت،كەلەم كات و وەختە ناسكەدا، بەرژەوەندى گەل و وڵات لەبەر چاوبگرین، ئەمە ئەو دەستە واژەیەیە كە بەشى زۆرى سیاسییە درۆزن و دەسەڵاتە مافیاکەی كوردستان، لەكاتى تەنگەژە و لێقەومان وبارگرژى ئەیكەن و میللەتى پێ مودمین و مەست دەكەن.
لاى من لەوە بێ دەماغ تر و بێ ئەقڵتر نى یە،كە داكۆكى لەو حزبانە ئەكات، لەوە سووك وریسواتر نى یە،كە پاسەوانیان دەكات،لەوە هەرچى وپەرچى تر نى یە كە دەنگیان پێدەدات. ئاى كە جەرگم ژان دەكات كاتێك دەبیستم پێشمەرگەیەك لە بەرەكانى شەڕدا دەكوژرێت، پاش خۆى چەندین هەتیو وبێ سەرپەرشت بەجێدێڵت، لەولاشەوە درۆزنەكانى وڵات، بەناو بەرپرس و سیاسى و پەرلەمانتارەكان لەسەر حسابى خوێن ورەنجى ئەوان گیرفانیان پڕدەكەن، خانوو ئاپارتمان دەبەن بەحەوادا، ریزە ترومبیل دەكڕن.كۆمپانیا و پرۆژەكانیان چەند بەرابەر دەكەن.
ئەى پێشمەرگەى هەش بەسەر، هۆ پێشمەرگەى گیرفان خاڵى و بێ مووچە،تكات لێدەكەم،دەسەتەكانت ماچ دەكەم، خۆت لەشەڕێك مەگلێنە كە شەڕى تۆ نى یە، خۆت مەكە بەسوتەمەنى و قوربانى حزبێك كە وەفاى بۆ تۆو میللەت و خانەوادەت نى یە.مەبە بەداردەستى پەرلەمانێكى زەلیل و كارتۆنى و بێدەسەڵات.
ئادەى پێم بڵێ جیاوازى نێوان سەدام و داعش و تورك و ئەو نابوتانەى هەرێم چین؟ هەرهەمویان كۆپى یەكن و بەرەنگ و شێوەیەكى جودا، كامیان لەخەمى میللەتدان؟ كامیان لەم بار و زورفە ناخۆش و پڕ قات و قڕیەدا بیریان لەئێوە كردۆتەوە؟ ئەوەتا موچە لەباتى ئەوەى مانگانە بدرێت بووە بەوەرزى، لەبرى ئەوەى بارى ئابورى و دارایى خەڵك لەبەر چاو بگیرێت و كەلو پەل و پێداویستى رۆژانەیان بۆ هەرزان بكرێت،كەچى نرخى بەنزین مان لەسەر زیاد دەكەن.
ئێوە گوێتان لەدرۆ و پاساوى چەتەكانى حكومەتە دەڵێن چى؟ چ بەهانەیەك دەهێننەوە بۆ گرانكردنى نرخى بەنزین، گوایە ئەوان لەشەڕدان و مەسرەفى شەڕیان لەسەر شانە، هەروەها ئەبێت لەپارەى ئەو زیادكردنى نرخى بەنزینە موچەى فەرمانبەران بدرێت، بەدەر لەوانەش بەقسەو درۆى خۆیان حكومەت هاوكارى ئاوارەكان دەكات.
ئەوەى تۆزێك بیرو هەستى هەبێت، ئەزانێت ئەو پیاوەى پارتى(سەفین دزەیى) سەرلەبەرى وتەكانى درۆن و راستى بێت تیایدا نى یە، چونكە هەموو دەزانین، سەرەتا ئەم شەڕە دورو نزیك شەڕى كورد نەبوو، بەڵكو بەزۆر خۆى تێوە گلاند، لەسەر ویست و خواستى دوژمنان بوو، جوداى ئەوەش تەواوى مەسرەف و تێچوى ئەو شەڕە لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانى ئەوروپا و ئێرانەوە دابین دەكرێت، هەرچى تایبەتیشە بە موچەى فەرمانبەران ئەوەش درۆیەكى شاخدارە چونكە سێ مانگە موچەى فەرمانبەران نەدراوە، بۆ مەسەلەى كۆمەك و هاوكارى ئاوارەكانیش، ئەوا كەمپین و كۆمەك و هاریكارى خەڵكە نەك حكومەت، شاشەى تەلەفزیۆنەكانى خۆیان شاهیدى ئەو رەوشەن. ئیدى نازانم چ درۆیەكى دیكەى هەیە تا رووى خۆى پێ سپیى بكاتەوە؟تا پارەى دزراوى باخیرە نەوتیەكان و گۆمەرگەكانى پێ شارنەوە؟!
لەوانەش ناخۆشتر كە بۆتە مایەى شەرمەزارى وئیحراجى،بێ منەتى حكومەتە، لە میللەت و نوێنەرانى ، پشتگوێ خستن و ئیهمالكردنى داواكارى پەرلەمانتارانە لە هەمبەر دابەزاندنى نرخى سوتەمەنى، ئەمەش راستەوخۆ ئەوە دەسەلمێنێت كە حكومەتەكەى مەسعود هیچ رێز و قورسایى یەك بۆ میللەت دانانێت و لەپێش چاوى بێ نرخ و قیمەتە.گەر ئەو پەرلەمانە راستگۆن و ساختە و درۆزن نین، بەحەقەت نوێنەرى میللەتن و لەخەمى ئەواندان، ئەوابا بەدەستە جەمعى دەست لەكار بكێشنەوە ،یان سووربن لەسەر بەجێگەیاندنى داواكارى میللەت، وناچاركردنى ئاشتى هەورامى وپێرە دزەكان تا دەست لەكار بكێشنەوە.
ئەمە بەرئەنجامى ساویلكەى و خۆش باوەرى هاوڵاتیانەِ ، كەلەكاتى دەنگدانە ساخەتەكاندا شەڕە پەڕۆ ووهاتو هاواریان بۆدەكردن ، دەنگیان بۆ تەزویر دەكردن و بۆیان دەكڕین. ئەوە بەرئەنجام بەرهەمەكەیەتى.. ئێوەش براى پێشمەرگ بڕۆن بۆ جەنگ و، لە مەیدانى شەڕ سنگ بەگوللەوە بنێن، ببەنە بەربەست و ئاستەنگ لەئاست هێرش و پەلامارى دوژمن، بۆ ئەوەى ئەو سەرزلانەى وڵات سەلامەت و مەعسوم بن، خۆیان و خاو خێزان و موڵكیان هیچیان بەسەر نەیەت، لەولاشەوە، زۆر بێمنەتانە بەو كارە قێزەون وناشیرانەیان پاداشتتان دەدەنەوە، دوژمن ئاسا بەشێنەیى دەتان كوژن. بیرتان نەچێت و باش لێتان مەعلوم بێت گەر هەموو كوردستانى گەورەش ئازاد بكەن، هێشتا بەئەندازەى ئەو سۆزانى وئابڕِو تكاوانە رێَزتان نى یە كە بەفەرمانى مێبازەكانى حزب بەپلەى بەرز و موچەى باش خانەنشین دەكرێن؟!
پێشمەرگە بەڕێزەكان، چەكداران و پارێزەرانى وڵات زۆر باش بزانن،رەوشەكە چەنێك هەستیار بێت،چەنێك هەڕەشەو ترس لەسەرمان زیادبێت، بۆ ئێمە هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت، چونكە ئێمە هیچمان نى یە تا لەدەستى بدەین، ئەگەر لەوشەڕەشدا دۆڕاین و بەزین و دوژمن هاتە سەرمان، و خاكى داگیر كردین تاكە شتێك كە دەگۆڕێت سەرو شكڵى دیكتاتۆرێكە بەدیكتاتۆرێكى دیكە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست