کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كڕنوش بەرن كەژاوەی مەرگ گەڕایەوە؟!!

Monday, 04/06/2012, 12:00




بیست وچوارساڵ
لەنامۆیی و
دوورلەبۆن وئامێزی خاك
دوور لەنەتەوەونیشتمان،
ئەوا ئەمڕۆ بەبێ دەنگی
گەڕانەوە
بۆ باوشی دایكی وڵات
ئاوارەكانی بیابان،
ئەوان بەرلەوەی جەلادێ
سورەتی ئەنفال بخوێنێ
بە گوێ یاندا
هەریەك چڵە گوڵێ بون و
هەوارێكیان نەخشانبوو
وەك گوڵستان،
لە بیابانی شومەوە
گێژە ڵۆكەی مەرگەساتێ
هات وبەجارێ پێكەوە
پەڕە پەڕەی ڕۆحی پاكی
گوڵ وخونچەكانی وەران،
ئەوئەهریمەنە دزێوە
خەمی هێناو
ئاسودەیی وخۆشی سوتان
ئەومەرگی دژە ژیانە
تیشكی ڕوناكی شاردەوەو
ڕۆژی كرد بەتاریكستان،
هەرچی ترسناكی هەیە
كۆیكردەوە
جوانییەكانی برد بەتاڵان،
ئەوە چ كارەساتێ بوو
چ هەورێكی قەترانی بوو
مەرگی باران،
ئەی خودایە
ئەوە چ غەزەبێكی ڕەش بوو
هێزێ نەبوو پێشی بگرێ
لەم دنیایە!!
خودایە تۆ بەئاگابوی
مرۆڤەكانی سەرزەوی
باوەڕ داروبێ باوەڕان،
شوین كەوتەی پێغەمبەران و
سێ پەرتوكە پیرۆزەكەی
دیاری ئاسمان،
ڕەنگی تاوانییان بەدی كرد
چاویان داخست !
دەنگی تاوان كاسیانی كرد
گوێی خۆیان گرت!!
ئەم جیهانە تژی بوو لە ناڵەوهاوار
لە زایەڵەی بانگ كردنی
فریاد ڕەسێ،
بەڵام هەموو ئەم جیهانە
تێكڕا لاڵ بون
وڵامێك تەنها وڵامێ
پەیدانەبوو لای هیچ كەسێ!!
هەرچی مرۆڤ بوو لە جیهان
بێدەنگی وەك دەواری ڕەش
بەسەریاندا هەڵدرابوو
ڕووی خۆیان لەكەداركردوو
مرۆڤایەتییان سوتان،
خودایە تۆبۆ لەبەرچی
دەرگای ئاسمانی بەرینت
لە نزای پڕلە گریانی
مناڵێكی بێنازی كورد
نەكردەوە؟!!
ئەوان نزاووپاڕانەوەیان لە تۆكرد
تۆبۆ ئەی خودای میهرەبان؟!!
ئاخۆ ئێستا
لە ناوكەژاوەی رووفاتی
ئەوچڵ وچێوە وشك بوو
بێ گوڵانەی ئەنفالستان،
چەن پەڕەی گوڵ تژی
لەسورەت وئایەت
بونە بەژەمێ خۆراكی
بەعسییە ڕەشەگۆشتخۆرەكەی
نوگرەسەلمان؟!!!
ئەی خودایە
هەر خۆت دەزانی چی ڕویدا
لەهەناوی پڕمەینەتی و
بێ سۆزوبەزەیی بیابان!
ئەودەشتی لم وسەرابە
هەمیشە هەرمەملەكەتی
شەڕومەرگ و
تاڵان بووە،
هەردەوارگەی جەهالەت و
خەم وخوێن وخەزان بووە،
ئەی خودایە
چی بەسەرهێناین بیابان!!
بۆنی گوڵ وڕەنگی گوڵ و
جوانی گوڵی
لەتوڕەیی خۆیدا وەن كرد
هەناسەی بڕی لە ژیان،
بەڵام هەرگیز پێی نەكرا
ونی كاو بیشاریتەوە
ئاسەواری قوربانییەكان،
ئێستاوا دەگەڕێنەوە
لە كەژاوەیەكی بێدەنگ دا
بۆئامێزە بریندارو
هەڵقرچاوەكەی نیشتمان،
ئەی خودایە
زێدی ئێمە هەزاران ساڵە هەوارگەی
هاوكاری وخۆشەویستییە،
ئەمە چ كارەساتێكە
وا كەژاوەی كۆمەرگی كورد
تێ ئەپەڕێ و
ئەوخەم وكۆڤانە مەزنە
خەمی هەموو خەڵكی نییە!!
كێ بوو ئەم گەلە بەسۆزەی
نائومێد وبێ هیواكرد؟
لە كوێوە هات
ئەوتوڕەیی ودڵ ڕەقییە؟!
ئێوە سەیركەن ئەی خەڵكینە
ئەم كاروانە
كاروانی سەدان تابوتی شەهیدانی
گەرمەسێرە،
ئەم ئێسك وپروسكانە
مناڵە چاوگەشەكان و
كچ وكوڕانی خوێن گەرم و
پیرە پیاوانی مزگەوت و
داپیرەی حیكایەتخوان و
ژن وپیاوانی دلێرە،
دەبو ئەمڕۆ
گەورەوبچوكی كوردستان
لە حزوری ئەو ڕۆحە هەڵوەریوانە
دەس لەسەرسنگ بوەستایە،
دەبو ئەمڕۆ
هەموسەركردەكانی كورد
بەڕەش پۆشی
كڕنوشیان بۆ كەژاوەی مەرگ
ببردایە،
ئەبێ لە كوێی ئەم گەردونە
لە تابلۆ یشدا نەخسێنرابێ؟
حەوت سەدووسی تابوتی مەرگ
لە كاروان وكەژاوەیەك
پێكەوە بەڕێكرابێ !!
بەڵام هاونیشتمانییەكان
بێخەم بێخەم
فەرمانڕەواكانی وڵات
بێباك بێباك
هەموتێكڕا
لەكەشێكی ئارام دا بێ !!
دەبوو ئەمڕۆ
ئەوكۆڵان وشەقامانە
ئەوكۆشكوتەلارەبەرزو
بارەگا ڕەنگاوڕنگان،
ڕەنگی ڕەشیان بپۆشییایە!
نەك ئاڵاو لافیتەی زەردوسەوز
لە یادی ڕۆژبونی حزب
كوردستانیان بەشكردایە!!!
دەیان ساڵە هاواری گەل
بێ وڵامە
گەرچی پڕولێوان لێوە
زەوی وئاسمان،
دیسان هاوار هاواری گەل
بۆخاوەن دەسەڵاتەكان،
تكایە ئیدی لەمەولا
چیترحزب پیرۆز مەكەن
هەرلەم ساتەماتەمەوە
بڕیاربدەن
ئێسكوپروسكی شەهیدێ
ناسنامەبێ و پیرۆزتربێ
لە سیمول و ناوومێژوی
هەموحزب وسەركردەكان،
بیستوچوارساڵ تێپەڕیوە
ئەمڕۆ گەیشتەوە وڵات
یەك نواڵەیە چڵی بێ گوڵ
لەو خەرمانە،
هێشتا بیابانی عەرەب
هەرگۆڕستانی ئێمەیەو
مەزنترین گۆڕستانە!!
ئەی خەڵكینە كۆبنەوە
چەن ساتێ هەموپێكەوە
باڕووبكەینە بیابان،
نوێژێكی كوردانە دابەستین
لە بەرامبەر قوربانییەكان،
باپێكەوە سەری ڕێزدابنەوێنین
بۆمەمە وشكەی مناڵێ
بۆ شانەیەكی داڕزیو
بۆئاوینەیەكی شكاو
بۆكیسەو توتنێكی گەنیو
بۆكۆڵوانەیەكی دڕاو
بۆ جامانەیەكی تۆزاوی
بۆیەك تاكە پێڵاوێكی پینەكراو
بۆ كلێتەو پوزەوانێ
بۆ ملچێوكو كلدانێ
بۆبوكەڵەیە بۆ تۆپێ
بۆ كەواوسەڵتەوگۆچانێ !
دەبائیدی پێكەوەبین
لە گۆڤەندو پێكەنین و
لە خەم وپرسەو گریانێ ،،
29/5/2012




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە