هەق
Friday, 22/01/2010, 12:00
لەم جیهانە هەرچى هەقە
بەشى تێهەڵدان و شەقە
گورگەكان لە پێستى مەڕن
لە بەرانبەر، حەقدا كەڕن
ڕاستى كەسێكى بێ كەسە
كەس ناڵێ، ناحەقى بەسە
وا خەریكى، بینە و بەردەن
زۆر كەس ئاوێتەى ئەم دەردەن
هێند مل كەچى، دنیا و كورسین
لەم ژینەدا، هەردەم برسین
ژینێكى پڕ، لە ئاژاوە
خەم بەسەریاندا ڕژاوە
لە سەر گەمەى، كورسى مەستن
لە دەریاى مەرقدا پەستن
ڕووگەیان پارە و سامانە
خۆشییان بەرەو نەمانە
وا گیرۆدەى، بۆنى پارەن
لەم دنیایە، زۆر بێ چارەن
ئەم دنیاى سنوور بەزێنە
دوا ڕۆژێكى، دڵ تەزێنە
************
لەم جیهانە، هەرچى هەقە
بەشى تێهەڵدان و شەقە
ڕاستى ئەمڕۆ، بەس درۆیە
كێ پشت چاوى، دوو برۆیە
فەلسەفەى بوون، سەراوبنە
مادەم ڕاستییمان لێ وونە
دەست دەنێننە، نێو گەروومان
چوونكە بوونەتە سەروومان
دەست لەسەر سینگ، وا مل كەچین
بەڕێى چەوتى، ئەوان ئەچین
خۆ دەبێ بەس، بڵێن بەڵى
گرنگ نییە، كە چى ئەڵێ
كوانێ ڕاستى و پاكى دەروون ؟
هەموو درۆن، لە نێو گەروون
چەشنى مردوو، دەبێ بژین
ئێمە خۆراكى، خوێن مژین
ژینى ئاوا، زەبوونییە
بوونى چى هەر نەبوونییە
مردن ژینە، لەم ژییانە
دەبا دەرچێ، ئەم گییانە
***********
لەم جیهانە هەرچى هەقە
بەشى تێهەڵدان و شەقە
ڕاستى چراى، بە بێ نەوتە
چونكە دنیایى، درۆ و چەوتە
وا پێنووسیش، درۆ دەكا
لەگەڵ ناحەق، گرۆ دەكا
خۆ ئاوازێ، نییە ڕاست بێ
بەبێ مووبێ و سپى ماست بێ
هەموو ڕویێ، خۆ دوو لایە
بۆ ناحەقى، وەك قەڵایە
تف لە درۆ و، لە نا ڕاستى
تف لەوەى كە، ئەمڕۆ خواستى
مرۆ بە هەق، خۆ مرۆیە
ئەوەى دیكە، هەر درۆیە
وەك پەپولە، با بنیشین
لە دڵى یەك، دابنیشین
دەستمان لە نێو، دەستى یەك كەین
درۆ و چەوتى، دەبا چەك كەین
لەگەڵ یەكاـ با تەبابین
چەشنى گوڵێ، ڕوو لە بابین
*************
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست