بۆچی مەسعود نەیوست حاجی عەلی کاشی ببینێ؟
Sunday, 02/10/2011, 12:00
لەسەردانەکەی سەرۆکی تەزوویر بۆ سلێمانی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ نهوشیروان مستهفادا پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە لەئەجندای مەسعود ئەبوو چاوی بە باوکی شەهید ڕێژوان بکەوتایە،ڕێژوان یەکەم شەهیدی ڕاپەڕینی ئەم جارەی خەڵکی کوردستان دژ بە دەسەڵاتی تاڵانکەرو کوردکوژ، کەچی ئەم دیدارە ڕووی نەداو مەسعود درۆیەکی گەورەی لەگەڵ حاجی عەلی کرد و بەمەش هەموو ئەو هیواواو ئۆمێدانەی باوك و دایکی شەهیدانی ڕاپەڕینەکانی شوبات و دواتر لەگۆڕ نران و دۆسیەکانیان زیندە بەچاڵ کران.
پێش ئەوەی دەست بخەمە سەر ئەو هۆکارەی وای لەسەرۆکی تەزوویر کرد کە نەیەوێ باوکی شەهید ڕێژوان ببینێ، هەروا بەخێرایی ئەوە یاد خوێنەران دێنینەوە کە لە ماوەی ئەو دوو مانگەی سەرای ئازادی و بەتایبەتی ڕۆژی نەورۆز ، هیچ کات نهوشیروان مستهفا ئامادە نەبوو بچێتە نێو ئاپۆڕەی ڕاپەڕیوان و لانی کەم جۆرێك لە پاڵپشتی بۆ ئەو خەڵکە دەرببڕێ، نەك هەر ئەمەش بەڵکە پاساوی قەرەباڵغی و تێکڕژانی خەڵکی هێنایەوە بۆ ئەوەی هیچ ووتارێك پێشکەش نەکا و تا دڵی تاڵەبانی و بارزانی لەخۆی نەڕەنجێنێ.
حەزم ئەکەم بەشێوەیەکی خێرایی و سەرپێیی هۆکاری هاتنی مەسعود بۆ لای نهوشیروان مستهفا لەم چەند خاڵەدا باس بکەم و هیوادارم کەس وا تێنەگا کەوا ئێمە خزمەت بەدەسەڵات ئەکەین ، بەس لەبەرئەوەی ڕەخنەمان ئاڕاستەی حزبی گۆڕانە ،وە جەماوەری گەلەکەمان دڵنیا ئەکەینەوە لەوەی بەم شێوازەمان(ڕەخنەی درۆستکەر)ئامانجمان تەنها لەخزمەتی گەلەکەمان و دۆزە ڕەواکەیەتی،،، کاتێ بوو، بەوپەڕی خوێنەگەرمیەوە پاڵپشتی گۆڕانمان ئەکرد، ئێستاش کەزانیمان هەڵەین، ئێدی کاتی ئەوە هاتوە ڕەخنەبارانیان بکەین و هەوڵبدەین بگەڕێین بەدوای "دوای گۆڕان"دا. لەڕاستیدا تاکە لایەنی پۆزەتیڤی دیدارەکەی مەسعود بۆ لای نهوشیروان مستهفا تەنها ئەوە بوو کە بۆ جەماوەر دەرکەوت کە پێوستە بەدوای ئەڵتەرناتیڤێکی نوێی دژە دەسەڵات بگەڕێن و بتوانن بەشێوەیەکی تر خۆیان ڕێك بخەن و چی تر دوای ئەو سەرکردە تەقلیدی و کلاسیکیانەی زەمەنی شاخ نەکەون و بتوانن لەمەو دوا گەنجان خۆیان لەهەوڵی خۆیاندابن و پشتی خۆیان بەدەست ونینۆکی خۆیان بخورێنن.
خاڵی یەکەم: مەسعود کەهاتوە و دیداری بێ کامیراو دوور لەچاوی میدیاکانەوە(بەهی گۆڕان خۆشیەوە) وتەنها لەگەڵ نهوشیروان مستهفادا ئەبەستێ، تەنها بۆ ئەوەیە دەری بخا کە گۆڕان ئەوەی ئەیان ووت سەبارەت بە شەفافیەت و ئەو دروشمە زل و قەبانە ، تەنها بۆ ئیستهلاکی ناوخۆیەو جگە لەتەفرەدان و چاوبەست هیچی تر نیە.
خاڵی دووەم: مەسعود لەسەر ڕاسپاردەی ووڵاتی تورکیا ئەم سەردانەی بۆ گردەکە کرد، تا بزانێ لەنزیکەوە کەئایا گۆڕان چەند پەیوەستە بە ئێران و لەژێر کۆنترۆڵی کێدان، بۆ ئەمەش دوو پەیامی داوە بە نهوشیروان مستهفا کەیەکەمیان وەك ئەو هەڵوێستەی نهوشیروان مستهفا نواندی لەکاتی خۆپیشاندەکان و چواندنی ئەو گەنجانە بە تێکدەر(کەئەبوو ئەم کارەی نەکردایە)، بۆیە مەسعود وەك پاداشتێك بۆ ئەم کارەی نهوشیروان مستهفاکەتوانی دەنگی شەقام کپ و خامۆش بکاتەوە(بەشێوەیەکی کاتی) ئەم سەردانەی کرد و لەسەری ڕەشەوە گەیشتە گردەکەی زەرگەتە.
پەیامی دووەمی وەك ئاشکرایە جۆرێکە لە هەڕەشە گەر بێتو گۆڕان سوور بێ لەسەر ئەو داواکاریانەی پێشووی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت. بۆیە ئێستا گۆڕان وخودی نهوشیروان مستهفا وەك ماری برینداریان لێهاتوە کەئەگەری خوێن لەبەرڕۆیشتنیان گەلێ زیاترەو لەماوەیەکی تردا مردار ئەبنەوە. بۆیە من پێشبینی ئەوە ئەکەم کە دکتۆر بەرهەم لەپۆستەکەی خۆی بمێنێتەوەو لانەبرێ، تا مەسعود زیاتر کەڵەگایی خۆی نمایش بکا و بەئۆپۆزیسیۆن بڵێ کە ئەم حکومەتەی داوای هەڵوەشاندنەوەتان ئەکرد، لەشوێنی خۆیدایەو قابیلی گۆڕان و دەسکاری نیە.
مەسعود لەپای ئەوەی نهوشیروان مستهفا هیچ کاتێ ئامادە نەبوو بەئاشکراو بەپراکتیك پاڵپشتی لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان بکا و لەهەمان کاتیشدا بەگێرە شێوێن ناوزەندی کردن و پشتی تێکردن، بۆیە مەسعودیش ئامادە نەبوو بچێتە لای (ڕێژوان)ی شەهید و گێرە شێوێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست