کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(بزوتنەوەى ئیسلامى)لە شەرعەوە بۆ شەرتى ناشەرعى

Tuesday, 24/01/2012, 12:00





 
حزبى كوردى بەردەوام لەسەردەمە جیاوازەكان لەدۆخێكى جۆرێك لەكەرت و لەتبووندا بووە، بەهۆى كێشەو گرفتەكانى ناوخۆیەوە زیاتر ئەم حاڵەتانە ڕوویانداوە، ئەو كێشانەش بەدەر نەبوون لە دەست خستنى پۆست و پلەو بەرژەوەندیە تایبەتیەكاندا، لەپاى ئەوەى لەهەمبەر گرفتى میللەتێك یان ڕێكخراوگەلێك یان ئایدۆلۆژیایەك بێت، زۆرن ئەو حزبانەى ساڵانێك هاوشان بوون لەگەڵ حزبەكانى ئێستاى یەكێتى و پارتى، بەڵام ئەوەى لەم قۆناغەدا بەدى دەكرێت ڕۆڵى هەندێك لەو حزبانەیە كە دەبینى لەڕووى سیاسى و پێگەى جەماوەرییەوە، بەشێوازێكى لاواز لەساحەى سیاسى و لەسەر ئەداى كاركردنیان گەیشتونەتە جۆرێك لەنزیك بوونەوەو كۆتاى یەكجارەكى، بەڵام هەندێك جار یەكێتى وپارتى لەكاتى هەڵبژاردن و ئەوكاتەى بزانن فشارێكى دەرەكى یان ناوخۆیان لەسەر بێت، دێن ئەم بەناو حزبانە دەخەنە بازارەوە بۆ پڕكردنەوەى واژوویەكى زیاتر یان بەهێزكردنى پێگەى خۆیان، كە چەند جارێك بەڵێنى هەندێك وەزارەتى سیادیشیان پێدەدرێت، بەڵام دواتر بەوەكیل وەزیرێكیان پاڵیان پێوەدەنرێت یان وەزارەتێك كە خاڵى بێت لەئیرادەو تواناى ئەوەى هەبێت ئاڵوگۆڕێك بكات لەپێكهاتەى هەرێمەكەدا، وەلێ جیاواز لەمانەش ئەوەى لەو چوارچێوەیەدا وەری دەگرن دەبێت بەپێى ئاوازو خولیاى یەكێتى وپارتى گۆرانیەكان بچڕن، یاخود بۆ هەموو بڕیارێك دەبێت مەرجەعیەت بۆلاى ئەوان بگەڕێنەوە دیسان.

هەندێك جار ئەم حزبە بچوكانە بەدوكانى سیاسى ناو دەهێنرێن كە خاوەن ئەو هەڵوێستانە بوون كە بینیومانە لەكاتە جیاوازەكان لەكوردستاندا، بۆ نمونە تائێستا نەیانتوانیوە بەتەنها خاوەن بەرنامەو خاوەن پرۆگرامى خۆیان بن بەتایبەت لەكاتى هەڵبژاردن و ئەو دۆخانەى هاتونەتە پێش، ئەوەى هەبوو بەناوى ئایدۆلۆییەكەوە بوو هاتونەتە ناوخەڵكەوە دواجار گەڕاونەتەوە نێوباوەشى حزبى فەرمانڕەوا، بۆنمونە دەبینیت حزبى زەحمەتكێشان و سۆسیالیست خاوەن چ بڕیارو وتارێك بوون لەكاتى هەڵبژاردنەكانى 25/7 لەگەڵ هەردوو حزبە ئیسلامیەكەدا(یەكگرتوو،كۆمەڵ)بوون، دواتر پاشەكشەیان كرد كە لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى بوو، لەلایەكى ترەوە وەك خۆیان دەڵێت حەوت حزب بوون هەر لەشیوعى و باڵە جیابووەكەى زەحمەتكێشان و هەندێكى تر بوو توانیان تەنها یەك كورسى پەرلەمانى كوردستان بهێنن، حزبێكى تریش بەناوى ئیسلام و بەرنامەى قورئانەوە بەتەنها بەشدارى كرد توانى دوو كورسى بهێنێت كە ئەویش بزوتنەوەى ئیسلامى بوو، كە دواتر گەڕایەوە نێو لیستى حزبى باپیرە گەورە كە یەكێتى وپارتیە، لەبەر ئەوە هەرچیەك ئاماژە بكرێت بۆ ئەم خەڵكانەى حزبیان كردۆتە ئامانجى بەخێوكردنى خۆیان و هەندێك كادریان، لەپاى ئەوەى ئامانجیان داخوازیەكانى میللەتى كورد و دۆزینەوەى چارەسەرى ڕیشەى بۆ كێشە هەنوكەیەكانى هەرێمى كوردستان بێت، بۆیە كاتێك ئەمانە بەدوكانى سیاسى ناو دەهێنرێت جۆرێك لەناڕەزاى دەردەبڕن كە پێم وایە دەستەواژەیەكى تەواوە بۆ یان هەروەك كانت دەڵێت (دەوڵەمەندترین و تایبەتمەندترین جیاكەرەوەكانى مرۆڤ عەقڵە)، بەڵام بەداخەوە ئەم حزبانە دەوڵەمەنترین و تایبەتمەندترین شتێك لەلایان لایەنى مادییە پێش ئەو عەقڵەى كانت باسى دەكات.

لەم ساڵى نوێیەدا ئێستا كابینەى(7)ى حكومەتى هەرێم بۆتە باسى گەرمى دۆخى هەرێمى كوردستان لەكاتێكدا خەڵكى كێشەى لەگەڵ گۆڕینى كابینەو كەسەكاندا نیە، بەقەد ئەوەى گرفتى هەیە بەوەى ئیرادەیەكى ڕاستەقینە نیە بۆ بەگژدا چوونەوەى ئەو بێسەروبەریەى لەم وڵاتەدا هەیە، بەسامان و مافى خەڵكانێك دەكرێت كەرۆژانێك قوربانى مادى و مەعنەویانداوە لەپێناو ئەم دۆخەى ئێستا هەیە، بەڵام نەك بەو شێوەیە بێت و چاوەڕێى ئەوەیان نەكردوە بێبەش بكرێن لەمافە سەرەتاییەكانیان وەك دەڵێن(ئەوەى خۆم بۆخۆم، ئەوەى تۆش دەخۆم)، بۆیە بینیمان دواى چەندین خولى پەرلەمان و ئاڵوگۆڕكردنى حكومەت و كابینە جیاوازەكان هەمیشە ئەم حزبانە پەراوێزخراون، بەڵام نەیاتوانیوە سود لەو هەڵە لۆژیكیە وەربگرن و عاقڵ ببن پێش ئەوەى جەماوەر ئاگاداریان بكاتەوەو ڕەخنەیان بكات لەبەشدارى كردن لەگەڵ ئەو دوو حزبە فەرمانڕەوایەدا، بۆیە نیچە ئاماژە بەشتێكى جوان دەكات كە دەڵێت (بەتەمام ئاقڵ بم چونكە خۆم ئەوەم دەوێت نەك كەسێك داواى ئەوەم لێبكات).
لەخولەكانى پێشودا هەریەك لەیەكگرتوو كۆمەڵى ئیسلامى بەجیا بەشداربوون لەحكومەت و وەزارەتەكانى پێشوى هەرێمى كوردستاندا، بەڵام هەنوكە لەدەرەوەى ئەو دەسەڵاتە كۆتا بڕیارى خۆیانداوە، لەگەڵ ئەوەى گۆڕانیش بەشێكى گەورەى یەكێتى بوو هاتنە دەرەوەى ئەو ئەو گلەى و گازندانەى خەڵكى هەیان بوو لەئەداى حزبەكەیان، بەڵام ئەمانیش بێ كەم و كورتى و دور نین لەڕەخنەى جەماوەرى، وەلێ لەنێو پەرلەمان و چاودێرى كردنى كارەكانى حكومەت ...هتد، دەتوانین بڵێن فشارێكیان دروستكردوە كە بەهۆیەوە حكومەتە حزبیەكەش هاتوەتە ژێر بارى ئەو داخوازیانە، بەڵام هەر داواكارى و پێداویستى خەڵكى لەوە زیاترەو هەوڵى بەردەوامى دەوێت بۆ داهاتوو، یەكێك لەو حزبە بچوكانەى كە لەڕووى پێگەى جەماوەرییەوە ئێستا لەدۆخێكى ئێجگار لاوازدا كاردەكات، ئەویش بزوتنەوەى ئیسلامیە كە ساڵانى پێشو هێزێكى گەورەبووە لەمەیدانە سیاسیەكەدا، حاڵەتى شەڕكردن و بەرەنگاربونەوەى هەبووە لەگەڵ حزبى خاوەن دەسەڵات، لەو ڕوانگەیەوە وەك ماوەیەك لەمەوبەر هەڕەشەى سكاڵاتۆماركردن و هەڵوێست وەرگرتنى دەكرد لەهەمبەر ماف و داواكاریەكانى وەك ڕادەستكردنەوەى ئەندامانى بێسەروشێوانكراویان و زیاد كردنى بودجەكەیان، بەڵام ئێستا دەبینى وتەبێژى ئەم حزبە بەوهەموو نیگەرانیەوە ئاماژەى بەوەكردوە بزوتنەوەى ئیسلامى مەبدەئیەن بڕیارى بەشدارى كردنى لەحكومەتى داهاتووداوە، بیرمان نەچێت ئەم حزبە كە لەگەڵ ئەوانیتر هێندەى ڕۆڵى دوكانێكى سیاسى دەگێڕن، نیو هێندە نەیانتوانیوە ئەداى كاركردنى حزبى خۆیان بكەن لەسەر ئاستى جەماوەرى و بەهێزبونى پێگەیان، دەبینى ڕۆژ بەڕۆژ لەپاشەكشەدان مەجبور پەنا بۆ حزبى دەسەڵات دەبەن بۆ مانەوەى خۆیان وئیمتیازى تایبەتیان، لەكاتێكدا ئەم هێزە هێشتا بەو پێگە تەسكەیەوە چەندین كێشەى لەناوخۆدا هەبوو، هەندێك جاریش خەریكى لەتكردن و كۆتلەكارین، لەهەموشى كۆمیدى تر ئەوەى ساڵانێك بوو، باوەڕیان بەپارەو سامانى ئەم وڵاتە نەبوو وەریبگرن بەناوى حەرام و ناشەرعیەوە، كەچى ئێستا دەبینى چۆن شەڕى ئەو پارەیە دەكەن و مانگانەكەیان ئەو كاتەى هەشتا ملیۆن بوو بەكەمیان دەزانى تا بۆیان زیاد كرا، پێم وایە ئێستا ئەو دین و قورئان و حەدیسانەى هەبووەو كارى پێكراوە نەگۆڕاوە، بەڵام ئەم هێزە هەنوكە چۆن دەى جائیزێنیێ و دەیشەرعیەنێت و بەچ مەنتقێك هەر ئەو پارەیە حەڵاڵ دەكات؟، بۆیە ئەوەى ماوەتەوە ئێستا خەڵكى لەیارییەكەو ڕاوبۆچون و هەڵوێستەكانتان تێدەگەن، دەزانێت بەچ ڕەنگ و بۆنێكەوە كار دەكەن و خەڵكى باوەڕ بەوە دەكات كە خۆى باوەڕى پێیەتى، هەر وەك (ویلیەم ڕایش) دەڵێت:كەس بانگێشت ناكەم گوێ بۆ ڕاوبۆچونەكانم ڕادێرێت، ئەگەر بۆچونەكانم ڕاست بن خۆیان دەگەیەننە خەڵكى.

پێویستە ئەوە بڵێن لەم قۆناغەدا ئەم هێزە هەرچى شەرتێكى هەبێت بۆ بەشدارى كردن لەحكومەتدا بەدڵنییایەوە هەروەك ماوەكانى پێشو تەنها بەڕێدەكرێت لەلایەن یەكێتى وپارتیەوە، ئەوان ئەوەیەن دەوێت مەبەستم دوو حزبە فەرمانڕەواكەیە لەو حزبانە كەخۆیان دەیانەوێت، نەك ئەوەى ئەوان دەیانەوێت، بۆیە بزوتنەوە ساڵانێك تەنها لایەنى مادیەكەى بەڕەوا نەبینیوە وەریبگرێت بۆ ئەو حزبە ئێستا شەرت و مەرجى چیە لەپاشەگەزبونەوەى لەو بیروڕا ئایینە جیهادیە شەرعیەوە، كە پێم وایە هەموو شەرتەكانى دەچێتەوە قاڵبى ناشەرعیەوە، هیچ ئومێدێكیش نابینم بۆ ڕۆڵ و كاریگەرى ئەم حزبە بچوكانە بەتایبەت ئەم هێزە ئیسلامیە هەروەك (فرانسیس بیكن) جوان ئاماژە بەوە دەكات كە(ئومێد بەرچاییەكى باشە، بەڵام چێشتێكى خراپە).
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە