وازهێنانی ئەدەهم بارزانی، بۆ ئەو مەبەستەیە کە دەیەوێت خۆی بۆ سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کاندید بکات
Wednesday, 05/03/2014, 12:00
1684 بینراوە
پەیامنێری کوردستانپۆست/ هەولێر
چەند راگەیاندنێکی کوردی هەواڵی وازهێنانی ئەدهەم بارزانییان بڵاوکردەوە، گوایە لەگەڵ مەسعود بارزانیی و بنەماڵەکەیدا تێکچوون و ناکۆکییان تێکەوتووە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ماوەی چوار مانگ زیاترە ئامادەی کۆبوونەوەکانی پارتیی نەبووە و لە هەموو کارێکی حیزبیش دوور کەوتۆتەوە، رۆژی سێ شەممەی رابردوو، رێکەوتی ٤ / ٢ / ٢١٠٤ بە شێوەی فەرمیی ئەدەهەم بارزانی وازی لە پارتی هێنا و دەستی لە کاری سیاسییش کێشاوەتەوە، گوایە ئیتر بۆ لەمەودوا خەریکی کاری هونەریی دەبێت.
بۆ بەدواچوون لە راستیی و دروستی ئەو هەواڵە سەرچاوەیەکی نزیک لە دەزگای پاراستن بە کوردستانپۆستی راگەیاند،سەرجەم هەواڵەکەشی بە درۆ خستەوە، وتی: ئەم وازهێنانەی ئەدهەم بارزانی راست نییە و تاکتیکە، بنەماڵەی بارزانیی لە نێو خۆیاندا رێککەوتوون، کە ئەدەهەم بارزانی واز بهێنێت، چونکە پلانێکی دیکەیان بە دەستەوەیە، ئەویش پێوەندیی بە کۆنگرەی نەتەوەییەوە هەیە، مەسعود، بارزانی شانسی ئەوەی نییە پۆستی سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی وەربگرێت، مەرجیش بۆ خۆ کاندیدکردنی ئەو پۆستە ئەوەیە کە نابێت هیچ پۆستێکی حیزبی دیکەی هەبێت، مەسعود بۆ خۆی سەرۆکی دوو پۆستی حیزبی و ئیدارییە لە هەرێمی کوردستان، هیچ کام لە نێچیرەڤان و مەسروریش ئەو شانسەیان نییە، بۆیە لە کۆتاییدا وا رێککەوتوون ئەدهەم بارزانی بۆ ئەو پۆستە خۆی کاندید بکات، ئەویش دەبێت لە پارتیی دووربکەوێتەوە و بەم شێوەیە دەست لەکارکێشانەوەکەی رابگەیەنێت، ئەم پێشنیارەش حکومەتی تورکیی و دەستگای میت پێشنیاریان بۆ کردووە، چونکە دەیانەوێت لە رێگای ئەم بنەماڵەیەوە بە تەواویی کۆنتڕۆڵی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیی بکەن.