نامەیێکی کورت و کراوە بۆ سەرۆکیی هەرێم و حکومەت
Sunday, 20/01/2013, 12:00
ئەمە عەرز و ئەوە گەز
نامەیێکی کورت و کراوە بۆ سەرۆکیی هەرێم و حکومەت
سڵاو.....
هەڵبەت هەموو کوردێکی خاوەن هەست، هەست بەو ساتە گرنگە دەکات کە ماوەیەکە، کوردستانی ڕۆژئاوای تێیدا دەگوزەرێت!
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر ئەوە نییە کە داوا لە کاربەدەستانی هەرێم بکەم کە:
دەرگا بۆ ئاوارەبووانی ڕۆژئاوا واڵا بکەن
یاخود یارمەتی و پێداویستیان بۆ بەرن
یا لایەنەکان لە دژی (پە یە دە) هان نەدەن
چونکە ئەمانە پێویست بە پێگووتن ناکەن بەڵکو ئەمە نەک هەڵوێستە بگرە ئەرکێکی ئەخلاقی یە بەرامبەر هەر کوردێک لە هەر سوچێکی جیهان کە پێویستی بە یارمەتی بێت!
هەڵبەت هەموو مرۆڤێکی خاوەن هەست، هەست بە ڕۆڵی شەڕانگێزی و فتنەگێڕی تورکیا دەکات لە ئێستادا.
چ بەپڕچەککردنی بەناو سوپای ئازاد لە دژی ئەسەد و (پە یە دە) یا پشتگیریکردنی ڕاستەوخۆیانەی بە ناو سوپای ئازاد لە ناوچەکانی سنوور لە دژی (پە یە دە)
ترسی هەرەگەورەی تورکیا لەم هاوکێشەیەدا لەدەستدانی باشوری کوردستانە دوای ئازادبوونی ڕۆژئاوای
گەر سەرانی باشور بەدووای ئەلتەرناتیڤی تورکیا و دەروازە بەڕووی دونیادا دەگەڕێن ئەوا دەکرێ لە ئێستادا زۆر شت بکەنە قوربانی ڕۆژئاوا.
گەر هەرێم بە ڕاستی و بەکوردایەتی، هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕەوشی سوریا بەگشتی و کوردستانەکەی بە تایبەتی بکات ئەوا دەکرێ باشور سوودمەندی یەکەم بێت و دەرگای دوونیای بەڕوودا بکرێتەوە بەبێ ئەو نازهەڵگرتنە ڕۆژانەیەی تورکیا بەرامبەر بە بەکارهێنانی دەروازە لەقەکەی کە چەند ساڵە تەنها تاکی کورد باجەکەی دەدات!
کورد دەتوانێ بەرهەمە نەوتییەکانی لەڕێگای کوردستانی سوریا و سوریا خۆیدا، بگەیەنەتە بازڕەکانی دونیا بەبێ سەرانەدان و دڵڕازییکردنی تورکیا.
لێرەدا پرسیارێک دەمی ئاراستەی سەرانی باشور دەکات، ئایا دەتانەوێت بەڕاستی لەژێر ناز و سەرانەی تورکیا دەرکەون؟
هەڵبەت ئەوەی ئێستا لەگەڵ تورکیا ژێر بەژێر دەیکەن لەو ڕێگایەی تازەدا ئەو هەلە لەدەست دەدەن، لێ دەرگای دونیایێکی ڕاستەقینە بەرەو ڕووی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە کە تاکی کورد یەکەمین سوودمەند دەبێت لێی نەک وەک تاوەکوو ئێستا تەنها سەرانی باشور.
دە کەرەمکەن، ئەمە عەرز و ئەوەش گەز.
هەریری
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست