کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


باش بوو ته‌قه‌تان كرد ئه‌گه‌رنا تووشی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌بووین

Wednesday, 30/03/2011, 12:00


ناونیشانی ئه‌م نووسینه‌ ‌ قسه‌ی مه‌سعود بارزانیه‌ له‌ دانیشتنێكی تایبه‌تدا به هیوا ئه‌حمه‌دی بكوژ، مه‌سئول لقی چواری پارتی، گوتووه.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
جه‌نابی سه‌رۆک وه‌عدی داوه‌ خوێنی ڕۆڵه‌ی كورد به‌ ده‌ستی كورد جارێكیتر نه‌ڕژێته‌وه‌ (ئه‌ندام لقێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ده‌ڤه‌ری ئیداره‌ی زه‌رد).
---------------------------

یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ هه‌ره‌ دیارو باوه‌كانی مه‌سعود بارزانی درۆی به‌رده‌وامی پڕ وه‌عدی باش و شاخداره‌ بێ ئه‌وه‌ی گوێ بدات به‌وه‌ی چی ده‌بێ و چی نابێ و چی به‌سه‌ر گه‌ل دێ؟؟!! میراتی وه‌عدی زۆرو درۆی بۆرو ڕقی ئه‌ستوری له‌بیرنه‌كراوی جامانه‌ی سوری! تراژیدیای شه‌ڕی ناوخۆو،‌ نمایشه‌كانی كورد كوژی له‌سه‌ر شانۆی كوردستان زۆر سادانه‌و سه‌خترانه‌تر فۆڕمه‌كانی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.. مه‌سعود بارزانی به‌ (هیوا ئه‌حمه‌د) مه‌سئولی لقی چواری پارتی گوتوه‌‌: كارێكی باشت كردووه‌ ته‌قه‌ت كردووه له‌ خه‌ڵك!! پێی گوتووه‌ گه‌ر ته‌قه‌ت نه‌كردبا ئه‌وه‌ تووشی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌بووین و ده‌با‌ ئیعلانی شه‌ڕمان بكردبا له‌سه‌ر ئێوه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی سوله‌یمانی، چونكه‌ دوای به‌رد باران كردنتان له‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵكه‌ ــ گه‌ر بهاتباو به‌م شێوه‌ وه‌ڵام نه‌درابانه‌وه‌ ــ ئه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ ژووره‌وه‌و قه‌تلوعامیان ده‌كردن. هه‌موتان ده‌كوژران؟! ئه‌مه‌‌ مه‌نهه‌جی قوتابخانه‌ی بارزانیه‌. به‌م چه‌شنه‌ قوتابیانی ڕێباز فرچك كراون و په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن، هه‌میشه‌ ئیلهامی دڕندایه‌تیان له‌و قوتابخانه‌‌ كۆنه‌ كۆله‌واره‌ وه‌ر‌ده‌گرن بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ته‌سفیه‌ كردنی به‌رامبه‌ر‌!!
چاك بوو خوێنی چه‌ند كه‌سێكی بێتاوان و سیڤیل له‌ شاری سلێمانی ڕژا گه‌رنا ده‌بوه‌‌ هۆی‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ!! ته‌قه‌ كردن له‌ خۆپیشانده‌ران و ده‌ست خۆشیكردن له‌ ته‌قه‌ی (هیوا!) شه‌رعیه‌ت دانه‌ و درێژه‌دانه‌ به‌ هه‌میشه‌ شه‌ڕی ناوخۆ، جه‌نابی سه‌رۆكی ته‌زویری گه‌ل؟! ئه‌مه‌ چلۆن بیركردنه‌وه‌یه‌كه‌ به‌ مه‌سئولی لقی چوارت بڵێیت باش بوو ته‌قه‌تان ‌كرد‌ ئه‌گه‌رنا ناچار ده‌بووین و تووشی شه‌ڕێكی قورس ده‌هاتین!! لێره‌ مه‌سعود عیلمی غه‌یب و موسته‌قبه‌لی زانیوه‌ وه‌ك فا‌ڵچی و جادووه‌كان گه‌ر بهاتباو خۆپیشانده‌ران چووبانایه‌ته‌ ناو لقی چوار دوای به‌ردباران كردنیان ئه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌وتنه‌ كوشتارو قه‌تڵوعامی سه‌رجه‌م چه‌كدارو ئه‌ندامان و به‌رپرسی لق!!!! ئه‌م قسه‌یه‌ی مه‌سعود كه‌ به‌ هیوا ئه‌حمه‌دی بكوژی گوتووه‌ له‌ڕێگه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌یه به‌ڕێزان.‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك‌ له‌ هیوای مه‌سئول لقی تاوانبارو بكوژ خۆی؟؟؟
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو ده‌زگا نهێنیه‌ سیخوریه‌كانی پارتی ئه‌م‌ هه‌واڵه‌ی پشت ڕاست كردۆته‌وه‌‌ كه‌ تا بكرێ هه‌رچی به‌ڵگه‌و دوكومێنت و گرته‌ی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر به‌رد بارانكردنی لقی چوارو ته‌قه‌‌كردنه‌كه هه‌یه‌ كۆبكرێته‌وه‌ به پاره‌یه‌كی ‌زۆر به‌هه‌موو ڕێگه‌و وه‌سیله‌یه‌ك له‌ ئه‌نته‌رنێت، خه‌ڵكی تایبه‌ت، ‌ناو بازاڕ، سه‌رچاوه ئیعلامیه‌كانی ئه‌هلی، حكومی و ‌تد... به‌ڵگه‌كان به‌وپه‌ڕی زیره‌كی‌ كۆبكرێنه‌وه‌ تا بكرێت سود له‌ كات ببینرێت بۆ ئه‌م حه‌مله‌یه‌! بۆیه‌ ئه‌مه‌ زیاتر له‌ 40 ڕۆژه‌ خۆپیشانده‌ران له‌ سه‌رای ئازادیدا بێ ماندوبوون شه‌پۆلی گڕوتینیان تا دێت به‌ تینتر ده‌بێت كه‌چی بێ وه‌ڵامن! وه‌ك پێویست تا ئێستا سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ به‌ده‌م داواكانیان نه‌چوونه‌ و بێ باكیشن له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی جدی و حه‌تمیانه‌!! ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ چونكه‌ پارتی پێویستی به‌ (كاته)‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و سیناریۆو پلانه‌ی دایڕشتووه‌ جێبه‌جێی بكات به‌ڵام هێشتا پلانه‌كه‌یان پێویستی زیاتری به‌ كاته‌ هه‌ر بۆیه‌ وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانیش نه‌دراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وان به‌ ته‌مان به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ دوای ته‌واوبوونیان له‌م حه‌مله‌ و پلانه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ ته‌سلیمكردنی (هیوا ئه‌حمه‌د) به‌ داداگا چونكه‌ یه‌كه‌م داواكاری سه‌ره‌كی خۆپیشانده‌رانه،‌ به‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی بدرێت به‌ دادگایه‌كی كارتۆنی ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌ شاری هه‌ولێریش بێت مه‌حكه‌مه‌كردنه‌كه‌! ئه‌وكات ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ پێویستیان ‌بوو، خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌یان بوون له‌و هه‌موو ماوه‌یه‌ به‌ پاره‌یه‌كی زۆریش به‌ ته‌كتیكێكی هونه‌ری زۆر به‌رز یاری تێدا بكه‌ن به‌تایبه‌ت ته‌ركیزی پلانه‌كه‌یان له‌سه‌ر كوشتنی (ڕێژوانه)‌ كه‌ وای پیشان بده‌ن زیاتر له ‌گرته‌یه‌كی ڕاست و دروسته‌وه‌ بچێت تا له‌ ته‌زویر كه‌ تا ئیستا له‌ هیچ ڕاگه‌یاندنێك بڵاو نه‌كرابێته‌وه‌! پیشانی بده‌ن كه‌ ڕێژوان چلۆن كوژراوه‌؟؟ شتی دیكه‌ش هه‌ن به‌ڵام ئه‌وان بۆ ته‌بریئه‌ كردنی هیوا ئه‌حمه‌دی تاوانبار، ته‌ركیزیان له‌سه‌ر گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی شه‌هید ڕێژوانه!‌ ده‌یانه‌وێت له‌م ڕێگه‌وه‌ سیناریۆكه‌ پیشكه‌ش بكه‌ن و پێویستیشیان زۆر به‌ جدی به‌ كات و زه‌مه‌نه‌!! گومان له‌وه‌دانیه‌ كه‌ له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نابن چونكه‌ واقیع سه‌لماندوویه‌تی كه‌ سیناریۆكانی دیكتاتۆرو بكوژانی گه‌ل هێزی سدق و خۆ ڕاگریان نیه‌ له‌به‌ر ده‌م ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م و تۆڕی زانیاری فه‌یسبوك و تویته‌رو یوتیوب و هۆشیاری شه‌قام.. ئێستا تاوانبار له‌ هه‌ولێره‌و چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی سه‌رۆكی (بوێره‌!)‌ بۆ ئاماده‌بوونی له‌ به‌رده‌م دادگا.. بێگومان گه‌ر وه‌زعه‌كه‌ گۆڕانی خێرای به‌سه‌ر دانێت و گۆڕانكاری دیكه‌ی پێشوه‌خت و ئاماده‌كراو خۆیان مه‌لاس نه‌دابێ، ئه‌م فیلمه‌ ده‌بینین!!
ئێستا قسه‌و باس لێره‌و له‌وێ له ‌ناو دام و ده‌زگاكانی پارتی له‌سه‌ر قسه‌كانی كوری جه‌وهه‌ر نامیق مقۆو گومان و دوودڵیه‌كی زۆری لای ئه‌م حیزبه‌ دروست كردووه‌. له‌چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و دانیشتنی تایبه‌ت به‌ ئاشكرا ناڕه‌حه‌تیان پیشانداوه‌ له‌سه‌ر وتاری كوڕه‌كه‌ی ڕه‌حمه‌تی كاك جه‌وهه‌ر نامیق له‌ناو په‌رله‌مان كه‌ ده‌بوو‌ به‌ جۆرێكی تر‌ قسه‌ی بكردبا نه‌ك به‌و جۆره‌ بڵێت: ئێمه‌ درێژه‌ به‌ ڕیبازی باوكمان ده‌ده‌ین! ئاخر كام ڕیباز؟ ڕێبازی دوای (2003)ی وازهێنانی ڕه‌حمه‌تی له‌كاری حیزبی و دژه‌به‌رایه‌تی كردنی گه‌نده‌ڵی به‌ نووسین و دیمانه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ڕاسته‌وخۆكانی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی كه‌ی ئێن ئێن و نه‌ورۆزی په‌كه‌كه‌؟؟؟
زۆر زه‌ڕووره خۆپیشانده‌ران سه‌قفی مه‌تالیبه‌كانیان به‌رزبكه‌نه‌وه له‌م كات و ساته‌دا به‌ته‌نها خۆی له‌ چه‌ند خاڵێكدا كورت نه‌كاته‌وه‌.‌ دروشم و هوتافاتیان بگۆڕن تا ئاستی كوشتنی (مه‌سعود بارزانی!) مه‌به‌ستم كوشتنی فیزیكی ماددی جه‌سته‌یی نیه‌ (تكایه‌ به‌هه‌ڵه‌ تێ مه‌گه‌ن) به‌ڵكو مه‌به‌ستم كوشتنی مه‌عنه‌ویه‌ ئه‌ویش به‌ ئاشكراكردنی ئه‌و بۆندو عه‌قدو سه‌فقه‌ ئابوریه‌ نهێنیانه‌ی كه‌ لێره‌و له‌وێ ئاشكرا بوونه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دزیانه‌ی كه‌ له‌ سامانی میلله‌تی كورد كردوویه‌تی.. ‌ئومێده‌وارم له‌سه‌ر لافیته‌كان دروشم و شیعاراتی به‌هێز بنووسرێن بۆ كوشتنی كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی بارزانی.. ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ئاشكرا كراون و له‌ كه‌ناڵه‌كان تیشكیان خراوه‌ته‌ سه‌ر وه‌ك دزینی داهاتی نه‌وت و بودجه‌ی زه‌به‌لاح و ئه‌و شتانه‌ی كه‌ دیارن یان هه‌ندێك شتی دیكه‌ هه‌ن كه‌ هێشتا نه‌خراونه‌ته‌ به‌ر باس! زۆر زه‌ڕووره‌ له‌ سه‌رای ئازادیدا په‌ره‌یان پێ بدرێ و ئه‌مانه‌ بته‌قێنرێنه‌وه‌و هوتافیان بۆ بكێشرێ!! ئه‌وكات ڕه‌سیدی مه‌عنه‌وی ئه‌و سه‌رۆكه‌ ته‌زویره،‌ لای تێكڕای میلله‌ت به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی تا ئێستا سوێند به‌سه‌ری ده‌خۆن له‌به‌ر ته‌ریقه‌ت و ته‌به‌روك!، سفر ده‌بێته‌وه‌. ئایه‌ ده‌كرێ ئه‌م نووسین و دروشمانه‌ ببینین له‌سه‌ر لافیته‌كان له‌گه‌ڵ به‌رز بوونه‌وه‌ی‌ سه‌قفی داواكاریه‌كانی خۆپیشا‌نده‌ران له‌ ڕۆژانی داهاتوو، به‌ جدی بكه‌ونه‌ پێش چاو؟‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە