كوردستانى رۆژئاوا لە تارمایى هاوكێشە سیاسیەكاندا
Monday, 12/10/2009, 12:00
جیا لەوەى دوژمنانى گەلى كورد لە هەوڵى كپكردنەوەى جوڵانەوە سیاسیى و رۆشنبیریەكانى كورددابوون و هاوكات مێژووى جوڵانەوەكانیشیان پێچەوانە نووسیوەتەوە، لێ كەسە كوردەكانى خۆشمان بەدەر نەبوون لەو شێوە بیركردنەوانەى دوژمنەكان، ئەمە لە لایەك، لە لایەكى ترەوە دەتوانین بڵێین كە گەلى كورد هەردەم شانبەشانى ئەو وڵاتانەى كە بە زۆر پێوەى لكێنراوە شۆڕشى دژى داگیركارى و ئینتیدابى داگیركەران كردووە، بەڵام دواجار ئەو وڵاتانە تۆزقاڵێك ئەو هاوكاریانەى گەلى كورد نرخى لایان نەبووە، ئەوەتا كوردانى رۆژئاوا شانبەشانى عەرەبە شۆڤینیەكان و بیرە ماركسیزمەكانى سەردەمى ئینتیدابى فەرەنسى شۆڕش دەكەن و لەو پێناوەشدا تۆپباران دەكرێن و شەهیدیش دەدەن، بەڵام دواجار هەر ئەو عەرەبانەن كە ئەمڕۆشى لەگەڵدا بێت كوردە هاوكار و هاوڕێ سەنگەرەكانی دوێنێیان دەچەوسێننەوە.
شام پاشان سوریا پێش جەنگى جیهانى یەكەم وڵاتى (شام) لە (سوریا، لوبنان، ئەردەن) پێكهاتبوو و بەشێك لە ناوچەى فەلەستین، كە لە پاشماوەى (ئاشوورى، كلدن، فارس، قیبتیەكان) بوون، لەو سەردەمەدا عەرەب بە رێژەیەكى كەم دانیشتووى ئێستاى وڵاتى سووریا بوو، چونكە ئەوكاتە عەرەب لە بیابانى دورگەى عەرەبى بە هۆى ئاژەڵدارى و حوشترەوانەكان (بەدوو) بە هۆى نەبوونى لەوەڕگا و وشكانى لەو دوورگەیە بەرەو شام كۆچیانكردووە و تیایدا نیشتەجێ بوون.
شامى كۆن پێش 1500 بەر لە زایین لە لایەن مێریەكانەوە گرنگى پێدراوە، پاشان لە لایەن عیبرانیەكان داگیركراوە و دواى ئەوانیش ئاشوورى و كلدانى و فارس و یۆنانیەكان.
لە 64ى پێش زایین تاكو هاتنى ئیسلام بۆ ئەو ناوچەیە واتە لە 626ى زایین هەرێمى شام پارچەیەك بووە لە ئیمراتۆریەتى رۆمانى و پاشان بازرگانە عەرەبەكانى دورگەى عەرەبى كردوویانەتە مەڵبەندى بازرگانى خۆیان، دواى ئەوە سوریاى ئێستا بووە بە دوو بەشى ژێر دەستەیى ئیمراتۆریەتى مەغۆلەكان، لە ساڵى 1260 زایینى سەر بە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى، دواى شەڕى چاڵدێران لە ساڵى 1516ى زایینى سوریا تاكو جەنكى جیهانى یەكەم بە وڵاتێكى توركى مایەوە، لە ماوەى دەسەڵاتى عوسمانیەكان شامیەكان گرنگیدانیان بە ئاینى ئیسلام لە لایەك و پشتگیرى عەرەبەكان بە هۆى ئاینى ئیسلام بووە هۆى كۆچكردنى دەیان هەار خێزانى عەرەب بە رەوەندەكان و بازرگانەكان و بەدووەكانى دورگەى عەرەب نیشتەجێ بوونیان بە لایەنگیرى دەسەڵاتى تورك لە ناوچە جیاجیاكانى وڵاتى شامى دوێنێ و ئەمڕۆى سوریا، عێراق و چەندین ناوچەى دیكە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەم كۆچكردنە وردەوردە پەرەى پێدرا لە هەمانكاتدا ژن و ژن خوازى لە نێوان هۆز و تیرە عەرەبەكاندا رووىدا و مانەوەى جەندەرمەكانى توركیش لە ناوچەكاندا لە نەتەوەى جیاجیا بووە هۆى پێكهاتەى دەسەڵاتى عوسمانى، بوونیان لە ناوچەكە و هەڵبژاردنى تورك لەو كاتەدا كە ئێستا ناسراون بە نەتەوەى تورك، بەڵام لە راستیدا پاشماوەى تورك نین، بەڵكو لە كورد و عەرەب و ئاشوورى و ئەرمەن و كلدان و نەتەوەى دیك پێكهاتوون، بە تایبەت ناوچە گوند نشینەكان بە هۆى دواكەوتووى و نەبوونى هۆشیارى و رۆشنبیرى نەتەوەییەوە.
كورتە باسێكى مێژوویى بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان بە تایبەت نووسراوى (كزینفۆن)ى بە ناوبانگ بە ناوى (ئاتاباس) لە بارەى مێژووى كورد لە قۆناغى دەوڵەتى (دۆستەكى) لە ساڵەكانى 282 تا 1086، كە لە زۆربەى ناوچەكانى كوردستان دەسەڵاتیان هەبووە، بە تایبەتى نیتەجێى تەواوى ناوچەى كوردى لێكندراو بە سوریا ناوچەیەكى گرنگ بووە، لە لایەن ئەوانەوە كوردستان تووشى دابەشكردن و داگیركران بووە، هەروەها لە ژێر دەسەڵاتى سەلجوقیەكان و مەغۆلەكانیش تووشى سوتان و ماڵوێران كردن هاتوون، تا ئەو كاتەى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى لە ساڵى 1516 جێى ئەوانى گرتەوە، كە زۆربەى كوردستانى خستە ژێر دەسەڵاتى خۆى، تەنها ئەو بەشە نەبێت كە كەوتە ژێر دەسەڵاتى (فارسە سەفەویەكان) لە نێوان ساڵەكانى 1514 تا 1699 لە كاتى دابەشكردنى دووەمى كوردستان بە پێى رێككەوتننامەى (پترس بۆرگ) 1915 لە نێوان (فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا)، لە داوییدا و لە پەیمانى (سایكسبیكۆ) لە 16ى 5ى 1916 كوردستان كرا بە چوار پارچەوە، بەڵام لە سەرەتاى سەدەى نۆزدەهەم و دواى كۆتایى هاتنى جەنگى جیهانى یەكەم، بزوتنەوەى هەستى نەتەوایەتى بە تایبەت كێشەى كورد و بزوتنەوەى نەتەوەیى سەریهەڵدا، جگە لە كورد ناوچەكانى (بەلقان) بوونە خاوەنى دەسەڵات و سنوور، بەڵام لە 10ى 8ى 1921 لە پەیمانى (سیڤەر) بە روونى باس لە كورد دەكات، لەو بەشەى كە بەر وڵاتى سوریا كەوتبوو، لە بەشى 2ى پەیمانى سیڤەردا لە بڕگەى 62 لە خاڵەكانى (27، 11، 32)دا هاتووە بە دەركەوتنى ناوى كوردستانى رۆژئاوا بە سوریاوە، ئەم بەڵگەیەش ئەوە دەردەخات، كە كورد لە وڵاتى سوریا دانیشتوانى كۆنى ئەو وڵاتەن، كە لە بنارەكانى شاخ و شار و شارۆچكەكانى وەك (دیمەشق، حەلەب، حمس، عفرین، كرباتیە) هەروەها دەشتاییەكانى ئارسور و دەریاچەى باسڵ و رۆژهەڵاتى زێى فورات نیشتەجێن، بەڵام دەسەڵاتە یەك لە دواى یەكەكانى رەگەز پەرستى و دیكتاتۆریەتى سوریا هەمیشە كوردیان بە كۆچبەر ناوزەد كردووە، بەڵام بە پێى پەرەسەندنەكان و پێشكەوتنى ژیارییەوە لە هەموو بوارەكاندا كوردى رۆژئاوا، واتا كوردى سوریا ئێستا ژمارەیان لە 2 ملیۆن زیاترە، بەڵام دەسەڵاتە شۆڤێنستە یەك لە دواى یەكەكانى سوریا بەردەوام هەوڵى پەرت و بڵاو بوونى كوردەكان لە شار و شارۆچكەكانى ئەو وڵاتە دەكەن، تاكو ئێستاش دەسەڵاتى بەعس لە سوریا ئامادەنییە رێگا بە كوردان لە بن دەسەڵاتى خۆى بدات، كە بەرگى كوردى زمانى دایك بخوێنن، ئەمە جگە لەوەى كوردى سوریا لە مافى بە دەستهێنانى رەگەزنامەى ئەو وڵاتە بێبەرییە، تەنها كورد لەو وڵاتەدا بە نووسراوى سەر كاغەزێكى چەند مانگى دەزگاكانى ئەمنى دەتوانن وەك ناسنامەیەك پێیان بێت.
كوردى رۆژئاوا بوونى لە وڵاتى سوریا لە شاروشارۆچكەكاندا رووبەرى وڵاتى سوریا 71،498 میل چوارگۆشە و 185،180 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەو بەشە پێوانەییەى خاكى سوریا 17 هەزار كیلۆمەتر خاكى كوردستانى كوردى سوریایە، كە پێى دەگوترێت كوردستانى رۆژئاوا، بەپێى بڕیارەكانى سایكس بیكۆ لە ساڵى 1916 ئەو بەشەى خاكى كوردستانى رۆژئاوا لكێندرا بە كیانى خاكى سوریاى ئینتیدابكراو لە لایەن فەرەنساوە، پێكهاتەى نەژادەكان لە وڵاتى سوریا بەم شێوەیە، (عەرەب، 82%، كورد12،5%) رەگەزەكانى دیكە لە 5،5% بە واتایەكى رۆشنتر بە پێى سەرژمێرى و زانیارى ساڵى 2003 ژمارەى دانیشتوانى وڵاتى سوریا بەم شێوەیە، ژمارەى دانیشتوانى وڵاتى سوریا 15796000 ملیۆن كەسە، لەو ژمارەیەش 2250000 كوردن، بوونى تێكەڵیەكى ئاینیش لە سوریادا هەیە، كە 75% ئیسلامە و لە 15% عەلەوی و دروز و ئێزیدى و زەردەشتین، لە 10% مەسیحین، لە دواى راپەڕینەكەى كوردستانى باشورەوە ئێزیدیەكانى سوریا بە هۆى بیرى نەتەوەیى خۆیانەوە زۆربەیان كوردن و بۆ سەردانى مەزارگەى لالش دێنە كوردستانى باشوور، چڕى دانیشتوانى سوریا لە پایتەختەكەیدا دەگاتە 1780000 كەس، لەو ژمارەى دانیشتوانى پایتەختدا واتا دیمەشق، 75000 كەسى كوردن، بە پێى سەرچاوەكان دەریدەخەن وڵاتى سوریا زیاتر وڵاتێكى بەرهەمهێنى كشتوكاڵیە، كوردانیش لەو وڵاتەدا كە لە شار و شارۆچكەكان جێگیرن بە بەرهەمى كشتوكاڵیەوە خەریكن، وەك (گەنم، جۆ، پەمۆ، زەیتوون....میوەجات و چەندین جۆرى تر)، بەڵام دەسەڵاتدارانى سیاسیى لە قۆناغە جیاجاكاندا هەمیشە سەركوتى كوردان بوون و لە لایەن وڵاتانى زلهێزیشەوە هەمیە بوونەتە قۆچى قوربانى بەرژەوەندیەكانیان، گەر وانیە ئەوەتا كوردستانى رۆژئاواى لكێندراو بە وڵاتى سوریاوە، لە رووى پێوانەى خاك و ژمارەى دانیشتوان كە لە مێژووەوە لەسەر زێدى خۆیان خاوەنى كلتور و دابونەریتى خۆیانن، كوردى سوریا بە تەنها لە رووى خاك و دانیشتوانەوە بە قەد چوار دەوڵەت دەبن وەك (كۆمارى دورگەى مارشاڵ، شانشینى تونگا، كۆمارى نۆرۆ، میكرۆنیگا) دەبێت، ئەمانە وڵاتى سەربەخۆن و ئەندامیشن لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا، كەچى بوونى كورد لە ژێر دەسەڵاتى رەگەزپەرستانەى سێ كوچكەى (عفت)واتا عەرەب و فارس و تورك هەمیشە لە هاوكێشە سیاسیەكاندا ئایندەیەكى تەمومژاوى و نادیاردا دەگوزەرێن، كە ئەمەش جگە لە دوو روویى و سەرزەنشت بوونى وڵاتانى زلهێز بەگشتى و نەتەوەیەكگرتووەكان بە تایبەتى بەرامبەر بە كوردان هیچى دیكە نییە، كوردیش لە وڵاتى سوریا لە شار و شارۆچكەكاندا بەم شێوەیە نیشتەجێ بوون، كە دەكرێت بڵێین لە سێ ناوچەى سەرەكى گرنگدا وەك ناوچەى یەكەم، لە باكورى رۆژهەڵاتى سوریا كە (قامیشلى، حەسەكە، عاموودە، قەحتانیە، مالیكیە، عین عرب) نیشتەجێن، دووەم، باكورى شارى حەلەب كە دەكەوێتە ناوچەى عفرین كە ئەم ناوچەیە 98%ى كوردە و زۆر بە دەگمەن ماڵە عەرەبى تێدایە، كوردەكانى عفرینیش زۆر بە دەگمەن ژن و ژنخوازى لەگەڵ عەرەبدا دەكەن، بەڵام بەى سێیەم كوردەكان لە ناوچەى پایتەختى وڵاتى سوریادا واتا دیمەشق لە ناوچەیەكى بەرفراواندا كە پێى دەوترێت (حى الاكراد) نیشتەجێن، بە پێى زانیاریەكانى كوردە دانیشتوانەكانى ئەوێ كاتى خۆى كوردەكان لەبەر هەژارى بۆ كرێكارى بۆ ئەو ناوچەیە چوون، پاشان وردە وردە خۆشیان لەو ناوچەیە دەستیان بە خانووكردن كردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانى رەگەز پەرستى شۆڤێنى هەمیشە خانوەكانیان لێ تێكداوون، بەڵام ئەوان بە بەردەوامى دروستیان كردوونەتەوە، لە پاشاندا دەسەڵات ناچاربووە كە وازیان هێناوە، تا كار گەیشتوەتە ئەو رادەیەى كە كوردەكان تێیدا بە خانوو درووستكرنەوە سەرقاڵ بوون و تێیدا نیشتەجێ بوون، كە ئێستا پێى دەگوتریت (حی اكراد).
كوردەكانى رۆژئاوا لە سەردەمى ئینتیدابى فەرەنسیدا دواى رووخانى دەوڵەتى عوسمانى ئەو ماڵوێرانى و دابەشبوونەى گەلى كورد، بە هەمانشێوەى كوردستانى باكوور و باشوور و رۆژهەڵات بە هەمانشێوە مەسەلەى كوردیش لە كوردستانى رۆژئاواش هاتبووە ئاراوە، لە پاشاندا لە سەرەتاى سەدەى نۆزدەهەمەوە لەگەڵ رووخانى خێراى سیستمى دەرەبەگایەتى لە كوردستان و سەرهەڵدانى نەوەى سەرمایەدارى، كە بووە شانۆیەكى تراژیدیاى داگیركارى داگیركەران لە كاروبارى رۆژهەڵات بە گشتى تەگەرەى خستە بوونى پێشكەوتنەكان و نەیهێشت كۆمەڵگاى كوردى بە شێوەیەكى تەندروست بەرەو پێش بڕوات لە بەدەستهێنانى ئازادى و سەربەخۆیى وەك تەواوى گەلانى دیكە، هەربۆیە كوردى رۆژئاواش وەك میللەتێك نیشانە و خەسڵەتەكانى نەتەوەیى خۆى هەیە، بەڵام تا ئێستا لە سایەى یەك دەوڵەت و یەك وڵاتدا لەسەر خاكى مێژووى خۆى بە ناچارى شانبەشانى گەلى عەرەبى سوریا دەژى، بەڵام حكومەتى عەرەبیش لە ساڵى 1918 راگەیەندرابوو بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى هەبێت، بۆیە فەرەنسا وەك دەوڵەتێكى داگیركارى وەك دەوڵەتێكى داگیركەرى ئینتیداب بۆ ناو گەلى سوریا و لوبنان و خاكەكەى هاتبووە ژوورەوە، لە ساڵى 1920 فەرەنسا چەكى ئینتیدابى لە سوریا و لوبنان پشتى بە دابەشكردنى ئاینى و مەزهەب دەبەست، هەربۆیە لە سەرەتاوە سیاسەتى ئینتیداب لە ژێر ناونیشانى (لێكیان بترازێنە دەسەڵاتدار دەبیت بە سەریاندا) پیادەكرد، لەو پێناوەدا سوریاى كردە چەند یەكەیەكى ناوچەیى و تایفەگەرى، هەربۆیەشە بزوتنەوەى بەرگریش تا دەهات دژى ئینتیدابى فەرەنسى بەرەو زیاد بوون دەچوو، كوردیش لە ناوچەكانى خۆیان، كە ناوچەیەكى ستراتیژییە بەردەوام بەشدارییان لەو بەرگریە دەكرد، بە درێژایى سنوورى باكوور و رۆژهەڵاتى جزیرە لە ناوچەكانى (بیاندۆر) و (ترپەسپى) بە سەركردایەتى (حاجۆ ئاغا) بەردەوام بوو، هەروەها لە عامودا و لە چیاى كوردەكان و شارەكانى دیكەى سوریا هەندێ كەسایەتى كوردى ناسراو سەریانهەڵدا، كە سەركردایەتى بزوتنەوەى بەرگریان دەكرد لە گوندەكانى سەر بە شارى (حەلەب)، ئەویش بە سەركردایەتى (ئیبراهیم هەنانۆ) بوو، بەڵام پاش ئەوەى دەوڵەتى (عوسمانى) چووە پاڵ (ئەڵمانیا) نوێنەرانى وڵاتە رۆژئاواییەكان، كە لە (بەریتانیا، فەرەنسا، روسیا، ئیتالیا) پێكهاتبوو لە ناو خۆیاندا سەبارەت بە دابەشكردنى دەوڵەتى عوسمانى دەستیان بە وتووێژ كردبوو، لە ئەنجامدا گەشت بە رێككەوتنێك كە ئەستەمبوڵى پایتەخت و بەشێك لە توركیا و هەندێك لە ویلایەتەكانى كورد وەك (بەدلیس، مووش و وان) ببن بە بەشى (روسیا) و لە نیمچە دورگەى عەرەبى چەند حكومەتێك لە ژێر پارێزگارى (فەرەنسا و بەریتانیا) دابمەزرێنن، لە (فەلەستین)یش وڵاتێكى نەتەوەیى بۆ جولەكەكان دابمەزرێنن بە مەرجێك (حەیفا و عێراق) ببن بە بەشى بەریتانیا، (قەیسەر و خەربووت و ئەدەنە)ش ببن بە بەشى فەرەنسا، (ئەنتاكیا)ش ببێت بە بەشى ئیتاڵیا، (ئەرمینیا) لە رۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ سەربەخۆ بێت و بەشێك لە دەریاى ئیجەش بۆ یۆنان بەجێ بهێڵدرێت، بەم شێوەیە پاش ئەوەى وڵاتانى هاوپەیمانان دابەشكردنەكەیان ئەنجامدا، كوردەكانى رۆژئاوا لە سنوورى سوریا_توركیا_عێراق لە ژێر ناوى (میزۆپۆتامیا)دا مانەوە.
سەرەتاى دروست بوونى دەوڵەتى سوریا لە تشرینى دووەمى ساڵى 1920 نوێنەرى فەرەنسا دابەشكردنى سوریاى بۆ چوار دەوڵەت و هەرێم راگەیاند، كە بەم شێوەیە بوو، (حەلەب) لە باكور و (دیمەشق) لە باشوور و چیاكانى (عەلەویەكان) و (دروز). لە پاشان لە ساڵى 1925 فەرەنسا بێ گوێدانە بڕیارەكان (سایكسبیكۆ) لە پێناو بەرژەوەندیەكانى ئەو سەردەمەى خۆیدا هەردوو دەوڵەتى (دیمەشق و حەلەب)ى لە ژێر سیاسەتى ئینتیدابى خۆیدا كردە یەك دەوڵەت و بە ناوى سوریا هێشتیەوە، لە سەر ئاستى كوردەكانیش بە هەمانشێوەى سەرپێچى كردن ناوچەكانى (جزیرەى بۆتان، نسێبین، ئۆرفە، كلس، عەنتاب، مەرعەش)ى بەخشیە دەوڵەتى توركیا، كە دەبوایە ئەم ناوچانە لە چوارچێوەى كوردستانى رۆژئاوادا بووایە.
جوڵانەوەى سیاسیى گەلى سوریا لە سەردەمى ئینتیدابى فەرەنسا
ئەم ناونیشانە بەو مەبەستە نییە كە رۆڵى گەلى كورد لە كوردستانى رۆژئاوا پشتگوێ بخرێ، یا لە بایەخى كەمبكرێتەوە، یا فەرەزیاتێكى خەبات و تَكۆشانى گەلى عەرەبى بەسەر گەلى كورددا بێت، بە پێچەوانەوە بەڵكو دەمانەوێت قۆناغەكانى مێژوو وەك خۆى باس لێوە بكەین، چونكە بە حوكمى ئەوەى جوگرافیاى سوریا وەك لە پێشەوە باسمان كردووە جوگرافیایەكى جێنشینى هەمە لایەنەیە، تەواوى ئەو كۆمەڵگایەش پێكەوە مێژووى سەرهەڵدانى بزوتنەوەكانیان بەرامبەر داگیركەران و عەقڵى فیوداڵى و بۆرژوازى ناوخۆییش بەردەوام بووە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە سەرەتادا بیر (سۆسیالیزم) رێگەخۆشكەر بووە بۆ بەرفراوان بوون و سەرهەڵدانى خەباتى ئەو سەرەمە، كە ئەو كاتەش ململانێكانى قوتابخانەى (ماركسیزم) لە رۆژهەڵاتدا بێوێنە بەرامبەر سەرمایەدارى خۆى نواندووە، بۆیە دەكرێت سەرەتاى هۆشیاریەكان لەو ناوچانەى، كە دەسەڵاتى داگیركەر و بۆرژوازى خێڵەكى ناوخۆیى كە وجودى هەبووە، سەرهەڵدانى خەباتى شیوعیەكانیش مێژووى بەرچاوى هەبووە و كوردانیش لەو دەڤەرانە سەرەتا كاریگەرى ئەو بیرۆكەیان لەسەر بووە و لە پاڵ ئەو بیرۆكەیەدا خەبات خۆیان بە گەڕ خستووە، بەڵام نكۆڵى لەوە ناكرێت كاتێك مێژووى حیزبى شیوعى لە گشت وڵاتانى رۆژهەڵاتدا دەخوێنینەوە، بە تایبەت ئەو وڵاتانەى كوردیان تێدایە، گەلى كورد هەمیشە هاوكارى بێوێنەیان لە دژى زوڵم و زۆرى دەسەڵاتەكان هاوڕاى خەبات و تێكۆشانى شیوعیەكان بوون، بەڵام مخابن بە هیچ شێوەیەك حیزبە شیوعیەكان نرخى ئەو بەرخودان و خەباتانەى گەلى كوردیان لە یادەوەریەكانى خۆیاندا نەخەمڵاندووە، تاوان نییە ئەگەر بڵێین حیزبى شیوعى هەر وەك رژێمەكانى دیكە ویستوویانە لە پێناو بەرچەوەندیەكانى خۆیان كورد بەشێك بێت لە پاشكۆى خۆیان، ئەم رەخنەیە لە خۆوە لەدایك نابێت، ئەگەر خۆ بە زل زانینى كادیرانى ئەو سەردەمەى حیزبى شیوعى بەڵگەیان بە دەستەوە نەدابێت، چونكە ئەوەتا مێژووى سەرهەڵدانەكانى گەلى سوریا بە تایبەتى لە سەردەمى خەباتى شیوعیەتدا دووبارە دەبنەوە شایەتحاڵى ئەو رەخنانەى، كە گەلى كورد لە یادەوەریەكانى خۆیاندا دەریدەخەن كە لە سایەى هاوپەیمانى و هاوكاریكردنى خەباتتدا لە سەردەمى ئینتیداب تا ئەمڕۆ وەەك پێویست باس ناكرێت.
سەرهەڵدانى حیزبى شیوعى بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان و بوونى دەسەڵاتى داگیركارى دەوڵەتان لەو سەردەمەدا و بوونى تێكەڵاوى سنوورى جوگرافیایى كۆمەڵایەتى نێوان سوریا و لوبنان، ئەو هۆكارانە هەمیشە بووبوونە ئەوەى كە بەردەوام جوڵانەوە سیاسیەكان بەردەوام گرێدانێك بە خۆیەوە ببینێت، هەربۆیەشە كاتێك بێینە سەر باسى جوڵانەوە و بزاڤە سیاسیەكان لەو ناوچانەدا دەربازماننابێت لەو گرێدانە مێژووییەى كە بە یەكەوە هەیانە، هەر بۆیەش تەواوى سەرچاوە مێژوویەكانى بوونى سەرهەڵدانى بزاڤ و حیزبى سیاسیى بەم شێوەیەى خوارەوە باس لێوە دەكەن.
تەواوى سەرچاوە مێژووییە سیاسیەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، كە سەرهەڵدانى بیرى ماركسیزم بۆ دروستبوونى حیزبى شیوعى لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1924، كە سەرەتا لە لایەن (ناێرالدین حدە) كە لە دایكبوونى ساڵى 1906 و مامۆستاى بیركارى بووە لە كۆلێژى نیشتیمانى ئینگلیزى لە (حمێ)، خاوەنی بیرێكى نەتەوەى عروبەى بە هێز بووە، لەپاڵ ئەم بیرۆكەیەدا خۆى بە بیرى ماركسیزم گرێداوەتەوە، سەرەتا لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بە ناوى (فەوزى زەعیم) رابەرایەتى بیرى ماركسیزم بكەن، هەر ئەم سەرەتایەش بووە كە لە ئایندەدا بووتە زەمینەخۆشكردنى دامەزراندنى حیزبى شیوعى لە سوریا، لە دواییدا هەر لە رێگاى (ناێرالدین حدە)وە توانراوە سەرنجى (خالید بەگداش) رابكێشرێت بۆ ناو ریزەكانى بزاڤى ماركسى لە ناوچەكەدا، وەك سەرچاوەكان دەڵێن (ناێرالدین حدە) بە تواناكانى (خالید بەگداش) زۆر سەرسام بووە، (خالید بەگداش) زمانى فەرەنسى باش زانیووە، هەر ئەویش بووە كە یەكەم بڵاوبوونەوەى بەیانى حیزبی شیوعى سوریاى كردووە بە زمانى فەرەنسى و بڵاوى كراوەتەوە، لە پاشاندا لەسەر پیشنیارى (ناێرالدین حدە) (خالید بەگداش) كراوەتە سكرتێرى گشتى حیزبى شیوعى سوریا، بەڵام تەواوى شیوعیەكانى سوریا لە یادەوەریە مێژوویەكانیاندا رەخنەى توند لە (خالید بەگداش) دەگرن، كە بە هیچ شێوەیەك لە یادەوەرى و بۆنە حیزبیەكانى ئەو سەردەمەى كە تیایدا سكرتێر بووە، هیچ باسكردن و لێدوانێكیان لە رۆڵى (ناێرالدین حدە) نەكردووە، بە پێى تەواوى ئەو رەخنانە ئەوە دەخوازێت كە (خالید بەگداش) بیرى خۆ بە زل زانینى هەبووە، بۆیە نەیتوانیوە ئەو مێژووە باس لێوە بكات، كە (ناێرالدین حدە) لە سەرهەڵدان و دروستبوونى ئەو حیزبەدا هەیبووە، ئەم بۆچوون خۆ بە كاریزماییەش لە تەواوى بزاڤ و حیزبە نەتەوەییەكانیشدا بەشێكن لە نەخۆشیەكانى مرۆڤ، كە ئەمەش لە مێژووى بزوتنەوە و حیزبە نەتەوەییەكان بە گشتى و كورد بە تایبەتى هەمیشە وجودى هەبووە. سەرەتاى ساڵى 1924 ناێرالدین و فەوزى زەعیم سەرەتاى دەستپێكردنى ئەم بزوتنەوەیە بوون، پاشان ناێرالدین بە هۆى تێكەڵاوبوونى هاوڕێ لوبنانیەكانى بە تایبەتى (فوئاد الشیمالى) بەردەوام بوو، واتا ناێرالدین و فەوزى و فوئاد سەرەتاى دامەزراندنى ئەو رێبازە بوون، چونكە فوئاد شیمالى دامەزرێنەرى حیزبى نەقابەى لوبنان و كەسێكى چالاكوان بووە، هەروەك چۆن (ئارتى مادۆیان) لە یادەوەریەكانى خۆیدا كە كەسێكى چالاكى حیزبی شیوعى سوریا بووە دەڵێ: "دروستبوونى حیزبی شیوعى سوریا سەرەتا لە دوو تیپەوە دەستى پێكرد، تیپى یەكەمیان ئەو عەرەبانەى كە لە كارگەى نەسیج كاریان دەكرد، تیپى دووەمیان ئەرمەنیەكان بوون كە تواندرا بە هەردوو تیپ ئەنجومەنێكى نیشتیمانى پێكبهێنن، لە دواییدا ئەم ئەنجومەنە لە كۆتایى ساڵى 1930 لە بەیروت كۆنفرانسى بەست، لە كۆنفرانسەكەشدا ئەنجومەن ئەندامانى لیژنەى مەركەزى حیزبیان هەڵبژارد، كە پێكهاتبوون (ناێرالدین حدە، نەزمى رفاعى، هیكازۆرن بۆیاجیان، لەگەڵ 3 ئەرمەنیدا، ئارتین مادۆیان، فوئاد شیمالى) وە ئەندامانیش بە تێكڕاى دەنگ (فوئاد شیمالیان بە سكرتێرى گشتى حیزبیان هەڵبژارد و رۆژنامەى حیزبیان بە ناوى (سپێدەى سوور) (فجر الاحمر)، كە بە دەست دەیاننووسى و بەردەوام چالاكیەكانى حیزبیان لە سوریا تیادا بڵاو دەكردەوە، بەڵام (ناێرالدین حدە) توانیبووى لەو سەردەمەدا تەواوى چالایەكانى ئەو رۆژنامەیە بداتە (ئەلیاس جۆرج شاتیللا)، كە پەیامنێرى رۆژنامەى (لیزیكۆ، LesEchos) كە بە زمانى فەرەنسى دەردەچوو و تەواوى چالاكیەكانى شیوعیى تێدا بڵاو دەكردەوە، دیارە (ناێرالدین حدە) مەبەستى بووە كە بۆ ئایندە ئەو رۆژنامەیە وەك سەرچاوەیەكى سەرهەڵدانى حیزبی شویعى سوودى لێ ببیندرێت، سەرچاوەكانیش ئەوە دەردەخەن كە (ناێرالدین حدە) بە هۆى نەخۆشیەوە تاسەر نەیتوانیوە ئەركى حیزبایەتى لە ئەستۆ بگرێت، هەربۆیە لە كۆبوونەوەى فراوانى حیزبى شیوعیدا جەختى لەوە كردوەتەوە كە (خالید بەگداش) كەسێكى چالاكوانە و دەبێت سەركردایەتى حیزب لە ئەستۆ بگرێت، ئەوەبوو لە كۆبوونەوەى فراوانى حیزبی شیوعى سوریا و لوبنان لە دیمەشق لە رۆژانى 3_7_1937 خالید بەگداش بوو بە سكرتێرى حیزبی شیوعى، وە (ناێرالدین حدە)ش بە هۆى نەخۆشیەوە لە 26ى تشرینى یەكەمى ساڵى 1973 ژیانى بە جێهێشت، بەڵام لە رووى مێژووى لە دایكبوونى حیزبی شیوعى سوریادا (ناێرالدین حدە) بە یەكەم دامەزرێنەرى ئەو حیزبە دەناسرێت.
بزوتنەوەى خۆیبوون لە قامیشلى لە كۆتاییەكانى سەدەى بیستەم دواى ئەو روو بە روو بوونەوەى كوردان بەرامبەر بە تۆرانى و بزوتنەوەى كەمالیەكان، بە تایبەت كوردانى باكور و رۆژئاوا لە راپەڕینەكەى شێخ سەعیدى پیران و بە تایبەت سەرۆك هۆزەكان و بنەماڵە ئەرستۆكراتەكان وەك بنەماڵەى (بوزان بەگ بەرزاى) و بنەماڵەى (بەدرخان و جەمیل پاشا) و خوێندكاران و رۆشنبیران لەو سەردەمە، بەتایبەت سەردەمى بزوتنەوەى دەرسیم كە لە ئارارات رزگاریان بووبوو، كە لە دواییدا روویانكردە باشوور وەك (جگەر خوێن، دكتۆر نوری دەرسیمى، ناسراو بە نورى زازا، قەدرى جان.......) بۆ ئەوەى هەوڵبدەن بزوتنەوەیەكى نەتەوەیى دابمەزرێنن، كە لەو سەردەمەشدا دامەزراندنى ئەو جۆرە بزوتنەوانە تەنها لە شێوەى یانەى رۆشنبیریدا خۆى دۆزیوەتەوە.
لە ساڵى 1927 لە قامیشلى زیاتر لە 20 كەسایەتى نیشتیمان پەروەر توانیان كەسایەتى سیاسیى و رۆشنبیرى لە كۆمەڵگەى كوردى كوردستانى رۆژئاوادا پێكەوە گرێ بدەنەوە و بزوتنەوەى خۆیى بوون دابمەزرێنن، بە پێى سەرچاوەكان یەكەم كۆبوونەوەى بەرفراوانى لە ماڵى (قەدور بەگ) لە قامیشلى بە ئەنجام گەیشتووە، ئەو هۆكارە مێژووییانەى كە بوونەتە هۆى ئەوەى ئەو بزوتنەوەیە ببێتە پێشەنگى بیرى نەتەوەیى لە كوردستانى رۆژئاوا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە لایەك كورد لە دەسەڵاتى داگیركەر رزگارى بێت، لە لایەكى تریشەوە رزگاربوون لە ئەقڵى بۆرژوازى و خێڵەكیش لە ناوچەكەدا، ئەو هۆكارانە لە سەرەتاى چلەكانەوە بۆ زەمینە خۆشكردنى گەشەسەندنى هۆشیارى نەتەوەیى كە كاریگەریكى تەواوى لەسەر خوێندكارانى ئەو سەردەمەدا بەرپاكرد، وەك لە حەلەب خوێندكاران (شەوكەت حەنان و خەلیل محەممەد) لە ئەندامە هرە چالاكەكانى ئەو سەردەمە بوون، تا واى لێهات وردە وردە خوێندكارانى ناوچە كوردەكان پەیوەندییان بە یەكترەوە دەكرد و خۆیان بە ریزەكانى بزوتنەوەى خۆیى بوونەوە گرێ دەدا، بە تایبەتى لەگەڵ دامەزرێنەرانى بزوتنەوەى خۆیى بووندا وەك شاعیرى گەورە (جگەر خوێن) و كەسایەتى نەتەوەیى (دكۆتر نورەدین زازا) ئەم بزتنەوەیە لە قۆناغى خەباتیدا زۆر پێداگیر بووە لەسەر رزگاركردنى كوردستانى باكور، لە دواییدا نوێنەرانى كۆنگرەى ئەم بزوتنەوەیە بۆ بەرفراوان بوونى بزوتنەوەكە و ئاشنا بوونیان بە كوردانى بەشەكانى دیكە و بەشدار بوونیان بۆ هاوپەیمانیەتى كردن لەگەڵ ئەرمەنەكاندا سەردانى بەیروتیان كردووە و پاشان لە ماڵى سەركردەیەكى بزوتنەوەى ئەرمەنەكاندا كۆبونەوەى بەرفراوانیان سازداوە و لە دواییشدا چوونەتە شارۆچكەى (بحەمدوون)، بە رەسمى ئەم بزوتنەوەیە لە 5ى تشرینى یەكەمى ساڵى 1927 بە ناوى (بزوتنەوەى خۆیى بوون) راگەیەندرا.
ئەم بزوتنەوەیەش یەكەم هاوكارى نێوان كوردى سوریا لە لایەك و ئەرمەنیەكان لە لایەكى ترەوە لەگەڵ حیزبی (تاشناق) دەستى پێكرد، لە ساڵى 1937 بزوتنەوەى خۆیى بوون بۆ راوێژكردن سەردانى كوردستانى عێراقیان كردووە، تەواوى هەنگاوەكانى ئەم بزوتنەوەیە زەمینە خۆشكردنێكى تەواوى هۆشیارى نەتەوەیى بووە لە كوردستانى رۆژئاوا و دەرەنجامەكەشى بووە رابوونێكى سیاسیى بە هێز و بەرفراوان، ئەم بزوتنەوەیە لە سەردەمى خۆیدا خزمەتێكى بێوێنەى رۆشنبیرى و نەتەوەیى لە كۆمەڵگاى كوردى رۆژئاوادا بە دەرخست، كە توانى چەند گۆڤارێك بە زمانى كوردى دەربكات وەك (گۆڤارى هاوار، روناهى، ژینانو)، هەروەها ژمارەیەك لە كتێبی بابەتى سیاسیى و كۆمەڵایەتى و هەروەها بەدرخانیەكان پیتى لاتینى كوردیان دەكرد، كە تێكڕاى هەوڵ و كۆششى ئەم بزوتنەوەیە تەنها مەبەستیان گەڵاڵە كردن و پێشخستنى كۆمەڵگا و زیندووكردنەوەى رۆحى نەتەوایەتى بوو لە كوردستانى رۆژئاوادا، ئەم بزوتنەوەیە جگە لە ئەركە نەتەوەییەكەى خۆى، بەڵكو بەشدارى كاریگەریشى لە نیشتیمانى سوریادا هەبوو، بەشدارى هەموو راپەڕین و بزوتنەوەكانى دژ بە ئینتیدابى فەرەنسا لە سەرانسەرى وڵاتى سوریا و لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیى ئەو وڵاتەدا كردووە، بەم شێوەیە بزوتنەوەكە پابەند بووە بە دوو هێڵى ئاراستەكراو و بەڵگە مێژووییەكان ئەوە دەردەخەن، كە ئەم بزوتنەوەیە دوایین قوتابخانەى بیرى نەتەوەیى بووە بۆ دروستبوونى پارتێكى رامیارى كوردى، وەك (پارتى دیموكراتى كوردستان لە سوریا).
سەرهەڵدانى بزوتنەوەى شۆڤێنى عەرەب لە سەردەمى ئینتیدابى فەرەنسیدا زوڵم و زۆرى سیاسەتى ئینتیدابى فەرەنسى لەو سەردەمەدا رێگەخۆشكەر بوو بۆ دروستبوونى تەواوى بزوتنەوە سیاسییە پێشكەوتوخوازەكان بەگشتى و شۆڤێنیە عەرەبەكان بە تایبەتى، هەر لەو سەردەمەدا لەپاڵ چەوساندنەوەى گەلى كورد لە رۆژئاوا لە هەموو لایەكەوە، سەرهەڵدانى بزوتنەوەى شۆڤینى عەرەبیش لە لایەكى ترەوە و بۆ ئایندە بووە گەورەترین كۆسپى بەردەم گەلى كورد، چونكە لە سەرەتاوە لە هەوڵداندا بووە بۆ سەركوتكردنى كورد لە سوریا و عێراقیش، چونكە ئەو بزوتنەوە شۆڤینیە لە ئەنجامدا بووە حیزب بە ناوى (بەعس)، سەرەتا لە سوریا لە دایك بوو، دواتر بەرفراوان بوو و لە چەندین دەوڵەتى عەرەبى وەك (عێراق، لوبنان، ئەردەن، فەلەستین، یەمەن) وجوودى هەبوو، كە ئەوەبوو لە ساڵى 2003 و دواى زیاتر لە 30 ساڵ لە حوكمى دیمتاتۆرى لە عێراقدا و دەست سووربوونیان بە خوێنى عێراقەیەكان بە گشتى و بە تایبەت گەلى كورد بەرەو تەفروتونا چوون، بەڵام تا ئێستا رەگى ئەو حیزبە لە مێژووى سیاسەتى ئەو حیزبە لە سوریادا دژ بە گەلى كورد وەك خۆى ماوەتەوە.
مێژووى دروستبوونى حیزبی بەعس بە پێى سەرچاوە مێژووییەكانى ئەم حیزبە لە سەرەتادا لە لایەن دوو لاوى عەرەبیەوە بە ناوەكانى (ئەحمەد میشل یوسف، ناسراو بە میشێل عەفلەق، سەڵاحەددین بیتار)، كە دوو خوێدنكارى زانكۆى فەرەنسى بوون و لە ساڵانى 1933- 1934خوێندنیان تەواوكردووە، میشیل عەفلەق مامۆستاى مێژوو بووە و سەڵاحەددین بیتار مامۆستاى فیزیا بووە.
لە ساڵى 1935- 1936 گۆڤارێكیان دەركردووە، پاشان هەر (عەفلەق و بیتار) كۆمەڵەیەكى سیاسییان ریكخستووەبە ناوى (الاحیاْ العربى)، كە یەكەم بەیاننامەشیان لە شوبباتى 1941 بڵاوكردوەتەوە، پاشان عەفلەق و بیتار لە ساڵى 1942 دەست لە كارى مامۆستایى دەكێشنەوە و خۆیان بۆ كارى سیاسیى تەرخان دەكەن، دواتر هەڵدەستن بە كردنەوەى نوسینگەى حیزب لە دیمەشق دژ بە سیاسەتەكانى ئینتدابى فەرەنسى. ساڵى 1945 مدحت بیتار و جەلال سەید و كوتلەى زەكى الارسوزى پەیوەندیان بە رێكخستەنەكانى بەعسەوە كرد، بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان توانراوە بگەنە 400 كەس، لە تەمموزى 1946 رۆژنامەى بەعسیان دەركردووە، دامەزراندنى ئەو حیزبەش بە شێوەى رەسمى لە كۆنگرەى یەكەمدا لە نیسانى ساڵى 1947 بەستراوە، هەر لەو كۆنگرەیەشدا (میشیل عفلق) بە سكرتێرى رەسمى ئەو حیزبە هەڵبژێردراوە، دواى سەربەخۆیى سوریا حیزبی بەعس توانیویەتى تەواوى نوێنەرایەتى ئەو حیزبە وەك عێراق و لوبنان و فەلەستین و ئەردەن و یەمەن دروستبكات، لە ساڵى 1952 حیزبی بەعس بە سەرۆكایەتى میشیل عەفلەق و حیزبی عەرەبی ئیشتراكى بە سەرۆكایەتى (اكرم الحورانى، انتوان مقدسى) هەنگاوى یەكگرتنى هەردوو حیزبیان داوە، كە لە دواییدا بوو بە (حزب بعس العربى الاشتراكى) كە حیزبێكى نەتەوەیى عەلمانى عەرەبى بوو، لە ماوەى 1955- 1958 حیزبى بەعس هەوڵى یەكگرتنى هەردوو دەوڵەتى سوریا و مێرى دا ئەم هەنگاوەى بەعسیش ئامانجى سەركەوتنە سیاسیەكانى بوو، بەڵام ئەم یەكگرتنە زۆرى نەخایاند، لە ساڵى 1961 جیابوونەوە لەو كاتەدا (اكرم حورانى) یەكێك بوو لەو كەسانەى كە لەگەڵ ئەو یەكگرتنەدا نەبوو، هەربۆیە لە ریزەكانى حیزبی بەعس دەركرا.
ساڵى 1949 میشێل عەفلەق زیندانى كرا و سەلاحەددین بیتار بووە سكرتێرى حیزب و جەلال سەید و وەهیب غانم هاوكارى بوون، بە پێى تەواوى سەرچاوەكان حیزبى بەعس هەر لە سەرەتاى دروستبوونیەوە هەمیشە لە رێى كودەتاوە هەوڵى گرتنە دەستى دەسەڵاتى داوە، لەو پێناوەشدا هیچكاتێك درێغى لە كارى كودەتا نەكردووە و تەنانەت ئەم ئەقڵى كودەتایەش لە ناو خودى حیزبەكەشیاندا بوونى هەبووە، هەمیشە گرنیگیشیان بە رێكخستنى سەربازى ناو سوپا داوە، بۆ نموونە پێش ئەوەى میشیل عەفلەق و اكرم الحورانى یەكبگرن، دیارترین كارى بەشدارى حكومەتیان لە ماوەى 1949- 1954 اللواْ سامى الحناوى، ادیب شیشكلى بوو، كە بوونە ئەندام، بەڵام هەر لەسەر پێشنیارى میشیل عەفلەق كودەتاى سەربازییان بەسەرا كرا، كە لیوا سامى حناوى لە لایەن حوسنى زەعیمەوە كودەتاى بەسەرا كراوە، لە پاشاندا هەر ئەفسەرێكى بەعسى لە حەلەب كودەتاى بەسەر حكومەتى ادیب شیشكلى دا كردووە، پاشان شیشكلى سوریاى بە جێ هێشتووە و حكومەتى رادەستى (شوكرى القوەتلى) كراوە، ساڵى 1958 لە پێناو بەرژەوەندى سوریادا شوكرى قوەتلى بۆ یەكگرتنەكەى سوریا و مسر دەستبەردارى دەسەڵات بووە، لە نێوان 1958- 1961 جەمال عەبدولناسر سەرۆكى جكومەتى یەكگرتوو بووە واتا سوریا و مسر، لە 1961- 1963 دواى سەربەخۆیى (عەبدولكەریم نەحلاوى، نازم هەدەس) دەسەڵاتیان لە دەست بووە، لە دواى ئینقلابى بەعس لە عێراق ساڵى 1963 كە مەبەستیان بوو سوریا و مسر و عێراق یەكبگرن، بەڵام ئەو یەكگرتنە سەرنەكەوت و ناكۆكیەكانى ناو ریزەكانى حیزبی بەعس بە تەواوى سەرى هەڵدا، لەو پێناوەشدا دەسەڵاتى بەعس بە تەواوى لە سوریا جێگر بوو، كە (ئەمین حافز) سەرۆكى وڵات و سەرۆك وەزیرانیش (سەلاحەددین بیتار) بوو، لە دواییشدا لە ساڵانى 1966 تا 1970 حكومەتى (نورەدین ئەتاسى) بوو، لە دواى ئەو ماوەیە و لە دواى 1970ەوە حوكمى دەسەڵاتى بەعس وەك حیزب و دەوڵەت لە سوریا (حافز اسد) بوو، كە بە ناوى (الحركە التێحیحیە) دەسەڵاتى گرتە دەست، واتا 39 ساڵ حوكمى بەعس لە ژێر دەسەڵاتى بنەماڵەى (حافز اسد) تا ئەمڕۆ ماوەتەوە، لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە هەر لە سەرەتاى دروستبوونى ئەو حیزبەوە تا بە ئەمڕۆ چەندە دوژمنى ئاشتى و مرۆڤایەتى بووە، هەمیشە هەوڵى خوێنڕشتنى داوە و بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبووە دان بە مافەكانى گەلى كورددا بنێت، وە لە هەمانكاتیشدا لە هەوڵى راگواستن و تەعریب و زیندانى كردنى رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانى هانڵاتیانى كورد بووە، بە پێى بەڵگە مێژووییەكانى یادەوەرى مێژووى حیزبەكەشیان لە ساڵى 1963 دەورانێكى بێوێنەى خوێن رشتن بووە تەنانەت لەناو خودى حیزبەكەى خۆشیاندا، پێویستە ئەوە بڵێین پێش دروستبوونى حیزب خەبات و تێكۆشانى كورد لە سوریا، بە تایبەت لەگەڵ هێزە پێشكەوتووخواز و بزوتنەوەكاندا رۆڵى بەرچاوى هەبووە لە دژى وڵاتى فەرەنسا وەك، وەزیرى جەنگ (یوسف العزمە) كە كورد بووە و دژى حەملەى فەرەنسى وەستاوەتەوە و یەكێك لەو سێ كەسەى كە شۆڕشى سوریا دژى فەرەنسا وەستاونەتەوە خەباتگێڕ (ئیراهیم هنانۆ) كە سەركردەى (جبال زاویە) و شانبەشانى (شێخ ێالح على و ێلتان پاشا الاترش) دژى فەرەنسا وەستاونەتەوە، وەك سەرچاوەكان باس دەكەن (محۆ بشاشۆ) كە كورد بووە یەكەم كەس بووە لە ناوچەى حەلەب تەقەى لە دژى حەملەى فەرەنسى كردووە، وە لە جزیرەش كە راپەرینى (عامودە) دژى داگیركارى فەرەنسى سەریهەڵداوە، هێزەكانى فەرەنسیش بە سەركردایەتى (كۆلۆنیل روغان) كەوتووەتە تۆپبارانكردنى كوردەكان، تەنانەت بە فرۆكەش هێرشى كردوەتە سەریان، بەڵام لە دواییدا بە هۆى پێشكەوتنى شۆڕشى (بیاندور) لە رۆژهەڵاتى شارى قامیشلى توانیان (كۆلۆنێل روغان) بكوژن، ئەو ساڵە ساڵێكى تەمومژاوى و پڕ كارەسات بووە سەبارەت بە كوردەكان، بە تایبەتى كە دژى داگیركارى فەرەنسا وەستابوونەوە، لە پاڵ گۆڕانەكاندا لەو سەردەمەدا كوردیش زیاتر هەوڵى بەرەو پێشچوونى خۆى داوە، لە دواى جەنگى جیهانى دووەمەوە گەلى كورد لە كوردستانى رۆژئاوا بەشدارى بەرچاوى هەبووە لە ناو ریزەكانى حیزبی شیوعى سوریادا، ئەم خەباتەى گەلى كورد بەردەوام بووە تا ئەوكاتەى كە بە چاكیانزانییوە خۆیان لەناو پارتێكى كوردیدا درێژە بە خەبات و چالاكیەكان بدەن.
پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریا كاتێك باس لە دروستبوونى حیزبى كوردى دەكرێت ناكرێت مێژووى كۆمارى مهاباد فەرامۆش بكەین، هەرچەندە بزوتنەوەى خۆیى بوون سەرەتاى هۆشیارى نەتەوەیى بووە لە كوردستانى رۆژئاوا، بەڵام بە پێى بەڵگە مێژووییەكان ئەوە دەردەخەن كە كۆمارى مهاباد و دروستبوونى پارتى دیموكراتى كوردستانى ئێران كاریگەرى تەواوى لەسەر پارچەكانى دیكەى كوردستان و بۆ دروستكردنى پارتى سیاسیى كوردى هەبووەن هەر بۆیە لە پاش جەنگى جیهانى دووەم و سەرەتاى سەربەخۆیى سوریا لە دەست ئینتیدابى فەرەنسا، كە رۆشنبیرەكان لە كوردستانى رۆژئاوادا رۆڵى دیار و كاریگەرییان بەسەر چین و توێژەكانى كۆمەڵگاى كوردی و لە چوارچێوى پارتێكى كوردى بە ناوى پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریا هەبووە، مێژووى دروستبوونى ئەو پارتەش دەگەڕێتەوە بۆ 14- 6- 1957، كە لەسەر دەستى كۆمەڵێك رۆشنبیر و سیاسەتمەدارى ئەو سەردەمە وەك (دكتۆر نورەددین زازا، جگەر خوێن، عوسمان سەبرى، حەمید دەروێش....) دامەزرێنرا.
لێكترازانى حیزب سروشتییە گەر بڵێین زۆرجار كەسە رۆشنیر و نەتەوەییەكان لە بار و زروفێكى سەختدا هەوڵدەدەن بۆ كۆكردنەوەى كۆمەڵگا لە چوارچێوى پارتێكى سیاسیدا، ئەوەش لە پێناو بەرگرى مافە نەتەوەییەكان، بەڵام سروشتى نییە لەسەر بیر و راى جیاواز بە مەرجێك دوور بێت لە كاریگەرى شەخسى دەرەكى ئەو حیزبە و حیزب بەرەو هەڵدیر ببات، دیارە مێژووى لێكترازانى ئەم حیزبەش بەدەر نەبووە لە لێكترازانى حیزبە كوردستانیەكانى دیكەى كوردستان، بەڵام ئەوەى لێرەدا مەبەستە بۆ خوێنەر كە بزانێت بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان باسى لێوە دەكرێت، لە دواى ئەو بیر و را جیاوازەى كە لە ساڵى 1964 لە نێو پارتى دیموكراتى كوردستانى عێراق رووى دا، كە لە ئەنجامدا بووە دوو بەشەوە بە ناوەكانى (باڵى سەركردایەتى بارزانى و باڵى مەكتەبى سیاسیى)، هەر ئەو رووداوەش كاریگەرى خۆى هەبووە لەسەر پارتى دیموكراتى ئێران لەو سەردەمەدا، كە (ئەحمەد تۆفیق ناسراو بە عەبدوڵڵاى ئیسحاقى) ئەو حیزبە بەرەو هەڵدێر ببات، بەڵام بە هۆى هوشیارى ئەندامانى ئەو حیزبە و پێداگریان لە بوونى مانەوەى سەربەخۆیى حیزب وەك خۆى بە باشیان زانى، كە ئەحمەد تۆفیق لە ریزەكانى ئەو حیزبەدا دەربكەن، هەر وەك گوتمان لێكترازانى ساڵى 1964 هەمان كاریگەرى لەسەر لێكترازانى پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریا هەبووە، هەربۆیەشە لە 5ى ئابى 1965 پارتى دیموكراتى سوریاش بووەتە دوو بەش بە ناوى (پەیڕەوى راست رەو) و (باڵى چەپ)، بەڵام ئێستا لە گۆڕەپانى سیاسیى رۆژئاوادا چەند حیزبێك هەیە بە ناوى (هاوپەیمانێتى دیموكراتى كوردستان لە سوریا) كاردەكەن وەك (پارتى دیموكراتى پێشكەوتنخوازى كورد، پارتى چەپى كوردى، پارتى دیموكراتى كوردى (پارتى)، پارتى یەكێتى دیموكراتى كوردى (یەكێتى)) لە لایەكى تریشەوە هاوپەیمانێتیەكى تر بە ناوى (بەرەى دیموكراتى كوردى لە سوریا) بە یەكەوە كار دەكەن، كە پێكهاتووە لە (پارتى دیموكراتى پێشكەوتوخوازى كورد، پارتى نیشتیمانى دیموكراتى كوردى).
كارەسات و رووداوەكانى كۆمەڵگاى كوردى سوریا و ئەندامانى حیزب دەبێت ئەوە بڵێین 3 ساڵ بەسەر دامەزراندنى پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریادا تێپەڕی بوو، سەرەتاى ناكۆكى و بیر و راى جیاواز لە لایەك سەرى هەڵدابوو، لە لایەكى ترەوە گەشەسەندنى حیزبی بەعس لە ناو كۆمەڵگاى سوریادا و لە هەمانكاتیشدا حیزبی بەعس تووشى دەمارگیرى و سەرەڕۆسى خۆى لەناو هەموو بوارەكاندا دەنواند، رووداوى سینەماى عامودە كە دەتوانین بڵێین لە سەرەتاى یەكگرتنى ناسرى و بەعسیەكان بوو، كە لەو سەردەمەدا واتە 1958- 1959 كە لەو سینەمایەدا فلیمێك نمایشكرابوو، تێیدا باسى شۆڕشى جەزائیرى دەكرد، كۆكردنەوەى داهاتى ئەو فلیمەش هەر بۆ جەزائیر بوو، بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان سوتانى ئەو سینەمایە لەو سەردەمەدا، دەستى شۆڤێنییە عەرەب و بەعسیەكانى لە پشت بوو، چونكە بە سەدان مناڵى كورد لەو سینەمایەدا هاتنە سوتان و مردن، ساڵى 1960 زیاتر لە 70 ئەندامى پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریا بەرەو راوەدوونان و دەستگیر بوونیان روو بە روو دەبوونەوە، تەنانەت ئەندامى سەركردایەتى پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریا بەر شاڵاوى زیندانى بوون بوو بۆ نموونە (عوسمان سەلیم)، دواى شكستى حوزەیرانى ساڵى 1967 و نەمانى هاوپەیمانیەتى ناسر و بەعسیەكان و گەڕانى بەعسیەكان بە تایبەت بەعسیەكان، ئەویش بۆ دۆزینەوەى ئەلتەرناتیڤێك بۆ ئەو قەیرانەى كە لە دەسەڵاتى ناوچەكە تێى كەوتبوون، هەم لە رووى ناوخۆى حیزبەوە، لە لایەكى ترەوە ناكۆكى نێوانیان لە عەقڵى فیوداڵى و بۆرژوازى و دەرەبەگایەتى لە ناوچەكە، كە لەسەر مەسەلەى چاسازى كشتوكاڵى سەرى هەڵدابوو لە سەردەمى (نوردین ئەتاسى) لەو سەردەمەدا شەپۆلێكى بێ وێنەى شەپۆلێكى بێوێنەى كوشتنى بە خۆیەوە بینى بوو، لەوكاتەشدا پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریا بە حوكمى بنكەى فراوانى رێكخستنەكانى لە ناوچە جیاجیاكانى یوریادا كە لە شار و شارۆچەكەى سوریادا وجودى هەبوو، كۆمەڵگاى كوردیش لەو سەردەمەدا بەدەر نەبوو لەو كوشتن و ماڵوێران كردنە.
لە دەسەڵاتى باوكى شێرەوە بۆ كوڕى شێر هەرچەندە زۆرجار سیاسەتمەدارنى كورد لە كوردستانى باشوور هەمیشە وڵاتى سوریا بە هاوكارى و پشتیوانى شۆڕشى كورد ناوزەند دەكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەو دەسەڵاتەش هەر لە مێژووى دروستبوونی دسەڵاتیەوە تا ئەمڕۆ هیچكات فەرامۆشى خۆى بەرامبەر بە كوردانى سوریا نەكردووە، لەولاشەوە بەرامبەر بە شۆڕشەكانیش لە ژێرەو زەبرى خۆى هەر هاویشتووە، ئەوەتا مێژوو ئیشارەتمان بۆ دەدات، كە نزیكەى 39 ساڵ حوكمى دسەڵاتى لە باوكەوە بۆ كوڕ زەبر و زەنگى خۆیان بەرامبەر بە كوردان بەردەوام بووە، تەنانەت هەر لە سەردەمى ئەوانیشدا ئامادا نەبوون كە كوردان لە وڵاتەكەى خۆیان بە شەریكە بەشى ئەو وڵاتە و هاوڵاتى ئاسایى پێناسە بكەن، ئەمە جگە لەوەى كە كوردان لەو وڵاتەدا لە هەموو مافە سەرەتاییەكان لەو وڵاتەدا بێ بەشن وەك، خوێندن بە زمانى كوردى، پۆشینى جل و بەرگى نەتەوەیى جا بۆیە پێویستە لێرە بە دواوە هۆشیار بین و بزانین ئەو وڵاتە لە پێناو چیدا هاوكارمان بووە، كاتێك هاوكاریشمان دەبێت، دەبێت هەست بەوە بكەین كە مافەكانى نەتەوەییەكانى هاوپشتى برامان بێهێز نەكەین، چونكە دوژمن هەۆ دوژنە گەر لە هەر بەرگێكدا بێت، لەم روانگەیەوە هۆنراوەكەى جگەر خوێنى شاعیر و خەباتگێر باشترین نمونەیە، كە خۆى لە دایكبووى ئەو وڵاتەیە كەكاتێك بە هەستێكى نەتوایەتى بە هێزەوە و بە هۆنراوە بە دوژمنە سەرسەختەكان بە گشتى دەڵێ: "شام شەكرە وڵات شیرینترە".
قامیشلى گەر بە پێى قۆناغەكانى مێژووى گەلى كورد لە سەرهەڵدانى رۆشنبیرى و سیاسییدا (مەهاباد و دیاربەكر و سلێمانى) ناسنامەى پایتەختى رۆشنبیرى و سیاسیان پێ بەخشرابێت، ئەوا قامیشلیش بە حوكمى جوڵانەوە رۆشنبیرى و سیاسیەكانى مێژووى خۆیەوە بە هەمان شێوە توانیویەتى لە رابردووەوە بۆ ئایندە ئەو ناسنامەیە بۆخۆى فەرهەم بكات، ئەمەش بەو مانایە نییە، كە لە خەبات و تێكۆشانى شار و شارۆچكەكانى دیكەى كوردستان كەمبكرێتەوە، بەڵكو ئەمە حەقیقەتێكى مێژوویى تۆماركراوە و كەس ناتوانێت نكۆڵى لێبكات، دەسەڵاتدارانى بەعس جگە لە زیندانى كردن و ئازاردانى كەسە سیاسیەكان لە كوردستانى رۆژئاوادا بە تایبەتى ناودارانى وەك شاعیرى مەزن (جگەر خوێن، عوسمان سەبری، دكتۆر نورەدین زازا، مستەفا جومعە، سەعدون شیخۆ......)، كە لەسەر بیر و راى نەتەوەیى و جیاوازى بیركردنەوە لە بیر و راى سیاسیدا هەمیشە روو بە رووى دسگیربوون بوونەتەوە، هیچكات دەسەڵاتى بەعس تا ئەمڕۆ دەسبەردارى ئەو جۆرە شاڵاوانە بەرامبەر بە كوردان نەبووە، بۆ نموونە لە ساڵى 2004 هەستان بە دەسگیركردن و رفاندنى (عەللامە) كەسى ناودارى قامیشلى عەللامە (شێخ فازل معشوق خزنوى) لەگەڵ 27 سەربازى كورددا لە قامیشلى، پاشان كوشتیانن كە ئەمەش یەكێكە لەو تاوانە بە كۆمەڵ كوشتنەى دەسەڵاتى بەعس لەو وڵاتەدا، لە راپەڕینى ئازارى 2004 پارێزگارى تاوانبارى پێشووى (الحسكە) بە ناوى (سلیم كبول) بە دەستى خۆى تەقەى لە كوردەكانى ئەو شارە كردووە لە لایەك، لە لایەكى ترەوە رووداوە گرنگەكەى 12ى مارس 2004 كە لە كاتێكدا لە یاریگاى قامیشلى لە نێوان دوو تیپى وەرزشى ئەو كارەساتە روویدا و كوردەكان هاندەرى تیپى وەرزشى قامیشلى بوون لە لایەك، لە لایەكى ترەوە عەرەبە شۆڤێنیەكانیش هاندەرى تیپى وەرزشى میوانى (دێرزور) بوون، لەو رووداوەدا 13 كورد بە دەستى دەزگا ئەمنیەكانى ئەو وڵاتە كوژران و نزیكەى 2000 كوردیش لە لاو و ژن كە زۆرینەیان تەمەنیان 12 ساڵان بوون لە لایەن دەزگا ئەمنیەكانى ئەو وڵاتەوە زیندانى كران، لە نەورۆزى 21ى 3ى 2008 هەر لە قامیشلى لە گەڕەكى رۆژئاوا 3 خوێندكارى زانكۆ بە هۆى هەڵكردنى ئاگرى نەورۆزەوە بە هۆى تەقە لێكردنیان لە لایەن هێزەكانى ئەمنى سوریا شەهید كران بە ناوەكانى (محەممەد زەكى، ئەحمەد حسێن، عەلى الفور)، وەدەیان بریندارى دیكەى لێكەوتەوە، بە هۆى رووداوە خوێناویەكانى سەر بە دەزگاى ئەمنى قامیشلى لە مانگى مارسى 2004 بە كوشتن و زیندانى كردنى كوردان (بشار اسد) لە وتەیەكدا وتى: "كورد بەشێكى بنەرەتى پێكهاتەى گەلى سوریایە"، بەڵام ئەمە تەنها قسەیەك بو ئەویش لە پێناو خاوكردنەوەى ئەو فشارانەى كە لە لایەن رێكخراوەكانى لێبوردنى نێودەوڵەتیەوە بوو، نەك ئەوەى كە لە پراكتیكدا ئەو وتەى خۆى پراكتیزە بكات.
دواى ئەو هەموو كارەساتە مێژووییەى كوردستانى رۆژئاوا
خوێندنەوەى كتێبێكى كرچوكاڵ سەرەتا دەمەوێت بە خوێنەر بڵێم بۆ نووسێنی راپۆرتێكى كوردانى رۆژئاوا پێویستم بە سەرچاوەیەكى كوردى راستگۆیانەبوو كە دەستم بكەوێت بەمەبەستى سود لێ وەرگرتن، هەروەها نەوەى دواى راپەڕین لێى سودمەند بێت، پاشان لە یەكێك لە كتێبخانەكاندا كتێبێكى (سەلاح بەدرەدین)م دەسكەوت بە ناوى (بزوتنەوەى نەتەوەى كورد لە سوریا، تێڕوانینێكى رەخنەیى لە ناوەوە)، سەرەتا زۆر خۆشحاڵ بووم بەڵام كە كەوكوژى چوومە ناو خوێندنەوەى كتێبەكە، 3 بەشم لێ دیارى كرد، یەكەمیان باسى بەشێك لە مێژوو دەكات، باسى مێژوویەك دەكات كە لە تەمەنى خۆیدا نییە، كە پەنا بردنە بەر سەرچاوە مێژووییەكانە كە ئەوەش كارێكى سروشتى و جوانكارییە، دووەمیان پیاهەڵدان و كاریزما بوونى خۆیەتى لە نێو چالاكى سیاسیدا، سێیەمیان تانە و تەشهیر و ناو زڕاندنى مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانى سیاسەتمەدارە، كە بە رەوتى 66 باسیان لێوە دەكات و لە هەمانكاتدا باس لەو كوردە خەباتگێڕانەى كوردستانى رۆژئاوا دەكات و بە ئاژاوەگێڕ و كۆمەڵێ تەشهیى دیكە باسیان لێوە دەكات، لە نووسینى ئەو كتێبەى سەلاحدا لە دواى كۆنگرەى 5ى ئابى 1965ى پارتى دیموراتى سوریا باس لەوە دەكات، كە لە سەرەتاوە چەند كەسانێك دەستیان خستوەتە ناو ریزەكانى پارتى دیموكراتى سوریا و ویستوویانە لێكیان هەڵبوەشێنن، لە سەرەتاى كتێبەكەیدا كە لە سەرەتاى لاوێتیەوە كە 22 ساڵان بووە لەوكاتەدا، بەردەوام سەردانى بارەگاى سەركردایەتى بارزانى كردووە، بە پێى قسەكانى خۆیشى كە دەیگێڕێتەوە هەمیشە كارەكانى ناو پارتەكەى خۆى لە سەردانەكانیدا بۆ سەركردایەتى ناوبراو باس كردووە، من لێرەدا مەبەستم ئەوەنییە پارێزگارى لە كەسانى وەك (مامۆستا ئیراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانى) بكەم، بەڵام ئەوەى كە جێگاى سەرنجبێت لاى خوێنەرى ئەمڕۆ ئەوەیە، ئێمە پێش ئەوەى باس لە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانى بكەین، سەلاح بەدرەدین چۆن دەتوانێت بە غیابى ئەو هەموو سیاسەتمەدارانەى ئێستاى ناو كوردستانى رۆژئاوا دێت لە كتێبێكدا باس لە پۆزەتیڤى چالاكیە سیاسیەكانى خۆى دەكات و ئەوانیش بە تاوانبار و نێگەتیڤ لە قەڵەم دەدا؟! یاخود لە كتێبەكەى دا باس لەوە دەكات خۆى هەمیشە بە كەسێكى بیر و راى چەپى ماركسى لە قەڵمەداوە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا خودى سەڵاح بەدرەدین پرس و راى هەمیشە بە بارزانى هەبووە!! بۆ نموونە باس لەوە دەكات كاتێك كە لە سەردانى بارزانى دا بووە، دەڵێ: "دەستمان كرد بە شرۆڤەكردنى بارودۆخى سوریا بەگشتى و حیزبمان بە تایبەتى، تاكو گیشتمە سەر ناو هێنانى (عوسمان سەبرى) بەڕێز بارزانى پرسیارى كرد: ئەو لەگەڵ ئێوەیە؟! وتم بەڵێ سكرتێرى حیزبمانە"، سەلاح بەدرەدین دەڵێ: "یەكسەر بارزانى گرژى لە دەمووچاوى دا دەركەوتوو وتى: گەر ئەو سكرتێرتانە ئەى ئێوە لێرە چى دەكەن؟!"، لێرەدا تەنها خودى نووسینەكان و هاتوچۆكانى سەلاح بەدرەدین دەردەكەوێ كە كێ مەبەستى دەسخستنە ناو ریزەكانى پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریاى هەبووە لە پێناو مەرامە شەخسیەكانى! خۆ بارزانى لە جێگاى بارەگاى خۆیدا دانیشتووە ئایا سەلاح بەدرەدین بۆ ئەوەندە هاتوچۆى كردووە؟!
لە لایەكى تریش سەلاح بەدرەدین بەیاننامەى نێوان پارتى دیموكراتى سوریا و حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێرانى سەردەمى ئەحمەد تۆفیق ناسراو بە عەبدوڵڵا تۆفیق بڵاو كردوەتەوە كە هاوپەیمانیەتیان لەو سەردەمەدا هەبووە، نكۆڵى لەوە ناكرێ كە هەموو خوێنەرێكى كورد و شارەزاى سیاسیى كە ئەحمەد تۆفیق واتا عەبدوڵڵاى ئیسحاقى لەو سەردەمەدا لە ژیر كاریگەرى (بارزانی)دا بووە، ئەحمەد تۆفیقیش لە پێناو بەرژەوەندى شەخسى خۆیدا ویستوویەتى هێڵى گشتى سیاسیى حیزبی دیموكراتى ئێران بە لارێدا ببات، بەڵام بە هۆى هۆشیارى ئەندامانى حیزبی دیموكراتەوە ئەو پیلانانەى ئەحمەد تۆفیق سەرى نەگرت، چونكە كاتى خۆى ئەحمەد تۆفیق لە كاتى كۆنگرەدا شەهید (قازى محەممەد)ى بە خائین دانابوو، هاوكات باڵى چەپڕەوى حیزبی دیموكراتى بە لادەر دانابوو، هەربۆیەشە ئەندامانى حیزب ئەحمەد تۆفیقیان لە ریزەكانى حیزب دەركرد، لێرەدا پێویستە رسیارێك لە كاك سەلاح بەدرەدین بكەین، كە كاتێ خۆى بە فكرى چەپ خۆى لە قەڵەم دەدا، چۆن ئەو بەیاننامەیە لە كتێبەكەى خۆیدا بڵاو دەكاتەوە هەرچەندە ئەو بەیاننامەیەش لەگەڵ هزرى چەپى ئەودا نەگونجاوە؟! كە كاتێك ئەحمەد تۆفیق چەپەكانى ناو ریزى حیزبی خۆى بە لادەر دەزانێت، لە هەمانكتیشدا سەلاح بەدرەدین بە دەستى راست رەوەكان دەزانێت؟! لەكاتێكدا كتێبێكى دانسقەى كوردستانى رۆژئاواى سەلاح بەدرەدین لە كتیبخانەكانى باشوورى هەولێردا دەبیندرێت، لە بەشى بەڵگە وێنەییەكانى كتێبەكەیدا لە جیاتى وێنەى قاسملۆ و شەرەفكەندى بەدى بكرێت، كە دوو شەهیدى سەركردەى دەستى تیرۆریستانى گەلن، گەلۆ.. گەلۆ..مخابن تەنها وێنەى ئەحمەد تۆفیق دەبیندرێت؟! ئەم نموونانە و چەندان نموونانەى تر لە كتێبەكەى سەلاح بەدرەدیندا بەرچاو دەكەون، بۆیە ئەفسوس كە نەمتوانى وەك سەرچاوەی مێژوویى بە كارى بهێنم و سودى لێوەرگرم، بۆیە بە ناچارى پەنام بەر هێڵى ئینتەرنێت برد و توانیم تا رادەیەك و هەرچۆنێك بێت هەندێ زانیارى ببەخشمە خوێنەرى دواى راپەڕین، لە كۆتاییدا دەڵێم دواى ئەو هەموو تەشهیر و ناو زڕاندنانەى بۆ كەسایەتى سیاسیى جۆراوجۆر ئیشارەت پێداوە دەربارەى دەستخستنە ناو كارو بارى پارتى دیموكراتى كوردستانى سوریا لەو سەردەمەدا تا ئەمڕۆ ئەو پرسیارە دروست دەبێت، ئایا ئەو كەسە سیاسەتمەدارانەن كە تاكو ئێستا لە ناو كۆمەڵگاى كوردى سوریادا بەرامبەر بە دەسەڵاتى بەعس لە خەباتدان؟! یاخود مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانى؟! یا خود سەلاح بەدرەدین كە ئێستا بە ئاشكرا لە كوردستانى باشور و لە پاڵ پارتى دیموكراتى كوردستاندا خاوەنى بنكەى كاوەى رۆشنبیرى و باسلێوەكردنى مێژووە بە تەنها؟! دیارە وەڵامى ئەم پرسیارەش تەنها ئایندە بە چەند كتێب و بەڵگەنامەیەكى دروست و شەفاف روون دەبێتەوە، نەك تەنها كتێبەكەى سەلاح بەدرەدین! ئایا لە سەردەمى ئینتیدابى فەرەنسى و بزاڤى ماركسى شیوعى و لە دایكبوونى شۆڤێنیەتى حیزبى بەعس و خۆشەویستى لە رادەبەدەرى سەلاح بەدرەدین بۆ منەزەمەى تەحریرى فەلەستینى، یان ئەو كردە سیاسەتمەدارانەى تاوكو ئێستا لە نێو خودى كوردستانى رۆژئاوادا ماونەتەوە، كێ مافى چارەنووسى گەلى كورد لە رۆژئاوا دیاری دەكات؟!
تێبینى: ئەم راپۆرتە لە ژمارە 5ى گۆڤارى چاوگ بڵاو بوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست