سەرەوە دۆڕان و خوارەوە سزا درا
Tuesday, 22/09/2009, 12:00
دۆڕاندن یان شكست خواردن كارێكى ئاساییە وزۆربەى حیزبەكانى ئەم دنیایە توشى بوە , بەڵام ئەگەر لایەنى دۆڕاوتوانیبێتى سود لە هەڵەكانى وەربگرێ ئەوا جارێكى تر هەستاوەتەوە , ئەگەریش نا ئەوا ئاوى ئامان و تونى بابا چوە , سود وەرگرتن لە هەڵە یەكێكە لەو كارانەى مرۆڤ بەرەو پێش ئەبات , بەڵام لاى حیزبى كوردى سود وەرگرتن لە هەڵە یەكێكە لەو كارانەى بڤەیە و ئەبێت لە ئاست هەڵًەو ڕەخنەكاندا چاو بنوقێنى , لە مێژووى كوردا هیچ كام لە سەركردەكانى كورد نەیان توانیوە سود لە هەڵەكانى خۆیان و شۆڕش و سەركردەكانى پێش خۆیان وەربگرن و تەنانەت دەرس و پەندیان لە چوار دەورو جیهانیش وەرنەگرتوە ,ڕاستە یەكێتى زۆرجار توشى شكست بوە بەلام هیچ جارێك سودى لەو هەڵانەى خۆى وەرنەگرتوە كە ئەو شكستانەى پێشوو زیاتر شكستى سەربازى بوون , ئەویش بە هۆى سیاسەتى ئەو بەناو سەركردانەى كە هەبوون بەڵام شكستى ئەمجارە جیاوازى زۆربوو لەگەڵ شكستەكانى تر , كەسێك بە درێژى مێژووى ئەم حیزبە مابێتەوەلە پلەى لێپرسراوێتیدا بوبێت ئەوا بێ گومان ئەبوایە زیاتر سودى وەربگرتایە و شارەزا تر بوایە بەڵام ئەو كەسانەى خۆیان بە سەركردەى یەكێتى دەزانن ئەوەندە ماونەتەوە بۆگەنیان كردوە و بەسەر هەڵەكاندا بازیان داوە و سودیان لەوە بینیوە كە جەماوەرى یەكێتیش بێ دەنگ بوون چونكە سەركردایەتى یەكێتى خۆیان لە پەیڕەو و بەرنامەى یەكێتى و تەنانەت جەماوەرەكەى پێ گەورەتر بوە و واش بیریان كردۆتەوە هیچ دەسەڵاتێك نیە كە ئەوان سزا بدات ولێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات لە سەر هیچ شتێك , تا ئەو هەموو هەڵە كەڵەكە بوە و بێ چارەسەر ماونەتەوە , ئیتر یەكێتى واى لێ هات بەرگەى ئەو هەموو هەڵە كۆمەڵە كراوەى نەگرت بۆیە تەقینەوەیەكى ترسناك لەناو هەناوى یەكێتیدا ڕووى دا , بەڵام جارێكى تریش ئەم سەركردانەى یەكێتیان گەیاندە لێوارى مەرگ لەسەر سەرە ڕۆیى خۆیان بەردەوام بوون و نەیان توانى بەدەنگ ئەو كەسانەوە بچن كە مەبەستیان چارەسەركردنى كێشەكان بوو بۆیە بوركانى قین خواردووى ناو هەناوى ئەوانەى داواى چاكسازى و رٍیفۆرمیان ئەكرد تەقیەوە و ئەوان لەوە زیاتر نەیان توانى چاو بنوقێنن لە ئاست هەموودزى و گەندەڵى و خراپ بەكار هێنانى دەسەڵاتەدا بۆیە باشترین شت ئەوەبوو ڕیزەكانى یەكێتى جێ بهێڵن و لە دەرەوەى ئەو حیزبە ڕیفۆرم بكەن ,هەڵە و كەموكوڕییەكانى ناو یەكێتى بە هۆى ئەم سەركردایەتیەوە كە ئێستا هەیەتى ئەوەندە كەڵەكە بوون یەكێتیان توشى بە لاڕێدا بردن كردو وایان لێ كرد دیوارێكى گەورە دروست بكەن لە بەینى خۆیان و جەماوەرەكەیاندا و تەنانەت ئۆرگانەكانى خۆشیاندا , بە هۆى سەرقاڵى سەركردەكانەوە بە بازرگانیەوە وایان لێ هاتبوو لاى ئەوان شتێك نەمابوو ناوى یەكێتى بێت, تەنها دەسەڵات و یەكێتیان بۆ ئەوە بەكار دەهێنا زیاتر ببنە خاوەنى پرۆژە و سەرمایەى زیاتر , سەركردایەتى یەكێتى لە خەوى غەفڵەتدابون و بێ ئاگا بون لەوەى لە چوار دەوریان ڕوو دەدات , ئامادەش نەبون گوێ لە هیچ كەسێك بگرن تا بزوتنەوەى گۆڕان هات و توشى ڕاچڵەكانى كردن , كارەبایى ڕق و توڕەیى جەماوەرى لێ دان , واش ئەم سەركردایەتیە بە هۆش خۆیان نەهاتنەوە , بە دوو كۆبونەوە كۆتاییان پێ هێناو ئۆباڵى هەموو شكستەكەى خۆشیان خستە سەر خوارەوە ,كە خوارەوەش هیچ دەستێكیان نەبوە لەم دۆڕاندنەدا , بەڵام لەبەر ئەوەى سەركردایەتى لەسەروو یەكێتى و یاساوەن و كەسیش نیە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات بۆیە بەو دوو كۆبونەوەى یەكێتى سەرجەم ئەو شكستەیان لە خۆیان لاداو هەمویان خستە ملى خوارەوە , بە خوارەوەیان ووت ئەوە ئێوەن سپڵە بون و نەتان توانیوە دەنگ بۆ لیستەكەمان كۆبكەنەوە , ئێستا سەرەوە بۆى دەرچون و خوارەوەش بەردەوام سزا ئەدرێن و هەڕۆژەى كۆمەڵێك و ڕێكخراوێك و دەیان كادر سزا ئەدرێن و ئەوانیش بێ لێپرسینەوە بۆى دەرچون و وا جارێكى تریش یەكێتى بە هەڵەكانى پێشویدا ئەڕواتەوە و فایلى شكستەكەیان وەكو فایلى فایلدارەكان خرانە سندوقى لە بیر چونەوەو جارێكى تر ناچنەوە سەرى , ئەشیانەوێت بە نان بڕین و دەركردن شكستەكە بیر خەڵك بەرنەوە ئەوەتا سەرەوەى تاوانبار بۆى دەرچون و خوارەوەى بێ تاوان تاوانبار دەرچوون ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست