کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


اللهم ادفع الزالمین بالزالمین واجعلنا من بین ایدیهم سالمین

Wednesday, 30/12/2009, 12:00


ئەوە ئەو دوعایەیە كە پارتیەكان دەیكەن بۆ ڕزگار بونیان لە دەستى یەكێتى وگۆڕان كاتێك دەبینن گەورەترین ڕكابەرى سەر گۆڕەپانى هەرێمى كوردستان كە یەكێتى بوو ساڵانێك, بە بەرچاویانەوە كراوە بە دوو كەرتەوە و هەر كەرتەیان شەڕى ئەوى دیكەیان دەكات, یەكێتیەكان ئەوەیان لە بیر چویەوە كە هەمویان لە یەك سەنگەردا بوون و خۆیان ئەدایە بەر هاوڕێكانیان بۆ ئەوەى ئەو فیشەكەى لە دوژمنەوە دێت بەر خۆى بكەوێت نەك هاوسەنگەرە خۆشەویستەكەى كە سۆز و ئەوینى نیشتمان كردبوونى بە برا.ئەو كاتەى كە برا بوون هیچ تەماعێك لە گۆڕێدا نەبوو نە كورسى هەبوو نە پارەى بە لێشاو نە كۆمپانیاى چەور نە بودجەى خەیاڵى و نە زەوى داگیركردن و پاوانخوازى تەنها ئەو شتەى بیرى لێ ئەكرایەوە ڕزگاركردنى میللەت بوو لە ژێر دەستى بێگانە.بەڵام هاوكێشەكانى قۆناغى شار بە سەدو هەشتا پلە پێچەوانەى هاوكێشەكانى قۆناغى شاخ بویەوە , خەبات بوو بە حەیات شەق لە مەبدەئو پرەنسیب هەڵدرا ناوى پێشمەرگە ناشیرین كرا (دونیا بوو بە جیفەو تاڵیبەكانى بوون بە كیلاب) هاوڕێیەتى بوو بە دوژمنایەتى هاوسەنگەرى شەقى تێ هەڵدرا بەرنامەى (هى خۆم بۆ خۆم هى تۆش ئەخۆم) كەوتە بوارى جێبەجێكردنەوە, ئەوەى دوێنێ دوژمن بوو بو بە دۆستى سەر سفرە ئەوەى دۆست بوو بو بە دوژمنى براكوشتە تۆمەتى ناڕەوا دەستى پێكرد بەهاكان ماڵئاوییان كرد سیفەتە جوانەكانى كوردەوارى نامۆ بوون , درۆ جێگەى بە ڕاستى لێژ كرد گەندەڵ جێگاى پیاوچاكى گرتەوە شەرواڵ پیسەكان ئامۆژگارى میلەت ئەكەن پیاو كوژەكان مافى مرۆڤمان بەدەرس پێ ئەڵێنەوە . تا دونیا بەرەو پێشەوە بڕوات تەمومژى سەر ئاسمانى هەرێمەكەى ئێمە زیاتر دەبێت و خۆپەسەندى و خیانەت زیاتر پەرە دەگرێت تازە دەگەڕێنەوە بۆ ڕەشەكوژى و پاكتاو كردنى نەیارانى خۆیان, تەنها لەبەر ئەوەى ڕاستیەكانیان ئاشكرا كرد و چاو وگوێى میلەتیان كردەوە و ڕێگایان لە دزى و دەخەڵى ئەوان گرت , وە پێیان وتن ئیدى بەسە سەروەت وسامانى میللەت بە ناڕەوا مەخۆن , هەموو یەكێكتان یەك دەقیقەى پێشمەرگایەتى زیاتر لە 100 دۆلار كەوتووەو بگرە لەوە زۆرتریش بۆ هەندێكیان.ئیتر منەتى چیمان بەسەردا دەكەن بە چەند قات و بە زیادەوە حەقى ماندووبوونى خۆتان وەرگرتووە بۆ ناهێڵن میللەت هەناسەیەكى ئاسودە هەڵبمژێت, لەعنەت لە بیرو ڕاتان لە دروشم و لە ناوتان لەعنەت لە سەوزو زەردتان. بە هەر حاڵ ئەو نەهامەتیەى بە سەر هەرێمى سەوزدا هات و براكان كەوتنە گیانى یەكتر و یەكتریان ناشیرین كرد مێژووى یەكتر ناشیرین دەكەن سود و قازانجەكەى بۆ پارتییەكانە دوور نییە لە ئایندەیەكى نزیكدا شەق لە جەلالیەكان هەڵبدات و هاوپەیمانى لەگەڵ گۆڕاندا بكات ئەمە دونیاى سیاسەتە و هیچ بە دوور نازانرێت هاوكێشەكان پێچەوانە ببنەوە, تازە پارتى جارێكى تر ناهێڵێت یەكێتى و گۆڕان یەكبگرنەوە ,هەمیشە نمونە بچوكەكان وێنەى نمونە گەورەكانن بۆ نمونە لە سەدەى بیستەمدا دوو بلۆكى گەورە هەبوون لە جیهاندا كە ئەوانیش بلۆكى شەرق و غەرب یان یەكێتى سۆڤیەت و وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا بوون كاتێك یەكێتى سۆڤیەت هەڵوەشایەوە تاى تەرازووى ئەو دوو هێزە تێك چوو ئەمریكا بوو بە سەرگەورەى جیهان و دەستى خستە ناو هەرێمەكانى پێشوى سۆڤیەت و لە هەندێكیاندا سەكۆى دژە موشەكى جێگیر كرد, یان نمونەیەكى تر ئیسرائیل بەرامبەر یەك دوژمن ڕاوەستا بوو كە زۆرینەى فەلەستینیەكان بوون لە ژێر چەترى عەرەفاتدا وە زیاتر ئیسرائیلیان تەنگەتاو دەكرد , بەڵام كە بوون بە دوو كەرتەوە و كەوتنە دوژمنایەتى یەكتر بە هەردولایان بوون بە لوقمەیەكى چەور بۆ قەوارەى جولەكە و هەرولایانى كردە قەفەسەوە و مقاوەمەى بە تەواوى ئیفلیج كرد, پارتى بە هەمان شێوە سودو بەرژەوەندیەكانى خۆى لە سەربڕینى یەكێتیدا بینیەوە وە جارێكى دى ناهێلێت ئەو سەرو لاشەیە یەك بگرنەوە , مەگەر دوو فڕۆكەى قینى جەماوەر خۆیان بكێشن بە هەردوو تاوەرى سەرى ڕەش و پیرمامدا و توشى شۆكیان بكەن و پەیامێكیان پێ بگەیەنن پێیان بڵێن ئێوەش بە تەنها و بۆ هەتا هەتایە ناتوانن حوكمى ئەم هەرێمە لە ژێر دەستاندا بێت یان ئەبێت تەسلیم بە ئیرادەى جەماوەرى بكەن یان بە زۆر لە ژێر دەستانى دەردەهێنین .

على محمد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە