کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەهێنییەكانى شوونەكردنى بەدیعە دارتاش "نەمدەزانى رۆژێك دێ بەتەنیا دەمێنمەوە"

Friday, 23/04/2010, 12:00


"قبووڵم نییە بەو تەمەنەى ئێستام شوو بكەم و ببمە خزمەتكارى پیاوێك"

بەدیعە دارتاشى هونەرمەند، كە ئێستا تەمەنى 65 ساڵە، تائێستا شووى نەكردووە، هاوڕێكانى ئەو لەو بڕوایەدان ئیتر خاتوو دارتاش شوو ناكات، ئەحمەد سالار یەكێك لە هاوڕێكانى ئەوە و دەڵێت "بڕوا ناكەم شوو بكات، بەڵكو هاوسەرى ئەو شانۆكەیە، نەك پیاو"، گەزیزە عومەرى هونەرمەندیش دەڵێ "ئەگەر خاتوو بەدیعە شوو بكات، دەبێتە موفاجەئەكى سەیر لە ژیانمدا".
هونەرمەند ئەحمەد سالار لە ساڵى 1966 بەدیعە دارتاشى وەك هاوڕێیەكى كچى هاوپیشەى خۆى دۆزیەوە، لەو ماوەیەى هاوڕێتیان زۆر یادگاریان دروستكردووە و خۆشەویستییەكى زۆر لە نێوانیاندا دروست بووە، بۆیە ئەحمەد سالار لە كتێبێكى خۆیدا، كە پێشكەشى بەدیعە دارتاشى كردووە، ناونیشانى خانمەكەى شانۆى كوردستانى پێ بەخشیەوە، ئەحمەد سالار وتى "ئازایەتى بەدیعە دارتاش سەرنجى راكێشاوم، لە سەردەمانێكى زوو توانیویەتى شانۆ و نواندن بخوێنێ"، ئەحمەد سالار پێى وایە دارتاش یەكێك لە خاوێنترین خانمە هونەرمەندەكان و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، چەندین كوڕى هونەرمەندى باش خوازبێنى بەدیعەیان كردوە، بەڵام ئەو خۆى رازى نەبووە، لەبەرئەوەى "ئەو هەستى دەكرد بەرپرسیاریەتێكى دیكەى لەسەرە و لە خێزانەكەیان جێگرەوەى زۆر شت بوو، خۆیشى جۆرە كەسایەتییەكى زۆر سۆفیانەى هەبوو و دەیویست نەچێتە ژێربارى شووكردنەوە، هەستى ئەوەى دەكرد نەوەكو خوانەخواستە سبەینێ پەشیمان ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جۆرە سالارییەكى لە شەخسیاتى هەبووە".
گەزیزە عومەرى هونەرمەندیش هاوڕێیەكى خۆشەویستى بەدیعە دارتاشە و لە ساڵى (1965)ـەوە وەك مامۆستایەك ئەوى ناسیووە و چەندین جار پرسیارى شوونەكردنى ئاراستەى دارتاش كردووە و ویستوویەتى لە نەهێنى ئەو مەسەلەیە بگات، بەڵام ئێستا بێ هیوا بووە لە هەوڵەكانى خۆى، دەڵێت "چەندەها شەو تا درەنگ بە تایبەت لەو كاتەى بەیەكەوە سەفەرەمان بۆ هەولێر و دهۆك كردووە ئەو باسەمان كردۆتەوە و پرسیارى ئەوەم لێی كردووە، بەڵام هەستم كردووە ئەو حەز ناكات كەس ئەو باسەى لەگەڵ بكاتەوە و رقیشى لە شووكردنە"، هەرچەندە گەزیزە دروستى شوونەكردنەكەى دارتاش نازانێ، بەڵام پێى وایە هونەركردنى هۆكارێكى سەرەكییە و وەك هەمان قسەكەى ئەحمەد سالاریش دەڵێت "بەدیعە زۆر سەرقاڵى خێزانەكەى خۆیەتى و زۆر خەفەتیان بۆ دەخوات"، بۆیە هەموو كات گەزیزە پێى گوتووە "ئەگەر تۆ شووت بكردایە، ئەوەندە خەفەتەت نەدەخوارد"، ئەو هونەرمەندە دەشڵێ "ئەوەندەى بەدیعە دارتاش خۆى خەریكى خێزانەكەى كرووە، وایلێهاتووە بۆشایى لە ژیانى ئەوادا نەماوە و كەمتر دەتوانێ خزمەتى خۆى بكات و بیر لە شتە تایبەتییەكانى خۆى بكاتەوە"، گەزیزە عومەر باسى ئەوەشى كرد، ئەگەر دارتاش شوو بكات، وێڕاى بەخشینى دڵخۆشییەكى زۆر، دەبێتە موفاجەئەیەكى گەورە لە ژیانیدا و گوتى "ئەگەر خاتوو بەدیعە شوو بكات، دڵم زۆر پێى خۆش دەبێ و هەرچى بە من بكرێ بۆی دەكەم"، ناوبراو دیارییەكى بە نرخ لە ژیانى خۆیشیدا پێشكەش بەو كەسە دەكات، كە هەواڵى شووكردنەكەى بەدیعەى پێ رابگەیەنێ.
چاو جوانى بەدیعە دارتاش و بنەماڵەكەى، كە لە دایكیان بۆیان ماتەوە سەرنجى ئەحمەد سالارى راكێشاوە، بۆیە هەموو كات سالار بە بینینى دارتاش دڵى فێنكى كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەحمەد سالار جۆرە هەستێكى بەرانبەر خاتوو بەدیعە دروست ببوو، كە هەستى دەكرد ئەو پەیوەندییە روحییە و نەیدەتوانى ببێتە هاوسەرى دارتاش، گوتى "جارى وایە تۆ كەسێكت دەوێ جۆرە هەستێك دروست دەبێت لە نێوانتان، هەستەكە ئەوە نییە ببنە هاوسەر، تەنیا هەستێكى خۆشەویستى وەك چۆن بۆ شێخێك یان بۆ خوشكێكى خۆت دەتبێ، هەروەها پەیوەندییەكى روحى لە نێوان من و بەدیعەخان هەبووە، دوور بووە لەوەى بیر لە هاسەرى بكەینەوە، هەروەها دائیمەن هەستمان بەوە دەكرد، بە بینینى یەكترى دڵمان خۆش بووە، چۆن یەكێك كەسێكى زۆر خۆشەویستى بیبینێ فێنكى بە دڵى دەگا".
"قبووڵم نییە بەو تەمەنى ئێستام شوو بكەم و ببمە خزمەتكارى پیاوێك، من لە تەمەنێكى زۆر هەرزەكارى واتا لە 30 ساڵیدا بڕیارمدا ئیتر شوو نەكەم، تازە بەو تەمەنە بۆچى شوو بكەم، پێم وایە كاتى شووكردن لە تەمەنى 25 تا 30 ساڵى كاتێكى زۆر گونجاوە، ئەگەر تەمەن لەوە زیاترى كرد، ئیتر شوونەكردن باشترە، چونكە لەو تەمەنەدا ئافرەت هیچ زەوقێكى نامێنێ بۆ مێردەكەى، دواى تەمەنى 40 ساڵى مرۆڤ تەمسیلى شەخسیەتێكى دی دەكات، دەبێ بیر لە رۆشنبیركردنى خۆى بكاتەوە"، تائێرە قسەى بەدیعە دارتاشى شانۆكارە، ئەوكاتانە دارتاش نیگەران دەبێت ئەگەر لەلایەن هاوڕێكانى پرسیارى شوونەكردنى لێ بكرێ، بەڵام زۆر دڵخۆش بوو بەو راپۆرتەى، كە لە بارەى شوونەكردنەكەى ئەودا ئامادە دەكرێ، ئەو كچە شوونەكردنى خۆیشى بۆ رێكەوت دەگێڕێتەوە، كە پێى وایە رێكەوت بڕیار دەدات و نموونە بۆ قسەكەى خۆیشى هێنایەوە و دەڵێت "هەست و سۆزم بۆ شەخس هەبووە و لە ژیانمدا شەخسێكم خۆشم ویستووە، ئەوەندەش خۆشم ویستووە خەونێكم بوو ببێتە هاوسەرى من، هاتە ئەوەى خوازبێنیشى كردم، بەڵام رەفزم كرد، ئێستاش دەڵێم ئەو عەقلە شێتى بووە، نازانم بۆچى وامكرد"، هەروەها دارتاش ئەوەش ئاشكرا دەكات، لەبەر جێنەهێشتنى دایك و باوكیشى كەمتر بیرى لە شووكردن كردبوویەوە، ئەو كات دەزانێ تەمەنى بەسەرچووە، وتى "دایك و باوكم تەنیا منیان لەگەڵ دەژیا و كەوتبوونە تەمەنێكى پیریەوە، براو و خوشك بەجێیان هێشتن و هەریەكە كەوتنە ژیانى خۆیان، ئەوەش هۆكارێك بوو كە دایك و باوكێك بەسەرمندا مانەوە، دایك و باوكەكەش ئەوەندە منیان خۆش دەویست و نازى منیان دەكێشا، دڵم نەدەهات بیر لە ژیانى تایبەتى خۆم بكەمەوە، هەروەها نەشمدەزانى ئاوا رۆژێك دێ من بە تەنیا دەمێنمەوە، ئەگەرنا رەنگە ئەو لایەنەشم بیر لێ بكردایەتەوە"، دارتاش ترسى لەوەش هەبوو شوو بكات و نازى منداڵى دایك و باوكى بۆ نەگەڕێتەوە گوتیشى "ئەو دایك و باوكەیەم ئەوەندە نازیان دەكێشام، ترسى ئەوەم هەبووە ئەگەر بچە لاى پیاوێك بە قەد ئەو دایك و باوكە نازم نەكێشێ"، ئەو كچە هونەرمەندە ئاماژەشى بۆ ئەوە كرد، رقى لە هەموو ئەو خوازبێنیانە دەبوویەوە، كە لە دواى مردنى دایك و باوكییەوە هەیبوو، لەبەرئەوەى "دواى مردنى دایك و باوكم سەیرم كرد خوازبێنى زۆرترم هەبوو، لەكاتێكدا لە تەمەنیش تەجەوازم كردبوو و خەڵكى باشیش هەبوون، بەڵام هەستم دەكرد ئەو خەڵكە منیان خۆش ناوێ، وامدەزانى بەزەییان بەمندا دێتەوە، كە تەنیا ماومەتەوە، بۆیە خوازبێنیم دەكەن، لەبەرئەوە لەو كاتانەدا خۆم بەكەم دەزانى"، بەدیعە دارتاش وەك خۆى باسى دەكات، دوو برا و یەك خۆشكى هەیە و ئێستا لەو خانوویەكى خۆیدا لەگەڵ برا بچووكەكەى دەژى، كە باوكى بەر لە مردنى تاپۆى ئەوی كردووە، دەشڵێت "ئەگەر مردم ئەو خانووە و زەویەكى دیكەشم هەیە، كە لە هونەرمەندان وەرمگرتووە، دەیدەم بەوان دابەشى خۆیان بكەن".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە