هەڵبژاردن لە کوردستان!!
Thursday, 05/09/2013, 12:00
هەموو قەوارە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، تاکە مەسەلە کە پۆزەتیڤ بێت، هەمووان باس لە ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگا دەکەنەوە، باس لەوە دەکەن کە هەڵبژاردن بیگەرد بێت و دام و دەزگاکانی دەوڵەت بێلایەنن. منیش گومانم لە پراکتیک بوونی هەیە.
بێبەش بوونی ڕەوەندی کوردی لە هەندەران و کوردی دانیشتیووی شوێنەکانی جێ ناکۆکیەکان دوو مەسەلەی گرنگن و بێ ئیرادەن لەم پرۆسێسەدا دیارە دەسەڵات لە دەورانی ئەم تەمەنەی خۆیدا کورتی لەم بارەوە هێناوەو زۆرێک لە بەڵێنەکانی خودی حزبەکانی دەسەڵات دەکاتە ووشەی بریقەدار و هیچ.
نەبوونی ئەزموونی هەڵبژاردن و سیاسەت لە ئازادیدا و نەبوونی ئازادی سیاسی و بەیان و عەقیدە لە ووڵاتدا هەموو ئەو گرفتانەی دروست کردووە. لەلایەکی تر بە بەرنامە کارکردن بۆ مەبەستی تایبەتی حزبی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ مانەوەی وەزعی مەوجود و ئیدامەدان بەم وەزعە و دروستکردنی نەوەیەک لە سینییزم و بێ باوەڕی بە سیاسەتی دروست و خزمەت بە ئاواتە نەتەوەییەکان بووەتە گرفتێکی جدی لە کۆمەڵگادا. بۆ ئەوەی ئەمە بگۆڕدرێ دەبێ دەسەڵاتێ بگۆڕێ کە ئەم کەش و هەوایەی دروست کردووە.
ئەگەر بە زانستی سەیری مەسەلەکانی بانگەشە بکەیت زۆر بەئاسانی بۆ مرۆڤی هۆشیار ڕوون دەبێتەوە کە زۆربەی زۆری هەراوهۆریایەکی بێ مانایە و هیچ بەرنامەیەکی دروست و پشت بە داتا نیە و هەمووی بە سۆز و عاتیفەوە کاردەکەن نەک بە واقعی و بەبەرنامەی دروستی زانستی و ستراتیژیەکی نەتەوەیی ڕۆشەن. بەڵێنی داواکاریە فەوریەکان، کورتماوە و ستراتیژی تێکەڵاون و هەندێ جار دژ بەیەکیشن.
زۆر لە بانگەشەکان و ختابە سیاسیەکانی سەرکردەکان بە سەرۆکی کوردستان و جێگرەکەی تا دەگاتە ئیسلامیەکان هەموویان لەدەوری یەک تەوەرە دەخولێنەوە دەنگ مسۆگەر بکەن بۆ حزبەکەیان و کاندیەکانیان و پێچەوانەی خودی ووشەکانی خۆیان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا کاریان کردووە.
دوو ئاراستە ی جیاواز لە کۆمەڵگادا هەیە، کۆمەڵێ دەیەوێ ئاڵوگۆڕ بکات و کۆمەڵێ دەیەوێ هەمان وەزع بەردەوام بێ، لەم نێوەدا کۆمەڵە دەنگێکی بێ خانەو لانە هەیە و لەگەڵ بازاڕدا هەنگاو دەنێ و دەسەڵات بە کەمترین فشار ئەم دەنگە بازاڕیانە مسۆگەر دەکات. تەزویریش با لەم لاوەبێ. بەڵام ئایا ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ ئەم دەنگانە بۆ خۆی مسۆگەر بکات؟.
هەروەکو ووتمان کوردەکانی دەرەوە بێ بەشن لە هەڵبژاردن تەنها کەسانێ نەبێ کە دوو ڕەگەزیان هەیە و کارتی زانیاریان هەیە و لەوانەیە خانەنشینیەکی چەند سەد هەزاری و معاشێکی بندیواریان هەیە، کوردەکانی ناوچە دابڕاوەکان وجێ ناکۆکیەکان و دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمیش بێ بەشن. ئەوەی دەمێنێتەوە هەولێر و دهۆک و زاخۆ و سلێمانی و گەرمیانە، یانی ناوچەی زەرد و سەوز. سەوزیش بۆتە دووبەرە و ناوچەی زەردیش هەمووی ئۆپۆزیسیۆنن بە یەکێتی نیشتمانیشەوە تا دەگاتە سۆرانیەکانی ناو پارتیش و هەندێ خەڵکانی دهۆک و زاخۆش.
لەم نێوەدا ئەگەر یانی گریمان هەڵبژاردنێکی بێ خەل و خەش و تەزویر ئەنجام درا کە ئەمە گریمانێکی زۆر لاوازە، لەم نێوەدا خەڵکی کوردستان حزبین و دەرچووەکان بەبێ هیچ لەم بانگەشە و ووشە بریقەدارانە کە زۆربەیان هەر بەووشە دەمێننەوە دەردەچن و حزب بڕیار دەدات لە دوا حالەتدا کێ لەسەر کورسی پەرلەمانی ئەشهەد و بیللا دادەنیشێ و ئیمتیازاتەکانی بۆ خۆی و حزبەکەی کۆدەکاتەوەو دەقۆزتەوە. کە ئەمەی دوایی هەموو ئاواتی زۆربەی ئەندامانی حزبی دەسەڵات و ئیسلامیەکانە کە بۆ هەمووان ڕۆشنە.
لەم دەورانە دا شاری هەولێر و دەنگدەرانی مەڵبەندی ناوەند و چڕی بڕیاردانن و ئەوان یەکلاکەرەوەن، خەڵکی شاری هەولێر تەنها ناوەندی شار و دەورووبەری دەتوانن کۆتایی بەم زۆنەی زەرد بێنن کە ئاواتی زۆربەی خەڵکی کوردستانە نەک لەبەر دژایەتی پارتی وەک حزب بەڵکو لەبەر ئەم ستراکتوورە بنەماڵەییەی کە هەیە و فۆرمی لە قۆرخی ئابووری و دەسەڵاتدا گرتووە . ئەوا تەنها ئەوان لە توانایان دایە و نەک شارێکی تر ، هەربۆیەش بۆ ئۆپۆزیسیۆنێ دەیەوێ دەسەڵات بگرتە دەست دەبێ لە هەولێربانگەشەی سەرەکی و ناوەندی دامەزرێنێ نەک لە سلێمانی و گەرمیان و دهۆک و زاخۆ، چونکە هەولێر ناوەندی ئابووری و دیپلۆماسی و دەوڵەتە لە کوردستان و ژمارەی زۆرترین دانیشتوانیشی هەیە.
با کێشەکان ببرێنە ناوەند و هەرلەوێش یەکلا دەبنەوە، ئەوکاتیش ماهیەتی حزبێکی دەسەڵاتی وەک پارتی بۆ دیموکراسی یەکلا دەبێتەوە. لەلایەکی تر با پارتیش بێتە سلێمانی وگەرمیان و شانسی خۆی دووبارە تاقی بکاتەوە.
خەڵکی کوردستان لەم فرسەتەدا دەتوانن دەنگی خۆیان بە باشی بەکاربێنن، ئەویش دەنگدانە بە قەوارەی سیاسی نەک کەسەکان، کەسەکان هەر بەرنامەیەکیان هەیە ئەوە بۆ خۆیان بەڵام قەوارەی سیاسی بڕیاری کۆتایین. ئەگەرچی ئەگەر تەماشای ستراکتووری کۆمەڵگا و نیەت بۆ گۆڕان بکەیت ئەوا دیاردەکانی زۆرنین بەڵام هیچ شتێ مەحال نیە لە سیاسەتدا. گۆڕانی ئەم دەسەڵاتەی هەیە بە بانگەشە و ووشەی ڕەنگاوڕەنگ و نوسینی بەرنامە ناگۆڕێ ناگۆڕێ بەڵکو بە کار و هەندگاوی پراکتیک دەبێ.
مێژوویش پێمان دەڵێ ئەمە ڕوودەدات یان نا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست