پێشمەرگە ، بۆ مەرگ لەپێشى پێشەوە ، بۆ مووچە لە دواى دواوە
Thursday, 20/02/2014, 12:00
1356 بینراوە
پێشمەرگە مەزڵومترین و چەوساوەترین توێژى كۆمەڵگەى كوردیە و لەرابردوو پێشەنگ بووە لەخەباتى قوربانى بەرامبەر دوژمنان و داگیركەرانى خاكى كوردستان و لەسایەى حوكمڕانى كوردیش لەپێناو وەدەستهێنانى پلە و پۆست و پایە و پاوانخوازى زیاتر لەململانێى ناوخۆیى و شەڕى ناوخۆ بەكارهێنراون سەدانیان لێ بەكوشتن دراوە،ماوەى10ساڵیشە هەرێم نەیتوانیوە كێشەى بودجە و مووچەى پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا چارەسەربكات،هیچ هەوڵێكى جددیش نەدراوە بۆ باشتركردنى بژێوى و ژیان و گوزەرانى پێشمەرگە،بەجۆرێك پێشمەرگە بۆ ئەرك و قوربانیدان و مەرگ لەپێشى پێشەوەیە و بۆ مووچەش لەڕیزبەندى دواى دواوەى وەزارەتى دارایی هەرێمە،هێزەكانى پێشمەرگە تائێستا مووچەى مانگى رابردوویان وەرنەگرتووە و دواكەوتنى مووچەكەشیان چیرۆكى جیاجیاى بەدواى خۆیدا هێناوە و بووەتە مانشێت و سەردێرى میدیاكان،لەمانگى رابردوو چەندین پێشمەرگە بەهۆى دواكەوتنى مووچە چەكەكانیان فرۆشت و بەشێكیشیان لەلێدوانیان بۆ میدیاكان سوێندیان دەخوارد پارەیان لەگیرفان نیە تا لەدەوام بگەڕێنەوە ماڵەكانیان،لەچەند رۆژى رابردووش لەشارى هەولێر پێشمەرگەیەك بەهۆى نەبوونى مووچەوە ئەڵقەى هاوسەرگیریەكەى فرۆشت كەبووە جێى سەرنجى میدیاكان،لەدوایین چیرۆكى نێو ئەو چینەش پێشمەرگەیەك لەتۆرە كۆمەلایەتیەكان وێنەیەكى بڵاوكردۆتەوە و سوێند دەخوات بەهۆى دواكەوتنى مووچە و نەبوونى پارە لەگیرفانى ناتوانێت شیر بۆ منداڵەكەى بكڕێت و لەبرى شیر ماستاوى پێدەدەن،ئەم چیرۆكە تراژیدیایانەى نێو هێزەكانى پێشمەرگە هەموو لێدوانە بریقەدارەكانى بەرپرسانى هەرێم لەسەر پێشمەرگە دەخاتە ژێر پرسیار و دەیسەلمێنێت بەرپرسانى هەرێم بێباكن لەگوزەرانى پێشمەرگە