ڕۆژنامه‌یه‌کی ئازه‌ربایجانی دیدارێک له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ی مه‌لا قادردا ده‌کات

Saturday, 13/06/2009, 12:00


محه‌مه‌دی مه‌لا قادر ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ دیدارێکدا بۆ سایتی چاودێر وه‌ڵامی سالار عه‌زیز ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: سالار بۆخۆی شه‌كری شكاندووه‌، پارتیی دیموکراسییه‌، بۆ نازانێت ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ ووشه‌ی دیموكراتی تێدایه.!؟

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ باشمانزانی په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فونی له‌گه‌ڵدا سازبکه‌م، پاش هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی زۆر توانیم ده‌نگم بیگاتێ، به‌م جۆره‌ قسه‌کانمان ده‌ستی پێکرد:

(زه‌نگی ته‌له‌فوون)
مامۆستا موحه‌مه‌د: به‌ڵێ ..

ڕۆژنامه‌‌نووس: مامۆستا مه‌لا موحه‌مه‌د ئه‌و کاته‌ت باش، ببوره‌ من له‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی ئازه‌ربێجانه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌م، ئه‌و شته‌ خۆشه‌مان له‌ سایتی چاودێر خوێنده‌وه‌، حه‌زمان کرد دیدارێکت له‌گه‌ڵدا بکه‌ین، سه‌باره‌ت به‌ دیموکراتیی پارتیی؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: ئه‌هله‌ن وه‌ سه‌هله‌ن، زۆر چاکه‌، ‌تۆ کێیت و ناوت چییه‌، ئه‌ی ڕۆژنامه‌که‌تان ناوی چییه‌؟ باشه‌ بۆ له‌ ئازه‌ر باینجان کوردی لێیه‌؟

ڕۆژنامه‌‌نووس: به‌ڵی مامۆستا من ناوم (میدیا زه‌رده‌شت)ه‌ و ڕۆژنامه‌که‌شمان ناوی دیداریی دیموکراتییه‌، له‌ ئازه‌رباینجانیش کوردی زۆری لێیه‌، زۆربه‌شیان به‌ ئه‌سڵ یه‌زیدیین.
مامۆستا موحه‌مه‌د: له‌وێ کورد خه‌ریکی چییه‌؟

ڕۆژنامه‌نووس: وه‌ڵڵا مامۆستا گیان زۆربه‌یان خه‌ریکی زه‌راعه‌تن و زه‌راعه‌ته‌که‌ش چاندنی باینجانه‌، خوا نه‌یبڕێ کورده‌کانی ئازه‌رباینجان ده‌ستکه‌وتی باشیان هه‌یه‌.
مامۆستا موحه‌مه‌د: ئێ وه‌ڵڵاهی پێم خۆشه‌، ده‌ی باشه‌ باوکه‌که‌م، پرسیاره‌کانت چییه‌؟

ڕۆژنامه‌‌نووس: ئه‌و سالار عه‌زیزه‌ کێیه‌ وا وه‌ڵامت داوه‌ته‌وه‌؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: ئه‌و کابرایه‌ که‌سێکی سه‌ر لێشێواوه‌ و ئیتر... ده‌مم مه‌که‌ره‌وه‌ با له‌وه‌ زیاتر ڕیسوای نه‌که‌م.

ڕۆژنامه‌‌نووس: به‌ڵی مامۆستا گیان، باشه‌ به‌ڕێزتان باستان له‌ سه‌ر دیموکراتیی کردووه‌، ده‌توانیت که‌مێک پێناسه‌ی دیموکراتیمان بۆ بکه‌یت؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: بۆ نا... دیموکراتیی وشه‌یه‌کی یۆنانی کۆنه‌، یۆنانییه‌کان له‌ باوپاپیرانی ئێمه‌ی کوردیان وه‌رگرتووه‌، کاتێک ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌قدۆنی هاته‌ کوردستان، ئه‌و وشه‌یه‌ی له‌ کورد وه‌رگرت، ئه‌و حه‌له‌ باوباپیرانمان ده‌یان وت (دێم و کرته‌)  ئه‌که‌م، واته‌ ‌دێم و قسه‌ی خۆم به‌ ئازادیی ئه‌که‌م، ئیتر خۆت ئه‌زانی ئه‌و وشه‌یه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، ساڵ له‌ دوای ساڵ، گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، تا بوو به‌ دێموکراتی، ئیستا پێی ده‌ڵێن دیۆمکراتیی، یان دیموکراتیی، ئیتر هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و قه‌ومێک چۆنی بوێت ئاوا ده‌می خۆی خوار ئه‌کاته‌وه‌ و ده‌یڵێ. من هه‌ر له‌ منداڵیمه‌وه‌ ئاشنای ئه‌و وشه‌یه‌ بووم، ئه‌وه‌ش بوو، وای کرد من ببم به‌ پارتی. ئینجا قسه‌م پێ مه‌بڕه‌ با بۆت ته‌واو بکه‌م...
ئه‌و سالار عه‌زیزه‌ کابرایه‌کی زۆر مه‌هزه‌له‌ و  سه‌یره‌، ئه‌ڵی: پارتیی دیموکراتیی نییه‌، ده‌ک ماڵی درۆت به‌ قوڕ گیرێت، وا ئه‌زانێت حیزبه‌که‌ی خۆی دیموکراتییه‌! ئه‌گه‌ر سالار ڕاست ئه‌کات و ورگی دایکی درۆزنێتیی هه‌ڵنه‌دڕیوه‌، بۆچی ناوی یه‌کێتییه‌که‌ی خۆیان نه‌نا (یه‌کێتیی دیموکراتی کوردستان)؟ ها ..؟ ده‌با وه‌ڵامم بداته‌وه‌؟ ئه‌و کابرایه‌ له‌ گوێی گادا نوستووه‌، کوڕه‌ ده‌بڕۆ ڕه‌زات خواته‌وه‌، تۆ که‌ی له‌ مانای دیموکراتی ده‌گه‌یت؟

ڕۆژنامه‌‌نووس: باشه‌ چۆن ده‌توانیت بیسه‌لمێنی که‌ پارتی دیموکراتییه‌؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: ئه‌وه‌ که‌ی پرسیاره کوڕم‌؟ ده‌زانی به‌ چییدا ده‌یسه‌لمێنم؟ ئه‌ی له‌ دیداره‌که‌ی چاودێردا من نه‌م وتووه‌: پارتی له‌و ڕۆژه‌ی له‌ دایك بووه‌ له‌ كۆماری مهاباده‌وه‌ ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانه،‌ ووشه‌ی دیموكراتی تێدایه‌، ئه‌و ووشه‌یه‌ به‌ گۆتره‌ نه‌خراوه‌ته‌ ناوی؟

ڕۆژنامه‌‌نووس: که‌وابوو هه‌رچیی حیزبێک ناوی دیموکراتیی تێدا نه‌بێت، ئه‌وه‌ دیموکراتیی نییه‌؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: بێگومان هه‌ر حیزبێک ئه‌گه‌ر بییه‌وێ دیموکراتی بێت، ئه‌بێت ناوی دیموکراتیی به‌ خۆیه‌وه‌ بنوسێنێ، ئه‌گینا دیموکراتیی نییه‌.

ڕۆژنامه‌‌نووس: دیموکراتی وه‌کو پراکتیک چۆن له‌ ناو پارتییدا ده‌بینیته‌وه‌؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: پراکتیک چییه‌؟

ڕۆژنامه‌‌نووس: پراکتیک، یانی به‌ عه‌مه‌لیی
مامۆستا موحه‌مه‌د: من به‌ عه‌مه‌لی دیمۆکراتی وا ده‌بینمه‌وه‌، که‌ پارتی هه‌موومان به‌بێ موناقه‌شه‌ و به‌ زه‌وقی خۆمان ده‌نگمان به‌ جه‌نابی کاک مه‌سعود داوه‌ که‌ سه‌رۆکمان بێت، دوای ئه‌وه‌ چاوی شه‌یتان کوێر بێت، ئه‌گه‌ر مرد، ئه‌وه‌ کوڕه‌که‌ی ده‌بێته‌ سه‌رۆک، هه‌ر وه‌ک چۆن باو و باپیری ئه‌ویش سه‌رۆک بوون، ده‌سه‌ڵات ئاوا ده‌بێت بڕوات به‌ڕێوه‌، ئه‌وه‌ خه‌تی سووره‌، نابێت باسی لیوه‌ بکرێت، دوای ئه‌وه‌ ده‌زگای پاراستن ئه‌بێت بۆ کوڕه‌کانی بێت، به‌رپرسی دارایی بۆ کوڕ، یان برازا و ئامۆزاکانی بێت، دوای ئه‌مه‌ هه‌ر پۆستێکی گرنگ هه‌یه‌‌، هه‌مووی بۆ بارزانییه‌کان ده‌بێت.

ڕۆژنامه‌‌نووس: باشه‌ ئه‌مه‌ که‌ی دیموکراتییه‌؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: ئاخر من ده‌زانم ئێوه‌ له‌ مانای دیموکراتیی تێناگه‌ن، دیموکراتیی یانی جارێ له‌ سه‌ره‌وه‌ پێویسته‌ سه‌رۆکێکت هه‌بێ، ئه‌و سه‌رۆکه‌ خۆت ده‌سه‌ڵاتی بده‌یتێ،  ئه‌و ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت، ئێمه‌ هه‌میشه‌ وامان کردووه‌، به‌ دیموکراتیی هه‌ڵمان بژاردووه‌، خۆ نایه‌ین، خۆمان به‌و شته‌ بێمانایانه‌ خه‌ریک بکه‌ین و کاته‌که‌ بکوژین، دوای ئه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتیی ئێمه‌ دیموکراتیی به‌ عه‌مه‌لی ده‌چه‌سپێنین، ئێمه‌ خه‌ڵک برسی ئه‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی داوای نان بکات، ئێ که‌ داوای کرد، ئه‌وه‌ دیموکراتییه‌، پاره‌ له‌ خه‌ڵکی ده‌بڕین، بۆ ئه‌وه‌ی ناچار بێت له‌شی بفرۆشێ، ئه‌وه‌ش مانای دیموکراتییه‌، وه‌کوو چۆن ئافره‌ت له‌ جامخانه‌کانی هۆڵه‌ندا خۆیان ده‌فرۆشن، ئاواش ده‌که‌ین که‌ خه‌ڵکی نرخی له‌شی خۆی بزانێت و ته‌مه‌ڵ نه‌بێ له‌ کارکردندا، ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی دیموکراتیی، ئێمه‌ ڕێگایان لێناگرین.

ڕۆژنامه‌‌نووس: وابزانم له‌ ساڵی 1993دا جارێکیان که‌ وه‌زیری ئه‌وقاف بوون، له‌ هۆڵی میدیا، باستان له‌ قورئان کرد، فه‌رمووتان قورئان کۆن بووه‌، ده‌بێت تازه‌ بکرێته‌وه‌، که‌چی دوای ئه‌وه‌ ده‌نگتان نه‌ما؟
مامۆستا محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ مه‌به‌ستم له‌وه‌ بوو، که‌ قورئان کۆن بووه‌، ده‌بێت جارێکی تر بنووسرێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ پاڵ شمشێر و خه‌نجه‌ر و ئه‌و شته‌ کۆنانه‌، باسی ده‌بابه‌ و کڵاشینکۆف و چه‌کی کیمیاویی و سارۆخ و کاره‌بای تیا بکرێت، هه‌تا مه‌به‌ستیشم ئه‌وه‌ بوو، که‌ چۆن له‌ سه‌رده‌می موحه‌مددا (درودی خوای له‌ سه‌ربێ) شه‌راب حه‌رام کراوه‌، ویستم ئه‌وه‌شی تیا بنووسرێته‌وه‌ که‌ ویسکی و برندی و بیره‌ و مه‌شروبه‌کانی تریش حه‌رام بکرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه‌ جگه‌ره‌ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌شی تیا بنووسرێته‌وه‌، که‌ جگه‌ره‌ و حه‌شیشه‌ حه‌رام بکرێن، کوڕه‌ چوزانم زۆر شتم له‌ خه‌یاڵدا بوو، له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا هه‌ر که‌سێک به‌ قابلیه‌ت بوو ڕێگای لێ ده‌گرن و ناهێڵن به‌ره‌وه‌ پێشه‌وه‌ بچێت، بۆیه‌ زوو وتیان ده‌ممت دابخه‌ تا ئیسلامییه‌کان نه‌یان کوشتوویت.
ئا ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ی پارتیی زۆر دیموکراتیترین، ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌کان دیموکراتیی بوونایه‌، ده‌بوو له‌ سه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ی من به‌دواداچوونیان له‌ سه‌ر بکردایه‌ و سوپاسیشیان بکردمایه‌.

ڕۆژنامه‌‌نووس: دوا پرسیار، چی ترتان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ دیموکراتیی؟
مامۆستا موحه‌مه‌د: دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌: دیموکراتیی، یه‌ک جۆری نییه‌، وه‌ک پێشتر بۆ چاودێرم باسکردبوو، که‌ پێم وتن:‌ دیموكراتیه‌تی ئێمه‌ وه‌ك دیموكراتی شه‌رق ئه‌وسه‌ته‌ نه‌ك وه‌ك دیموكراتیه‌تی ئه‌وروپا، چونكه‌ ئێره‌ كوردستانه‌، ده‌وڵه‌تیش نیه‌، ئێمه‌ فیدڕاڵین نه‌ك ده‌وڵه‌ت، هه‌ر چوار ده‌وریشمان گیراوه‌، خۆشیان ده‌زانن هه‌لومه‌رجه‌كه‌ چۆنه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ من بڕوام وایه‌ لوتكه‌ی‌ دیموكراتیه‌ به‌نیسبه‌ت ناوچه‌كه‌، ئێران له‌ ئێمه‌ دیموكراتی تره‌، توركیا له‌ ئێمه‌ دیموكراتی تره‌، سوریا له‌ ئێمه‌ دیموكراتی تره‌، عه‌ره‌ب له‌ ئێمه‌ دیموكراتی تره‌؟
دیموکراتیی ئێمه‌ دیموکراتی زه‌رده‌، وه‌کو زه‌رده‌ زیڕه‌ هه‌ر که‌سێک ده‌ست له‌و ئه‌زمونه‌ی ئێمه‌وه‌ بدات پێوه‌ی ئه‌ده‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌نگی تریشمان هه‌یه‌، ڕه‌نگی سوور، وه‌کوو جامانه‌که‌ی سه‌رۆک، ڕه‌نگی سوور وه‌کوو شیوعێکانی ناو پارتیی، به‌ڵام دیموکراتی نابێت سه‌وز بێت، سه‌وز یانی کاڵ و کرچ و پێنه‌گه‌یشتوو، هه‌ر بۆیه‌ جه‌نابی مام جه‌لال بڕیاری دا‌ بێته‌وه‌ ناو پارتیی بۆ ئه‌وه‌ی دیموکراتییه‌که‌ی یه‌کێتیی له‌وێدا ده‌مه‌زه‌رد بکاته‌وه‌ و پێیبگه‌یه‌نێت.

ڕۆژنامه‌‌نووس: زۆر سوپاس مامۆستا حه‌مه‌ی مه‌لا قادر، بۆ ئه‌و چاو پێکه‌وتنه‌، هیوادارم له‌ دیدار و چاوپێکه‌وتنی ترا یه‌کتر به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه‌.
مامۆستا موحه‌مه‌د: زۆر سوپاس بۆ خۆتان و بۆ کورده‌کانی ئازه‌رباینجان، هه‌وڵیش ئه‌ده‌م له‌ گه‌ڵ جه‌نابی کاک نێچیردا قسه‌ بکه‌م، تا باینجانمان له‌ ئازه‌رباینجانه‌وه‌ بۆ ئیستیراد بکات.

سه‌رنج: ئه‌م دیداره‌،  بریتییه‌ له‌ ساتیره‌ دیدار، مامۆستا موحه‌مه‌دیش تاکه‌ ڕیش سپی ناو پارتیی و ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌، پسپۆڕه‌ له‌ شیکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی دیموکراتیی. هیوادارین نمونه‌یان له‌ ناو پارتیی دیموکراتدا زۆر بێت.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی دیداره‌که‌ی مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا قادر سه‌ردانی چاودێر بکه‌ن:

http://cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=12876

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە