كەمال میراودەلی پاڵێوراوی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەرێی ئەم دیمانەیەوە تیشك دەخاتە سەر پرسی هەڵبژارد
Thursday, 09/07/2009, 12:00
د.كەمال میراودەلی پاڵێوراوی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەرێی ئەم دیمانەیەوە تیشك دەخاتە سەر پرسی هەڵبژاردن وگرنگیی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وئەو فاكتۆرانەی هانیانداوە بۆ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە بۆ ئەو پۆستە خۆی كاندید بكات، پاشان پڕۆژەی خۆی بۆ داهاتووی كوردستان وئەركەكانی سەرۆكی هەرێم دەخاتە روو، لەبەشێكی تری دیمانەكەدا باس لەگیروگرفتەكانی بەردەمی ونەبوونی دەرفەتی یەكسان دەكات بۆ هەموو پاڵێوراوان، هەروەك روونیدەكاتەوە گوشار هەم لەسەر خۆیەتی وهەم لەسەر ئەو هەڵسوڕاوانەی كاری بۆ دەكەن، لەبەشی كۆتاییدا تاراددەیەك گەشبینی خۆی نیشان دەدا بەوەی سەرەتای گۆڕان لەكوردستان دەستیپێكردووە.
ستیڤان:بێگومان سەرۆكایەتی هەرێم یەكێكە لەپۆستە هەرە هەستیارو باڵاكان، تۆش یەكێك لەو كەسانەی خۆتان بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە، دەمەوێ بپرسم كام فاكتۆر تۆی هانداوە خۆت بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەیت؟.
د.كەمال:لەگەڵ بەڕێزتان هاوڕام ئەمە یەكێكە لەهەستیارو گرنگترین پۆستەكان، بەحكومی یاساكە، كەسەرۆكی هەرێم رەمزی یەكێتی نەتەوەییە، یان دەتوانین بڵێین رەمزی كەرامەتی نەتەوەییە، پەیوەندیی تۆ لەگەڵ جیهانی دەرەوەو هەڵوێست وكەسێتی ورۆشنبیریی وئیلتزامت بەبەرژەوەندیی نەتەوەكەت لەم پۆستەدا رەنگ دەداتەوە.
زۆر سەرنجی هەڵوێست وكەسێتی سەركردایەتی كوردم داوە، بەقەناعەتی خۆم یەكێك لەكەمێتییەكانی بزووتنەوەی كورد نەبوونی سەركردەیە، بەو مانایەی لەهەموو جیهاندا هەیەو كۆمەڵێك زانستیی سیاسیی وكۆمەڵایەتی وسایكۆلۆژیی هەیە بۆ سەركردەو رۆڵی سەركردە. لەلایەكی تریشەوە ئەمڕۆ مەسەلەی سەركردە ئەو چوارچێوە تەسكە ناوچەییە نییە ئێمە جاران هەمانبوو، سەركردەی كورد ناتوانێت لەبیابانێكدا بێ وتەنیا سەرۆكی خێڵەكەی یان كۆمەڵەكەی بێت، ئەمڕۆ جیهان بچووك بۆتەوە، ئەمڕۆ چەرخی تەكنۆلۆژیایە، تۆ لەمۆبایلێكدا جیهان دەبینی وجیهان تێكەڵ دەبێ لێرەدا، كەواتە ئەم تێكەڵكارییە، بۆ مەسەلەی نەتەوەكەت ئێجگار گرنگە، لەم گرنگییەشەوە سەركردەیە دەبێتە رەمزێك لەجیهاندا، یانی بەشێوەیەك هەڵسوكەوت بكەم، ئەم هەڵسوكەوتە ناشاردرێتەوە، لەبەرئەوەی تۆ ئەمڕۆ بەشێكی لەجیهانێكی زانیاریی ئازاد، ئەم زانیارییە ئازادە بۆ مەسائیلی سیاسیی بەكاردەهێنرێت، ئەمەش كاردەكاتە سەر وێنای كورد لەجیهاندا. من هەموو ئەمانەم لێكداوەتەوە، هەستدەكەم بەحوكمی ئەوەی ماوەیەكی زۆرە لەدەرەوە دەژیم وبەحوكمی ئەوەی لەمنداڵییەكی زووەوە لەگەڵ كێشەی نەتەوەكەم تێكەڵم، بەحوكمی ئەوەی بۆ خولەكێكیش لەمەسەلەی نەتەوەكەم دانەبڕوام، یان نامەیەكم ناردووە بۆ سەرۆك وەزیرێك یان پەرلەمانێك یان كتێبم نوسیوە، یان شیعرێكم نوسیوە، ماوەی سێ چوار ساڵێكیشە بەردەوام ئاگادارم لەمەسەلەی كورددا، چونكە رۆژانە تەرجومەی ئەو بابەتانە دەكەم وەك ئەوانەی بەڕێزتان لەرۆژنامەكاندا دەینووسن، بۆ بی بی سی وئەو شوێنانەی گرنگی بەو مەسەلەیە دەدەن، قەناعەتم هەیە لەرووی سەركردایەتییەوە دەتوانم نموونەیەكی نوێی سەركردایەتی بم لەرووی باوەڕ بەخۆبوون و كەسێتی و رۆشنبیرییەوە، هەستدەكەم هیچ رۆشنبیرییەكم كەمتر نییە لەسەرۆكی ئێستای هەرێم ورەنگە ئەزموونی سیاسەتی جیهانیم زیاتریش بێ، ئەمە لەلایەك ولەلایەكی تریشەوە ئێمە لەسیستمێكی دیموكراتی زۆر بەهێزداین كەبەراستیی سەقامگیرترین جۆری دیموكراسییە ئەویش دیموكراسی بەریتانییە كەسیستمە پەرلەمانییەكەیان سیستمێكی زۆر بەهێزەو كۆمەڵگەی مەدەنی كەمن ماوەیەكی زۆرە كاری تێدا دەكەم، زۆر بەهێزە، بۆ نموونە زیاتر لە600 هەزار رێكخراوی نادەوڵەتی هەیە، ئەمانە حكومەت لێیان دەترسێت نەك ئەمان لەحكومەت بترسن، من هەستدەكەم ئەم ئەزموونەشم هەیە، یانی ئەزموونێكی دیموكراتی ئەوروپی. لەلایەكی ترەوە بەشێوەیەكی رەها كەمترین خۆشەویستیم بۆ دەسەڵات نییە، كەمترین تەمایلی دەسەڵاتم نییە، من لەشیعرو ئیستاتیكاو فەلسەفەوە هاتوومەتە ناو ئەم مەسەلەوە. لای من جوانیی وگەورەیی هەموو شتێك مرۆڤ خۆیەتی، من سەیردەكەم هەموو مرۆڤی وڵاتەكەم هەموو رۆژێك دەهاڕدرێت، دەچەوسێتەوەو دەربەدەر دەكرێت ودەكوژرێ وئەنفال دەكرێ، من هەستمكرد قودسیەتی مرۆڤی كورد نەماوە، من دەمەوێت قودسیەت بۆ مرۆڤی كورد بگێڕمەوە، چوونكە مرۆڤی كورد ئیرادەیان نەماوە، چوونكە ئیرادەی كورد یەكەمجار كوشتیان بەشەڕی براكوژیی، دووەمجار كپیان كرد بەهۆی دەسەڵاتێكی ستەمگرو نادیموكراتەوە، ئێستاش ئەمڕۆ ئیرادەیەك دەیەوێ خۆی دەرببڕێ لەهەڵبژاردندا دەیكڕن، ئنجا ئەم كڕین وكپكردن وكوشتنەی ئیرادەی كورد هەمووی یەك ئەنجام دەگرێتە خۆی كە شەخسییەتی مرۆڤ دادەڕمێنێ. كەواتە میللەتێك زۆربەی تاكەكانی، رۆشنبیرەكانی خاوەنی كەسێتی نەبوون، بۆشاییەكی زۆر گەورە هەیە، لەم بۆشاییەدا هەموو هێزێكی دەرەوە دێتە ناوەوە. ئەوەتا بەلێشاو خواردنی ژەهراویی بەگەرووی خەڵكدا دەكرێ، كەسێك نییە بڵێ من دەیخۆم، بەڵام پێنج شەش ساڵی تر دەبێتە دەردی كوشندە بۆ من. قرچەی سووتانی ئافرەتی كورد گەیشتۆتە ئەوروپاو خەڵك لەوێ لێی بێزاربووە، كەچی ئەم رووناكبیرە راناچڵەكێت وبڵێت من ئەم سیستمەم قبوڵ نییە. من لەشوێنێكدا نوسیوومە كەرۆشنبیر رۆڵی نەبوو، ئەوە میللەت بێ روح و ویژدان وپاشەڕۆژە، لەبەرئەوە من فشارێكی زۆرم لەسەر بوو كە وەك رووناكبیر بەس نەنووسین وهاوار نەكەین.
ئەم دەرفەتەش كە كاك مەسعود دروستیكرد كەهەڵبژاردنێكی ئازادو لەلایەن خەڵكەوە هەبێ، من ئەم پەیامەی خۆم دەگەیەنم، ئەم گووتارەی من جیاوازە لەو گووتارەی ئەمڕۆ لەمەیدانی سیاسیی كوردییدا هەیەو ئەو سەرپشككردنە دەدەمە میللەتەكەم، ئەوكاتە شەقامی كورد با بڕیاری خۆی بدات ئەو دەرفەتە دەدا بەمن یان نا.
ستیڤان:دەسەڵات وخودی مەسعود بارزانی شانسیان دا بەخەڵكانی وەك ئێوە ململانێیان لەگەڵ بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵام پێتوایە مەودایەكی ئازاد هەیە تا هەموو پاڵێوراوەكان بەیەكسانیی بانگەشە بۆ خۆیان بكەن؟ پێتوانییە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار قبوڵی دۆڕان ناكەن وئامادەنین پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ خەڵكانی تر وازلێبهێنن؟.
د.كەمال:ئینگلیز شتێكی هەیە دەڵێت مەیدانی یەكسان واتە مەیدانی یەكسان تۆ بچیت پێشبڕكێی تێدا بكەیت، بەڵام ئێستا مەیدانەكە یەكسان نییە، بەڵكو من مەیدانێكی یەكجار بەرتەسك وهەژارانەم هەیە، لەكاتێكدا مەیدانێكی بەرزو فراوان بۆ لایەنەكەی تر دیاریكراوە، بۆیە ئەم ئازادییە دەمێنێتەوە شتێكی زۆر شكڵیی وبێ ناوەڕۆك وگاڵتەكردن بەچەمكی ئازادیی خۆی. تەنانەت من دوو هەزار چاودێر لەكوێ دابنێم، خۆ نەبێ ئەوانە خواردنیان دەوێ، یەكێك لێرە وتی بەس خواردنەكەیان دووسەد هەزار دۆلاری تێدەچێ، كەوابوو بەهیچ شێوەیەك چاودێر لەحیسابی مندا نەما كە بیری لێبكەمەوە، مەگەر ئەوە نەبێ هاوارێك بڵاوبكەمەوە خەڵك بەخۆبەخش بچێت ئەو كارەم بۆ بكات. بێجگە لەوە راگەیاندن شتێكی سەرەكییەو ئۆكسجینی كامپینی هەڵبژاردنە، ئەمە بەتایبەتی راگەیاندنی بینراو، من كە ئەوەم نەبێ، كامپینەكەم لەئۆكسجینی ژیان بێبەشكراوە، من ئێستا لەهەموو لایەكەوە بۆ ئەو ئۆكسجینە دەگەڕێم، روو دەكەمە "كەی ئێن ئێن" دەرگایان داخستووە، روو دەكەمە حزبەكانی تر بەشێوەیەكە یان دەترسن یان مساوەمەیان كردووە، بەڵام چی تێدایە من رۆشنبیرێكی كوردم، هاتوومەتەوە بەپەیامێكی دیموكراتیی وئاشتییەوە، كوردسات یان خاك یان گەلی كوردستان یان زاگرۆس بێن بەشداریی بكەن لەگۆنگرە رۆژنامەنووسییەكانم؟ بابێن پرسیارێكی ئیحراجم لێبكەن، وەك ئەوەی خۆیان دەیانەوێ، من بەخۆشییەوە وەڵامم دەدانەوەو بەهیچ شێوەیەك قەڵس نەدەبووم. لەگەڵ ئەوەشدا مەودایەكی یەكجار تەسك بۆ ئازادیی مرۆڤێكی وەك من ماوەتەوە، ئەوەتا كۆمەڵێك گەنج كە لەدەوری منن، هەمان فشاریان لەسەرەو ئەگەر یەكێكیان مووچەخۆر بوایە نەیدەتوانی ئێستا لێرە لای من دابنیشێ، هەموو ئەوانەی مووچەیەكیان هەیە بەشێوەی راستەوخۆو ناراستەوخۆ پێیان وتوون، تۆ ئەگەر پەیوەندیی بەكەمال میراودەلییەوە بكەیت دەردەكرێیت، بەڵام پێم سەیرە بۆچی باكیان نییەو بەزەییان بەخۆیان وئەو دیموكراسییەی كوردستاندا نایەتەوە؟ كە ئەمە پەیامێكی ئێجگار ناشرین دەگەیەنێ، كە كورد دوای هەژدە ساڵ لەو ئیدعا بۆش وبێمانایەی ئێمە دیموكراسیی دەبەین بۆ خوارووی عێراق، كەچی سەیر دەكەین ئێمە لەگەڵ مرۆڤی كوردو هاوڕێی خۆمان وهاوخەبات وخاوەن شەهیدی خۆماندا لەبەرئەوەی رێگەیەكی دیكەی هەڵبژاردووەو دەنگێكی جیاوازە، تۆ بچیت نانی منداڵەكانی ببڕیت!، بەراستیی لەسیستمی بەعسدا شتی وام نەبینیوە. نانبڕین یەكێكە لەداهێنانە دیموكراتییەكانی دەسەڵاتی كوردیی ولەمێژوودا وەك شانازییەك بۆیان تۆمار دەكرێ.
ئەویتر ئایا قبوڵی دۆڕان دەكرێت یان نا؟ بەراستیی ئەمە پرسیارێكی شەخسییەو پەیوەندیی بەبەڕێز كاك مەسعود بارزانییەوە هەیە، بەڕێزیان خۆیان بۆ هەر ئامانجێك بێت ئەو دەرفەتەیان دروستكردووە، بەڵام بووە بەدەرفەتێكی ئازادیی، كە خەڵكێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات، لەبەرئەوە من دڵنیام بۆ كەسێتی خۆی ئەوە ناكات دۆڕان قبوڵ نەكات، بەڵام لەلایەكی تریشەوە ئەم پرۆسەیە لەلایەن بەریتانیاو ئەمەریكاوە وەرگیراوەو چاودێرییەكی زۆر نزیكی دەكەن، ئەوان "بەریتانیا ئەمەریكا" حەزدەكەن دیموكراتی كوردیی لەدیموكراتی عێراقی دوا نەكەوێت، ئێمە نەبینە گوندێكی گەندەڵیی لەچاو عێراقێكدا كەوردە وردە دەبێتە دەوڵەتێكی مودێرن وخاوەن تواناو سوپای بەهێزو پەرلەمان ودیموكراتییەتێكی بەهێز. ئێمە لەساڵی 1992 نموونەیەكی باشمان هەبوو، بەڵام كۆرپەیەكی دووساڵی بوو لەخوێندا غەرقیان كرد، میللەتیان كردە سەوزو زەرد، كردیانە ناوچەگەریی وشەڕەپەڕۆ وشەڕی براكوژیی بەبێ هیچ مەبەست وقازانجێك، دوایش ئەم میللەت دڵساف ودڵپاكە دیسان هەڵیبژاردنەوەو دەرفەتی پێدانەوە، كەچی ئەمان ئەو دەرفەتەیان بەكارنەهێنا پاداشتی نەتەوەكەیانی پێبدەنەوەو لەگوناهەكانی خۆیان پەشیمان ببنەوەو داوای لێبوردن لەمیللەت بكەن، یان یاسایەك دەربكەن بۆ راستگۆیی ودادپەروەریی وەك ئەوەی لەئەفەریكای خواروو دەركرا. لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە دەسەڵات دەیەوێ بەهەموو شێوەیەك خۆی بمێنێتەوە، تەزویركردن وگاڵتەكردن وقبوڵ نەكردنی ئەنجام یەكێكە لەو رێگایانە، بەڵام بەرای من ناتوانن چونكە خۆیان كیانەكەیان خستۆتەوە ناو عێراق، لەیەكەم دۆڕاندندا لەماوەی 24 سەعاتدا بروسكەیان پێدەگات لەهەموو لایەكەوە كەفەرموو بكشێنە دواوە، ئەمە وەك ئەوە وایە كولەكەی رۆح هەبوو لەچیرۆكە كۆنەكاندا، كە كولەكەی رۆحی دێوەزمەیەك دەردەكرا بۆخۆی دەمرد، كولەكەی روحی ئەمانیش بودجەیە، بۆیە دوای ئەوەی بەریتانیاو ئەمەریكاو ئەو دۆستانە دەڵێن بكشێنەوە، ئەگەر نەكشانەوە، ئەوە كولەكەی روحەكەیان كەبودجەیە مالیكی دەیوەستێنێت وكۆتاییان دێ.
ستیڤان:لەلایەن كەناڵی جەزیرەوە داواتان لێكراوە بۆ سازدانی مونازەرەی تەلەفزیۆنیی لەگەڵ مەسعود بارزانی، ئایا جەزیرە پەیوەندیی كردووە بەمەسعود بارزانییەوە؟ ئەگەر پەیوەندییان كردووە وەڵامی ئەو چی بووە؟ ئەی ئەگەر مونازەرەتان كرد ئەو تەوەرانە چی دەبن دەیكەیتە میحوەری دایەلۆگ؟.
د.كەمال:كە لەلەندەن بووم زۆر مەوعیدیان بۆ دانام بۆ چاوپێكەوتن، یەكێك لەوانە جەزیرە بوو، كەبەشێوەیەكی فەرمی وتیان ئێمە لەبەرنامەی خۆماندا دایدەنێین لەماوەی كامپینەكەدا لەبەشی ئینگلیزیی وعەرەبیی دوو مونازەرەت بۆ رێكدەخەین لەگەڵ كاك مەسعود بارزانی، ئایا تۆ ئەمە قبوڵ دەكەیت؟، وتم بەڵی من قبوڵی دەكەم وپێشوازیشی لێدەكەم، ئەوەبوو وتیان پەیوەندیی بەكاك مەسعودەوە دەكەین و وەڵامت دەدەینەوە، وتیان ئایا ئەگەر ئەو كەسێكی تری دانا وەك نوێنەر قبوڵی دەكەیت؟ وتم ئەمە مەحاڵە چوونكە نوێنەرەكەی نابێتە سەرۆك لەبەرئەوە دەمەوێت لەگەڵ بەڕێزیاندا بێ، تائێستا وەڵامی ئەوانم بۆ نەهاتۆتەوە، بەڵام من حەزدەكەم چوار خاڵی سەرەكیی بكەمە تەوەر، یەكەم:كوردستانی دەرەوەی هەرێم چوونكە من ناوینانێم ناوچە كێشە لەسەرەكان، كەچییان بۆ كردووە؟ ئایا راستە كێشەكەمان كێشەیەكی نەتەوەییە؟ ئایا ئەوان گووتارێكی نەتەوایەتیان هەیە.؟ یان بەراستی لەماوەی ئەم چوارساڵەدا لەوەشدا گووتاری گەندەڵی هەبووە؟. دووەم:كێشە كۆمەڵایەتییەكان وگەندەڵیی ودواكەوتنی ئابووری وسیستمی مووچە چۆنە؟. سێیەم: دەربارەی پەیوەندییە جیهانییەكان، كەئەو سەفەرانەی بۆ دەرەوە دەكرێن ودێنەوە دەڵێن ئێمە پەیوەندییمان باشەو خەڵك پشتگیرییمان دەكەن ئایا ئەمە بنەمای هەیە؟ چۆن وا بكەین خەڵك تێبگات دنیامان لەگەڵە؟ لەگەڵ ئەمەریكا چیمان كردووە؟ لەگەڵ بەریتانیا چیمان كردووە؟ هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵیاندا هەیە یان نا؟ شوێنی ئەم كیانە كوردییەی ئێستا هەمانە لەهاوكێشەی سیاسیی جیهانیدا چۆنە؟. چوارەم: چ پرۆگرامێكمان هەیە بۆ داهاتوو؟ بۆئەوەی پڕۆژەی كوردستان ببێتە پڕۆژەیەكی وەرگیراو ورێزگیراو لەلایەن جیهانەوە، چ پڕۆژەیەكمان هەیە بۆ گەنجان؟ بۆ ژنان، بۆ نەوەكانی داهاتوو، بۆ بواری پەروەردە، بۆ بواری ئابووری وكشتوكاڵ وبوارەكانی دیكەش.
من لەو چوار تەوەرەدا حەزدەكەم مونازەرە بكەین وهەریەكەشیان بەلایكەمەوە سەعاتێك بێت، وتووێژێكی رووبەڕوو بكەین ومیللەتیش خۆی سەرنج بدات وحكوم بدات، چوونكە لەسیستمی سەرۆكایەتیدا مونازەرە شتێكی زۆر جەوهەرییە، ئەوەتا لەئێران كردیان، لەئەمەریكا دەكرێ، جاری وا هەیە ئەم دوو سێ مونازەرەیەی سێ رۆژی دوایی هەموو بیروڕای خەڵك دەگۆڕێت، لەبەرئەوە مونازەرە ئێجگار گرنگە.
ستیڤان:كۆمەڵێك لیست لەدەرەوەی لیستی كوردستانی بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن و زۆرینەشیان پاڵێوراویان نییە بۆ سەرۆكی هەرێم لەوانە لیستی گۆڕان ولیستی چوار حزبەكە، ئایا هیچ لیستێك لەو لیستانە بەفەرمیی پشتیوانییان بۆ دەرنەبڕیویت تا بنكە جەماوەرییەكەیان دەنگ بەتۆ بدەن وەك سەرۆكی هەرێم؟.
د.كەمال:ئەگەر ئەو ئازایەتییەیان هەبووبایە پشتگیریی راستەوخۆی من بكەن، ئەو ئازایەتییەیان بۆ خۆیان بەكاردەهێنا تا یەكێكیان خۆیان كاندید بكەن، جا لەبەر هەر هۆكارێك بێت من رێزی بڕیارەكەی ئەوان دەگرم و ئەوان خۆیان سیستمی كوردستان دەزانن، چوونكە من هەفتەیەكە لێرەم، ئێستا تێدەگەم تایبەتێتی ئێرە چییە. ئەو تایبەتییەی كەسێك ناتوانێت لەگەڵ من بگەڕێت لەبەرئەوەی نانی دەبڕن، یانی ئەوان دەزانن لەگەڵ چ سیستمێك وچ دەسەڵاتێك زۆرانبازیی دەكەن، لەبەرئەوە بەراستی ناتوانم رەخنەیان لێبگرم، بۆچی خۆیان ئەو شەڕەیان نەكرد یان بۆچی ئەو سیاسەتەیان نییە پشتگیریی لەمن بكەن، بەڵام من حەزدەكەم مرۆڤی كورد وەك تاكی هۆشیار بیربكاتەوەو بەقسەی سەرۆك حزبەكەی نەكات، بڵێین یەكگرتوو یان كۆمەڵ بیست هەزار ئەندامی هەبێ وبەقسەی سەرۆكەكەیان هەر هەموویان دەنگ بدەن بەمن، هەرچەندە ئەوە هێزێكی گەورەیە بۆ من، بەڵام پێم خۆش نییە، چوونكە سەرۆكەكان دەتوانن بەبڕیارێكیش لەمنی هەڵبگێڕننەوە، من حەزدەكەم تاكی كورد دروست ببێ. لەلایەكی ترەوە من نەهاتوومەتەوە مساوەمە لەسەر رێبازو قسەی خۆم بكەم وهەر رۆژەو لەگەڵ هەر كەسێك مساوەمە لەسەر دیپلۆماتی خۆم بكەم، چوونكە ئەوە دادمان نادات، بەپێچەوانەوە من دەمەوێ ئەو ئەڵقە بۆشە بشكێنم، یەكەم بەوەی ئیرادە بۆ مرۆڤی كورد بگێڕمەوە، باوەڕبكە مامۆستای زانكۆ هەیەو هاوڕێی خۆم بووەو پلەی پرۆفیسۆرە، تەلەفۆنم بۆ كردووە لەرزیوە، ئەمە حاڵی زانكۆكانمانە، كەدەبێت زانكۆ پێشڕەوی بیری ئازادو دیالۆگی ئازادو خۆپیشاندان وراپەڕین وشۆڕشكردن بێت، لەهەموو وڵاتاندا زانكۆی ئەمانەی كردووە، هەموو شۆڕشەكانە لەزانكۆكان ورووناكبیرانەوە دەستیپێكردووە چ لەفەرەنساو چ لەشوێنەكانی تر، بەڵام رووناكبیرانی ئێمە بەس پاساو بۆ دەسەڵات دەهێننەوە.
ستیڤان:پێتوایە هەڵبژاردن وەزعی كورد تەكان پێبدات بۆپێشەوە؟ ئایا ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە فاكتەری وەرچەرخانی باری سیاسیی وفەرمانڕەوایی لەكوردستان؟.
د.كەمال:نامەوێ ئەو رۆڵەی دەیبینم زیادی بكەم، بەڵام وەك وتم ئەو پەیامەی بۆ خۆم داناوە ئەوەیە: سەرۆكی هەرێم سیستمی دەسەڵات بگۆڕێ وئەنجوومەنی پیران دابنێ، كەزۆر دەوری زیاترە لەو پەرلەمانەی هەڵیدەبژێرن، بەڵام حەتمەن پەرلەمانیش هەر دەوری خۆی دەبێت. پرسیارێكی گرنگ ئەوەیە سیستمی سیاسیی كوردستان چییە؟ پەرلەمانییە یان سەرۆكایەتی؟ چوونكە لەم سیستمەدا پەرلەمان بێگومان دەسەڵاتی شەشەمە.
ناكرێت بڵێین خاڵی گەشبینیی نییە لەگۆڕاندا، لەم دوو ساڵەدا زۆر شت روویداوە، ئەو ئازایەتییەی ئەو چوار حزبە خۆی لەخۆیدا گۆڕانێكی جۆرییە، ئەگەر سەركردەكان ئیرادەیان بەهێز بێت وپاشەكشە نەكەن بۆ دواوە، بەهۆی دوو شتەوە، هەم هەڕەشەو ترساندنەوە، هەم پارەی زۆرو كڕینەوە، چوونكە ئەم حاڵەتە هەمیشە واردە لەسیاسەتی كوردییدا بەتایبەت لەرەوشت وبۆچوونی سەركردەكاندا، هەرچەندە لەگەڵ رێزمدا بۆیان ئەمە هەموویان ناگرێتەوە، بەڵام من بۆ وریاكردنەوەی ئەوان ئەمە دەڵێم، من دڵنیام لەو سەركردانەدا هەیە بەهیچ شێوەیەك ئەم سیستمە قبوڵ ناكات. دووەم دروستبوونی لیستی گۆڕان ودابڕینی بەشێكی گەورەی حزبێك لەحزبەكەی گۆڕانێكی ترە، بەتایبەت ئەو پڕۆژەیەی كاك نەوشیروان شتێكی گرنگە، من هیچ هەقم بەرابردوو نییە، چوونكە دەبێت رابردوو بۆ دووشت بیهێڵینەوە، یەكەم: بۆ مێژوو، كەسێك بێت بەبابەتی داتاو بەڵگەكان بخاتە روو، دووەم: بۆ یاساو عەدالەت ئەگەر تاوانێك كرابێت. لەبەرئەوە من باسی ئێستا دەكەم وباسی ئەو پڕۆژەیەی كاك نەوشیروان دەكەم كەتەقریبەن لەلوتكەی دەسەڵاتەوە دابەزیوە بۆ سەر ئەرزو لەوێوە بەپڕۆژەیەكی رۆشنبیریی ورۆشنگەرییەوە لەرێگەی كۆمپانیای وشەوە بانگەشەی دیموكراتی وسیستمێكی نوێ دەكات، كە توانیوێتی خەڵكێكی زۆر لەدەوری خۆی بكاتەوە، بۆیە ئەمە گۆڕانێكە. پاشان دەركەوتنی لیستی بچووكتر وەك لیستی چەپەكان، لیستی د.عەبدلمسەور بارزانی، لیستی پارێزگاران وخەڵكانی سەربەخۆ، ئەمە لەزۆر شوێنەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئاوات وئامانج وخەونی گۆڕان هەیەو خەریكە دروست دەبێت، ئەمانەش لەخۆوە دروست نەبوون. لەچوارچێوەی كوردستاندا لەرێی رۆژنامەو گۆڤارەكان ونووسینەكانی وەك ئەوانەی بەڕێزتەوە كە زۆریانم خوێندۆتەوە، وتارێكی رەخنەیی سیاسیی توندی میدیایی نووسەرو رۆژنامەنووسی كورد بەردەوامە، ئەو وتارە توندە خەڵكێكی زۆری كۆكردۆتەوەو رۆژنامەنووسێكی زۆر ئازای دروستكردووە، توانیوێتی دیالۆگێكی بەدیل دروست بكات، چوونكە ئینگلیز دەڵێت گرنگ ئەوەیە لەشەڕێكدا ئارگۆمێنت ببەیتەوە، ئێستا رۆژنامەی ئازادو بەرەی گەل هەموو ئارگۆمێنتێكی بردۆتەوەو دەسەڵات هیچی نییە.
دووەم هیوای گۆڕان نموونەی عێراقە، لەعێراق لەناو ئاگرو ئاسن وشەڕێكی تائیفی وهەرێمیداو لەو وەزعەدا، توانییان پرۆسەیەكی دیموكراتی متمانەدار بهێنێتە كایەوە كەلەلایەن جیهانەوە رێزی لێبگیرێ، بۆ نموونە ئەگەر لەسایتێكدا بنووسیت "ئیراك دیموكراتی" بەدەیان نووسین، وتارو دكتۆرات دەستدەكەوێت كە لەسەری نوسراوە، بەڵام بنووسە "كوردستان دیموكراتی" لەزیڕۆ بەولاوە هیچی ترت بۆ نایەت، بۆیە ئەگەر ئەو عێراقە بێتەوە بۆ لای ئێمە وەك عێراقێكی دیموكراتیی دێتەوە، لەراستیشدا من ئەوەندەی ترسم لەسەرۆكە كوردەكەیە بچێت بۆ ئێران وتوركیا، ترسم لەنوری مالیكی نییە ئەوەندە، چوونكە دەزانم سیستمێكی دیموكراتی لەعێراق هەیە دەتوانێت لەپەرلەماندا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات وبیخات، بۆیە خەتەرەكە لەوەدایە عێراق بەو دیموكراسییەتەی هەیەتی محاسەرەمان بكات، ئێمەش وەك گوندێكی دواكەوتوو وگەندەڵیی بمێنینەوە كەئێستا هیچ سۆزێكی مرۆڤی دەرەوەمان لەگەڵدا نییە، ئەم هەڵبژاردنەش دوا دەرفەتە كە داویانە پێمان تا تۆزێك هەنگاو بنێین وبەهایەك بۆ پرۆسەكەمان بگێڕینەوە، ئەوەی دوای هەژدە ساڵ پێیدەوترێت ئەزموونی ساوا. لەهەموو دنیاشدا ئەوە سەلماوە دەنگدانی ئازادو هەڵبژاردن تاكە رێگایە بۆ گۆڕان، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی كوردیی رۆژ بەرۆژ بۆ دواوە دەگەڕێتەوەو دەیەوێت تۆڵە لەگەلەكەی بكاتەوە كە بیر لەئازادیی بكاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەستدەكەم لەئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانی زۆر دەبێت وهیواداریشم موفاجەئاتی سەیر رووبدات.
دیمانە: ستیڤان شەمزینانی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست