کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عەدنانى حەمەى مینا دەیەوێت بیناى گەورە لەسەر ئەو موڵكە دروست بكات كەداگیرى كردووە

Saturday, 23/03/2013, 12:00






تایبەت بەرایەڵ

عەدنانى حەمەى مینا دەیەوێت بەپێدانى چەند هەزار دۆلارێك بە تیلەكۆییەكان رازیان بكات و ئەو موڵكە بەیەكجارى بۆ خۆى ببات، كە لەساڵانى نەوەدەكاندا بەنایاسایى دەستى بەسەردا گرتبوو.
پارچە زەویەكى گەورە كە دەكەوێتە سەر جادەى (كەلار_لیوا) و رووبەرەكەى دووسەد و پەنجا مەترە و لەئێستا نرخەكەى بە زیاتر لە 30 دەفتەر دۆلار دەخەملێندرێت، ماوەى بیست ساڵە لەلایەن ئەو بەرپرسەوە دەستى بەسەردا گیراوە و زەوتكراوە.
ئەو پارچە زەویەى بەرپرسەكە دەستى بەسەردا گرتووە لەبنەرەتدا موڵكى هاوڵاتیەكى تیلەكۆییە بەناوى (رەشید حاجى موشیر)، بەڵام عەدنانى حەمەى مینا لەساڵى 2000 تاپۆى كردووە لەسەر برایەكى.
سەرچاوەیەكى نزیك لەتیلەكۆییەكان كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"ماوەیەك لەمەوبەر عەدنانى حەمەى مینا رازى بووە بەوەى چەند هەزار دۆلارێكیان پێبدات، بەڵام ئەوان موڵكەكەیان دەوێت و بە وەرگرتنى پارە رازى نابن".
سەرچاوەكە، روونیكردەوە لەئێستادا موڵكەكە رووخێنراوە بۆ ئەوەى بیناى لەسەر دروستبكرێت، بەڵام دروستكردنى بینا لەسەرى هیچ سودێكى نیە، چونكە ئەو موڵكە موڵكى ئێمەیە و بەنایاسایى داگیركراوە.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، لەگەڵ رووخاندنى زەویەكەدا بەرپرسەكەى یەكێتى ویستوویەتى چەند هەزار دۆلارێك بداتە بنەماڵەى تیلەكۆییەكان بۆئەوەى كێشەى ئەو زەویە یەكلایى ببێتەوە، بەڵام ئەوان وەرگرتنى پارەیان رەتكردووەتەوە.
سەرچاوەكە وتى"بۆ پارە وەربگرین ئەو موڵكە هى خۆمانە ئەگەر هەزار ساڵى تریش بێت لەرێگەى یاساوە وەریدەگرینەوە، تەنانەت گەر بازارێكى گەورەشى لەسەر دروست بكرێت جگە لەبەفیرۆدانى پارە سودى بۆ كەس نابێت".
زانیاریەكان ئاماژەبەوەش دەكەن تیلەكۆییەكان چەندین جار حاكم قادر كارگێڕى مەكتەبى سیاسى یەكێتى و سامان گەرمیانى ئەندامى مەكتەبى سیاسیان لەداگیركردنى موڵكەكەیان ئاگادار كردووەتەوە بەو پێیەى ئەو دوو بەرپرسە تیلەكۆیین.
ئەوەى جێى سەرسورمانە جگە لە داگیركردنى موڵكەكە كە بەنایاسایى داگیركراوە، لەهەمانكاتیشدا بێ ئەوەى خاوەنەكەى ئاگادار بێت و وەكالەتى بۆ هیچ كەسێك كردبێت موڵكەكە لەسەر برایەكى عەدنانى حەمەى مینا تاپۆكراوە.
بەراى یاساناسان تاپۆكردنى موڵكەكە لەداگیركردنى موڵكەكە ترسناكترە لەرووى یاساوە، چونكە ناكرێت موڵك لەلایەن كەسێكەوە لەسەرخۆى تاپۆبكرێت لەكاتێكدا كەخاوەنەكەى ئاگادار نەبێت.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەتاپۆكردنى موڵكەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"موڵكەكە لەساڵى 2000 بەهەوڵى عەدنانى حەمەى مینا لەسەر برایەكى تاپۆكراوە".
سەرچاوەكە، روونیكردەوە گەر یاسا سەروەربێت تاپۆكردنى ئەو موڵكە بێ ئاگاداربوونى خاوەنى لەرووى یاساوە گەورەترین تاوانە، وتى"چۆن دەبێت موڵكێك لەسەر كەسێك تاپۆبكرێت كەئەو كەسە بەنایاسایى دەستى بەسەرداگرتووە، جگە لەوەش چۆن دەكرێت لەغیابى خاوەنەكەیدا ئەو كارە بكرێت".
رایەڵ زۆر هەوڵیدا لێدوانى عەدنانى حەمەى مینا وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون و پەیوەندیەكان بەردەست نەبوون.
لەژمارەكانى پێشووترى گۆڤارى رایەڵ دا راپۆرتێك لەبارەى داگیركردنى ئەو موڵكە بڵاوكراوەتەوە، كە لەلایەن ئەو بەرپرسەوە دەستى بەسەرداگیراوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە