زامی کۆن دەوران تاتای کرد مەنزڵ
Wednesday, 18/02/2015, 12:00
نەتەوەیەک کە لەبەر بەرپرسایەتی ڕاکا تووشی هەڵەی مێژوویی دەبێ. نەتەوەیەک رزگاربووە کە چارەنوسی خۆی نەداتە دەست قەزاوقەدەری سیاسی. نەتەوەیەک دەگاتە ئاسۆیەکی روون کە بە دەستی خۆی دوارۆژی خۆی بنووسێتەوە. لەسەر رووپەڕی،،هاووڵاتی،، چاوم بە رستەیەک کەوت کە مەکتەبی سیاسی / پاڕتی دێمۆکڕات/ کە بە سەرۆکایەتی سەرۆک عەشیرەکانی بارزانی بەڕێوە دەچێ. لەوێدا ئاوایان فەرمووە: مەسعود بارزانی پێویستیی بە سەرۆکایەتی هەرێمە! بۆ ئەوەی وڵات تووشی کێشە نەبێ!! هەمان تاس وهەمان حەمام! دەتانهەوێ هەر ئەوەیە ناتانهەوێ هەر ئەوەیە. ئەو جار هەڕەشەکە زۆر جیددیترە.چون کامەسعود نەبێ وڵات دەشێوێ.! ئەوە نییە لەوەتی ئەو سەرگەورەیە وڵات لەو ماوە یەدا،ئاستی ژیانی خەڵک ئاستی ژیانی وڵاتێکی وەک نۆڕوێژی بەزاندووە! دەڵێی وڵاتمان بۆتە بەهەشتی بەرین وئێمە ئاگامان لێی نییە.
ئەو رستەیەی کە لە هاوڵاتیدا بڵاو بۆتەوە، تەنیا رستەیەکی رۆژنامەوانی نییە.بەدوای خۆیدا لە داهاتوویەکی نزیکدا پرسی ئاڵۆز روودەدەن. بەو واتایە ئەگەر بارزانی نەبێتەوە سەرۆکی وڵات کێشەی مەزن دروست دەکەین. خۆزگە مێژوونوسانی کورد بە ئێمەیان دەگوت، بەرهەمی خەباتو شۆڕشی ئەو بنەماڵەیە بە خڕوپتوونی بۆ نەتەوەی کورد لە کوێدایە؟ هەنگاوە ئەرێنیەکانی عەشیرەی بارزانی کامانەن؟ لەدوای هەر سەرکەوتن وشکستێکدا هەزاران لاپەڕە تۆمار دەکرێن. شکستەکان هیچ. سەرکەوتنەکانیان بۆ ناکەنە ئاڕشیو. لە کوێن ئەو پەڕتووکانەی کە باس لە دەسکەوتوو ئامانجەکانی ئەو سەرهەڵدانانە بکا کە بەدەستی ئەو خێڵە وەچەنگ هاتووە.ئایا رێژەی شەهیدو رادەی ماڵوێرانی کوشتوبڕ دەبنە سەرکەوتن؟ کوا بەرهەمی مێژوویی مەڕحومی مەلامستەفا کە بۆ بنەماڵەو نەتەوەی کوردی بە جێ هێشتبێ؟ مانەوە لە چیاو بوونی هەزاران چەکدارو هەستوو سۆزی نەتەوەیی بوتە بەرهەم بۆ ئێستێمان؟ ئەو کەسانەی کە بە دڵێکی پاک خۆیان فیدای نیشتمان کرد توانیان بە ئاواتی رزگاری سەر بنێنەوە؟ ئایا وەسیەتەکانیان بە جێ گەیاندراون؟
کوا بەرهەمی ئەو درووشمە قەببە قەببانە؟ کوا حاسڵی ئەودایکوباوکە جەرگ سووتاوانە؟ ئایا ئەوە رێچارە بۆ چارەسەری کە کەسایەتیەکی ناودار، یان بنەماڵەکەی کە بەوە بنازن کە ساڵەهایە شەهیدمان داوە تا کورد رزگار کەین؟ خۆ ئەو ٢٤ ساڵە (بە ٤ساڵ شەڕی خۆدڕێنیشەوە) وەک رۆژی روون دیارە نە کۆمەڵگاتان بۆ بەڕێوە دەچێ ، نە دەتوانن کێشەی کورد چارەسەر کەن. جیاوازی ئێوە لە گەڵ دیکتاتۆڕی بیانی لەوەدا دەبینم. ئەوان بیانی بوون. ئێوە خۆماڵین. ئەوان داگیرکەری بیانی بون. ئێوە داگیرکەری ناو خۆیین. کۆپی ئەو سیستمە شڕەی ئێوە رێک لە داهاتووی رۆژهەڵاتی وڵاتدا دەبینم. لەکاتی خۆیدا لە قسەی زل چییان لە باراندا نەبوو. پاش گرتنی ١٥ کۆنگرە(هی جووتە دێمۆکڕاتان) و نزیک ٣٠ساڵ لە کەمپەکاندا ئەوەی لە چەنتەیاندایە هەر قسەی زڵە. کار بە خۆبەهەڵاگوتن مێسەر نابێ.چەپوڕاست شانازی بە کۆماری مهاباد دەکەن. شانازی بە شەهیدان دەکەن ،مەزنترین بێحورمەتی بە نەمر قازی موحەممەدو شەهیدان هەرئەوان کردوویانە. لەسەر دوو وشە پێک نایەن کە چی دەخوازن کێشەی ١٢ میلیون کورد لەئێران چارەسەر کەن! دەمهەوێ وەبیریان بێنمەوە کە دوای هەرسهێنانی ،ژ،ک و دروستبونی حیزبی دێمۆکڕات، ئاوا کردنی کۆماریش لەسەر دەستی قەیرانی نێونەتەوەیی هاتەئاراوە.هەر بۆیە دوای گەیشتنی زلهێزەکان بە بەرژەوەندیەکانیان ئەو کۆمارە ساوایەش زۆر بەهاسانی سێڵاوی قەیران ڕەپێچەکی کردو لە ناویان برد! زامی کۆن دەورانی مێژووی برینداری کورد بەرهەمەکەی ئەوڕۆیە کە لەبەر چاوانە. سارێژکردنی ئەو برینەش یەکجار دژوارە وحەجێی بە گەلێک فەکتەری دیرۆکی هەیە.
دوو دەورەی سەرۆکایەتیت تەواو کرد کاک مەسعود. هیچ بەرهەمێکی مەزنم نەدی! دووساڵ بە کەڵەگایی درێژەت بە کارەکەت دا، هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنیم نەدی.گوتیان سوێندت خواردووە لەو دووساڵەدا گەورەترین ئەنستیتۆی زمانی کوردی لە هەولێر ساز کەی. کەچی بۆ خۆتو کوڕەکانیشت پەیتا پەیتا سواڵی ،،چەکی قورس،، دەکەن بە بیانووی شەڕ لەگەڵ داعش! پێم وایە لەبیر خۆتی دەبەیەوە کە پێش ساڵی ١٩٧٥ شاو ئامریکا چەندیان چەکی قورس دانێ کە دژی بەغدا شەڕی پێبکەن.هێشتا سە ددام وشێی گۆڕ بە گۆڕی ئێران یەکتریان لە باوەش نەکردبوو، شۆڕش تەفتووتونا کرا، هەزاران گیانپاک وقارەمان تووشی دەردی ناهۆمێدی نەهامەتی هاتن ومەڕحومی باوکیشت بەشەو سنوری کوردستانی بڕێ ولە ئامریکا سەری وەدەرنا.
گرفتی سەرەکی کێشەی کورد لە خۆیدایە. کورد نەتەوەیەکی فیداکارو مەزنە. بە هەموو شیوەیەک لە خۆبوردووی نیشان داوە. منداڵی کورد لەسەر نان ودۆی هەژارانەی خۆی دەبێتە پێشمەرگە وڕادەستی ئێوە دەبێ کە چی تەنیا هەناسەساردی وبێ بەختی تووش دەبێ. زۆربەی هەرە زۆری سەرهەڵدانەکای کورد لە ناو جەرگەی قەیرانەکاندا لەدایک بون ودوای کۆتایی ئەو قەیرانانەش دوچاری نسکۆ هاتوون.قەیرانی ناونەتەوەیی، قەیرانە ناوچەیی، هەلێکی وای رەخساندووە کە کوردیش داوای مافی خۆی بکا.ئەو ئاڵگۆڕە لەخۆیدا خراپ نییە. بە مەرجێک سەرۆک ورێبەری کورد دوورناس ولێهاتوو بن، لەسەر کەدووبەرخۆدانی نەتەوەکەی حێسێب بکا بە رێکخستنی ئەو نەتەوەیەش کارێکی گرانە و بەئێوە ناکرێ. هیچ گومانم لەوەدا نییە کە ئەوشەڕەی پێشمەرگە دژی دڕندەی داعش دەیکا شەڕێکی پیرۆزە من بەشەڕی رووناکی دژی تاریکی دەناسم. پرس سەرەکی بۆمن ئەوەیە کە: ئایا ئەو شەڕە شەڕێکی رزگارییە؟ شەڕێکی نیشتمانیە؟ لە پاش ئەو شەڕە کۆمەڵگا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێ؟ دەڵێم وانییە. بۆ وا نییە؟
لە باشوری وڵات،هەڵبژاردن بۆتە بەدیلی ڕەواییدان بە ئەو حیزبەی کە دەنگی زیاتر بەدەست بێنێ.ئەو هەڵبژاردنەش چۆن بەڕێوە دەچی باسێکی جودایە. لەپشتی هەر ئاڵگۆڕو هەڵبژاردنێک، کۆمەڵگایەکی ئازادووشیارودوورناس قسەی یەکەمی پێیە. لە پشتی هەر شەڕێکی مەزن بۆ ئازادی دەسەڵاتێکی دێمۆکڕاتخوازوخەڵک پەسەندانەی لە پشتەوەیە.ئایا کۆمەڵگای ئێمە ئەوەندە هوشێار بۆتەوە کە بتوانێ لە چارەنوسی خۆیدا بەڕاشکاوی بەشدار بێ؟ ئایا پێش لە دزی وگەندەڵی گیراوە؟ زانکۆکانمان لە کام ئاست دان ؟ ژن لە کوێی پرسی سیاسی ئەو دەسەڵاتەیە؟ کێ دەتوانێ گاڕانتی بدا دوای سەرکەوتن بەسەر داعشدا ئاڵوگۆڕی مەزنی سیاسی دروست دەبێ؟ پارڵمانی کوردستان چەندە بوێرە کە بتوانێ سیاسەتی کوردخوازانە بە جێ بگەیەنێ.؟
راگەیاندنی دەفتەری سیاسی پاڕتی راگەیاندنێکی ئاسایی نییە.کا مەسعود کاتێک روو لە هەندەران دەکا یەکەم گوتاری ئەوەیە کە دەفەرموێ: ئەگەر خەڵک بیانهەوێ دەست لە سەرۆکایەتی بەردەدەم.کاتێکیش دێتەوە وڵات یەکەم کارێکی کە دەیکا فێڵی سیاسیە بۆ درێژەپێدان بە کارەکەی. من لەسەر ئەو باوەڕەم ئەگەر داعش نەهامەتیو بێبەختی بۆ نەتەوەکەمان هێنا، بۆ زۆر کەسی بەرپرس بوونە مایەی خێروکۆ کردنەوەی سامان. لەلایەکی دیکە ئامریکاو هاوپەیمانەکانی بە رۆژی رووناک بۆ مەبەستی ئابوری وپاراستنی ئاسایشی نەتەوەی خۆیان هەرکات سنورەکانی میللی ونەتەوەیی خۆیان تێپەڕێند، سەرزەوەیەکانی نەتەوەکانی دی دەخەنە ژێردەسەڵاتی خۆیان.ئەوان وەک ئیمپریالیزمی سەرمایەگوزار باش دەزانن کە کێشەی کورد بە دەست ئەو سیستمانەی کە لە باشوور هەیە چارەسەر نابێ.لەو بوارەدا ئەزموونێکی مێژووییان هەیە. بەڵام چاریان ناچارە دەبێ داهاتوو ڕەچاو کەن.
دووبارە بۆ جاری سێهەم ئەگەر کامەسعود ببێتەوە سەرۆکی هەرێم بەو واتایەیە کە خەڵكی ئێمە لە باشوورهیچ گرینگی سیاسی پێنادرێ. بە مانای ئەوەیە کە دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردندا بۆتە مایەی گاڵتەجاری. بەمانای ئەوەیە کە تاقە کەسێک لە لایان عەشیرەیەک دەتوانێ بە سیاسەتی رەفتارگەرایانەی خۆی وێنەی وەک دیکتاتۆڕێک هەڵسوکەوەت بکا. ئەو راگەیاندنەی دەفتەری سیاسی پاڕتی لە لایان وڵاتانی جیران دیکتە کراوە. باشترین رێچار بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بیانی کاک مەسعودە، خراپترین بژاردەش بۆ کورد جاری سێهەمە کە بارزانی ببێتەوە سەرۆکی سەرۆکی هەرێم لە باشوور.لە راگەیاندنی دەفتەری سیاسیداهەڵەیەکی مێژیی تێدایە،بەوواتایە کە،ئەوە ئێوەن بوونەتە هۆی کێشەکان نە خەڵک.
جەعفەر کەریمی
ژمارەی ناسنامە:89ae
سرنج بۆ خوێنەری وشیار: ئاماژە بە سێ بابەت دەکەم کە بەرهەمی ئەو دەسەڵاتەیە لە باشووری،،،دیکتاتاتۆرزەدە،،، لە چەند ساڵی رابووردودا. ئایا ئەو بارودۆخەی کە لەوەێ کورد تێیدا دەژی بەرەو کام ئاقاردا دەڕوا؟ ئایا ئەو کۆمەڵگایە سەردەکەوێ؟ دەسەڵات لەفکری چیدایە؟ سیستمی پەروەردەمان بەرەو کوێ دەڕوا؟ رۆژ نییە شەهیدوبریندارمان نەبێ. ئایا ئێوە ئەو شەڕە بە شەڕێکی رزگاری دەبینن؟ یان شەڕە بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتە؟ لەوەش بترازێ بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان لەوەش خراتر دەبینم.ئەو ئاوەی لە باشوور رژاوە رێک کاریگەری لەسەر حیزبەکانی رۆژهەڵات هەیە. بە تایبەت ئەو ماوەیە لە ناو کەمپەکاندا تووشی دەیان نەخۆشی دەروونی هاتوون.
یەک: لە دوکانی زێڕ فرۆشەکان باشوردا،،بۆینباغی،، زێر دەفرۆشرێ! قیمەتی هەرکامیان ٣٠٠٠٠ تا ٥٠٠٠٠ دۆڵارە! بەوتەی زێڕفرۆشەکان زیاتر،،ژنان،،کڕیاری ئەو بۆینباغانەن! (بیرلە کچە گریلا دەکەمەوە کە چۆن شەڕی کۆبانی کردووە شەرم لە خۆم دەکەم کە خۆم بە پیاو بزانم)
دوو: لەشێری سولێمان،،پاتەختی رووناکبیری،،مۆدی موبایلی رووکەشکراو بە زێڕو ئاڵماس دێتە فرۆتن.قیمەتی هەر دانەیان لە نێوان٨هەزار دۆڵار تا ٦٥ هەزار دۆڵارە!!
سێ: لە شارە حەیاتەکەی خۆمان کۆنسێرتێک بۆ رۆژی،،ڤالنتاین،، پێک هاتووە کە بڵیتی ئەو کۆنسێرتە ١٧٥ دۆڵار بووە.ژنێکی توونسی بە ناوی، یوسری مەحنووش، گۆرانی گوتووە!(من وەک پەنابەر لە هەندەران ٣ هێندی پارەی بڵیتی کۆنسێرتی ئەو ژنە گۆرانیبێژە لە مانگێکدا وەردەگرم!).
شەڕ لە گەڵ داعش شەڕێکی ئازایانەیە، بەڵام لەلایەک رۆڵەی خەڵک لەسەر ناوی پێشمەرگە یان بەدیل دەگێرێ، یان شەهید دەبێ یان بە برینداری دەگەڕێتەوە ناونەخۆشخانەکان ئەوەمان لەچییە ئەوی دیمان لە چییە. ئەودەسەڵاتە وەک دەهۆڵی دڕاوی لێهاتووە کە لە دوورەوەش ڕادەنگی خۆش نییە. من دەڵێم چرای نەتەوەیەک رووناکە کە بیر لە دوارۆژی خۆی بکاتەوە.ئێستێش دەڵێی کاریلەین کە فرچک لە گوانی دایکمان دەدەین!
١٦/٢/٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست