تاکهی مەلابەختیار و هاوشێوهکانی لە حزب و حكومەت تەریق نابنەوە؟
Wednesday, 27/01/2010, 12:00
تەریق بوونەوە حاڵەتێكى دەروونى مرۆڤە لەبەرامبەر كردەوە و هەڵوێستێكى نەگونجاویدا كەدەرهەق بەبەرامبەرەكەى كردویەتى یان وەریگرتووە ڕەنگى دەم و چاوى دەگۆڕێت و شپڕزە دەبێت دەشێت هەریەكە لەئێمە لەژیانى ڕۆژانەى خۆیدا تەریق بووبێتەوە یان تەریق كرابێتەوە لەسەر هەڵوێستێكى ناشیاو یان كەسێكى ترمان تەریق كردبێتەوە كاتێك یەكێك تەریق دەكەینەوە جۆڕێك لە بەئاگا هێنانەوە ڕوودەدات ، بۆ ئەوەى شتێك كەشیاوى كردن نیە نەیكەین ، تەریق بوونەوە حاڵەتێكى تەندرووستە ئەگەر لەویژدانمانەوە بێت واتا بەرلەوەى كەسێك بێت ئیحراجمان بكات ویژدانمان تەریقمان بكاتەوە .
بەڵام تائێستا لەووڵاتى ئێمەدا لەسەر ئاستى ژیانى كۆمەڵایەتى مومارەسە دەكرێت و نەچۆتە ئاستى ترەوە ، لەسەر ئاستى سیاسیش لاى ئێمە غیابێكى تەواوى هەیە ئەوەتا ڕۆژانە دونیایەك فەزاحەت لەژیانى سیاسیەكانى ئێمەدا ڕوودەدات و كەسیش تەریق نابێتەوە ساڵانێك كوردستانى ئێمە لەسەر دەستى سیاسیەكاندا شەڵاڵى خوێن بوو كەس تەریق نەبوویەوە هەر ڕۆژە و لەشكرى وڵاتێك پەلكێشى كوردستان دەكرا بۆ گیانى یەكتر و هیچ لایەكیش تەریق نەبوویەوە شەڕ و ئاشتى دەكرا كەس تەریق نەدەبویەوە كۆبوونەوە دەكراو مۆز و پرتەقاڵ دەخوران كەسیش تەریق نەبوویەوە دادەنیشن و موجامەلەى یەكتر دەكەن و دزى هەیە و گەندەڵى هەیە تەریق نابنەوە بگرە پێ دەكەن و گاڵتەیان دێ بە دیموكراسى و مافى مرۆڤ و كۆمەڵگەى مەدەنى و لەكۆڕ و سیمینارەكانیان لەئەوروپا و وڵاتانى ترى دەرەوە فێربوون بەهار دێنە چۆكان ...پەلامارى میدیاى ئەهلى دەدەن و ڕاكێشى بەردەم دادگاكانى حزبیان دەكەن تەریق نابنەوە ، ڕۆژێك نەماندى بەرپرسێكى دز وەزیرێكى دز ڕاكێشى بەردەم دادگا بكرێت ساڵانە دەچنە هەڵەبجە و ڕانیە و گەرمیان و قەڵادزێ و ... بەڵێنى پڕلەدرۆ بەو خەڵكەكە دەدەن و تەریق نابنەوە زانكۆكان پڕبوون لەشەهادەى تەزویر كەچى ئەوان تەریق نابنەوە ووتى سەرەتاى ساڵى 2009 كێشەیەك نامێنێ بەناوى كارەبا كەچى تەریق نەبوویەوە بەس ڕووى زیاتر ڕەش بوو ، خۆپیشاندان دەكرێ تەریق نابنەوە ماركێت و باڵەخانە و زەوى ڕوكن و بەنزینخانە و كۆمپانیا بەبەرچاوى كەسوكارى شەهیدانەوە ڕاست دەكەنەوە كەچى هەر تەریق نابنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست