زۆنی سولەیمانی لە نێوان لە دەست دانی کۆنتڕۆلی یەکیەتی وئەگەری تێوەگڵانی پارتی
Wednesday, 02/10/2013, 12:00
زۆنی سولەیمانی دوا بە دوای بەدەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و هێنانی 25 کورسی لە هەلبژاردنی چوار ساڵ لەمەوبەر کەوتۆتە بەر مەترسی لە دەستدانی قەلەمڕەوی یەکیەتی بۆ ئەو هەرێمە . ئەدی لەو هەلبژاردنە کە بزوتنەوەی گۆڕان دوور لە هەموو پێشهاتەکان و لە ناو ئەو هەموو پڕۆسیسە تەزویرو بێدادیەی کۆمسیۆن و ئینجا بتوانێ قەوارەی دەنگەکانی بەرز کاتەوەو لە بەرامبەریشدا یەکیەتی تووشی ئەو هەموو کورت هێنانە بێت و لە ڕێگەیەوە دوو ئەوەندەی تر زۆنەکە بۆ یەکیەتی دەکەوێتە خانەی مەترسی لە دەستدانی . خۆ ئەگەر یەکیەتی بڵێ هێشتا کۆنتڕۆلی پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکانم لە بن دەست ماوە ، لێرەش سیم و جیمێک هەیە بەوەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەو هەرێمەدا لە ناو هێزە چەکدارەکان ، دەنگێکی وەها کەمتریان لە یەکیەتی نەهێناوە بەوەی کە ئەمەکەی دوایی بیەوێ لە ڕێگای سووپاوە پارێزگاری لە مانەوەی خۆی لەو زۆنە بکات . پێش ئەو هەلبژاردنە تەنیا بەشێک لە کادیرانی خوارەوەو پێشمەرگەو نیوەی جەماوەر ، مەترسی ئەوەیان لێ دەکرا کە پالپشتی لە بزوتنەوەی گۆڕان بکەن . دوای ئەو هەلبژاردنە جگە لەوەی ئەو پەڕەگرتنە سنورێکی فراوانتری بەخۆوە گرتووە ، زیاد لەوەش خەریکە بەشێکی فروان لە هەیکەلی کادیرانی یەکیەتی و ژمارەیەکی زۆر لە کادیرە پلە بەرزەکان بە ئاشکەرا دژایەتی خۆیان بۆ دەستەی دەست ڕۆیشتووی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی دەردەبڕن و شکستی کورتهێنانی دەنگەکانیشیان دەخەنە پاڵیانەوەو پێیان دەڵێن دەسەڵات بۆ خوارەوەی خۆتان بەجێ بێڵن . ئەو پەڕە گرتنانە هەر هەمووی نیشانەی ئەوەن کە ئەو زۆنە بکەوێتە بەردەستی بزوتنەوەی گۆڕان یان ڕێکەوتنێک ببێت لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی بە مەکتەبی سیاسی دەستڕۆیشتو ، ڕازی نین . هێشتا هەلبژاردنی پارێزگاکان نەکراوە کە بێشک لێرەش گۆڕان لە سولەیمانی لە یەکیەتی دەباتەوە . بەڵێ هێشتا ئەو هەلبژاردنە نەشکراوە و ناوە ناوە هەندێ دەنگ و باس ، خۆیان دەگەیەنێننە ناو ڕاگەیاندنەکانەوە کە دەکرێ لە ڕوانگەی فیدڕالیزمی پارێزگاکان کە وەختی خۆی ئەمەریکیەکان بۆ ئایندەی حوکمی عیڕاق پێشوازیان لێ دەکرد ، بتوانن سیستەمی حوکمی خۆجێیی لە دەڤەری سولێمانی پێک بێنن . ئەوەی دەمێنێتەوەو چەندیان بۆ دەچێتە سەر یان نا . پێم وانیە بزوتنەوەی گۆڕان بیریان لەوە کردبێتەوە کە بەردی گەورە هەڵگرن ئەگەر پێیان نەهاویشترێ . من بۆ خۆم زەینم بۆ ئەوە دەچێ کە ئەوان بتوانن بەردی لەو بابەتە بهاوێژن و ئاڕاستەکەش بپێکن چونکە ئەوان بە تەنیا نین ، تەیاری دینیان لە گەڵە لە گەڵ نیوەی یەکیەتی وپێشم وایە نە ئەمەریکیەکان وە نە حکومەتی عیراقی دژایەتیان بکەن . ئەوەی دەمێنێتەوە ، تێوەگلانی پارتی بێت لە قازانجی گروپی نەوتی یەکیەتی . لێرەش سیم و جیمێک هەیە بەوەی ئایا پارتی غیرەتی وەها دەکا لە ناو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەی کوردی و ناوچەکە خۆی تێ هەڵقورتێنێ . خۆ ئەگەر ئەوەشی کرد کێ ناڵێ دە ئەوەندەی تر ڕقی جەماوەری یەکیەتی لە لایەک لە دژی پارتی و قیادەی خۆیان ، وەرنەچەرخێ ئەوە جگە لەوەی کە گۆڕان و تەیاری دینی و جەماوەرو ئەم و ئەوی تریش لە مەسەلەی وەها بێ دەنگ نەبن و لە دوا جاردا جولەیەکی جەماوری هەرە فراوان لە دژیان خۆیان نەپڕژێننە سەر شەقامەکان و کۆتایی بە جۆرە دەستێوەردانی وەهاش بێنن .
نوری مالیکی چەند ڕۆژ لەمەوپێش هۆشداری دا کە کارەکانی لەمەودوامان بۆ ئەوە دەبێت کە لە تەشکیلەی حکومەتی عیڕاقی ئەو جارەمان ،کۆمەڵە وەزارەتێک هەبوونیان کۆتایی پێ دێنین و لە بری ئەوەوە دەسەڵاتی ناوەند کەم دەکەینەوەو دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکان زیاد دەکەین . لە سەر ئەرزی واقیعیش ئەوەی تا ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان ، دەگوزەرێ ، بریتیە لە دوو دەسەڵاتی یەک گرتوو بە شکل و سەربەخۆ وەک ناوەرۆک . لێرەدا چی تێدایە با ئەو شکل و ناوەرۆکە نەگونجاوە ، بیگوازینەوە بۆ هەقیقەتە ڕاستەقینەکەی . کە خۆی لەوە ببینیتەوە کە وەک ئەوەی مالیکی بانگێشەی بۆ دەکا با لە هەرێمیش نەک لە سەر دەستی مالیکی بەلکو لە سەر دەستی لۆکالی هەرێمەکە کە دەکاتە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سولەیمانی ، ئەو کارە بکەین . ئەگەر ئەو قسەیەش بێنینە ناو دەنگ و باسەکانەوە بەوەی ئەوەی کە پێشتر نەکراوە ، لە بەر ئەوەوە بوو کە ئەو دوو پارێزگایە زۆر بە توندی بە بازنەی یەکگرتووی ڕێکەوتنی ستراتیجی دوو پارتی دەسەڵاتەوە ، بەسترابوونەوە بەڵام خولی چوارەمی هەلبژاردن خەریکە لە سولێمانی بازنەکە شل دەکاتەوەو هەلبژاردنی دادێی پارێزگاکانیش هەندەی تر بازنەی ڕێکەوتنی ستراتیجی خاو تر دەکاتەوە . لە ڕووی واقیعیش ئەگەر بجولێین ، وەک بڵێین ئێ چی تێدایە مادامەکینێ نەتوانین قەیرانی حوکم و ئابووری لە هەموو کوردستان چارە سەر بکەین ، با لە سولێمانی دەست پێبکەین . با لە سولێمانی گرێبەستە نەوتیەکان و بودجە زەبەلاحەکەی لە بن دەستی نوخبە دەربێنین و بۆ پتەو کردنی ژێرخانی ئەو شارەو پەرەسەندنی ئابووری و دۆزینەوەی هەلی کار و خۆشگوزەرانی خەلکەکەی بەکاری بێنین و با بە دەسەڵاتی کەمیشەوە بە هەولێر ببەسترێینەوە .گومانیشم لەوە نیە ئەگەر لەو بەشە کرانەوەی ئابووری و سیاسی و فەرمانڕەوایەتی بە ئەنجام بگات ، بۆ شوێنەکانی تریش دەگوازرێتەوە .
مەهدی کاوانی لە بەریتانیا ۱/۱٠/۲٠۱۳
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست