کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆسرەت رەسوڵ هەڕەشە لە نەوشیروان دەکات و هەڵسوڕاوێکی گۆڕانیش وەڵامی دەداتەوە دەڵێت با بفەرموێت خۆی تاقی بکاتەوە!

Tuesday, 02/07/2013, 12:00


ئەم ئێوارەیە کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و جێگری مەسعود بارزانی لە روونکردنەوەیەکدا کە ئاڕاستەی نەوشیروان مستەفای کردووە، هەڕەشەی لێدەکات و دەڵێت (..... بۆ ئەوەی سنورێك بۆ درۆكانیان دابنێین‌و ئاگاداریشیان بكەینەوە كە چیتر یاری بەئاگرێك نەكەن كە نەك تەنها پەنجەكانیان دەسوتێنێت، بەڵكو گڕ لە خەرمانی درۆو بوختان‌و چەواشەكاریەكانیشیان بەردەدات).
بۆ ئەو مەبەستە کوردستانپۆست پەیوەندیی بە هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕانەوە کرد، و لە وەڵامدا یەکسەر وتی: با کۆسرەت رەسوڵ بیر لە چارەنووسی سیاسیی خۆی بکاتەوە. ماوەی ١٧ ساڵە کۆسرەت لە سلێمانی نیشتەجێە و نەیوێراوە لە ترسی پارتی بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و نیشتەجێ بێت، دوایینیان ئەوە بوو کە ساڵی پار لە بنکەی نێوان هەولێر و کۆیە (لە دێگەڵە) چەند پۆلیسێکی رووتی پارتی رێگایان پێی نەدا بچێتە ناو هەولێرەوە، ئەوەندەیان سووکایەتیی پێ کرد، دیارە ئەوەی لە بیر چۆتەوە، جگە لەوەش تا ئیستا فەرمانی لە سێدارەدانەکەی لە لای پارتیی ماوە و لێی خۆش نەبوون، بە چ هەقێکەوە کۆسرەت ئەمڕۆ لە سلێمانی دانیشتووە و هەڕەشە لە گۆڕان دەکات کە زۆربەی گۆڕانخوازەکان خەڵکی ئەم شارەن و داڵدەی کۆسرەت رەسوڵیان داوە، ئەو پێی وایە هێز و جەماوەری زۆری هەیە و لە دەوری کۆبوونەتەوە دەتوانێت ئەم هەڕەشەیە جێ بەجێ بکات. ئەو زمانەی کۆسرەت بەکاری دەهێنێت زمانێکی شارستانیی نییە، دەمێکە ئەو جۆرە هەڕەشانە بەسەرچووە. با بفەرموێت خۆی تاقی بکاتەوە و خۆی بێت منداڵی هەژار بە کوشت نەدات.

لە خوارەوە کوردستانپۆست دەقی ئەو روونکردنەوەی بڵاودەکەینەوە،

************************
ئێمە وەك هەمیشە لەسۆنگەی دان بەخۆداگرتن‌و لەبەر چاوگرتنی بارودۆخە هەستیارەكەی هەرێمی كوردستان‌و پەرۆشیمان بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، دانمان بە خۆماندا گرتووە، هەرچەندە دەمێكە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە گۆڕان‌و سەركردەو سەرۆكە داخ لە دڵەكەیان تەنهاو تەنها زمانی زبرو برینداركردن‌و درۆو بوختان‌و چەواشەكاری شك دەبەن، چونكە كاتێك ئێمە هەنگاوێك لەوان دەچینە پێشەوە، ئەوان دوو هەنگاو پاشەكشە دەكەن‌و باوەڕیان بە گفتوگۆو دانوستان‌و گۆڕینەوەی بیروڕاو پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو دیموكراسیانە نیە، بەڵكو تەنها ئامانجیان بەدەستهێنانی دەسكەوتی تەسكی حزبی‌و سیاسییە لەڕێی تۆمەتباركردن‌و هەوڵدان بۆ لەكەداركردنی خەڵك، بەتایبەتی خەونی نەزۆكیان قووتدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و لەكەداركردنی سەركردەو رەمزە تێكۆشەرو رابردوو پرشنگدارەكانیەتی.

جەماوەری هۆشیارو بە ئاگای خەڵكی كوردستان..
سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە دەزانین بۆچی راگەیاندنی گۆڕان هێرشەكانی بۆ سەر خودی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی چڕكردووەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی سنورێك بۆ درۆكانیان دابنێین‌و ئاگاداریشیان بكەینەوە كە چیتر یاری بەئاگرێك نەكەن كە نەك تەنها پەنجەكانیان دەسوتێنێت، بەڵكو گڕ لە خەرمانی درۆو بوختان‌و چەواشەكاریەكانیشیان بەردەدات، بۆیە ناچارین چەند خاڵێك بخەینەڕوو:

1- راگەیاندنی گۆڕان بە دەسیسەی نەوشیروان مستەفا دەڵێت گوایە (كاتێك كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا وتوویەتی دەستور دەگێرینەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەهەڵە ئەو رستەیەی ووتوە).
ئێمەش بۆ مێژوو دەڵێین: ئەگەر هیچ كەسێك ئەو راستیە نەزانێت كە هەڤاڵ كۆسرەت ڕەسوڵ لە ژیانیدا هەرچیەكی وتبێت بە كردەوەش جێبەجێی كردوە، ئەوا نەوشیروان مستەفا لە هەموو كەس زیاتر هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ ئەناسێت، لەوبارەیەوە پێویست بەقسەو روونكردنەوەی زیاتر ناكات.
كۆسرەت رەسول لە 2013/6/1، بەڵێنی گەڕانەوەی دەستوری بۆ پەرلەمانی كوردستان داو لە 2013/6/30، خاڵی دووەمی رێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ پارتیدا گەڕانەوەی دەستورە بۆ پەرلەمان‌و هەمواركردنەوەی، ئەوەش لە رێگەی سازانێكی نیشتمانیەوە كە حزب‌و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن-یشی تێدابێت بە گۆڕانیشەوە.
كۆسرەت رەسوڵ لە چەندین بۆنەی سیاسی‌و چاوپێكەوتنی كەناڵەكانی راگەیاندندا جەختی لەسەر دروستكردن‌و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان كردووەتەوە، كە دەستور بنەمای دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەو پێویستیشە سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بەشداری لە داڕشتنەكەیدا بكەن.

2- درۆیەكی گەورەی تری كەناڵەكانی گۆڕان ئەوەیە گوایە كەسە نزیكەكانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پلەو پایەی بەرزیان پێدەدرێت، بەڵام هەروەك كورد دەڵێت پەتی درۆ كورتە، بۆیە ئەگەر ئەوان بۆ یەك جاریش راستگۆبن لەگەڵ خۆیان‌و جەماوەرەكەیاندا، با ناوی ئەو كەسە نزیكانەی (كۆسرەت رەسول) مان لە كەناڵەكانی خۆیان‌و كەناڵە سێبەرەكانیانەوە بڵاوبكەنەوە تا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بیان ناسن.

3- گوایە هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی لە پێناو مانەوەی خۆی لە (پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و وەرگرتنی بودجەی زیاتر ئەو رێككەوتن نامەیەی ئیمزا كردوە).

سەبارەت بەم تۆمەتە بێ بنەمایەش پێمان خۆشە ئەوان‌و دەزگای چاودێری دارایی‌و دەزگا پەیوەندیدارەكانی تریش بەدواداچوون بكەن دەربارەی:
1- سەرچاوەی دارایی كۆسرەت رەسول عەلی
2- بودجەی تەرخانكراوی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەردەستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و چۆنیەتی خەرجكردنی.


هەروەك هەمان داوامان لە لیژنەی بەداواداچوون‌و چاودێری هەیە كە بودجەی چوار ساڵی رابردووی (كۆمپانیای بەناو گۆڕان) بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەن، ئەوكاتە كەسانی گەندەڵ‌و شێوازەكانی گەندەڵكاری دەردەكەون، با كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش داوەری سزادانی گەندەڵكاران بن.

كۆمەڵانی خۆشەویستی خەڵكی كوردستان..
لێرەدا دەمانەوێت ئەو راستیەتان بۆ دووپات بكەینەوە كە هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی چۆن لە رابردوودا ئەو پێشمەرگە خاكیە بووە كە بەخەبات‌و تێكۆشان‌و قوربانیدان‌و شەهیدەكانی، لەناو گەلەكەیدا سەربەرز بووە، لەمەودواش لەخانەوادەی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و كیمیاباران‌و دلسۆزانی گەل‌و نەتەوەكەی زیاتر قەرزاری هیچ كەسێك نییە.

بۆیە لەكۆتاییدا دەڵێین: با سەرانی گۆڕانیش لەوە زیاتر تۆمەت‌و درۆو هەواڵی هەڵبەستراو نەدەنە پاڵ هەڤاڵ كۆسرەت رەسول‌و هەڤاڵانی، چونكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناچار دەبێت وەڵامی پڕ بەپێست‌و شایستە بەخۆیان بداتەوە.
***********************
 سەرنج:
ئەو وێنەیەی سەرەوە، (لای راست: پشتیوان سادق بەرپرسی پێشووی لقی دووی پارتی لە هەولێر، ناوەڕاست  کۆسرەت رەسوڵ، لای چەپ: بەرپرسی لقی دووی ئیستای پارتی لە هەولێر، پێشتر ئامر سریەی بەعس بوو)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە