بۆ جاری دووەم میلیشیاكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر ماڵ و منداڵەكەم
Sunday, 24/04/2011, 12:00
ئەمشەو 23/4/2011 كاتژمێر 8:30 هێزێكی زۆری ئاسایش بەچەندین ئۆتۆمبیلی سەربازی و بەدەمامكەوە بۆ جاری دووەم هەڵیانكوتایە سەر ماڵمان و پاش پشكنینی ماڵەكە بەشوێن مندا گەڕاون، بەڵام خۆشبەختانە من لەماڵ نەبووم، ئەمەش بەپێچەوانەی یاسا و بڕیاڕو فەرمانی دادگا دەزانم، ئەگەر شتێكیان لەسەر من هەیە با بچن لەدادگا شكاتم لێبكەن و بەڕۆژی ڕوناك بێن بەشوێنمدا نەك بەشەو هەڵبكوتنە سەر ماڵ و منداڵمان و تەنكی ئاومان بۆ بگەڕێن و ماڵەوەیان شێواندووە بەسەر یەكداو ئیهانەی میوان و خەڵكی گەڕەكیش بكەن، هەرچەندە بەم كردەوانەی كەدەیانەوێ سەركوتی دەنگی ئازاد بكەن من لەداوای ڕەوای خۆپیشاندەران دەست هەڵناگرم و بەردەوامم لەبەرزڕاگرتنی داخوازیەكانمان و لەسەر شەقامم، ناتوانن بەم شێوازی هەڵكوتانە سەر ماڵەكانمان بمانترسێنن، جگە لەبەشداری كردن لەخۆپیشاندانەكان وەك ئەندامی ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی هیچ پاساوێك نیە تاكو بیانەوێ دەستگیرمان بكەن و بەدەردی دەستگیركراوەكانی تر ئەشكەنجەمان بدەن، بۆیە پاش سوتاندنی ئۆتۆمبیلەكەم و پەمالاردانمان لەمەیدانی ئازادی و بەركەوتنم بە گازی خنكێنەرو جاری یەكەم كە هاتنە سەر ماڵەكەم لە 11ی شەودا بەرپرسیارێتی ژیانم لەئەستۆی یەكێتی نیشتمانیە كە ئێستە لەوپەڕی مەترسیدایە.
سۆران عومەر
سلێمانی
23/4/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست