چیرۆکی قەلێکی وونبوو
Thursday, 10/07/2014, 12:00
2059 بینراوە
وەکو شێت لەپڕدا خۆی کرد بەکۆشی دایکیاو دایە پڕمەی گریان، فرمێسك وەك جۆگەی ئاوو بەسەر کوڵمەکانی ئەهاتە خوارێ و تەڕ تەڕ بوبون. ئاخر منداڵێکی ٥ ساڵانە تەنها خاوەنی ئەو چەند پەلەوەرە بوو کە دانەیەکیان لەلادێوە یەکێ لەناسیاوەکانی باوکی بەدیاری بۆی هێنابوو. هەموو جارێ ئەیووت؛ کەی دێن بۆ ماڵمان و قەلەکەم بۆ دێنن، خۆ ئەوە زیاتر لە ٤ مانگە و ئێستا قەلەکە گەورە بووە، ئەی بۆچی دیار نین؟ هەندێ جار لەمێشکی خۆیدا وای بەخەیاڵدا ئەهات کەڕەنگە درۆی لەگەڵدا کرابێ و تەنها پەیمانێکی ساختەو دەستی دەستی پێبکەن، دەنا ئەبوو ئێستا ناسیاوەکەیان بهاتایەو هەروەك جاران لەهەڵەدنەوە بە دوو بەرچنە ترێ ڕەشکەو هەندێ ترشی بناری پیرەمەگرون و لەگەڵ خۆیاندا قەلەکەی کەبۆ ئەمیان دانابوو بهێنرایە. ئێستا کاتی هاتوە(لەدڵی خۆیدا وای ئەووت).
کاتێ کاروان گەورە ئەبێ و ئەم چیرۆکە بۆ هاوڕێکانی ئەگێڕێتەوە ئەوان ئەگەرچی ئەم چیرۆکە هی کاتی مناڵیە، ئەمە یەکەمین جارە هەمویان جۆرێك لەسەرسامی بۆ ئەو نێشان بدەن. ئەمە یەکەمین جارە کە چیرۆکی کاتی مناڵی هەر هەمویان یەکئەخات و گوێ قوڵاغی بن و کەس بەکەس پێناکەنێ لەژێرەوە . ئەمانە کۆمەڵی هاوڕێی سەردەمی مناڵی و گەڕەك بوون کەدواتر و لەقۆناغەکانی تری ژیاندا لەیەك دانەبڕان.
دایکی کاروان زۆر خەریك بوو ژیری بکاتەوەو زوو زوو ئەیوت؛کوڕکەم مەگەری بەخوا قەلێکی ترت بۆ پەیدا ئەکەین. بەڵام کاروان هەرگیز ژیر نەئەبۆوەو وەك ئەوە وابوو بەدەکەس لێی بدەن. خۆ ئەو کاتەی کە باوکی شەهید بوو لە ساڵی ١٩٧٤ ئەوەندەی فرمێسك بۆ هەڵنەڕشت.
دوای ئەوەی لەیاریکردن دێتەوە ماڵ .ئەبینێ کەناسیاوەکەیان هاتۆتەوە و دایکیشی خەریکی دروست کردنی نانی نیوەڕۆیە. کاروان باوەڕ ناکاو چاوی ئەپەڕێتە پشتی سەری و هاوار ئەکا کوا قەلەکە؟؟ دایکی بەپێکەنیەوە لێی تووڕە ئەبێ و پێێ ئەڵێ، ئەوە ڕۆڵە فێری تەربێت نەکراوی ؟! جارێ بڕۆ بەخێرهاتنی میوانەکە بکە. ناسیاوەکەیان کەخەریکی دیشلەمە خواردنەوەیەو تەزبیحەکەی بەدەستیەوە هەڵئەسوڕئێنێ ئەڵێ: کارەکە گیان ئا وەرە بۆ لای مامەی خۆت و ماچێکم بەرێ. دایکشی پێش ئەوەی کاروان بچێ بۆ لای خۆی هەڵئەقورتێنێ و ئەڵێ ، هەتیو ڕاکە دەستی مامە ماچ کە. بۆیە کاروان بۆ ساتیك ئەوەی لەمێشکیا ئەهات و ئەچوو جۆرێك لەسستی پیا تێپەڕی و ڕایکرد بۆ لای مامەی میوانیان و چوە باوەشییەوەو دەستی ماچکرد. هەرزوو وەك ئەوەی تەزوەیەکی کارەبایی لەجەستەی کاروان درابێ،ئەڵێ: توخوا مامە گیان کوا قەلەکە؟ دایکی ئەڵێ، ڕۆڵە گیان ئەو ئێستا ئەوەندە نابێ گەیشتۆتە ئێرەو با پشوەك باو چەند چایەك بخواو دواتر نانی نیوەڕۆ بەیەکەوە بخۆین و ئەوسا ،،،،،،کاروان ئێشتا دایکی قسەکەی تەواو نەکردبوو، پێی بڕی و جارێکی تر هەمان پرسیاری لە ناسیاوەکەیان کردو ئەم جارە سوێندی دا بەگۆڕی باوکی. ناچار کابرای میوان ئەم جارە ووتی بەخوا مناڵێ ئەم ڕۆژە سوار لەسواری ئەهێننە خوارێ.. دەری ناهێنێ با بیبەم بۆ لای قەلەکە.
کاروان کاتێ تەواوی ئەم چیرۆکەی بۆ هاوڕێکانی ئەگێڕایەوە هەردەم ئەو خۆشیەی لەلا وون ئەبووکە کاتێ قەلەکەی بینیوەو لای سەیر بوە کەوا لەماوەی تەنها ٤ مانگدا ئاوا گەورە و خرتەڵە بوە. بەڵام ئەو خۆشیە دیارە زۆر ناخایەنێ کاتێ لەگەڵ هاوڕێکەی لەگەڵ پەلەوەرەکانی ئەواندا ئەیان بەن بۆ دەشتەکەی ئەوبەرو ئەوان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك خەریکی یاریکردنن و دواتر بەرەو ماڵەوە ئەڕۆنەوە. لەڕێگا بەهاوڕێکەی ئەڵێ، تۆ بڵێ ئێستا قەل و پەلەوەرەکان چوبێتنەوە بۆ ماڵەوە.. هاوڕێکەشی لەوەڵامدا ئەڵێ؛خۆ ئەمە یەکەمین جار نیە کە دێن بۆ ئێرە و پاشان ئەوان لێرە هەموو ڕۆژێ ئەلەوەڕێن و یاری ئەکەن و پاشان خۆیان ڕێچکەی ماڵەوە ئەگرن و ئەڕۆنەوە، لەوەتی من هەم هیچ یەکێ لەپەلەوەرەکانم وون نەبوە،، هاوڕێکەی بەم شێوەیە ئەدوێ و ئەڵێ؛ هیچ خەمت نەبێ.
کاتێ کاروان ئەگاتەوە ماڵەوەو سەر ئەکا بەکولانەکە سەیر ئەکا هەموو مریشك و قازو کەڵەشێرەکەی لەوێیە جگە لەقەلەکە. بۆیە وەك شێت ئەچێ بۆ لای دایکی و لەکۆشیدا تێر تێر ئەگری.. لەوەڵامدا دایکی پێی ئەڵێ: ئەی تۆ نەتزانیوە کە قەل ئەبێ شوانی هەبێ و نابێ بەتەنها بەجێبهێڵردرێ؟!! قەل وەك مریشك و پەلەوەرەکانی تر نیە، ئەوان زەین کوێرن و نازانن بچنەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتون.
کاروان کاتێ ئەم چیرۆکی مناڵیەی بۆ هاوڕێکانی ئەگێڕایەوە ، ئەی ووت منێکی ٤ تا ٥ ساڵانە نەم ئەزانی کەوا قەل کەڕۆیشت ناگەڕێتەوە ماڵەوە و ئەبێ شوانێکی هەبێ وەیان یەکێك بەدیاریەوە بێت . جا بۆیە ئەیووت خۆزگە یان کابرای ناسیاومان وەیان دایکم ئامۆژگاری بکردمایەو پێیان بووتمایە کەوا سروشتی قەل ئاوهایە.
دوای چەند ڕۆژێك ناسیاوەکەیان دێتەوە بۆ ماڵی کاروان و پرسیاری قەلەکەی لێ ئەکا، بۆیە کاروان بەگەلێ خەم و پەژارەوە باسی وونبونی قەلەکەی بۆ ئەکا و ئەڵێ لەوە ناچێ جارێکی تر بگەڕێتەوە ماڵەوە. کابرای میوان ئاو لەچاوی دەرئەپەڕێ و بە لێواری جامانەکەی چاوەکانی ئەسڕێ. کاروان پرسیاری لێ ئەکاو ئەڵێ مامە گیان تۆش بۆ قەلەکەی من ئەگرێ؟؟ کابرای میوان ئەڵێ: کاشکی هەموو شتێکم بدۆڕانایەو ئەوەی هەمە بزرا ببوایە. بەڵام من وەك تۆ بۆ ئەم سەرکردانەی کورد ئەگریم کەوا ئەوڕۆ وەك گای قەشان میلەتیان پێش خۆیان داوەو قوربانیان پێ ئەدەن و خۆیان وەك قەلەکەی تۆ ئێمەیان بەجێهێشت و ئەوەندە زەین کۆێر بوون نەیان زانی بگەڕێنەوە بۆ لامان. ئەوان ئاشبەتاڵیان ڕاگەیاند و بەرەو ئێران تێیان تەقاند، وەك ئەوەی نەزانن نیشتمانی ئێمە کوردستانە،نەك ئێران و ئەمریکا.