"نەمزانیووە بەكر مەعروف دەرهێنەر بێ"، 99 ملیۆن دیناریشى بۆ درامایەك وەرگرتووە
Monday, 25/01/2010, 12:00
دواى پەخشكردنى دراماى (رەحمەتى) لە دەرهێنانى بەكر مەعروف، كە شارەزایانى دراما بە كارێكى لاوازیان وەسفكرد، ناوبراو 99 ملیۆن دینارى دى بۆ درامایەكى 15 ئەڵقەیى وەرگرتووە و شارەزاییەكیش لە بوارى دراما دەڵێ "نەمزانیووە بەكر مەعروف دەرهێنەر بێ".
سەرچاوەیەكى ئاگادار لە وەزارەتى رۆشنبیرى رایگەیاند، بەكر مەعروف 99 ملیۆن دینارى بۆ بەرهەمهێنانى درامایەكى 15 ئەڵقەیى لە وەزارەتى رۆشنبیرى وەرگرتووە و بەمنزیكانە دەست بە وێنەگرتنى دەكرێ، لەوبارەیەوە بەكر مەعروف دەرهێنەرى دراماكە بە(سڤیل)ى راگەیاند، "وانییە، خەریكى هیچ نیم و ئەو درامایەش تۆ باسى دەكەى نایكەم و بە وەزارەتى رۆشنبیریشم گوتووە".
بەڵام ناسر حەسەن بەڕێوەبەرى گشتى سینەما و دراما لە وەزارەتى رۆشنبیرى هەواڵەكەى پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، كە بەمنزیكانە دەست بە وێنەگرتنى دراماكە دەكرێ و گوتى "دراماكە لە دەرهێنانى بەكر مەعروفە و 15 ئەڵقەشە و 99 ملیۆن دینار بودجەكەیەتى، من نازانم بەكر مەعروف چۆن وایگوتووە"، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەى سینەما و دراما ئاماژەى بۆ ئەوە كرد، ئەو پارەیە كەمە و مەمنونن ئەگەر بەو پارەیە كارە تەواو بێ، گوتیشى "ئینشاڵڵا تەواو دەبێ". لەلایەكى دیكەوە هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان شارەزا لە بوارى دراما و شانۆ لە وەزارەتى رۆشنبیرى رایگەیاند، "لە ژیانمدا و لە ئەزموونى هونەریى خۆمدا نەمزانیووە بەكر مەعروف دەرهێنەرى دراما و شانۆ بێ".
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست