موبارەك ساتەكانی كۆتایی سەرۆكایەتییەكەی چۆن بەسەربرد؟
Sunday, 13/02/2011, 12:00
رۆژنامە عەرەبیو جیهانییەكان بایەخیانداوە بە رۆژەكانی كۆتایی دەسەڵاتی حوسنی موبارەكی سەرۆكی لەسەركارلادراوی میسرو زانیاریان لەو بارەیەوە بڵاوكردووەتەوە.
یەكێك لەرۆژنامەكان لەزاری حەبیب عادلی وەزیری پێشووی ناوخۆی میسر ئاشكرایكرد حیزبی دەسەڵاتداری میسر ژوورێكیان لەناو بارەگای سەرەكیی حیزبەكەدا هەبووە كە بە"ژووری دۆزەخ" ناوبراوەو سەرپێچییەكانی گەورەبەرپرسانی تێدائەنجامدراوە.
حەبیب عادلی كە وەزیری پێشووی ناوخۆی میسر بوو لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ئاشكرایكردووە هەموو فەرمانە تایبەتەكان لەلایەن حوسنی موبارەك خۆیەوە دەردەچوون سەبارەت بەمامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران.
عادلی ئەوەشی ئاشكراكردووە كە لەناو بارەگای سەرەكیی حیزبی نیشتمانیی دەسەلاتداردا كە دەكەوێتە نزیك گۆڕەپانی تەحریر، ژوورێك هەبووە كە بە"ژووری دۆزەخ" ناوبراوە، لەو ژوورەدا سەرجەم سەرپێچییەكانی گەورەبەرپرسانی حیزبو حكومەت ئەنجامدراوەو هەموویشی بەدەنگو رەنگ تۆماركراوە.
وەزیری ناوخۆی پێشوو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە هەریەك لەسەفوەت شەریف ئەمینداری گشتیی حیزبو جەمال موبارەكی كوڕی حوسنی موبارەك ئاگاداری ئەو ژوورەو سەرپێچییەكانی گەورەبەرپرسان بوون، بەڵام چاویان لێنوقاندووە.
هەروەها رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لەزاری سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە ئاشكرایكردووە حوسنی موبارەك لە 18 رۆژی كۆتایی حوكمەكەیدا كە تێیدا خۆپیشاندانی بەرفراوان میسری گرتەوە سامانەكەی بۆ بانكەكانی دەرەوە گواستۆتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست