شیرین بێ ڕەوشت نیە بەڵكو زادەى كۆمەڵگایەكى دڵ ڕەق وبێ ڕەوشتە وڕیاكارە
Wednesday, 20/10/2010, 12:00
منیش وەك هەزاران كەس چیرۆكى پڕ مەرگەساتى شیرین م خوێندەوە، دەمەوێت لەسەر چەند خاڵێك هەڵوەستە بكەم:
بنچینەى كارەساتەكانى ئەو خوشكە بەڕێز وستەم لێكراوە دەگەڕێتەوە بۆ خێزانەكەیان كە بریتی بوە لە دایكێكى كڵۆڵ ونیمچە شێت وباوكێكى بێ ڕەوشت وجاهیل ونا مرۆڤ، باپیرێكى ساقیت وبێ ڕەوشت. ئەوەى پێی وایە شیرین خەتاى هەبوە لە بێدەنگى كردن لە دەست درێژیەكانى باپیرە نامەردەكەى ئەوە حەتمەن هیچ لەبارەى سایكۆلۆژیەتى كچێكى منداڵی پەروەردەكراو بە سەقەتی ولەناو خێزانێكى سەقەتدا نازانێت، ئەوە هەر شیرین نییە بێدەنگى لێكردوە بەڵكو خوادەزانێت سەدان وهەزاران شیرین هەبن كە دوچارى دەستدرێژی وزیناى مەحارم ببنەوە بێ ئەوەى بوێرن هیچ بدركێنن. شیرین ئەگەر قسەشی بكردایە كێ باوەڕى پێدەكرد لەو كۆمەڵگا بێ بەهایەى كە هەردەم شانازى بە بوونى بەها بەرزەكان دەكات!!
كۆمەڵگاى ئێمە ئەو ڕوداوەى جۆرج بەرنادشۆم بیردەهێنێتەوە كە نوسەرێكى بێ ئەرزش لە بۆنەیەكدا ڕەخنەى لێگرتبوو و بەتەوسەوە پێی گوتبوو: تۆ بۆ تەنها لەسەر مادە وپارە وپول وئابورى دەنوسیت؟! بەرنادشۆش وەڵامى دابوەوە ووتبوى ئەى جەنابت لەسەر چی دەنوسیت؟ ئەویش گوتبوى: من هەردەم لەسەر بەها وقیەمە بەرزەكان دەنوسم!! بەرنادشۆش وتبوى: هەركەسەى لەسەر ئەو شتە دەنوسێت كە نیەتى!! ئێمەى كوردیش هێندە باسی قیەم وفەزائیل وبەها بەرزەكانى كۆمەڵگاى خۆمان دەكەین كەچی چیرۆكى شیرین وبەر لەویش چیرۆكى ئەیوبی فریشتە منداڵ كە بەبەر چاوى هاوسێكانى بە ئەشكەنجەى زڕدایك وباوكە بەرازەكەى كوژرا، دەیسەلمێنن كە كۆمەڵگاكەمان تا چ ئاستێك بێ بەهایە. بێ بەهایی تەنها بۆ دەسەڵات وحكومەت ناگەڕێتەوە بەڵكو هەموو كۆمەڵگا دەگەرێتەوە بە حزبە علمانیەكان وئیسلامیەكانەوە بە ئارەق خۆر ومەلاكانەوە بە دەروێش وهونەرمەندانەوە بە حاكم ومەحكومەوە.
ئەگەر ئەو حزبانەى كە خۆیان بە ئیسلامى دەزانن وخۆیان بە پارێزەرى ڕەوشت وبەهاكان دەزانن لە جیاتى ئەو سیاسەتە دنیاویانەیان كەمێك گرنگیان بە كێشەیەكى كۆمەڵایەتى واگەورە دابایە وچەند شوێنێكیان دابینكردبا بۆ داڵدەدانى ئەو ئافرەتە لێقەوماوانە ئەوە ئافرەتان ناچارنەدەبوون بچن بۆ شوێنێكى وەك ئەو شوێنانەى كە هەن كە رۆلێكى نێگەتیڤانەتر دەبینن لە پاڵنانى ئافرەتانى لێقەوماو بۆ باوەشى بەدڕەوشتى وخراپەكارى. ئەگەر حوكمەت بیویستایە وچاودێریەكى توندى ئەو شوێنانەى كردبایە هەرگیز ئەو شوێنانە نەدەبونە گۆڕەپانى تەراتێنى سێكسی مەسولەكان، ئەگەر حكومەت ئاگاى لە دەزگاى زیندان وئەحداس بوایە ئەوە ئەو شوینانە لە زیاتى اێلاح نە دەبونە افساد!!
ئینجا سەیرم بەو هەموو خەڵكە دێت كە بە هەینى جادەكانى دەوروبەرى مزگەوتەكانیش بەرماڵ ڕێژ دەكەن بۆ نوێژ كەچی هەموویان پێكەوە نەیانتوانى مناڵكارێكى وەك شیرین بپارێزن، بە تایبەتى شارێكى موحافزكار ودیندارى وەك هەولێر كەمن خۆشم هەولێریم، لەو هەموو گیانى خێرخوازیە جێگاى كەسانێكى لاوازى وەك كچ ومنداڵانى بێ دەرەتانى لێ نەبێتەوە، دەبێت ئەو خێرخوازیە بەكەڵكى چی بێت؟!
ئەو حاكم رزگارەى كە بەعسیەكانیش خۆشیان دەوێت لەبەر ئەو هەموو ڕیز ونەرمونیانیەى كە نواندى بەرامبەر خوێنڕێژێك وتاغیەكى وەك ێدام، كەچی بەرامبەر كچێكى لێقەوماو وقوربانى دەستە نەگریسەكانى ئەو كۆمەڵگا نەخۆشەمان تا ئەو ڕادەیە بێ ئیحساس وبێ بەها بێت، دەبێت چ بەو كەسانە بڵێین كە هیچ دەربارەى یاسا نازانن؟!
ئەو پیرە مەسیحیەى كە بەدرۆ لە هەولێر بە ڕەوشت وسەر ڕاست ناسراون یەكەم كەس بێت لەگەڵ شاگردێكى موسڵمانەوە دەستدرێژی بكەنە سەر شیرین، دەبێت كێی تر بەهاى بەرزى لا مابێت؟!
باسی كێیتر بكەین، قاچاغچییە بێ ڕەوشتەكان كە لەبیرمە كاتێ لە یۆنان بوین باسی بە ئەنقەست خنكاندنى پیاوێكیان دەكرد تا دەستدرێژی بكەنە سەر ژنەكەى!
باسی ئەو دەجالانە بكەین لە وێنە مەلا لوقمان ومەلا عەلی كەلەكێ وئەوانیتر بكەین؟!
بەڕاستى كارەساتى شیرین دیوى ناوەوەى كۆمەڵگا نەخۆشەكەمانى بێ پەردە نیشان دا وزانیمان ئێمەى كورد تا چەند بێ بەشین لە بەهاى بەرز وهەتا لە بەهاى شارستانیەتى نوێ. هەردوێنێ بوو ژمارەى پێوانەیییمان تۆمار كردبوو لە زۆری جاش وخاینان، ئەو جاش وخاینانەى دوێنێ كە ئەمڕۆ شۆڕشگێڕەكان وەك گلێنەى چاویان دیفاعیان لێدەكەن.
/ لەندەن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست