کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هاوپەیمانییەکی ناستراتیژی دووسەروو،سەدان بەڵینی بێ کردەوە

Tuesday, 13/12/2011, 12:00





لە قەڵاچۆلانەوە بۆگردەکەو،لە کادیرەوە بۆهەڵسوڕاوو،لە کۆمیتەوە بۆ ژوروو،لە کەسکەوە بۆشینوو،لە مەڵبەندەوە بۆمەکۆ،ئاکامی هاوپەیمانییەکی ناستراتیژی دووسەروو،سەدان بەڵینی بێ کردەوە!!!!
سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کوێدا دەتوانین بە سیاسەتێکی سەرکوتووودیمۆکرات باسی لێوە بکەین،هەرچەندە ئەو سیاسەتەی جارانی حیزبێکی سۆشیال دیمۆکرات لە ئێستادا بە دووروو نێزیک بە دی ناکرێت؟!
پرسەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەمترین ماوەدا بوو بە باڵادەسترین ئۆرگانی سیاسی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان؟یان بۆچی بووبە خاوەنی هێزێکی سەرکەوتوو لە بەرابەر سووپایەکی زلهێزی وەک سوپا هێزدارەکەی ڕژێمی لە ناوچو،تەنانەت لە سەردەمی شاخیشدا تاکە هێزی تۆڵەئەستێنو دڕوو بە هێز بوو!یان بە دیوەکەی تردا بە بەراورد بە سەرکەوتنەکانی بە سەر پەیژەکانی خۆبە هێزکردنداهەرزووبوو بە دیلی مادەو وەک بازرگانێک خۆی دەرخستو لە بەرابەر کێشەنەتەوەییەکان نەک بێ لایەنی بەڵکو نابەرپرسیارانە سەودای سیاسی ئامانجی سەرەکی بوو بە بەستنی ڕێکەوتننامەیەکی نا ستراتیژی پارتە نەیارەکەی دوای بە کوشت دانی هەزاران پێشمەرگەوبە دوو کەرتکردنی هەرێمەکەو نانەوەی ئاشوبوو کەلتووری ناوچەگەرایی؟!
ئەمانە هەموو پرسی گرنگو پێویستن بە دوای ووڵامەکانیانداوەک تاکێکی نێو کۆمەڵگەکەمان دڵسۆز بە پرسە نەتەوەیییەکانمان کنە بکەین،لە بەر ئەوەی ئەو مێژووە لە سەر ئۆرگانی سیاسیو نەتەوەیی کورد دووبارە نەبێتەوە کە بە دوایدا جگە لە دانی ئاکامێکی خراپو کاولکارانە،کێشەی نەتەوەیی گەلەکەمان بە پشتی کیسەڵ بۆ ناوەندەجیهانییەکان دەگوێزێتەوە،لێرەدا ڕاستە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لووتکەوە دابەزیو ئێستا لە پارانەوەی بەردەم دیوانی بەختدا دەستەو ئەژنۆ وەستاوە تا هەر هیچ نەبێت بگاتەوە بە ئاستێک لە لای خەڵکی کوردستانو هەوادارە زیزبووەکانی جێگەی ئۆمێدو بڕوا بێت!
هەرەس هێنانی لووتکەی دەسڵاتی سیاسیو سەربازی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مایەی داپۆشینی هزروو بیروو هیواکانمان بوو بە تایبەت بۆ کەسانێک کە هیوایان بە هێزێکی هێزداری سۆسیال دیموکراتی خۆ بە عەیار ٢٤ زانی وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، لە بەر ڕۆشنایی ئەو بانگەشەیەی کە دەیان ووت قەڵای ئێمەو شوورەی ئێمە پشتمان سەنگەرمان هێزی گەلو ی.ن.ک ڕابەرمان،واتە هەرەسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە بێ بە دوادا چون هیچی کەمتر نییە لە ئاشبەتاڵو دەستەوسانکردنی ١٢٠ هەزار پێشمەرگەی ئەودەمی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە بە ڕێکەوتن نامەیەکی نێودەوڵەتی کرایە قوربانی کە بەڕیکەوتن نامەی جەزایری ساڵی ١٩٧٤بە گەلەکۆمەیەکی نیو دەوڵەتی ئاوێتە بە خۆش بڕوایی سەرانی ئەودەمی شۆڕشی کورد، ئێستاشی لە گەڵدا بێت مایەی بەدبەختی نەتەوەی کورد بووە!!
گەر تەماشابکەین یەکێتی نیشتیمانی وەک خاوەنی جەماوەرێکی زۆر لە پێش ڕاپەڕینو دوای ڕاپەڕینیش،ڕاستە چەند جارێک تووشی شکستو نەکسەو بەرەو قەیران بوون کەوتووە،ئەمجارەیان هەرەسەکە بیرو فکری ئەندامانی ئەو ئۆرگانەی گرتەوەو بە هەزاران ئەندامو هەوادار نامەی نائومێدبوونیان کردە دووعای شەڕوو وەک کاردانەوەیەک لە بەرابەر گومڕاهیو پشت گوێخستنی ئاراکانیان لە لووتکەی دەسڵاتی بە ناو یەکێتیان دا،لە لایەکیترەوە دەنگە ناڕازییەکان کە بە هەزاران دەنگ دێنە ئەژمارئەوهەلەی بە شارەزایەکی بواری سیاسەتو ڕووداوەکان بەخشی کە بۆ بەرگرتن لە هەرەسی ئیرادەی جەماوەری ڕەنگ کەسک ڕووگەیەکی ئارامبەخش بە ڕەنگی شین بکاتە مەڵبەندی پەرەستنو لەوێوە کار بۆ هێنانە ئارای ئۆرگانێکی سیاسی بکەن بەو ئاراستەیەی کە جەماوەر بتوانێت قەرەبووی هیوا لە دەست چووەکانیان بکەنەوەو جێگرەوەیەکیش بێت لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقیو کێشە نەتەوەییەکاندا بەڵام!!
(ئەوگۆڕینە ڕاستە تاڕادەیەک نوێبوو بەڵام نەیان توانی بارتاقەی ئەو هەموو دەردەسەریونەگبەتییانە بێت کە ئەندامانو لایەنگەرانی یەکێتیو ئۆرگانە سیاسییەکانی تری گرتە خۆ،بەڵکو گۆڕان گۆڕانێکی تەواو نەبوو گۆڕان لە کەسکەوە بۆ شینو،لە مەڵبەندەوە بۆمەکۆو لە کۆمیتەوە بۆ ژوروو لە کادیرەوە بۆ هەڵسوڕاوو لە قەڵاچۆلانەوە بۆ گردی زەرگەتە بوو)!
ئەگەر هۆکاری لاواز بوونی یەکێتی نیشتیمانی چەند خاڵێکی لاواز کاری تێکردبێت گومانی تێدا نییە،بەڵام خاڵی هەرەبەهێز لە لاوازکردنی پەیکەری سیاسیو سەربازیو جەماوەری یەکێتی لەوەوە بەرهەم هات کە ئەو یەکێتییەی لە ناخی جەماوەرەوە وورەو بڕوابوونی بە خۆ وەر دەگرت ،هەر خودی ئەو یەکێتییە بوو بانگەوازی لە خۆبایی بوونی دا بە گوێی خەڵکی بە ئەمەکو بە وەفا بە یەکێتی ئەی ئەمەیان بۆچی؟
ئەو ئۆرگانە سۆسیال دیمۆکراتە کە خۆی لە هەیکەلێکی بە هێزو خاوەن ئەزموندا دەبینییەوە بە دابەزین لە شاخەوە بۆ شار هەر دوای ئەوەی فێری چۆنییەتی بە کار هێنانی جێ پێ ئێسی ڕێنمایی کار بوون لە گەندەڵیدا،یەکەم هەنگاویان گەڕان بوو بە شادەمارەکانی خەڵکیدا بە تێووریەکی گەندەڵکارانەو کەوتنە دانی هەزاران بەڵێنی قەبەو نەبردنە سەری بەڵێنەکانیان بەرابەر بە جەماوەر!ئەگەر زۆر جار خەڵکی کەم ئەزموونیش وای دەزانی ئەمساڵ نە ساڵێکی تر، بەو بەڵێنانە چاویان لە سەخاوەتوو بەڵینەکانی یەکێتی بوو! ئەوەش بە ماوەیەکی کورت جەماوەری لە خەوی نەهامەتییەکانو بڕوا بوون بە درۆو بەڵێنی بێ کردەوە هەڵسان!
دەتوانین بە گشتی کردارە نەگونجاوەکانی ئەوئۆرگانە بە خاڵی هەرە بەهێزی لاوازکردنی خودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بزانین وەک ئەوەی ئاماژەم بۆ کردووە لە نێوەڕۆکی نووسینەکەمدا!
ئەی چار چییە بۆ چارەسەری جەستەیەکی سیاسی خاوەن پێداویستی تایبەت؟!
یەکەم/ بەرپرسە نابەرپرسەکانی لە بری شاربەدەر سزای یاساییو مادیان بدات لە بەرابەر چاوی جەماوەر بەگشتیو خەڵکی دڵ تۆراوی یەکێتی بە تایبەت!
دووەم/وەک مەرجەعیەتی جێگەی بڕوا بوون لە لای جەماوەر،یەکێتی دەبێت سوژدە بۆ جەماوەر بباتو داوای لێبووردن لە جەماوەرەکەی بکاتو،پێیان بڵێت ئەوە سەری منو ئەوەش تیغی دەستی ئێوە بە هەر شێوەیەک تامەزرۆی دادگایی کردنی ئۆرگانە دارووخاوەکەتانن خۆتان سەرپشکن،بۆ ئەوەی مێژوویەکی پاکو سەرەتایەکی بتەو ببێتە شەتڵی ناشتن لە کێڵگەی بە هەرەوەزی ئاودراودا، نەک تەنها بنەماڵەو چەند کەسێکی هەلپەرست لە چنینەوەی بەرووبوومە کانیدا سوودمەند ببن!
سێهەم/ئیتر بەس بێت بڕوا کردن بە سەرۆکی ئۆرگانەکەیان،مامەڵەی بە ترسوو سۆزداری لە گەڵدا نەکەن بە پێوەرو، وەک ناساندنی بە خواوەندی هەموو چارەسەرییەکانو،لە بیری ئیستای ئەوەوە دەست بە کۆڵەکەی دەسڵاتو پێگەئابووریەکانەوەبگرنو،ئەو هەمووقارەمانەی کە بۆ ئازادی کوردستان خوێنی خۆیان بەخشی تەنها بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی ناوی پیرۆزیان لەکەدار بکرێتو،کەسانی ماندوو نەناس ببنە پەیژەی سەرخەری کەسانی حازری خۆربۆ بوارە جیاوزەکانی فەرمانڕەوایی!
چوارەم/هەر سەرکۆنەو گۆڕانکارییەک کە لە میدیاکانەوە باسی لێوە دەکەن،با بە پراکتیک بێت بە تایبەت لە بەرابەر چەند چاوو گوێیەکی نەبیستراوو نەبینراودا لە بەرابەر ئەو هەموو دزیو تاڵانییەی کە بە ئاشکراو بە بێ هیچ دانانی ڕێزێک بۆ یاسا لە نێو بوارە جیاوازەکاندا دەکرێت،با ئاڵو گۆڕەکان ئاڵو گۆڕی بروا پێکراو بێت، ئەگەر یەکێتی لەڕو لاواز لە هەوڵی بووژانەوەیدا بییەوێت هەنگاوی باش بهاوێژیت،چونکە دەموو چاوە بێزراوەکان جگە لە نەهامەتیو بەخشینی ڤیرۆسی لاوازبوونو ناوزڕاندن بەو لاوە بۆ یەکێتی خانەخوێییان سودێکی ئەوتۆیان نابێت،بەڵکو بۆ هەتایی یەکێتی نیشتیمانی لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا جێگیر دەکەنو دواجارلە هەوانەی بەتاڵەوە دەستە کانیان وەدەردێنن!
پێنجەم/هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامە بە ناوستراتیژییەکەی لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان،چوونکە تەنها گرەوێکی سیاسی گاڵتە ئامێزەی نیوان دوو سەرەو، لایەنگرانو هەوادارنی هەردوو لا جگە لە سەرقاڵ بوون سوودێکی ئەوتۆی لێ نابینن!

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە