کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەموو ڕێگەگان لە شەقام و گردەکەوە دەست پێدەکەن!

Thursday, 05/05/2011, 12:00





هەتا ئەو ڕۆژەی "وشە" بوو بە کۆمپانیا و گردەکە بوو بە قیبلەی وەرچەرخانی سیاسی لە کودستاندا، بێدەنگی ڕچەی دەشکاند و تولەڕێکانی تاریکیی بۆ میللەتی ئێمە دەستنیشان دەکرد و، لەو گەشتەشدا سەرسمی بە تاکی کورد دەدا و خەڵکی لەیەک دادەبڕان و، تاکی زەلیل و بێدەنگ و بێدەسەڵاتی دروستدەکرد.

ئەو کاتە هەموو رێگەکان دەچونەوە سەر هەولێر و، بەرەو سەری ڕەش دەگوزەران.

ئەمڕۆ رێگەکان هەموویان دەچنەوە سەر شەقام و ئاڕاستەکان گۆڕدراون. ڕێگەکان ڕۆشن و کاروانچیەکان بەرچاو روون.

جەلال تاڵەبانی لەلایەک و مەسعود بارزانیش لەولاوە بەردەوام خەریکن ئەو دەستپێشخەری و ئاڕاستەیە ڕابگرن و دەیانەوێت بیبەنەوە باری جارانی.

لە حەڤدەی شوباتی ساڵی دووهەزارویانزەوە تازە ئاڕاستەکان زۆر خێرا رەو دەکەن و وەرچەرخان تەنیا بەرەو پێشە نەک بەرەو دوا.

هەر لەگەڵ یەکەم بیستنی هاواری گۆڕین دا ڕێرەوەکان گۆڕدران.

دەمێک نییە مەسعود سێ ڕێگەی بۆ دیاری کردوین و، دوای ئەویش جەلال ڕێگەکانی کورتکردۆتەوەو کردونی بە دووان.

ئەو لە دیدی خۆیەوە دەیەوێت ڕێگەکان دیاری بکات و لە دواییدا هەر بیانبات بەرەو ئەو ئاقارەی خۆی گەرەکێتی، کە ئەویش یاخیکردنی خاوەن وشەکانی شەقام و گردەکەیە. ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت ڕیگەی یەکەم گفتوگۆیە بە مەرجی خۆی، نەک بە مەرجی شەقام، گەر نا دەبێت یاخی ببین و بچینە شاخ.

ڕێگەکانی مەسعودیش دیارن چین، هەرسێکیان پڕن لە مەرج، مەرجی خۆیان!

ئێستا ئەوان بە مەنتیقی لولەی دەبابە و تاپڕ بەدەست خۆیان گیڤ دەکەنەوە و دوێنێیان لەبیرچۆتەوە کە کاتێک گەنجەکان لە مەیدانەکان بوون لە تاودا ببوون بە جگەرگۆشە لێیان و داواکاریەکانیان پێ ڕەوا بوو.

ئەوان دەیانەوێت پێمان بڵێن کە گفتوکۆ و دانیشتن بە بێ مەرجی پێشوەختە، خۆیان گێل دەکەن لەوەی کە گفتوگۆ خۆی لە خۆیدا مەرج لەگەڵ خۆیدا دێنێت. گەر مەرجی پێشوەختی پێنەبێت و داوای گۆڕانکاری فەرز نەکات چ پێویست بە گفتوگۆ هەیە!

لەوە نەبێت ئەوان لەم مەنتیقە تێنەگەن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە خۆڵەمێش بکەنە چاوی خەڵکەوە و، لەولاشەوە بۆ ئەوەیە پێمان بڵێن کە ئەوان تۆپ و تەیارەیان هەیە و شەقام و ئۆپۆزسیۆن دەبێت مەرجیان نەبێت، واتە داوای هیچ نەکەن و، بە وەزعی پێش ڕاهین، واتە بە پێش ١٧ ی شوبات و بگرە بەکەمتریش ڕازی بن، گەرنا ئەوا دەریان دەکەن بۆ شاخ!

ئەوان بەوەی دەڵێن بەمەرجی پێشوەخت ڕازینابن، ئەوا مەرجی پێشوەخت فەرز دەکەن.

وەڵامی گردەکە و ئۆپۆزسیۆنیش ئەوەیە کە گەر گردەکەش داگیربکەن ئەوا لە داواکاریەکانی خۆیان خۆش نابن.

نەوشیروانیش کە دەڵێت پارتی و یەکێتی لە بەکارهێنانی هیچ وەسیلەیەک سڵناکەنەوە، مانای وایە لە یەقینی ئەوە تێگەیشتووە کە هیچ بەدەست ناهێنن گەر بە مەرجی پێشوەختی مەرج قبوڵنەکردنی دەسەڵات رازی ببن!

ئەو گیڤەگیڤ و فڕوفیشاڵەی جەلال لە بەهێزییەوە نییە، ئەو مستەکۆڵە ئاسنینەی ئەو هاویشتویەتی بەر هەوا کەوتووە و سەربازەکانی زۆر بێزاربوون. لەبەر ئەوە دەیەوێت بیانخاتە جوڵە و تەقەکردن.

رۆژانە بەر گوێمان دەکەوێت کە تاکەکانی ئەو لەشکرە بێزاربوون و، یاخیبوون و چەک دانان لە ئان و ساتدایە، بۆیە جەلال دەبێت ورەیان بەوە بەرزبکاتەوە کە ئەوەتا یاخیبونێک لەبەردەم دەرگە چاوەڕێیە!

لەم ساتەوەختەدا زۆر گرنگە ئەو ڕێگەیەی ڕۆشنە ئەوە بێت بە دڵی جەلال و مەسعود نەکرێت!

شەڕ لەم کاتەدا لە بەرژەوەندی شەقام نییە!

ئەمڕۆ ڕێگەکان ناچنەوە هەولێر و سەری رەش و قەڵاچوالان، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕویان لە شەقام و ئۆپۆزسیۆنە!

ئۆپۆزسیۆنیش تێگەیشتووە کە فەرامۆشکردنی شەقام واتە مەرگ!


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە