کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاگادارییه‌ک سه‌باره‌ت به‌ بڕیاریی دادگاییه‌که‌ی له‌نده‌ن و تیرۆرکردنی وه‌رگێڕی ئه‌و هه‌واڵه‌

Sunday, 15/05/2011, 12:00


پاش ده‌رچوونی بڕیاره‌که‌ی دادگای له‌نده‌ن، که‌ رۆژنامه‌ی (ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت) وه‌ک لایه‌نی یه‌که‌م، هه‌روه‌ها کوردستانپۆستیش کراوه‌ته‌ لایه‌نی دووه‌م وه‌ک شکاتلێکراو، به‌وه‌ی بڕیاره‌که‌ به‌ ئاماده‌نه‌بوونی  ئێمه‌ دژی کوردستانپۆست ده‌رکراوه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ش بۆ خۆمان له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتییه‌وه‌ بیستمان‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش وامان به‌ باش زانی تانه‌(Appeal استئناف، ‌ته‌عن) ی ئه‌و بڕیاره‌ بکه‌ین‌، چونکه‌ ئێمه‌ به‌ڵگه‌ی به‌هێزترمان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌تیی له‌ سه‌ر تیرۆرکردنی (وه‌رگێڕی هه‌واڵ)ه‌که، نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵکو بڕیارمان داوه‌ هه‌رچی به‌ڵگه‌ و دۆکۆمێنتێکه‌ له‌ سه‌ر تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووسان، لێدان، بریندارکردن، زیندانیی و هه‌ڕه‌شه‌ کۆبکه‌ینه‌وه‌، به‌ نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و دادی وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌کان، هه‌روه‌ها دادگای باڵای ئه‌وروپاش بکه‌ین، ئه‌وه‌ بیسه‌لمێنین، که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ ناوه‌وه‌ تیرۆر و ئازاری رۆژنامه‌نووسان ده‌دات و به‌و شێوه‌یه‌ش مامه‌ڵه‌ی ئازادیی راده‌ربڕین و راگه‌یاندنه‌کان له‌ ده‌کات، ئیستاش تاقه‌ راگه‌یاندنێک که‌ له‌ ئه‌وروپادا هه‌یه‌ و بۆته‌ ده‌نگی ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه‌ کوردستانپۆسته‌، ئه‌مان ده‌یانه‌وێت ئه‌و سیسته‌مه‌ دیموکراتییه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌کار بهێنێت بۆ تیرۆرکردنی ده‌نگی ئازادیی نووسه‌رانی ده‌ره‌وه‌.
له‌م چه‌ند رۆژانه‌ی دواییدا ئێمه‌ چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌کمان پێوه‌کراوه‌ و ئاماده‌ن یارمه‌تییمان بده‌ن، بۆیه‌ به‌ باشمان زانی لێره‌وه‌ داوای یارمه‌تیی له‌ خوێنه‌ر و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌کان بکه‌ین‌، که‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ یارمه‌تیمان بده‌ن، هه‌رچی هه‌واڵ و ده‌نگوباس و نووسین و نامه‌یه‌ک که‌ په‌یوه‌ندیی به‌و تیرۆرکردن و ئازاردان و دادگاییکردن‌ هه‌یه‌ لینک و دۆکۆمێنته‌کانمان بۆ بنێرن، چونکه‌ ئه‌م کاره‌ و گه‌ڕان به‌ دوایاندا له‌ لایه‌ن خۆمانه‌وه‌‌ کاتێکی زۆری ده‌وێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ من پێویستم به‌ یارمه‌تی ئێوه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بڕیارشم دا، که‌ بۆ ماوه‌یه‌ک کاری خۆم له‌ کوردستانپۆستدا هه‌ڵپه‌ستێنم و خه‌ریکی خۆ ئاماده‌کردن و په‌یوه‌ندیکردن به‌ پارێزه‌ر و دادگاوه‌ بکه‌م، تکایه‌ نامه‌ و بابه‌ت و نووسینه‌کانتان بۆ ئیمه‌یله‌که‌ی خۆم مه‌نێرن، چونکه‌ کاتم بۆ ئه‌وه‌ نامێنێته‌وه‌، براده‌رانی دیکه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن. 

ئه‌وانه‌ی که‌ پێویستمان پێیه‌تی:

1. زانیاریی له‌ سه‌ر تیرۆرکردنی د. عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌، شوێن و کاتی تیرۆرکردنه‌که‌، هۆکاره‌که‌ی، لینکی هه‌واڵ و هه‌رچ زانیارییه‌کی تر له‌و باره‌یه‌وه، هه‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر سه‌رده‌شت عوسمانیش خۆمان هه‌موو زانیارییی ته‌واومان له‌لایه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت، کاته‌که‌م بۆ که‌یسی دادگاییکردنه‌که‌ ته‌رخان بکه‌م، گه‌ڕان به‌ دوایاندا له‌ کاتی دیکه‌م نه‌گرێت (ته‌نها لینکه‌کانیانم پێویسته‌).
2. گرتن، زیندانیی، لێدان و ئازاردان و هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان، نمونه‌ی ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌باح عه‌لی قاره‌مان، ناسح عه‌بدولره‌حیم و ده‌یان که‌سایه‌تیی دیکه‌ ....
3. ئه‌و داوا یاساییانه‌ی، که‌ به‌رپرسه‌کان له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسانیان تۆماریان کردووه‌ و دادگاکانی کوردستان راپێچیانی کردوون، به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ ئه‌و داوایانه‌ی رۆژنامه‌نووسان تۆماریان کردووه‌ له‌ سه‌ر سه‌رانی پارتی و یه‌کێتیی و به‌رپرسه‌کان، به‌ڵام که‌سیان نه‌چوونه‌ته‌ به‌ر ده‌می دادگا، ئه‌مانه‌ گرنگه‌ ئه‌گه‌ر به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بۆمان بنێرن.
4. هه‌رچی به‌ڵگه‌یه‌ک ‌هه‌بێت بیسه‌لمێنێت له‌سه‌ر پارێزه‌ر و سه‌رۆکی دادگا و دادوه‌ره‌کانی کوردستان، پۆلیس و ئاسایش، ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت که‌ دادگاکانی کوردستان بێلان‌ نیین.
5. هه‌ر نووسین و بابه‌تێک که‌ رۆژنامه‌نووس و سایته‌ بیانییه‌کان به‌ زمانه‌کانی تر له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی و پێشێلکاریی ئازادیی راده‌ربڕیین و راگه‌یاندن هه‌یه‌ لینکه‌کانیان بنێرن، له‌ نمونه‌ی مایکل رۆبن و ده‌یان که‌سی تر.
6. لێره‌وه‌ داوا له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی ناوه‌وه‌ی کوردستان ده‌که‌ین، که‌ هاریکاریی یه‌کتر بکه‌ین هه‌ر به‌ڵگه‌ و دۆکۆمێنتێکیان له‌لایه‌ بۆمانی بنێرن، ئێمه‌ کارییان له‌سه‌ر ده‌که‌ین، ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌که‌ به‌ خۆمه‌وه‌ ده‌بێت و نهێنی سه‌رچاوه‌ و هه‌موو لایه‌ک ده‌پارێزرێت. ئێمه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و به‌ڵگانه‌ کاری باشیان له‌سه‌ر ده‌که‌ین.

له‌گه‌ڵ رێزم بۆ ئێوه‌ی خوێنه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کان

که‌مال جه‌مال موختار
کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە