پرسەکەی تەحسینی مەلا عەلی و چەند بۆ چوونێك
Tuesday, 16/08/2011, 12:00
وەك لەهەندێ شوێن بڵاو کرایەوە کە ناوبراو لە ١/٨/٢٠١١ لە وەزیرستان لەناوچەیەکی سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان لەلایەن هێزەکانی ناتۆوە کوژرا و دواتر لەلایەن بنامەڵەکەی پرسەیەکی ٢ ڕۆژیان لەهەریەك لە هەڵەبجەو سلێمانی بۆ بەڕێوە برد. پرسەکەی تەحسینی مەلا عەلی دوو جۆر لێکدانەوەی بۆ کرا، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، وەك پرسەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاینی و لەلایەن میدیاو هەندێ کەسی تروە، وەك پرسێکی بە سیاسی کراو.
دیارە وەك بنەمەڵەکەی مافی خۆیانە چۆن پرسەی بۆ دائەنێن و هەرچۆنێك بێ ئێمە هیچمان لاریمان نیە، لەبەرئەوەی لەدەست چوونی ئەندامی بنەمەڵەیەك ، جا بەهەرشێوەیەك بێ ، مانای لەدەست چوونی کەسێکی خۆشەویست و گرنگە. لێ ئەوەی مەبەستی ئەم ووتارەیە، ئەوەیە بۆچی پرسەکە بە سیاسی کرا، وەیان ئامانج چیە لەو جۆرە بەسیاسیکردنە؟ هەڵبەتە هەموو کەس ئازادە لەوەی چۆن خەبات ئەکا و لە کوێ خەباتی خۆی هەڵئەبژێرێ و لەکوێش خوێنی خۆی لەپێناویدا دائەنێ و لەژێر چ جۆرە چەتر و ئایدیایەك درێژە بەو خەباتەی ئەدا، لێ گەلێ پێوستە بیر لەوە بکرێتەوە کە دوا ڕۆژ ئەو جۆرە خەباتە نەچێتە خانەی دژ بەمرۆڤ و وەك تیرۆریست هەژمار نەکرێ.
چوونی تەحسینی مەلا عەلێ بۆ ئەو شوێنە دوورە دەستەو هەڵبژاردنی خەبات لەتەك ڕێکخراوێکی توندو تیژی سەلەفی وەك ئەلقاعدەو هاوشێوەکانی هیچ کات لەخزمەت و بەرژەوەندی گەلی کوردا نیە و نابێ. پێوستە گەنجی کورد چی تر چاو لە(سەلاحەدینی ئەیوبی)نەکا و پێ لەماف و ئەرکە نەتەوەییەکان بنێ و هەنگاویان بەسەردا بهاوێ و هیچ گرنگیان لای نەبێ. ئەوەی سەلاحەدین کردی، ئەبوو وەك هەڵەیەك لێی بنواڕدرێ و کورد هیچ کات خۆی پێوە بانەداو سەرکۆنەی بکا. خەبات کردن بۆ ئیسلام ئەچێتە خانەی خزمەتکردنی عەرەب و میلەتە سەردەستەکانی دی. ئەمڕۆ کەسانی وەك دکتۆر عەلی قەرەداغی کە ئەندامێکی گەورەی مەجلسی ئیسلامیە، ڕاستەوخۆ لەهەوڵی خزمەت کردنی عەرەبە. کورد پێوستە خەبات بۆ دۆزی خۆی بکا و پاشان بیر لە خەبات و ڕزگارکردنی گەلانی ترو ئایینی تر بکاتەوە. ئاخر ئەوە کەی ڕاستە کورد خۆی وەك میلەتی ژێر دەستە بچی خەبات بۆ میلەتانی تر و ئایدۆلۆژیای تر بکات و پشت بکاتە دۆزەکەی خۆی؟؟
ڕەخنەی ئێمە لە ناوبراو ئەوەیە، کە ئەیتوانی خەباتی خۆی لەژێر هەر ئایدیایەکدا بوایە درێژە پێبدایەو ئەو توانایەی خۆی بۆ کورد سەرف بکردایە، خۆ لەکوردستان لەو پەڕی چەپ تا ئەوپەڕی ڕاست. لە علمانی و مارکسیەوە تا ئەوپەڕی ئیسلامی نەرم و رادیکاڵەوە لەلایەن هەردوو مافیاکەوە خەسێنران و دژایەتی ئەکرێن. نەئەکرا تەحسین و هاوشێوەکانی خەباتیان لێرە بکردایە دژی ئەو دوو مافیا خۆماڵیە؟؟
گەر میدیای ناوخۆ مەبەستیان ئەوە بوبێ کە پێوستە ئەوەی ، گەندەڵ، دز، شەڕواڵ پیس، خیانەتکار،جاش، کورد کوژ و تیرۆریست نابێ لە کوردستان پرسەیان بۆ بگێڕدرێ و لەسەر خاكی کوردستان بنێژرێن، ئەوا بەڕاستی جێگای دەست خۆشیە. گەر ئێمە بتوانین ئەم جۆرە کەلتورە ؛ هەروەك چۆن فەرەنگیەکان توانیان یەکێ لەسەرکردەکانی شۆڕشی فەرەنسی لەگۆڕ دەربهێننەوەو توڕی بدەن ؛ دوای ئەوەی کە زانیان خاینە. ئەوا بۆ ئێمەی کوردیش شتێکی لەو جۆرە مایەی هۆشیاری و پێوستە هەموان پشتگیری بکەین.
لێ گەر مەبەست تەنها کەسانی بێ کەس و بێ پشت و پەنا بێ، ئەوا ئەبێتە جۆرێك لە دووفاقی و جێگای قبوڵ کردن نیە. ئایا هەمان بۆچوونیان ئەبێ لەکاتی مردنی هەریەك لە تاڵەبانی و بارزانی؟!! بۆیە وە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەم جۆرە کەمپینە بۆ ئەو جۆرە دۆزانە پێوستە بخرێنە ڕۆژەڤەوەو چی تر نەهێڵدرێ ئەوەی دەنکە جۆیەکی ئەم میلەتەی بەدزیەوە خۆاردوە، وەیان خیانەتێکی لەکورد کردوە، وەیان بەناهەق خوێنی کوردێکی ڕشتوە ، نەك هەر حەرام بکرێ پرسەی ئاشکرای بۆ دابنرێ، بەڵکە پێوستە نەهێڵدرێ پارچەیەك خام و گەزێ لە خاكی کوردستانی پێ بدرێ.
تەحسینی مەلا عەلی گەر نەیویستبێ شەڕی ئەو دوو مافیایەی ئێرە بکا،خۆ ئەیتوانی شەڕی ئێران و تورکیا بکا کەڕۆژانە تۆپاران و ئۆپراسوێنەکانیان ماڵ و مناڵی کورد ئەکوژن. چ پێوستی ئەکرد بچێ بۆ ئەفغانستان و لەوێ بکوژرێ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست