دەسەڵاتی كوردی وماسیەكانی ناو حەوزەكە...
Monday, 09/05/2011, 12:00
یەكێك لە زاناكانی بواری بایۆلۆجی لێكۆڵینەوەیەكی كردووە لە سەر ماسی.بۆ لێكۆڵینەوەكەی هات دوو حەوزی ماسی هێنا و یەكێكیان بچووك و ئەویتر گەورەتر.زاناكە حەوزە بچوكەكەی پر كرد لە ماسی بچووك و حەوزە گەورەكەشی پڕكرد لە ماسی گەورە.پاشان حەوزە بچوكەكەی خستە ناو حەوزە گەورەكە.تێبینی ئەوەی كرد كە ماسیە بچوكەكانی ناو حەوزە بچوكەكە تەنها لەناو حەوزە بچوكەكەدا مەلە دەكەن وە ناتوانن بچنە ناو حەوزە گەورەكە ئەمەش بەهۆی شوشەی حەوزە بچوكەكە كە ڕێگرە لەبەردەمیان .پاش ماوەیەك كە ماسیە بچوكەكان گەورە بوون و پێویستیان بە فەزایەكی گەورەتر بوو بۆ مەلە كردن ,زاناكە هات حەوزە بچوكەكەی لابرد,تێبینی ئەوەی كرد كە سەرەرای لابردنی حەوزەكە,هێشتا ماسیەكانی حەوزی یەكەم هەر لە چوارچێوەی سنوری حەوزی یەكەمدا مەلەیان دەكرد. زاناكە ئەوەی بۆ دەركەوت كە چونكە ماسیەكانی ناو حەوزی یەكەم هەمیشە واڕاهاتبوون هەر لەو بازنە تەسكەدا بخولێنەوە توانای ئەوەیان نیە كە هەست بەوە بكەن كە حەوزە بچوكەكە لابراوە و ئەو سنورەی كە پێشتر دایبڕیبوون لە ماسیە گەورەكان ئێستا بوونی نەماوە,لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا زاناكە ئەوەی بۆ دەركەوت كە ماسیەكانیش وەك مرۆڤ یادەوەریان هەیە و لەسەر زاكیرەی كۆنی خۆیان ئەژین.
ئەوەی بوە جێگەی تێرامانی من لەم لێكۆڵینەوەدا ئەوەیە كە هەمان شت كتومت وەك خۆی بەسەر دەسەڵاتدارانی كوردستاندا واتە پارتی و یەكێتی تەتبیق دەكرێت.چونكە ئەم دوو هێزە تەنها لەسەر ڕابردوو دەژین و یادەوەری و سەروەریەكانی رابردووی خۆیان (كە هی خەڵكی هەژار و بەشمەینەتە) هەمیشە بە هاوڵاتیانی كوردستان ئەفرۆشنەوە.ئەم دوو هێزە درك بەو ڕاستیە ناكەن كە ئێستا لە كوردستاندا هێزی نوێ هاتۆتە مەیدانەكەوە ودەتوانن زۆر باشتر لەوان توانای ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنی ئەو سێ پارێزگایەیان هەبێت كە ئەمان ناویان ناوە حكومەتی هەرێمی كوردستان.ئەم دوو هێزە كە ئێستا تەنها بەزەبری هێز حوكم دەكەن لە كوردستاندا هەست بەوە ناكەن كە چیدی خەڵكی كوردستان نایەوێت لە ڕابردودا بژین و پێویستیان بە حیزبی مۆدێرن هەیە بۆ ئەوەی بەشێوازێكی زانستیانە ئیدارەی وڵات بكەن نەوەك بەسیاسەتی كڕینی ویژدان و لاوازكردنی ئیرادەی تاكی كوردی.
ئەم دوو حیزبە واتە پارتی و یەكێتی وەك ئەو ماسیانە وان,تەنها لە چوارچێوەیەكی زۆر تەسكدا لەسەر ڕابردوو ئەژین,وا ئەزانن ئەبێت هەتاهەتایە لەسەر كورسی دەسەڵات بمێننەوە و حوكم بكەن,ئەو دوو هێزە لەمیانەی زانیاریەكانیان لەسەر ڕابردوو دەرواننە ئایندە. چونكە پێیان وایە شەرعیەتی شۆڕشگیڕانەیان هەیە.پارتی و یەكێتی و سەركردەكانیان دەیانەوێت هەموو كۆمەڵگا وەك ئەوان بیر بكەنەوە و دونیا بینی كۆمەڵگای كوردی دەبێت لەسەر ئایدۆلۆژیای حیزبی ئەوان بونیات بنرێت.بۆیە من پێم وایە كە دەسەڵاتی كوردی پێویستە بەخەبەر بێنەوە لەو خەوە قوڵەی كەوا بۆ ماوەی بیست ساڵە حوكمی پێ ئەكەن,بەخەبەر هاتنەوەی ئەم دوو حیزبە كوردیە ڕێك وەك درككردنی ماسیەكانی ناو حەوزە بچوكەكەیە كە ئیتر سنور و لەمپەر نەماوە لەبەردەمیان.ئەگەر هاتوو ئەم دوو هێزە بەخەبەر هاتنەوە,ئەوا ئەوە ئەوچركەساتە مێژوویە ئەبێت كە ماسیەكان لە سنورە تەسكەكەی خۆیان دەپەڕێنەوە و بریتی دەبێت لە چركەساتی دەركەوتنی حەقیقەت.چركە ساتی ڕزگاربوونی هەموو كورد لە زوڵم و ستەم و چەوسانەوە و هەنگاو نان بۆ بوون بەدەوڵەتی كوردی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست