کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەکرێ هەندێك کەس هەر لە سەرەتاوە بە هەڵە سواری شەمەنەدەفەری گۆڕان بوبێ! بۆیە لە نیوەی ڕێگەدا دادەبەزێت

Monday, 21/04/2014, 12:00






بەر لە دروستکردنی لیستی گۆڕان و دروستبونی بزاوتی گۆڕان ، وشەی گۆڕان و چەمکی گۆڕان یەکێك بو لەو چەمکانەی لە نێوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردەواریدا زۆرتین بەکارهێنان و زۆرترین قسە لەسەر کردنی هەبو، چونکە پێنج ساڵ پێش ئێستا ساتەوەختی دێواندن و تاریکاندن و گەوجاندنی گەلێك بو کە ٧٥ ساڵ بێ پسانەوە لە تێکۆشانێکی بەردەوامدا بو بۆ گەشتنە ئازادی و دەستڕاگەشتن بە مافە ئینسانی و سیاسی و ئابورییەکانی ، ئەو کاتەی کە خەڵکی و ڕوناکبیران پرۆسسی گۆڕانکارییان بە پێویست دەزانی و دەیانویست لە ڕێگەی گۆڕینی دۆخە سیاسییە جوت حزبییەکەوە کۆتایی بە سیاسەتی کارکردن لە سەر بچوککردنەوەی عەقڵی تاکی کوردی بهێنن ، نەوشیروان مستەفا ئەمین وەکو: سیاسییەکی ڕاستگۆو خاوەن بیروباوەڕ لە گردی زەرگەتەوە جاڕی دروستکردنی لیستێکی دا بە ناوی گۆڕانەوە ، کە پێشتر ئەم پڕۆژەیە لە نەستی زۆر کەسی کوردو زۆر تاکی کورددا دروست ببو ، بەڵام سیاسییەکی بە ئەزمون و جوامێرێکی بوێرو چاپوکی دەویست ئەم نەستە جەماوەرییە بەرجەستە بکات و بە ڕۆژی ڕوناك و بە دەنگێکی زوڵاڵ بهێنرێتە زمان ، سەرەتا زۆر کەس و لایەن زۆر خەڵکی ڕوخاوو بێ پڕەنسیپ موراهەنەیان لە سەر خەیاڵپڵاوی ئاوا پڕۆژەیەك دەکردو با کارێکی نەکردەو بە قولەی قافدا هەڵکشان و بە وەهم و خەیاڵ چواندن وێنای گۆڕانیان دەکرد، بەڵام ڕۆژگار ئەوەی سەلماند کە گۆڕان پێویستییەکی سیاسی نیشتیمانییەو ویستێکی گشتی و پشتیوانییەکی جەمارەی لە پشتییەوە هەیە ، ئەو کەسانەی کە ویستی گۆڕین و گۆڕانکارییان هەیە ، کۆ نەبونەتەوە لە سەر سفرەیەك کە ڕازێنرابێتەوە بە نازو نیعمەت و دەستکەوت و ئیمتیاز، کێکی دەسڵات هەژمونی سیاسی و ماددەو بەرژەوەندی پەرستی هۆکاری کۆکردنەوەی خەڵکی نییە لە چواردەوری گۆڕان ، بەڵکو ئەوانەی لە چواردەوری گۆڕان کۆ بونەتەوە یان هاتونەتە نێو بازنەی سیاسی گۆڕانەوە ئەوانەن کە خەمی نیشتیمانی و خولیای نەتەوەیی و ویستی دامەزراندنی کۆمەڵێکی دیمۆکرات و پەرەسەندویان هەیە کە تاکەکان بە بێ جیاکاری سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی هەست بکەن شکۆو پیرۆزییان وەکو مرۆڤ پارێزراوەو لە بەردەم هیچ جۆرە مەترسی و فشارێکی سیاسی و ئابوری و ئەمنیدا نین ، بۆیە کاتێکیش گۆڕان وەکو قەوارەیەکی سیاسی مۆڵەتدراو ناسراو وە بو بە دیفاکتۆ ، زۆرێك لە خەڵکی لە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەو زۆرێك لە سەرکردە سەربازییەکانی جارانی یەکێتی تەڤلی گۆڕان بون و بون بە بەشێك لە جەستەی گۆڕان و بەشدار بون لە هەمو ئەو دستکەوت و سەروەریانەدا کە گۆڕان بە دەستیهێناون لەو ماوە کەمەدا ، ڕەنگە بەشدار بونی هەندێکیش لەم بزوتنەوەیەدا بە مەبەستی تایبەتی و دەستکەوتی سیاسی بوبێت، بەڵام ئەو ئامانجەی کە گۆڕانی بۆ دروست بووە ڕێگە بە گۆڕان نادات ببێت بە پارتێکی نەریتەوان و شوێن دۆزینەوە بۆ هەندێك کەس تا لە میانەی گۆڕانەوە بگەن بە حەزو خولیا تایبەتەکانیان ، بۆیە هەر کاتێك گۆڕان بەم ئاقارەدا ئاراستەکراو بەو میتۆدە کاری کرد سەرەنجامی وەکو ئەوانی دیکە چۆڵکردن و لێ سڵەمینە وە دەبێت و دەبێت بە بەشێك لە مێژوی جوڵانەوەی سیاسی کورد.

هەر بۆیە دڵخۆشین بەوەی کە ڕێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتیمانی شێلگیرانەو ڕاستگۆیانە بەردەوامن لەسەر کارکردن لە پێناو کۆتایی هێنان بەو ڕەوشە نەویستراوەی کە گۆڕان لە پێناویدا هاتۆتە بون ، وە ڕێگە نادەن بە هیچ هەڵسوڕاوێکی گۆڕان چاوەڕێی ئەوە بێت لەسای گۆڕاندا بگاتە دەستکەوت و مەرامی تایبەت، بەڵکو دەبێت هەڵسوڕاوان لە پێناو بەرژەوەندی کۆمەڵی کوردی و سەرخستنی بزوتنەوەی گۆڕانکارییەکەدا ئەو پلەو پۆستانەی کە گۆڕان وەکو دستکەوت و بەرکەوتی هەڵبژاردن بەری کەوتووە لە لایەن گۆڕانخوازانی ڕاسپێردراوەوە وەکو ئەرکێکی مێژویی و ئەخلاقی و نیشتیمانی پەسەند بکرێت و بەو ڕۆحییەتەوە لەو پلەو پایە سیاسی و کارگێڕیانە بڕوانرێت ، ئەمەش لە پێناو بەرجەستەکردن و تەرجەمە کردنی ئەو دروشمەدایە کە گۆڕان هەڵیگرتووە کە ئەویش: (پێکەوە لە پێناوی کۆمەڵگەیەکی گەشەکردو)دایە ، بۆیە شتێکی ئاساییەو جێگەی سەر سوڕمان نییە کە کەسانێك بە هەڵە سواری شەمەندفەری گۆڕان بون، بەبێ ئەوەی بزانن ئەم شەمەندەفەری گۆڕانە نیازی ڕۆشتنە بەرەو چی کۆمەڵگەیەك ، لە نیوەی ڕێگەدا داببەزن ، چونکە لە ئەساسەوە ئەو شوێنەی ئەوان مەبەستیانە پێی بگەن لە ڕێگەی سەرکەوتنی ئەم شەمەندەفەرەوە هەرگیز پێی ناگەن.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە