ئابلۆقەی پارتی لە سەر ڕۆژئاوا خیانه‌تێکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه!
Saturday, 05/01/2013, 12:00
ئەو ئابلۆقە نوێیەی پارتی، کە خستوویەتە سەر خەڵکی کوردستانی (رۆژئاوا) یەکەم ئابلۆقەی دژە مرۆیی و نەتەوەیی نییە لە سەر خەڵکی کوردستان، بەڵکو لە گەرمەی شەری ناوخۆشدا کاتێک پارتی لە بەرامبەر یەکێتی لە بەرەکانی شەر شکستی هێنا بەتایبەتی لە دەرکردنی پارتیی له لەهەولێر، بۆیه هاوشێوەی بەعس ئاسا، ئابلۆقەی خۆراک و داوودەرمانی خستە سەر شاری هەولێر بەمەش ئابلۆقە بۆ سەر ئەم شارە لەلایه‌ن (نەتەوە یەکگرتوەکان، بەعسەوە) ئابڵوقه‌ی پارتیشی هاتە سەر، بەرادەیەک کیلۆیه‌ک شەکر گەیشتە ١٠٠ دینار، لە کاتێکدا موچەی زۆرینەی مامۆستاکان ٢٠٠ بۆ ٠٠ ٣ دینار بوو، هاوکات بردنی ئامێرەکانی کارەبا کە بووە بڕینی کارەبا لە سەر خەڵکی هەولێر لە٣١ی ئاب لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، کە هەرگیز نابێت ئێمە ئەوەش لە یاد بکەین، کە سەرباری ناپاکیی و ئازاری ٣١ی ئاب و نەبوونی ئاو، روناکیی و نه‌هێشتنی کاره‌باشی هاتە سەر، ئەمانە کۆمەڵێک ناخۆشی و تاوانی ئەو دوو پارتەیە، که دژ به گه‌ل و بە نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ئه‌نجامیان داوه، بۆیە ئەرکی ئەخلاقی ئێمەیە بەردەوام وه‌بیر خەڵکی بهێنینەوە.
ئه‌م ئابلۆقە نوێێەی پارتی، کە بە بڕیاری (بنەماڵەی بارزانیی) دراوه و ئامانجی سەرەکی جێبەجێکردنی پلانی تورکیایە تا ئیرادەی کوردانی ڕۆژاوا لاواز بکەن و خۆیان بده‌نە دەست سیاسەتەکانی تورکیا و رۆژئاوا، واز داوا و کێشەی ئه‌و بەشه‌ی کوردستان بهێنن، جارێکی دیکه ئەوە ده‌سه‌لمێنێت، که پارتیی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دژ بە نەتەوە و به‌کوردبوونی خۆیانن، که له مێژووی هیچ نه‌ته‌وه و میلله‌تێکدا نمونەی ئەم جۆره خیانه‌ته‌ی که‌مه.
هۆکارێکی دیکه‌ی ئه‌م ئابڵوقهدانه، ئەوەیە کە پارتی و بنه‌ماله‌ی بارزانی ده‌یانه‌وێت رۆل و کاریگەریی خۆیان بە فشار و ترس وەک هاوشیوەی باشور لە سەر خەڵکی رۆژئاوا دروست بکەن، لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی ئەم ئابلۆقەیەی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بە ئابلۆقەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەزە بەراورد بکەین، که چۆن ئابڵوقەیان خستۆتە سەر فەلەستینییەکانی دانیشوی شاری غەزە، هەروەها هەمان ئابڵوقە تورکیا و ئیران و بەعس بەسەر کوردیان سه‌پاند.
1) وه‌ک ده‌زانن ئیسرائیل دوژمنێکی سەرسەختی (حەماس)ه، غەزەش لەژێر ده‌سه‌ڵاتی حەماسدایە. هاوکات لە غەزە نەوەیەکی ئەنتی ئیسرائیلی سەلەفی دروست بووه، ئه‌مه وای کردووه که ئیسڕائیل ئه‌و هه‌ڵویسته وه‌ربگرێت، بەڵام لە رۆژئاوای کوردستان هیچ مەترسییەکی نەتەوەیی نییە، جگە لەوە که پێگەی بریار بەدەستانی پارتی بە رزگارکردنی رۆژئاوا و هاوکێشە سیاسییەکان گۆرانکاری بەسەردا دێ، بۆیه پارتیی به‌تایبه‌تی بنه‌ماله‌ی بارزانی ترسی زۆریان هەیە، که هێزێکی تر دەسەلاتەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە.
2) سەدام و رژێمی به‌عس لەکاتی ئەنفالەکاندا هاوشیوەی ئەو ئابلۆقەیەی پارتیی که عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید خستیه سه‌ر کوردستانی باشوور، خۆراک و دەرمانیان لە سەر خەڵک بڕی، به‌ڵام لە گەرمەی ئابلۆقەی 91 کەم و زۆر لە کۆنترۆلی خاڵەکانی پشکنین بەنزین و نەوت و داودەرمان دەردەچوو، هاوکات لەگەرمەی کارەساتی ئەنفال ولاتیكی درەندە و دژە کوردی وەک تورکیا، سنورەکانی بۆ کورد و هیزی پێشمەرگە کردەوە، هه‌روه‌ها ئیران و تورکیا لە به‌رامبه‌ر ره‌وه‌که‌دا ده‌رگایان بۆ کورد کردەوە، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پارتیی ده‌یکات، له هاوشێوه‌ی دوژمن و داگیرکه‌ره‌که‌ش نییه، ئه‌وه‌تا ئیستا برا کوردەکانمان لە رۆژئاوا پێوستیان بەهاریکاریە، کەچی پارتی لە بڕی دەستی یارمه‌تیی درێژ کردن، تەلبەندی دەکات تا خۆراک و داودەرمانیان پێ نەگات.
ئەگەر پارتییەکان بەهانە بۆ ئەو ناپاکییە نەتەوەیی و دژە مرۆیەیان بهێنەوە ئەو دەبێ لە یادمان نەچێ بەعسیش بەهانەی بەهیزتری لە بەرامبەر ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌دا هه‌بوو که به‌رامبه‌ر به کورد ده‌یکرد، وەک (بوونی شۆڕش دژ بە بەعس، هێنانی سوپای داگیرکەری ئێران بۆ هەڵەبجە و بیرە نەوتەکان و حاجی ئۆمەران.....هتد) بۆیە پاساوهێانەوە بۆ تاوانێکی ئاوا قابیلی قبوڵ نییه، ئه‌مه ته‌نها ئابلۆقەدانی خەڵک و برسی کردنییانه تا خۆیان بده‌نه دەست داخوازیی و سیاسەتە شکستخواردوەکانی تورکیا و واز له که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤبوونی خۆیان بهێنن، ئه‌مه‌ش لوتکەی هه‌ره ناپاکیەکی تری (بنەمالەی بارزانیە) کە بریاردەری ئەو تاوانەن.
لە کۆتایشدا پێویسته رەخنەیەکی جدی لە هەڤاڵانی پ‌ک‌ک بگرین، چونکە ئەوە بەشێکی بەروبومی هەڵە سیاسییەکانی ئەو چەند ساڵەی ئه‌وانه به‌رامبه‌ر به پارتیی و بنه‌ماله‌ی بارزانی، لێره به‌دواوه ده‌بێته سەرەتای ململانێیەکی درێژ و ناخۆش لەگەڵیان، ئیستا کاتی ئەوە هاتووە شەرم و خاتری پ‌ک‌ک لەم بوارەدا نەگیرێ، چونکە بێدەنگی هەموو کات هەڵەکان زیادتر دەکات، پاکی و جوانی و بەرخوادانی گەریلا و گەل لە باکور و رۆژئاوادا، هەرگیز تەزکیە یان بێدەنگی بەرامبەر هەڵەکانیان یەکسان ناکات، بۆیە ئەوەی هەست پێدەکرێ، ماوەی چەند سالێکە لە باشوری کوردستان (پ‌ک‌ک و هاوسۆزەکانی پچدک) هەڵوێستێکی هەلپەرستانەیان لە بەرامبەر ئازارەکانی باشوری کوردستان وه‌رگرتووه تاردەیهک هەست دەکرێ جۆرێک لە رێکەوتن هەبێ لە نیوانیان هه‌ر سێ لایه‌ندا (پارتی و یەکێتی و په که. که) دیاره ئه‌مه‌ش له حیسابی ئازادیی خه‌ڵکی باشوور، که ئه‌و خه‌ڵکه تێیدا بوونه‌ته قوربانی، ئه‌وه‌ی له‌و سالانه‌ی رابردوودا هه‌ستی پێکراوه، پێده‌چێت رێکه‌وتنه‌که به‌م شێوه‌یه بووبێت، که پارتی و یه‌کێتیی رێگایان به په‌که‌که‌ک دابێت، تا لە باشوور بارەگا و کار و چالاکی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و شەریان له‌گه‌ڵدا نەکەن، هاوکات بەرامبەر ئەوە پ‌ک‌ک ش قورسایی میدیایی له‌سه‌ریان لابردووه، هه‌ر بۆیه ئه‌و تاوانە نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی پارتی و یەکێتی لە سه‌ر دۆسیەکانی (خەزرەجی و سولتان هاشم و تارق رەمەزان... تیرۆر و شوێن بزرکردنی ده‌یان رۆژنامه‌نووس و چالاکه‌وان تا ده‌گاته دۆسیەی شەهید سەردەشت، له‌لایه‌ن میدیاکانی په‌که‌که و سێبهرهکانیشیی هاوسۆزیه‌کی به‌رفراوان هه‌بووه. به‌ڵام له 17ی شوبات به‌دواوه پارتیی و یه‌کێتیی گه‌وره‌ترین تاوانیان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجامدا وه‌ک تەقەکردن لە خەڵکی خۆپیشاندەر و گرتن و راوودوونان، ئەشکەنجەدان و شوێن بزرکردنی دەیان تاوانی ئەم دەسەلاتە لە سلێمانی و هەولێر، هاوکات چەندین کەیسی وەک برایمی کاکە ئەحە و کارزان کەریم و سەید ئەکرەم وشوێن بزرکردنی دەیان گەنجی هەولێر و ئەشکەنجە و گرتنی گەنجان لە بادینان و سلێمانی، هه‌موو ئه‌مانه له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه گرنگییان پێی نه‌داوه.
خاڵێکی گرنگی دیکه‌ش له‌سه‌ر که‌مته‌رخه‌میی و بێ هه‌ڵوێستیی په‌که‌که به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد له باشوور، ئه‌وه‌یه که بەهێچ شیوەیەک هەستی پێناکراوه، که وەک هێزیکی ئۆپۆزیسیۆن دژ به دەسەڵاتی کوردی هه‌ڵویستیان هه‌بووبێت، به‌ڵکو قورسایی کارەکانیان لە سەر مەسەلەی نیشتمانی تەرخان کردووه، نه‌ک دژ به پارتیی و یه‌کێتیی به‌ڵکو رۆڵییان وه‌ک هاریکاری بۆ باکور و رۆژئاوا له باشووردا هه‌بووه.
بەداخەوە لە گەرمەی هەڵبژاردنه‌کانی باشووردا رێزدار(موراد قەرەیلان) ئاماژەی بەوە کرد، کە بارزانی کەسێكی شیاوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، لێره‌دا نەدەبوو پ‌ک‌ک ئەو سیگنالەی بە بارزانی بدایە، ئه‌مه لە کاتێکدا هیچ لایه‌نێک هێنده‌ی په‌که‌که ئەزمونی تاڵی لەگەل تاوان و ناپاکیەکانی ئەو دوو پارتەدا نه‌بووه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست