کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەڵەهەورێكی رَەش خەریكە ئاسمانی كوردستان دادەپۆشێت

Tuesday, 17/01/2012, 12:00





ئاژاوەكەی عیراق ناكۆكی سوننە وشیعە ناكۆكی مالیكی وعەلاوی, ناكۆكی قایمەی عیراقییە ودەوڵەتی قانوون كەلەسەر دەسەڵاتە ئاژاوەیەكی گەورەی لەعیراق ناوەتەوە وترسی شەرَی ئەهلی لێدەكرێت. كارەكەكە ئەوەندە ئاڵۆزبووە هیچكاتێ لەمێژووی عیراقدا واترسناك وخەتەرناك نەبووە.
ئەوەی زیاتر كارەكە ئاڵۆزتر ونائارامتردەكات ئەوەی زیاتر پاڵ بەعەلاوی وهاورَێ بەعسیەكانی دەنێت بۆ گەورەكردن وخۆشكردنی ئاگرەكە دەوڵەتی توركیایە.
دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی هاشمی كەدۆستێكی نزیكیانە لە چنگی عەدالەت رَزگاربكات, بۆ ئەوەی عیراق زیاتر لاوازبكات بۆئەوەی بەئاسانی دەستبخاتە ناوكاری, بۆئەوەی خەو وهیواكۆنەكانی بەداگیركردنی هەندێ ناوچە بەتایبەت ویلایەتی موسڵ بەدیبهێنێت دەیەوێت شەرَێك لەناوچەكە بەرپابكات.
لەلایەكی تر هەرَەشەی ئەمەریكا بۆ ئێران وچاوەرَوانی هەمو لایەنەكان بۆ بەرپابوونی شەرێكی گەورە وترسناك زۆر لە كوردستانەوە نزیكە.
لاوازبوونی عیراقی عەرەبی هەر وەها ئێران لەبەرژەوەندی كوردە ئەگەر كورد ماڵیخۆی رَێكبخات وبەهێزبكات. بەئاگرەسوورە لەخۆم دوورە, دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاسانتر هەمو داوا وخواستەكانی كورد جێبەجێبكات وبەدەستبهێنێت.
ئەوەی مایەی نیگەرانی وترس ودڵەرَاوكێیە ئەوەیە ئاگرەكەی بەغدا خەریكە بەرەو كوردستان تەشەنەدەكات ,كاردانەوەی بەرزانی بەتایبەت وپارتی بەگشتییە بەرانبەر ئەم رَووداوانەی عیراق. ئەوەی دەبینرێت وهەستی پێدەكرێت هاندان وپاڵدانی توركیایە بۆ بەرزانی بۆبەشداریكردنە لەوشەرَەی كەنزیكە لەعیراق رَوودەدات بۆ بەرژەوەندی توركیا وبەعسیەكان. هاتنی وەفدێكی توركیش,جێگری وەزیری دەرەوە لەم رَۆژانە بۆ لای مەسعوود زیاتر تیشك دەخاتەسەر نیاز وهەوڵەكانی توركیا.
دەسەڵاتی كوردی یان بڵێین بەرزانی وپارتی بەهۆی چەقین وگیروودەیی بەدەستی گەندەڵییەوە نەبوونی هیچ چارەسەرییەك چونكە بنەماڵە خۆی هۆكارە پاڵ بەپارتییەوە دەنێت چونكە دۆرَاوە یاریگاكە تێكبدات كەپەنا بۆشەرَ ببات ووادەزانێت كە تەنها رێگایە بۆ رَاكردن بۆپێشەوە وگۆرَینی بار ودۆخەكە.
ئەوەی لەم رَۆژانە تێبینی دەكرێت دەستپێكردنی شەرَێكی ساردە, شەرَێكی رَاگەیاندنە لەنێوان پارتی ویەكێتی. پارتی بەبێ هۆ هێرَش دەكاتە سەر د.بەرهەم وكابینەكەی وبە فاشل ناوی دەبات و یەكێتیش وەڵام دەداتەوە وپارتی بەقۆرخ كردنی دەسەڵات ناودەبات وتاوانباردەكات. ئەمەش نیشانەی با وبارانێكی ناخۆشە, پایزێكی ناخۆشە كە زستانێكی سەخت بەدوای خۆیدا لەكوردستان چاوەرێدەكرێت وكارەساتێكی دڵتەزێن بەشوێن خۆیدا دێنێت. ئەمە پەڵەهەورێكی چڵكن ورَەشە وخەریكە ئاسمانی خۆراوی وساماڵی كوردستان دادەپۆشێت وهەرَەشەی رَۆژگارێكی رَەش وتاریكمان لێدەكات و ئایندەیەكی نامۆ وترسناك چاوەرَێمان دەكات.
یەكێتی نیشتمانی بەهۆی نزیكبوونیەوە لەشیعەكان ولەئێران دەكەوێتە سەنگەری بەرەی دژ بەتورك وپارتی. كەواتە ململانە ئیقلیمیەكان, دوژمنایەتی ئەمریكا وئێران پاڵ بەناوچەكە و بەتایبەت كوردستانەوە دەنێت بۆ خلیسكان وئاڵوودەبوونی بە شەرَێكی وێرانكەر وزەرەرمەندی گەورە تێیدا كوردە.
تورك دەیەوێت بۆ ئەوەی بەشێكی عیراق داگیربكات, بۆ ئەوەی دەستێكی كوشندە لە پەكەكە بدات, بۆ ئەوەی ئارامی ودەستكەوتەكانی كورد لەهەرێم لەناوبەرێت خەوی میللەت بەدامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لەباربەرێت بەنیازە لەشكركێشی بۆ كوردستان بكات وبەبەردێك چەند چۆلەكەیەك وئامانجێك بپێكێت وكوردستان وەك زۆر جار لە مێژوودا دووبارە بۆتەوە بكات بەمەیدانی شەرَ وتەرَووشك بسووتێنێت.
لە ئەنجامی ئەم شەرَە ناوچەكە گۆرَانكارییەكی گەورە وچاوەرَواننەكراو بەخۆوە دەبینێت ونەخشەی ناوچەكە, هەندێ دەوڵەت دەگۆرَێت ودەوڵەتی نوێ پەیدا دەبێت.
دوورەپەرێزی وبێلایەنی كورد لەم شەرَە ورَەفتار كردنی بەهێمنی وبەژیری زۆر بەهێزی دەكات وئاسۆیەكی بەرفراوانی بۆ دەكاتەوە ودەتوانێت هیوا وئامانجی زۆر بەدەست بهێنێت.
هەمو میللەتی كورد, هەمو لایەنگیر وكادرە دڵسۆزەكانی پارتی ویەكێتی هەمو پارتە سیاسییەكانی كوردستان دەبێ بەئەوپەرَی بەرپرسیاریەتییەكەوە هەوڵی رَێگری لەم شەرَە بكەن ونەیەڵن لاوی كورد منداڵانی كوردستان ببن بەزاد وزوخاڵی ئاگرێك تورك گۆشتی پێ ببرژێنێت كە تەنها وگەورەترین دۆرَاو تێیدا میللەتی كورد دەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە