دەنگدان بە لیستی پارتی و یەكێتی تفێكی گەورەیە بۆ نێوچاوانی ئایندە
Friday, 29/05/2009, 12:00
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە سەرما و سۆڵی پۆل و تەختەی قوتابخانەكان، كە جگەر گۆشەكانی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە، هەر لە مناڵیەوە، بە سەریانەوە دەلەرزنەوە و، پەلە هەوری قوڕسی خەم و خەفەت بە سەر دڵەكانیانەوە دەنیشێ. دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە گریانی مناڵانی برسی و بێ ناز و هەتیوی هەمیشە خەون دیدە بە باخچە و یاری و خواردن و پایسكل (بیرتانە پێش دوو مانگ پۆلیسێك لە هەولێر خۆی سوتاند چونكە چەندین ساڵ بوو نەیتوانی خەونی مناڵەكەی بێنێتە جێ كە تەنها پایسكلێك بوو؟!).
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە قاقای پێكەنینی لێپرسراوان لە كاتی ڕابواردن و خواردن و خواردنەوەی گران بەهای هوتێلەكان و، ڤیللاكان و، ڕیستورانتە هەرە بە نرخەكانی كوردستان و توركیا و ئێران و ئوروپا و دونیا.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە شەوە سوورەكانی لێپرسراوان و كار بەدەستانی دەسەڵاتی گەندەڵ، لە قاتی پێنج و شەش و حەفتی شیراتۆن و هوتێلەكانی خەلیج و توركیا و ئوردن و سوریا و ئهوروپا.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە مناڵانی مەسولەكان، كە لە پایتەخت و شارەكانی دونیا، سەروەت و سامانی گەلی كورد بە زەوق و كەیف و سەفا پەرت و بڵاو دەكەن. پارە و پولی میللەتی كوردستان دەدەن بە مارسیدس و بی ئێم دەبلیو و كچە جوانەكانی ئوروپا و وڵاتانی دەور و بەر.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بەو بوغز و كینەی ئەم دوو حزبە، كە بۆ نەمانی یەكتر چەندین ساڵ كوردستانیان پێ سووتاند و كاول كرد و، خوێنی هەزارانیان ڕشت و برسیەتیان بڵاو كردەوە و، كوردستانیان كردە مەیدانی ڕمبازی تانك و تۆپی ڕژێمی بەعس و ڕژێمی ئێران و ڕژێمی توركیا.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بەئەتككردنی شەرەفی ئەوان كچە كوردانەی لە بەر بواری هەژاری خێزانەكانیان، یان لە بەر نەمانی كەس و كاریان، مەسولەكان هەوڵیان داوە و دەیدەن بۆ دەستدرێژی كردنە سەریان (ماڵی خانزادتان لە بیرە؟ یان لە بیرتانە دام و دەزگای دەسەڵات و چەندین ڕوداوی نێو میدیای كوردی كە تۆمار كراوە؟).
دەگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە زیندانەكانی سلێمانی و هەولێر و ئاكرێ، كە هەزاران لاو گەنجی كوردی تیادا فەوتێنرا، و هەزاران هاوار و ئاهو ناڵەی گەنجی كوردی تیا كپ كرا و، پاشانیش ناو و دەنگی گەلەكەمانی پێ زڕا لە دەزگا نێو دەوڵەتیەكانی وەك هیومان ڕایتس وۆچ، مافی مرۆڤ، خاچی سوور، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە دزینی بوجەی كوردستان و ڕێدان بە چەند كەسێكی نەفام و خۆفرۆش و نیشتمان فرۆش و داوێن پیس، كە ملیۆنان و ملیاران دۆلار و دیناری خەڵكی پێ ببەنە بانكە نهێنیەكانی دونیا، بۆ پاشە ڕۆژی خۆیان و، ئنجا جێهێڵانی میللەتی كورد لە ناو كارەساتدا.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە كۆشك و تەلارە ڕازاوەكانی هاوینە هەواری سەڵاحەددین، سەری ڕەش، شەقڵاوە، سەرچنار، سلێمانی و دهۆك و شوێنەكانی تر. دەنگدانە بەوان ڤیللایانەی بازنەدراو بە باخچەی گەورەی سەر ڕێگا و بانەكان هاوینە هەوارەكان (لە پێش چاوتانە و پێویستتان پێ نیە كەسێك نیشانتان بدا). دەنگدانە بەو كەسانەی قاچاغچیەتیان دەكرد لە ئێران و جاشایەتی بە تومەنیان دەكرد و، زۆربەی هەرە زۆری تەقەكانیان (وەك ئەوەی سەرۆكەكەیان پێی دەنازێ) دژ بە كورد خۆی بوە، لەو شەڕانەی پێیان دەگوترێ: شەڕی برا كوژی لە هەفتاكانەوە تا ئەم ساڵانەی هەنوكە بە شەڕی دژی پەكەكەشەوە.
ئەوانەی تەقەی ڕاستەقینەیان كرد بۆ كوردستان، وا بێوەژن و هەتیوەكانیان لە بەر بێ نازی و بێ خزمەتگوزاری دەناڵێنن (پرسیوتانە لە بێوەژنی مامە ڕیشە و بێوەژنانی شەهیدانی تری كوردستان بواری ژیانیان چۆنە؟). ئەوانەی هێشتانیش لە ژیاندا ماون، حەسرەت بۆ تەمەنێكی بە فیڕۆ چوو دەخۆن، كە كردیانە قوربانی سەر گەڵ و نێو گەڵی، دز و جەردە و جاهیلی شەهوەتبازی گەل و نیشتمان فرۆش.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە سەدان ڤیللای ناوچەی فلۆریای ئیستەنبولی ئوروپی، كە خاوەنەكانیان سەرانی ئەم حزبەن. دەنگدانە بە سەدان ڤیللا و هوتێل و خانوو و كارگەی نێو ئێران و توركیا و ئوروپا و ئەمریكا كە لە پارەی دزراوی میللەتی كورد دروستكراوە، بۆ بەرژەوەندی چینێكی جەردە، كە بووەتە ئەسیری ڕژێمەكانی دژ بە كورد لە تەهران و ئەنقەرە، چونكە بەرژەوەندیەكانیان وا لە ژێر دەستی دوژمنانە.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە قەبرستانی دەریای ئێجەی نێوان توركیا و یۆنان، كە سەدان و هەزاران لاوی تازە پێ گەیشتووی میللەتەكەمانی بە خنكاوی لە ژێر خۆیدا حەشار داوە. ئەوان گەنج و لاوانەی لە دەست برسیەتی و شەڕی سەپێنراوی پارتی و یەكێتی و، لە دەستی گەندەڵی پوكانەوەی ژیان لە كوردستاندا بۆ ئوروپا ڕایانكرد.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە و چەپڵە لێدانە بۆ ئەو خانەوادە هەژارانەی لە تۆبزاوە و كەسنەزان و سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان، لە سەرما ڕەق بوونەوە (بیرتانە چەند خانەوادەیەك لە زستانی پێرار لە تۆبزاوە و كەسنەزان لە سەرما ڕەق بوونەوە؟).
دەنگدان بەم لیستە، چەپڵە لێدانی بێ ئابڕوییە بۆ ئەو ژن و پیاوانەی لە دەست هەژاری و نەبوونی، بە گوللە و خۆ سوتاندن كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا (لە بیرتانە هەفتەنامەی میدیا و ڕوداو و ئاوێنە و هاوڵاتی و ...هتد چەندین جار بە وێنە، ناوی خۆ كوژەكانی دەستی هەژاری بڵاو كردەوە؟).
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە نەخوێندەواری و جەهل و بڕوانامەی تەزویری مەسولەكان و مناڵەكانیان و خزمەكان و دارو دەستەكانیان، كە بە لێشاو لە زانكۆكانی كوردستان بە فرت و فێڵ حاسڵیان كرد و، ئێستا بە مێشكێكی پڕ و پوچەوە دەستیان گرتووە بە سەر زانكۆكان و بەڵكو تەواوی دام و دەزگاكانی میللەت.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بەو نرخە خەیاڵیەی بەرمیلی نەوتی سپی كە لە بازاڕی جیهان 1 دۆلار ناكا و لە زستانی كوردستان نرخەكەی دەگاتە 250 دۆلار.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە خواردنی ژەهراوی توركیا و ئێران و سوریا، كە لە ڕێگای بازرگانە مەسوولەكانی ئەم دوو حزبە بۆ ئێمەی ڕەوانە دەكەن و، هەزاران نەخۆشی كەوتووەتە لەشی گەلەكەمان. دەنگدانە بەو دەرمانە ئێكسپایەر و تەزویرانەی پڕ لە نەخۆشیە، كە دوژمنان و مافیای جیهانی سێیەم بەرهەمی دێنن و، بازرگانانی ویژدان فرۆش بە نرخێكی گران بە گەلەكەمانیان دەفرۆشن.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە درێژ بوونەوەی خەم و ئازار و خەفەتی ڕۆژانەی گەلی كوردستان: بەرتیل و واسیتە و تۆز و خۆڵی هاوینان و قوڕ و زێلاقی زستانان و، نەبوونی ئاو و كارەبا و سووتەمەنی.
دەنگدان بەم لیستە، چەپڵە لێدانە بۆ ئەو دزانەی بە ملیاران دۆلاریان دزی و، گومرگەكەی ئیبڕاهیم خەلیل و یارمەتی وڵاتانی ڕۆژئاواش بۆ گەلەكەمان چوە گیرفانەكانیان، كەچی 18 ساڵە نەیانتوانیوە كارەبا و ئاوتان بۆ دابین بكەن ئەی گەلی ستەمدیدە.
دەنگدان بەم لیستە، شەرعیەتدانە بە دزینی شۆڤڵ و گرێدەر و عەمودی كارەبا و سەددی بێخمە و كارگەكانی هەولێر و سلێمانی، كە مەسوولەكانی پارتی و یەكێتی لە ساڵی 1991 ەوە، بە ئێران و توركیایان فرۆشت و، پارەكانیان خستە گیرفانەكانیانەوە.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە 42 وەزارەتی گەندەڵی پڕ و پوچی دز و جەردە، لە كاتێكدا گەلی هەژار و ستەمدیدە تا ئێستاش بۆ ژیان دەناڵێنێ.
دەنگدان بەم لیستە دەنگدانە بە تیرۆر، بە داپڵۆسین، زوڵم، دزی، داوێن پیسی، گەل و نیشتمان لە ناوبردن.
دەنگدان بەم لیستە، قاقای پێكەنینە بە جەستەی ئەو لاوە تازە پێگەیشتوەی بە دەستی پاساوانانی، شەهوەتبازەكانی دەسەڵاتی تیرۆر لە هەڵەبجە كوژرا، لە كاتێكدا دەنگی برسیەتی و ناڕەزایی بەرز دەكردەوە بە ڕویاندا.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە سەر و سمێڵی سپی بوو و سوتاوی پیریەتی و فرت و فێڵی جاشایەتی، ئەوان مەسولانەی، بە بۆیاغی ڕەشی درۆی خۆ جوانكردن هەڵوەدای شەهوەتی پێدەكەن و قەڕەپەستانەی شان بە شانانێی لە گەڵ گەنجانی تازە پێ گەیشتوو پێدەكەن: مەحرومكردنی گەنجان و، هەژاركردنی میللەت، بۆ ئەوەی گەنج زەلیل و داماو بێ، كچەكانیش بۆ زگ تێر كردن، چاویان لە چەرمە تەقیوەكەی نێو گەڵی مەسوولە بە ساڵا چوەكان بێ.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە ساڵانی خیانەت و خیانەتكاری و، ڕاكێشانی سوپای عێراق و توركیا و ئێران بۆ ناو كوردستان.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە گەڕاندنەوەی گەلی كورد لە بە میللەت بوون بۆ هەڵوەشانەوە بەرەو دیواخانی ئاغاكان وخێڵەكیەتی و دواكەوتن، كە پارتی و یەكێتی مانگانەیان بۆ بڕیونەتەوە، بۆ كڕینی ویژدانیان و پەرە پێدان بە تەمبەڵی و مشەخۆری و خێڵەكیەتی و تائیفەگەری.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە چەندین موچەی درۆینە بۆ یەك كەس كە دار لە سەر بەرد دانانێ، لەولاشەوە ڕوبەرە گەورەكەی میللەت پەشۆكاو، دەست لە سەر دەست، حەپەساو و داماو ماوە بە دەست جەنجاڵی ژیانێكی پڕ كۆست.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە مۆنیكا و خانوە جوانەكانی مەسوولەكان و دار و دەستەكانیان، كە بە خوێن و گۆشت و ئارەقی نێوچەوانی كورد و كوردستان بەسەریەكەوە هەڵساوە.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە مردن و، دەنگدانە بە دریژكردنەوەی خەم و خەفەت و، ئازار و نەبوونی و، دەنگدانە بە دواخستنی كوردستان لە میانەی پیشكەوتنی گەلان.
دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بەو ورگ زلەی لە ناو ماڵی دوژمن، زەلیل و زەبونانە، وەك كۆیلەیەكی بێزراو گوتی: كوردستان خەونی نێو قەسیدەی شاعیرانە.
دەنگدان بەم لیستە، تف كردنێكی گەورەیە بەرەو ڕووی نەوەكانی داهاتوو و، تف كردنێكی گەورەیە بۆ نێو چەوانی ئایندەی كوردستان!
هاونیشتمانیانی بەڕێز و خۆشەویست:كاتێك دەچنە سەر سندوقی دەنگدان، تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆتان و مناڵەكانتان و شار و نیشتمانەكەتان بكەنەوە.
هاوڵاتی هۆشیار و ژیر، لە كاتی دەنگدان بیر لە برسی و هەژار و بێ دەرامەتەكانی گەلەكەمان بكەوە. بیر لە ڕۆژانی نەهامەتی بكەوە كە بەدەست ئەم دز و جەردانە بێ پسانەوە بە سەرتدا هات و هێشتانیش وا هەر دێ. بیر لە شەوە تاریكەكان بكەوە بێ كارەبا و بێ ئاو. بیر لە كۆشك و تەلار و ڤیللا جوانەكانی مەسوولە دزەكانی پارتی و یەكێتی بكەوە. بیر لە ئایندەی خۆت و خێزانەكەت و شار و گەل و نیشتمانەكەت بكەوە.
لە كاتی مۆسیقای حەماسی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و وتاری پڕ لە درۆی مەسولەكان و لە كاتی ئاهەنگ و شایی، عەقڵت لە دەست مەدە و بەرژەوەندیە بنەڕەتیەكانت لە بیر بێ!
دەنگت مەدۆڕێنە، دەنگت مەدە بە ئازار و مردنێكی تر بۆ چەند ساڵی داهاتوو.
خۆت لە بیر مەكە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست